ڕستەسازی لە وەرگێڕانی ڕۆمانی (١٩٨٤)دا

ئەدەب 2019-05-24 کۆمێنت 2099 جار بینراوە

نووسینی: عەلی حسێن


لەم ڕۆژانەدا ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆروێڵم بە وەرگێڕانی حەکیم کاکەوەیس خوێندەوە. ڕۆمانەکە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و کاکەوەیس لە سوێدییەوە بە کوردیی کردووە. ئەوەی ڕاستی بێت، لە زمانی زۆر وەرگێڕێکی کورد دەترسم، چون بە دەگمەن ڕێک دەکەوێت ڕۆمانێک بە کوردی بخوێنیتەوە و چێژێکی وای لێ ببینیت؛ بەڵام کاکەوەیس بە کوردییەکی هەتا بڵێیت پاراو و جوان ئەم ڕۆمانەی وەرگێڕاوە و بەرگێکی هێندە کوردانە و ڕازاوەی بە بەریدا کردووە، لە جوانیدا دەتخنکێنێت. ئەو پەکی لەسەر وشە و دەربڕینی کوردی ناکەوێت و بە شێوەیەکی کردەیی پێت دەڵێت، زمانی کوردی لە باریدا هەیە باری ئەدەبییاتی گەلان بە کۆڵدا بدات و لە زمانەکانی تر کەمتر نییە. لەگەڵ ئەمانەشدا، وەرگێڕانەکە، کۆمەڵێک کەلێنی تێدایە، لە هەندێک شوێندا ڕستەسازییەکەی کێشەی سەرەکیی هەیە و ڕستەکان ناڕێک و ناڕوون داڕێژراون؛ لە بڕێک جێی دیکەدا هەڵە دەبینرێت؛ جاری وا هەیە وشە و دەربڕین و تەنانەت ڕستەش پەڕێنراوە و لە بیر کراوە و لە بڕێک شوێنی تریشدا، هەست دەکەیت وەرگێڕ، وەک پێویست ڕێی بە وردەکاریی دەقەکە نەبردووە. من دەمەوێت هەندێک لەو کەلێنانە لەم کورتەنووسینەدا دەستنیشان بکەم، بەو ئومێدەی سوودێکیان بۆ خوێنەر و پرۆسەی وەرگێڕان هەبێت. ئەو دێڕانەی تێبینیم لەسەر هەن، لەنێوان کوەوتەیشن مارکدا ”“ دەهێنمەوە و ژمارەی لاپەڕەیان بە دوادا دەهێنم، پاشان ئەوەی خۆم بە ڕاستی دەزانم، لەنێوان دوو کەوانەدا دەنووسم.

    یەکەم شتێک دەمەوێت ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە هەندێک جار لە ڕۆمانەکەدا باسی دوو کەس دەکرێت و وتووێژی نێوانیان دەگێڕرێتەوە، بۆ نموونە لە چەند جێیەکدا باسی وینستن (کاراکتەرێکی پیاو) و جوولیا (کاراکتەرێکی ژن) کراوە و قسەوباسی نێوانیان هێنراوەتەوە، لە دەقە ئەسڵییەکەدا نووسەر هەمیشە پێویستی بەوە نییە لەگەڵ هێنانەوەی قسەی هەر کامێکیاندا، ناوی بە جیا بهێنێت و بڵێت وینستن وای وت یان جوولیا وای وت، چون خوێنەر لە جێناوی (he ) و (she )ەوە دەزانێت قسەکە بۆ کامیان دەگەڕێتەوە، بەڵام لە کوردیی ناوەندیدا، لەبەر ئەوەی جێناوی نێر و مێ جیا نین و هەمان جێناو بۆ هەردوو ڕەگەز بە کار دەهێنین، دەبێت ناو یان ڕەگەزی کاراکتەرەکە بە جیا بڵێین. دەبێت بۆ نموونە بنووسین (وینستن وتی) یان (پیاوەکە وتی). کاکەوەیس لە بڕێک جێدا ئەمەی ڕەچاو نەکردووە و تەنیا نووسیویە (وتی)، خوێنەر نازانێت کام لەو دوو کاراکتەرە ئەو قسەیەی کردووە.

 ”بەرامبەری کەوتە سەر چۆک. دەستی گرت و گوتی“ (ل١٦٤)، بۆ ئەوەی دەرکەوێت کێ قسەکەی کردووە، دەتوانرێت بنووسرێت: (بەرانبەر جوولیا کەوتە سەر چۆک، دەستی گرت و گوتی).

”بزەیەکی کەم گۆشەی لێوی ئۆبراینی بزواند و لێی ڕاما“ (ل٣٤٩)، بۆ ئەوەی ڕوون دیار بێت کێ لە کێ ڕاماوە، دەیتوانی لەبری (لێی ڕاما) نووسیبای (لە وینستن) ڕاما.

”ئەم ژوورە لە هەموو ژوورەکانی تر گەورەتر بوو، بەڵام زۆر گوێی بە دەوروبەر نەدەدا.“ (ل٣٧١)، ئەم ڕستەیە دەبێت بکەرێکی دیاری هەبێت، تا بزانین کێ گوێی بە دەوروبەر نەداوە، دەنا دوور نییە وا بزانین ژوورەکە گوێی بە دەوروبەر نەداوە. دەزانم گەر نەشینووسین هەر مانا دەگات، بەڵام کە بتوانم بە زیادکردنی وشەیەک ڕستەکە ڕوونتر بکەمەوە و لە دەقە ئەسڵییەکەشدا ئەو وشەیە هەبێت، بۆ نەیکەم؟ ڕستەکە بەم جۆرە ڕوونترە: (ئەم ژوورە لە زۆربەی ژوورەکانی تر گەورەتر بوو، بەڵام وینستن زۆر گوێی بە دەوروبەر نەدەدا.)

******************

خاڵێکی تر پێویستە باسی بکەم و نموونەی بۆ بهێنمەوە، بریتییە لە ڕستەی ناڕوون و بێمانا. ناڕوونیی ڕستە، زۆر جار بە پاشوپێشخستنی بەشە پێکهێنەرەکانی ڕستەکە، دەڕەوێتەوە و مانای جێمەبەست دەگات، جاری وایش هەیە پێویست بە زیادکردنی چەند وشە و لابردنی چەند وشەیەکی تر دەکات، هەندێک کەڕەتیش دەبێت دەربڕینەکە بگۆڕیت و بە شێوەیەکی تر ڕستەکە داڕێژیتەوە.

” لە مەودایەکی درێژ و لە کۆمەڵگەی فرەچیندا، تەنها بە هەژاری و نەداری و یەکسانی دێتە کایەوە.“ (ل٢٤٩)، لەم ڕستەیەدا، مانا ونە و خوێنەر نازانێت لە مەودایەکی درێژ و کۆمەڵگەی فرەچیندا، چی دێتە کایەوە، جگە لەوەی وشەی (نەزانی) لە دەقە ئەسڵییەکەدا هەیە و لەم وەرگێڕانەدا قرتاوە. ئەو ڕستەیە دەبوو ئاوەها وەربگێڕرێت تا مانا بگات: (لە مەودای درێژدا، کۆمەڵگەی فرەچین تەنیا دەکرا لەسەر بنچینەی هەژاری و نەزانی دامەزرێت.)

”بەر لەوەی ماوەی نیو سەعات لە ناو پێخەفەکەدا پێکەوە بەسەر بەرن، باسی ئەو مەسەلەیە نەهاتەوە گۆڕێ.“ (ل٢٦٢)، ئەگەر وای لێ بکەین واتا ئاسانتر دەگات: (تا نیوسەعاتیان لەناو پێخەفەکەدا پێکەوە بەسەر نەبرد، باسی ئەو بابەتەیان نەکردەوە.)

”بەپەرۆشەوە هاتنی خۆی ڕوون کردەوە و باوەڕپێهێنانی لەوە زیاتر پێوە دیار بوو کە سزای بدا.“ (ل٣٢٢)، ڕستەی دووەم ناڕێک و ناڕەوانە، هەروەها گرێی (هاتنی خۆی) زیادەیە. دەقەکە ئاوایە: (زیاد لەوەی لە بیری سزاداندا بێت، بە پەرۆشەوە بوو بۆی ڕوون بکاتەوە و قایلی بکات.)

”کە دیبووی، هەمیشە بە پانایی مەترێ بیری لێ دەکردەوە،“ (ل٣٦٩)، ئەمە هەم مانا نادات و هەم لێی قرتاوە، دەقەکە ئاوایە: (لەبەر ئەوەی هەمیشە لە پۆستەردا دیتبووی، بەردەوام وای دەزانی دەبێت ڕوومەتی مەترێک پان بێت،)

”لە خۆی دەپرسی، کە دەبێ ئەو ڕقە بۆ سەرچاوەی ڕابردوو بگەڕێتەوە یا...“ (ل٣٨٤)، ئەم ڕستەیە ئەگەر ئاوای دابڕێژین واتاکەی ڕوونتر دەبێت: (ئاخۆ ئەوە ڕقێک بوو تەنیا لە ڕابردووەوە سەرچاوەی دەگرت یا...)

”وەفا بۆ حیزب نەبێ نامێنێ. ئەوین بۆ ڕێبەری گەورە نەبێ نابێ هەبێ.“ (ل٣٥١)، ئەگەر ڕستەکان وا لێ بکەین ئاسانتر پەیام دەگات: (لە دڵسۆزی بۆ حیزب بەولاوە، چ دڵسۆزییەک نامێنێت. لە خۆشویستنی ڕێبەری گەورە بترازێت، چ خۆشەویستییەک نامێنێت.)

******************

خاڵێکی تر لەم وەرگێڕانەدا دەبینرێت، بریتییە لە فەرامۆشکردن و قرتاندنی وشە و دەربڕین و تەنانەت ڕستەش. ئەمە ئەگەر بە ئەنقەست بووبێت، ئەوە ستەمە لە نووسەر و بەرهەمەکەی؛ ئەگەریش بە ئەنقەست نەبووبێت، پەلەپەل و سەرنجبڵاویی وەرگێڕ پیشان دەدات. هەر چۆن بێت، ئەمە وامان لێ دەکات متمانەمان بە وەرگێڕ کەم ببێتەوە و لە هەر لاپەڕەیەکدا، ئەگەری ئەوە دابنێین بەشێک لە نووسینەکە قرتابێت.  

”تەنها چوار ڕێگە بۆ ڕووخاندنی دەستەی دەسەڵاتدار لەئارادایە. یان لەلایەن هێزی دوژمنی دەرەکییەوە تێک دەشکێ، یا شێوەی ناڕێکیی ڕێبەرایەتی چاوی خەڵکی بۆ یاخیگەرێتی دەکاتەوە، یا باوەڕبەخۆبوون و ئارەزووی حوکمڕانی لەدەست دەدا.“ (ل٢٧٠ و ٢٧١). لە سەرەتای ڕستەکەوە دەڵێت چوار ڕێگە بۆ ڕووخاندنی دەستەی دەسەڵاتدار هەن، کەچی تەنیا باسی سێ ڕێگەی بە دوادا دێت، وەرگێڕ یەکێک لەو چوارەی فەرامۆش کردووە: (...یان ڕێ بە درووستبوونی گرووپێکی مامناوەندی بەهێز و ناڕازی دەدات...)

”لە لایەکی تریشەوە، کرداری بەپێی یاسا لە ئۆقیانووسیادا نییە.“ (ل٢٧٦)، ئەم ڕستەیە سەرباری ناڕوونییەکەی، دە وشەیەکیشی لێ قرتێنراوە، دەقەکە ئاوایە: (لە لایەکی تریشەوە، کردەوەکانی بەپێی یاسا یان بنەماگەلێکی ڕوون و دیاریکراوی هەڵسوکەوت ڕێک ناخرێن، لە ئۆقیانووسیادا یاسا بوونی نییە.)

”بەڕواڵەت نا، بەڵکو وای لێ دەکەین بە دڵ و بە گیان لایەنگرمان بێ. ناتوانین ڕێی لادان بە خەیاڵی تەنانەت سەرەمەرگیش بدەین.“ (ل٣٣٤ و ٣٣٥)، لەنێوان ئەو دوو ڕستەیەدا، ئەم دوو ڕستەیەش هەن کە بە جێ هێڵراون: (پێش لەناوبردنی، دەیکەینە یەکێک لە خۆمان. هیچ بیرۆکەیەکی ناڕاست، لە هیچ سووچێکی جیهاندا، هەرچەندە نهێنی و لاوازیش بێت، بە ئێمە قبووڵ ناکرێت.)

”لەو دەمەوە کە سەروسەکوتی ئامێر پەیدا بووە، لە هۆشمەندان عەیانە کە پێداویستی چەوساندنەوە و فراوانکاری نایەکسانی نێوان مرۆ نەماوە. وا نەبووایە، برسێتی و نەخوێندەواری و نەخۆشی و چەوساندنەوەی کرێکار، دەبوو دوای چەند نەوەیەک نەمێنن.“ (ل٢٤٨)، ئەم ڕستانە هەم لێیان قرتاوە، هەم ناڕوونییان تێدایە، دەقەکە ئاوایە: (لەو ساتەوە کە سەروسەکوتی ئامێر پەیدا بوو، بۆ تێکڕای هۆشمەندان دەرکەوت کە ئاتاجی بە کاری تاقەتپڕووکێن و لە ئەنجامدا تا ڕادەیەکی زۆر، ئاتاجی بە نایەکسانیی مرۆڤ، نەماوە. ئەگەر ئامێر بە ئەنقەست بۆ ئەم مەبەستە بە کار هێنرابا، برسێتی، کاری قورس، پۆخڵی، نەخوێندەواری و نەخۆشی دەکرا دوای چەند نەوەیەکی کەم نەمێنن.)

******************

خاڵێکی تر کە جێی خۆیەتی لەسەری بوەستین، بریتییە لە هەڵەوەرگێڕان، مەبەست لە هەڵە، ئەو جۆرە هەڵانەیە کە دەکرێت مەبەستی نووسەر بشێوێنن و بگرە ئاوەژوویشی بکەنەوە.

”لە ڕابردوودا هەموو گرووپە دەسەڵاتدارەکان دژی یەکدی دەجەنگان با نەشیانتوانیبێ ویستی وەکیەکی خۆیان ڕەچاو بکەن. وێرانکارییش بۆیە سنوورێکی هەبوو، چونکە هەمیشە سەرکەوتوو دەستی بەسەر وڵاتی دۆڕاودا دەگرت.“ (ل٢٦٠)، ئەم دوو ڕستەیە، لانی کەم دوو کەلێنیان تێدایە. (با نەشیانتوانیبێ ویستی وەکیەکی خۆیان ڕەچاو بکەن.)، ئەمە لە دەقەکەدا نییە. هۆ و بەرئەنجامی ناو ڕستەکە شێوێنراون؛ سنوورداریی وێرانکارییەکانی پێشوو، لەبەر ئەوە نەبوو سەرکەوتوو دەستی بەسەر دۆڕاودا دەگرت، بەڵکو لەبەر (ناسینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش) بوو کە لە وەرگێڕانەکەدا باسی نییە. دەقەکە ئاوایە: (لە ڕابردوودا گرووپە دەسەڵاتدارەکانی هەموو وڵاتان، دژی یەکدی دەجەنگان و بەردەوام سەرکەوتوو دەستی بەسەر دۆڕاودا دەگرت، هەرچەندە لەوانەیە توانیبێتیان بەرژەوندی هاوبەشی نێوانیان بناسنەوە و بەم هۆیەوە، سنوور بۆ وێرانکاریی جەنگ دابنێن.)

”بە هۆی گەشەکردنی تێگەیشتنی مێژووەوە کە بەر لە سەدەی نۆزدە لەئارادا بوون“ (ل٢٦٦)، نووسەر نەیوتووە بەر لە سەدەی نۆزدە لە ئارادا بوون، بەڵکو دەڵێت: (کە زەحمەتە بەر لە سەدەی نۆزدە لە ئارادا بووبن.)

”چاکترین خەڵکی کۆمەڵگە دەزانن چی ڕوو دەدا و خراپترین خەڵکیش ئەو ڕووداوانە دەبینن.“ (ل٢٨٢)، دەقەکە ئاوایە: (لە کۆمەڵگەی خۆماندا، ئەوانەی زۆرترین زانیارییان لەسەر ڕووداوەکان هەیە، هەمان ئەو کەسانەن کە لە هەمووان زیاتر لە بینینی جیهان وەک خۆیەوە دوورن.)

”ڕووداوی ڕاستەقینەت بیر ناکەونەوە و ئەگەر ڕووداوێکیشت بیر کەوتبێتەوە، پێت وایە هەرگیز ڕووی نەداوە.“ (ل٣٢٢)، دەقەکە: (تۆ ناتوانیت ڕووداوە ڕاستەقینەکان وە بیر بهێنیتەوە و بڕوات بە خۆت هێناوە کە ڕووداوگەلێکی ترت لە بیرە، لە کاتێکدا هەرگیز ڕوویان نەداوە.)

”گوێڕایەڵی بەس نییە. ئەگەر ئازار نەچێژێ چۆن دڵنیا دەبی کە بە ئارەزووی تۆ ئازار دەچێژێ نەک هیی خۆی؟“ (ل٣٥٠)، دەقەکە: (گوێڕایەڵی بەس نییە. تا ئازار نەچێژێت، چۆن دڵنیا دەبیت گوێڕایەڵی ویستی تۆیە نەک هیی خۆی؟)

”بەگوێی حیزبی نەکرد، بەڵام هەر ڕقیشی لێی بوو.“ (ل٣٦٨)، دەقەکە: (بە گوێی حیزبی دەکرد، بەڵام هەر ڕقیشی لێ بوو.)

”ئەگەر یەکێ مەبەستی فەرمانڕەوایی بێ، دەبێ بتوانێ هەڵسوکەوت لەگەڵ واقیعدا بکا“ (ل٢٨١)، دەقەکە: (کەسێک بە تەمای فەرمانڕەوایی بێت و بیەوێت دەسەڵاتەکەی بەردەوام بێت، دەبێت بتوانێت هەستکردن بە واقیع بشێوێنێت و لەناوی بدات.)

******************

خاڵێکی تر دەبێت بیخەینە بەرچاو، ئەوەیە وەرگێڕ لە هەندێک شوێندا وشە و دەربڕینی گونجاوی دانەناوە، ئەوەی هەڵیبژاردووە هەم لە ڕووی زمانەوانییەوە ناڕێکە و هەم هەندێک جار مانایشی بۆ خوێنەر پێ نەگوێزراوەتەوە.

”بە ناوی (نەهێشتنی خاوەندارێتیی تایبەتی) کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا پەیدا بوو. لە ڕاستیدا ئەوەی دەگەیاند کە خاوەندارییەتی بکەوێتە دەستی ژمارەیەکی کەمتری خەڵکەوە،“ (ل٢٧٠)، ئەمە هەمووی یەک ڕستەیە و پێکەوە مانا دەگەیەنێت، نازانم وەرگێڕ لەبەر چی دوولەتی کردووە. هەر ئەم دوولەتکردنە وای لێ کردووە مانا نەگەیەنێت. جگە لەمە، ڕستەکە نەختێک ناڕوونیش داڕێژراوە. دەبوو ئاوای وەرگێڕێت: (ئەوەی پێی دەوترا (نەهێشتنی خاوەندارێتیی تایبەتی) و لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەری هەڵدا، لە ڕاستیدا مانای ئەوە بوو خاوەندارێتی، لە چاو پێشوودا، لە دەستی ژمارەیەکی کەمتری خەڵکدا کۆ ببێتەوە.)

”بە پێچەوانەی پەڕۆوپاڵ بەدەوری جەستەی وێرانیدا، هەستی بەزەیی هەموو گیانی گرتەوە.“ (ل٣٥٨)، ئەم ڕستەیە کوا پێویستی بە (بە پێچەوانەی) هەیە؟ چەندی لێ ورد دەبمەوە، ناتوانم مانای بۆ بدۆزمەوە. یانی چی بە پێچەوانەی شڕوشیتاڵی بەرتەوە هەستی بەزەیی هەموو گیانت بگرێتەوە؟ مەسەلە تەنیا ئەوە نییە تۆ خەریکی وەرگێڕانیت و پێویستە بە دەقەوە پابەند بیت، بەڵکو لە کاتی بەدەستەوەگرتنی پێنووسدا، دەبێت ڕستەی مانادار بنووسین. کە سەیری دەقەکە بکەین، دەبینین بنووس ئاوای وتووە: (پاشان کە دەستی بە ڕێکخستنەوەی شڕوشیتاڵە ڕەزاگرانەکانی بەری کردەوە، لەناکاو هەستێکی بەزەییهاتنەوە بە جەستەی داهێزراویدا گرتییەوە.)

”پێی وا بوو جولیا ماوەیەکی زۆر بێدەنگ بوو.“ (ل٢٨٤)، من وای بۆ دەچم بۆ ئەوەی دەبڕینەکە کوردیتر بێت، پێویستە بنووسین: (پێی وا بوو جوولیا ماوەیەکی زۆرە بێدەنگە.)، بۆ ئەوەی لە دەقەکەوە نزیکتر بێت، دەبێت بنووسین: (هەستی کرد جوولیا ماوەیەکە زۆر کپە.)، زۆرییەکە بۆ ماوەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ کپییەکە دەگەڕێتەوە.

”تا ئەو دەمە، لە دڵەوە خۆشی نەویستبوو.“ (ل٣٣١)، ئەم ڕستەیە بە ڕواڵەت کێشەیەکی وای نییە، بەڵام کە سەیری دەقە ئەسڵییەکە بکەین، دەزانین نووسەر نەیویستووە بڵێت پێشتر ئۆبراینی خۆش نەدەویست و تەواو، بەڵکو دەڵێت پێشتر خۆشی نەدەویست بەڵام ئەو کاتە بە قووڵی خۆشی ویست، وەرگێڕانەکەی کاکەوەیس زیاتر بەشە نەرێنییەکەی تێدایە، نیشانەیەکی ڕوون بۆ بەشە ئەرێنییەکەی ڕستەکە نابینرێت، دەبوو نووسیبای: (هەرگیز تا ئەو ساتە هێندە قووڵ خۆشی نەویستبوو.)

”بۆ یەکەمین جار زانیی: ئەگەر بتەوێ شتێ بەنهێنیی ڕاگریت، دەبێ لە خۆشت نهێنی بێ. دەبێ هەمیشە وریا بیت تا لە کاتی ناپێویستدا لەناو هەستی ئاگایانەوە سەر دەر نەهێنێ.“ (ل٣٦٨)، دەقەکە بەم جۆرەیە: (بۆ یەکەمین جار تێبینیی ئەوەی کرد، ئەگەر بتەوێت شتێک بە نهێنی ڕاگریت، دەبێت لە خۆشتی بشاریتەوە. دەبێت هەردەم بزانیت بوونی هەیە، بەڵام نابێت هەرگیز ڕێی بدەیت بە هەر شێوەیەک بتوانرێت ناوی بۆ دابنرێت، بێتە ناو ئاگاییتەوە، مەگەر ئەو کاتەی پێویستت دەبێت.)

******************

دەمەوێت لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم، وەرگێڕ ڕۆمانەکەی لە سوێدییەوە بە کوردی کردووە، بۆیە دەکرێت هەندێک لەو کەلێنانە هیی وەرگێڕانە سوێدییەکە بن، بەڵام ئەمە وامان لێ ناکات چاویان لێ بپۆشین. من گومانم لە دڵسۆزیی وەرگێڕ نییە، مەبەستم لەم نووسینەش ئەوە نییە لە نرخی کارەکەی کەم بکەمەوە، بۆ خۆم چێژێکی زۆرم لە وەرگێڕانەکەی بینی و کۆڵێک وشە و دەربڕینی کوردیی ناوازەی لێوە فێر بووم. ئەم نووسینە، بەسەرکردنەوەی ئیشی ئەو پیاوە خەمخۆرەیە و هەوڵێکە بۆ ناسینی کەلێنەکان و پڕکردنەوەیان، بێگومان بۆ خۆشی بێکەلەبەر نییە.   

(1984، نووسینی: جۆرج ئۆروێڵ، وەرگێڕانی: حەکیم کاکەوەیس، چاپخانە: ئەندێشە، چاپی سێیەم، ساڵی چاپ: ٢٠١٨)


تاگەکان    
کۆرۆنا ڕۆژاوا قەدەر کرێکار تەلارسازی وەچەخستنەوە مۆدێرنە ستەم وەرزش چیرۆک ئایا سۆفیا گۆرانی دەروونی شەڕ مێژوو
ئەدەب
2019-05-24 کۆمێنت 2099 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی