بۆ لەیلا

ئەدەب 2019-08-02 کۆمێنت 2065 جار بینراوە

نووسینی: هیراد یاسین


"هەواڵی کیژە ناشرین و قەیرەکان لە من مەپرسە."


دوێنێ هاتی و کۆمەڵێک وردە هەواڵت پرسی.
 لەتاو کەمیی کات و نماینکردنی ڕازی دووریم لە تۆ نەمتوانی وەڵامێکی پڕاوپڕت پێ بدەم. پرسیارێکی ترت کرد، دەتویست هەواڵی ئەو کچانە بزانیت، کە هەمیشە هەورێکی ڕەش وەک کڵاوی کارگەکان لەسەریاندایە. زۆر هەیە بۆ گوتن لەسەریان، هەمیشە وەک سێبەری نێو کوچە تاریکەکان وان. بێقاچن و بەخێرایی دەڕۆن، وەک ئەوەی وەستانیان لێ ون بووبێت. لە کارەکانی ماڵەوە لە یەکەوە تا ناکۆتا، لەم کارەوە دەڕۆنە سەر ئەو کار، لێرەوە دەڕۆن بۆ ئەوێ. لەم دیوار بۆ ئەو دیوار، لە قاپەوە بۆ کەوچک، لە گسکەوە بۆ تۆز و خەم. لە کەفی نێو پەرداخەوە بۆ فرمێسک، وەستانیان نییە.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کیژێکی بچوکم بینی، ڕوخساری بەو کرێکارانە دەچوو لە ئەو کاتەوەی ئاگا دەبن بە ژیان، تا ڕۆژی مردن، کرێکاری دەکەن.
 ڕوخساری هیچ سیمایەکی جوانی تێدا بەدی نەدەکرا. بە لامدا تێپەڕی و تەشتێکی خستبووە سەر سەری و قاپ و قاچاخە چەورەکانی نیوەڕۆی تێدا هەڵچنیبوو. هەنگاو هەنگاو  بەرەو کانی دەڕۆیشت. 

لەیلا، پێش ئەوەی بەسەرهاتەکە بگێڕمەوە پرسیارێکی وەڕزکەر لەسەرمدایە. لە منداڵیمەوە سەرم لەوە سوڕماوە ئەم تەشتە قورسەی کە پڕە لەباری حەسرەت و نامۆیی، چۆن لەسەر سەری ئافرەتێک وا بەهاوسەنگی دەوەستێت؟ چۆن بەرگەی ئەو هەمووە دەگرێت بێ ئەوەی ئەم تەشتە نابوتە بکەوێت یان هاوسەنگی تێک بچێت؟ من تێناگەم! لەوە دەچێت ئافرەت لە ئەزەلەوە وابێت؟! ئەگینا دڵنیام ئەگەر پیاو بوایە دەمێک بوو لە ڕێگادا دایدەنا و هاواری سکاڵای بەرز دەبوویەوە. لەیلا ئەگەر تۆ وەڵامێکی ترت لایە تکایە ئاگادارم بکەرەوە. بە هەرحاڵ، کیژەی بارقورس گەشتە لای
  کانی، ئامادەکاریی بۆ شوشتنی بارەکەی دەکرد، منیش لەدوورەوە بە تێڕامانەوە سەیرم دەکرد.

لەنێو ئاوە تەنکەکەدا لەسەر بەردێک دانیشت و تەشتی داناو هێدی-هێدی دەستی بە شوشتن کرد و لەنیوەی کارەکەیدا شاڵە کەفاوییەکەی لەدەست خزا و کەوتە نێو ئاوەکەوە. وەختایەک دەستی برد دەریبهێنێتەوە،لە ئاوەکەوە وێنەدانەوە خۆی بینی و لە چرکەساتێکدا ئەندێشەی کچێک دەتەقێت و خەیاڵ بەنێو ئەو وێنەیەی خۆیدا دەیبات، پێی سەیر بوو ئەو وێنە تەڵخ و لێڵە،

ئەو ڕوخسارە کە تەنیایی وەک مێش پێوە نووساوە، ئەو بێت! لەژێر ئەو خۆرەی نیوەڕۆدا ئاگای لە دونیا نەماوە و لێرە نییە. لە شوێنێکدایه‌ کە تەنیا خۆی قوڵایییەکانی دەناسێت، بیری دەکردوە و لەناوەوە دەیگوت:

هەتاکەی من ئاوا بەم چاوە ماندووانەوە، بەم دڵە قورسە نەوەستاوانە ئیش بکەم، بۆچی من؟ ئەی بۆ خوشکەکەم نایکات، تەنێ لەبەر ئەوەی جوانە؟ لەبەر ئەوەی تەنیا ئەو دەتوانێت عاشق ببێت؟ من کێم؟ ئەم خاکە کام نیشتمانە؟ ئەی ئەم دەستانە هیی کام بەدبەختن؟ گەر خودا دادپەروەرە، بۆچی خەندەی لەمن سەندووەتەوە؟ بۆچی من وا ناشرین خوڵقاوم؟ لە ئێستاوە هەروەک قەیرەیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت ئاسوودە بم! گەر ئاسودەیی ڕاهاتن بێت، ئەوا نەفرەت لە ئاسوودەیی. ئەگەر هەموو تەمەنم ئەوها بێت، با هەر ئێستا بمرم باشترە لە تەمەنێک لەنێو ئەم گورگستانەدا بم.

کیژەی تەنیا هێشتا لە دونیای خۆیدا بیری دەکردەوە و چەندین لاپەڕەی تاریکی ناخی هەڵدەدایەوە کە هەرگیز نەیدەوێرا بۆنیان بکات. دەیگووت ناتوانم تا مردن بەمشێوەیە بم. ناتوانم لە ژیانێکدا بم کە پارووەکانم پڕ بن لە چاو. کە داوای پارەم کرد لە باوکم، بە چاوی خێرکردنەوە پێم بدات. کە بڵێم فرمێسکم هەیە بە پرسیار غەرقم بکەن! کە بێژم ئازارم هەیە، بەتوڕەیییەوە دڵم بدەنەوە! ئەمانە هەمووی لەبەر ئەوەی من جوان نیم، من ئەوهام. هەرواش دەمرم. نامەوێت لەم زەمینە بژیم، دەڕۆم و هەڵدێم لەم خاکەدا کە کوێرن بە من. جوانی چاوتانی پڕ کردووە لە پاشەڵ. ئێوە هەرگیز ناتوانن بمبینن. هەمووتان کوێرن و هەرگیز بە خۆشبەختیی ناگەن. ئەم سەر زەمینە هیی ئێوەیە و من نامەوێت، چونکە قەدری حەقیقەت ونە و منیش دەمێکە دەچم بەخاکدا.

کیژەی تەنیا هێند نەبوو کە بیری بەرەو هەڵاتن و دەرچوون لەم جەهەننەمە چووبوو، لە پڕ دەنگێکی ناساز هاتوو هەماهەنگیی بیری کیژەی لەنێو برد، دەنگێک بانگی دەکرد و دەیگوت: هۆ تەمەڵی خاو و خلیچک! داڵغەت لە کوێیە قاپ و قاچاخەکەت بشۆ و خێرا بڕۆوە ماڵ. دەنگەکە وەک دزێکی نیوەشەو شوشەی خەیاڵی شکاند و، دەیگوت: واز لەم داڵغانە بێنە و خێرا بگەڕێوە ژوورەوە، بۆ کونجی ژورەوە، بۆ ئەودیو دەرگا. کیژەش بۆی دەرکەوت هەڵهاتن داڵغەیەکە و زیاتر نییە. سووچی ژوورێک ماڵی ئەبەدیتە. لەنێو ئەم پەرژینە گەڕەدا عیشق بێ جوانی دڵێک ڕاو ناکات و مانەوە بەبێ عیشق، دڵ لە خاچ دەدات. دڵێکی لەخاچدراویش جگە لە چاوێکی نیشتووی پڕخەم هیچی ترت پێ نافرۆشێت.


تاگەکان    
فەلسەفەی ئەخلاق وەچەخستنەوە کۆیلایەتی چەواشەکاریی لۆژیکی شیرک عێڕاق ئایا سۆفیا دەروونی سایکس-بیکۆ ئیلحاد مۆدێرنیتە چیرۆک ستەم ئیسرائیل جنۆکە
ئەدەب
2019-08-02 کۆمێنت 2065 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی