نەسیمێک لەنێو بیابانەوە

ئەدەب 2019-07-22 کۆمێنت 995 جار بینراوە

نووسینی: نوسه‌یبه‌ عه‌بدوڕڕه‌زاق


ئەو نەسیمە فێنکەی کە شەوانی ھاوین لە حەوشەکەی ئێمە ھەڵدەکات خۆ دڵێکی به‌بەردبوویش دەکات بە ئاو. ھەرچی تۆزی ئەو ڕۆژەیە لەگەڵ خۆی بە بای دەدات. دەمێک بوو وەک ئەوەی نووسینم بیرچووبێتەوە، دەروونم تەواو خاڵی بووبوو لە ھەست، ماوەیەکی باش بوو ھیچ ئیلھامێک زیارەتی خانەقای ھزر و ئەندێشەی نەکردبووم. حەوسەڵەم نەما بوو بە دەست خۆمەوە و ترس دایگرتبووم ئاخۆ دەبێ ھەر بەڕاست نووسین بەتەواوی لە ڕووحی دەمار و پەنجەکانم سڕابێتەوە؟ تەنانەت تامەزرۆی شتێک بووم ئازارم بدات؛ ئاخر ھەر نەبێ ئازاریش ماڵی دڵ دەھەژێنێت و دووبارە تەکانێک بە ھەستەکان دەدات و زیندووبونەوەیەک بەو ناخە خامۆش و ژاکاوە دەدات. خۆنەبێ دووبارە کانیی چاو ئەشکی گەرمی لێ دەچۆڕێت و ھەرچی ژەنگ و ژاڵە دەیتوێننەوە، دووبارە لە دایک دەبیتەوە.

لەو نێوانه‌دا کتێبی «‌بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌کو خۆمن، کتێبی سێیه‌م»ی «‌مامۆستا قانع خورشید»م بە دیاری بە دەست گەیشت. چەند پەڕه‌یه‌کی خاڵی لە نووسین، خەت خەت نەخشێنراو لەکۆتاییی کتێبەکە سەرنجی ڕاکێشام. ھیوایەک تێیدا بە ھێمنییەوە خۆی حه‌شار دابوو، بەڕوومەوە دەخەنی. زانینم بۆ ئەوە خاڵی جێھێڵدراون تا خوێنەریش کەمێک بۆڵەبۆڵی ناخی لەتەک وشەکانی مامۆستادا ڕیز بکات. چون پاش خوێندنەوەی کتێبەکە گومانم ھەیە وشەیەک نەبێ کە کلیلی ئاوەزت بێ و دووبارە دەرگیا داخراوەی خەیاڵ و دڵت بەرەو باخێکی بێکۆتا واڵا نەکات.

دڵنیا نیم بۆ منیش نەسیم و خەڵوەتی ئەو شەوەبوو لە حەوشەکە کە کۆتی بێدەسەڵاتیی زەمەنێک بێ وشەییی ناخمی کردەوە، یان ئەو پەیڤانەی نێو کتێبەکە بوون. دەبێت ھەردووکیشیان بێت، بۆ نا؟! ھەردووکیان ھاوتەریب، ئەمیان نەرم-نەرم خۆی له‌گوێ و قژم و، ئەوی تریشیان خۆی لە دیواری دڵم ده‌دات.

مامۆستا گوتەنی ئەم کتێبە بێناونیشانە، منیش ئەم نووسینەی خۆمم بەبێ ئامانج و پەیام دێتە بەر چاو! بۆ من فرە گرنگە، چون ڕازی دوای ماوەیەک بوو لە متبوون. ژیانەوەی پاش ماوەیەک سڕبوونو شکانی ترسی لەناوچوونی توانای نوسین بوو. وێده‌چێت ستایشێکی بێکۆتا بێت بۆ پەروەرێن کە دووبارە بە میھری ئاودێریی ئەو بیابانە وشکەی داو، ئاوەدانی کردەوە. سوپاسێکی چکۆڵەش بێ بۆ وشەکانی مامۆستا و کتێبەکەی. دڵخۆشییەکیش بێت کە توانیم ئەو پەڕە خاڵییانەی کتێبەکە بە خامەکەم پیس بکەم. دەی حەزێکی کرچوکاڵی ھەرزانەیە و ھەستێکی خۆشی پێناسه‌نەکراوە کە لەسەر گۆنای پەڕەیەک شوێنی لێوی پێنوسەکەت جێدەھێڵیت و لەتەنیشتییەوە ڕێکه‌وتی یادگاریی ئەو ڕۆژە تابلۆ دەکەیت.


تاگەکان    
بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن خاڵبەندی نوێژ عەبدولکەریم سرووش فیلم کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین مێژوو ئەیاد قنێبی گەڕان نائومێدی بوووژانەوە تەلارسازی ئەنیمی فەرهەنگ ئیسرائیل
ئەدەب
2019-07-22 کۆمێنت 995 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی