ڕستەی ھاوڕێیەک

فیکر 2019-07-10 کۆمێنت 1477 جار بینراوە

نووسینی: نوسه‌یبه‌ عه‌بدوڕڕه‌زاق


لە یەکێک لەم دانیشتنە ھاوڕێیانەی کە تاو نا تاوێک دەیکەین و، باس و خواسێکی تیا دەوروژێنین، ڕستەی ھاوڕێیەک چەند ڕۆژێکە لەنێو ھزرمدا دەزرینگێتەوە. لەبەر خودی جوانیی ڕستەکە نا، بەڵکو ڕەنگە ئەو ماوەیە دۆسیەی لەو شێوەم زۆر ھاتبێتە پێش. ھەڵبەت ئەو کۆبوونەوانە کە من ناوم لێ ناون "دانیشتنە مەعریفییەکان"، لەلای من یەکێکن لە ھەرە خۆشترین ڕووداوەکانی ھاوڕێیەتی. ستایش بۆ خودا بەھۆی ئەم پشووەوە کاتی زۆرترمان ھەس بۆیان. لەم نووسینەدا سەرنجی من لەسەر یەکێکیان دەبێت و لەو یەکەیش لەسەر ڕستەیەکیان. بیرمە باسی کەسایەتی و جۆرەکانی و بیردۆزی فرۆید و کاریگەریی تەمەنی منداڵی لەگۆڕێدا بوو. ھاوڕێیەک باسی کەسایەتیی نەرێنیی دەکرد، نموونەی شێوازی وەڵامدەنەوەی ڕەفتاریان و کاریگەریی تەمەنی منداڵی و جیاوازی لە ھەردوو ڕەگەزدا، منیش ھەڵمدایێ گوتم: لەوەیە نەرێنیبوونیش دووجۆری ھەبێت، یان لەژێر کاریگەریی دەرەکی یان ناوەکی، واتا خۆی کەسایەتیی وەھا بێت. گوتی""ھیچ شتێک نییە بە ناوی کەسایەتییەکی نەرێنی و نەرێنیبوونی ناوەکی، ئەگەر کەسێک نەرێنی بوو بزانە تووشی ڕووداوێک بووە لە تەمەنێکی بچووکتردا ئەگەر ئەو تەمەنە ساوایش بووبێت".

وا بزانم ھەندێک لە بیردۆز و یاساکان دژی ئەو ڕایەی ئەم بوون. بەڵام من کەمێک بێدەنگ بووم. بۆ ساتێک بیرم لە قسەکانی دەکردەوە.

خۆ ئەگەر یاسا و بیردۆزەکانیش بەڵگەی نەرێنیبوون بە ھۆکاری ناوەکییان(ئینترینسیک فاکتەر) ھەبێ. بۆچی دەبێ جۆری کەسایەتی بکرێتە بەھانەی نەرێنیبوون؟! زۆر گوێبیست بوومە کاتێک لە کەسێکم پرسیوە بۆ بەو شێوە زۆرە خەم بۆ ئەو شتە دەخۆیت یان بۆ ئەوەندە مێشکت بە بیرکردنەوە ماندوو کردووە؟ بۆ ھەمیشە لایەنە بەتاڵەکەی گڵاسە ئاوەکە دەبینیت، بۆ ژیان ئەوەندە ڕەش و سپییە لە لات، وەڵام بریتییە لەوەی: "خۆم وەھام، بەدەست خۆم نییە، کەسایەتیم وەھایە". ھەست دەکەم وشەی کەسایەتی(پێرسناڵێتی) بووەتە بەھانەیەکی مۆدێرن و باوی سەردەم بۆ خۆدزینەوە یا ھەڵھاتن لە شتگەلێک کە گەر بێینە سەر حەقیقەت نەک قابیلی گۆڕانن بگرە زۆر قابیلی باشترکردن یان پێچەوانەکردنەوەیشن. گەر گۆڕینی بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا شتێکی نائەستەم بێت، کەوایە پێم وانییە لەپاش ئەو سەختتر ھەبێت بۆ گۆڕین. پەروەردگار ئیرادەی مرۆڤی باییی ئەوەندە بەھێز کردووە و یارمەتیی خۆیشی لەگەڵ داناوە بۆ کەسێک مەبەستی باشترکردنی شتێک بێت، تۆ بە تەمای گۆڕینی بارودۆخی ناخۆش و بێھیواکەر مەبە گەر ئەو خەمۆکی و نەرێنیبوونەی ناخت نەگۆڕیت، ئەی نەتبیستووە "إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ" [الرعد:11].

زیاد لەوەیش ئێمە وەک موسڵمان نەک تەنیا فرمانمان پێ کراوە نائومێد و ڕەشبین نەبین، بەڵکو وەک پەروەردگار دەفەرمووێ "وَمَن يَقْنَطُ مِن رَّحْمَةِ رَبِّهِ إِلَّا الضَّالُّونَ" [الحجر: 56]، واته،‌ نائومێدی پیشەی کەسانی گومڕا و سەرلێشێواوە. کەواتە­ یان نەرێنی نییت، یان سەرلێشێواویت و ڕێگات ون کردووە، گەر نا خەم و بیرکردنەوەی بەد بەری ئاسمانی دەروونت ناگرێت. ئیتر وازبێنن لە بەکەسایەتیکردنی لایەنە خراپەکان، دەی ئاخر کەی کەسێ باوەڕی بە پەروەردگارێکی بەدەسەڵات و میھرەبان بێت و خۆی بە باوەڕدار بزانێت ئەوەی لێوەشاوەتەوە بەخۆی بڵێت "خەمۆکی(دیپرێشن) بەشێکە لە کەسایەتیم. ئەوە یەکێکە ڕووی کەسایەتییە دووجەمسەرەکم(بایپۆلەر) من خۆم وەھام".

تۆ خۆت وەھا نییت گەر چیتر ئەوە بە عەقڵت نەدەیت و نەیکەیتە بەھانە بۆ بیرکردنەوەکانت.

ئەرێنی بە، دڵت لێوانلێو لە ھێوا و وزە بکە. گەر لەبەر خۆیشت نا لەبەر کەسانێک چاوەڕێی کارێکن لێت و متمانەیان پێتە. لەبەر سەردەمێک کە موسڵمان تاکە ھیوای جیھانێکە کە تارماییی ڕەش باڵی کێشاوە بە سەریدا. بەھێز بە، گەر لەبەر ھیچ نەبێ لەبەر ئەوە کە ببیتە خۆشەویست لە لای خۆشویستراوەکەت "المؤمن القوي خير وأحب إلى الله من المؤمن الضعيف"[1]. مەگەر ئەو پلەیە کەمە؟!




[1] فه‌رمووده‌یه‌کی "صه‌حیحه‌"، ئیمامی موسلیم ڕیوایه‌تی کردووه‌.



تاگەکان    
سیاسەت قەدەر کۆیلایەتی کتێب مۆدێرنیتە مانا پۆدکاست چیرۆک نەتەوایەتی خوێندنەوە دەروونی زمان تەلارسازی فەرهەنگ زانکۆ
فیکر
2019-07-10 کۆمێنت 1477 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی