ئامۆژگاریی فەلسەفەیی

فیکر 2019-05-08 کۆمێنت 1122 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی

وەرگێڕانی: عەلی حسێن



عەزیزەکەم، بزانە و ئاگادار بە لەوەی تۆ هیچ نازانیت و
گەردیلەیەک زیاتر نییت و نە چاوی بینات هەیە و نە دڵی زانا و نە ئەندێشەی توانا. سەرباری ئەمەیش، لەسەرتە هێندە پێ لەسەر ئایینی خۆت دابگریت وەک ئەوەی هەرچی دەزانیت، بینیبێتت و هەرچی دەبینیت، بیزانیت.

ملکەچی حەق بە و ڕێزی لێ بگرە و گەر دڵکوێرێک لێی پرسییت حەق چییە، بڵێ ئەوەیە کە منی لەسەرم، ئەگەریش پرسیی تۆ لەسەر چییت، بڵێ لەسەر حەق. عەزیزەکەم، بزانە هەرچی لای تۆیە، جێی ئیرەیی جیهانییانە و ئەوەی بە کۆڵی خەڵکەوەیە، بارێکی گرانە.

گەر لەنێوان تۆ و نەیارانتدا ناکۆکییەک هەڵگیرسا، دەبێت بێیتە جۆش و لە بنی بەرد و لەسەر هەوریش بێت، بەڵگەی یەکلاکەرەوە بدۆزیتەوە و دەمی نەیارەکەت بە دەرزیی بەڵگە تەقەڵ بدەیت؛ بەڵام ئەگەر چوویتە خەڵوەتەوە و نەفسی فێڵباز داوای بەڵگەی لێ کردیت، بزانە پێویست ناکات خۆت بخەیتە زەحمەتەوە و وەڵامی چەندوچۆنەکانی بدەیتەوە.

براکەم، هەر ئەوە بە خەڵک بڵێ کە لێتی دەکڕن، بەڵام ئاگادار بە، چون ئەوان بەبێ پیاوباشێکی وەک تۆ، هیچ ڕێیەکیان پێ نادۆزرێتەوە.

بزانە سەرجەمی پەیامبەران و پیاوچاکان نەیانتوانی خەڵک بهێننە سەر ڕاستەڕێ، بەڵام ئەرکی تۆ ئەوەیە سەرلەبەریان بخەیتە سەر ڕێی ڕاست و تا دەتوانیت بۆ ئەم ئامانجە تێبکۆشیت و بیر لە سەرئەنجامی ئیشەکە نەکەیتەوە.

ئازیزەکەم، دوژمنەکەت لە دوو دۆخ زیاتری نییە: یان گیرۆدەی دەستی تاوانە یاخۆ فەوتاوی دەستی بەڵا و لێقەومانە، دەنا دژایەتیی تۆی نەدەکرد و لە بەرانبەر ئامانجە چاکەکەی تۆدا، لە پێداهەڵدان بترازێت، هیچی تری لە زار دەرنەدەچوو.

هەرگیزاوهەرگیز گوێ لە قسەی ناحەزەکەت مەگرە و مەیخوێنەوە، مەگەر بۆ مشتومڕ و تڕۆکردنی وی. چون خەڵک تێکڕا نەفام و سەرلێشێواون و ڕێبواری ڕێی نەزانین. نابینیت لە چ چارەڕەشییەکدان و لە بەیانییەوە تا ئێوارە خوێناو دەنۆشن و لە هەژاری و دەستکورتیدا ژیان بەسەر دەبەن؟

تێبیرە و بخوێنەوە و ببیستە، بەڵام نەک بۆ ئەوەی تۆزێک زیاتر بزانیت، بەڵکو بەو مەبەستەی نرخی خۆتت بۆ دەرکەوێت.

ئەگەر داوای بەڵگەیان لێ کردیت، ئەم ڕوودارییەیان لێ قبووڵ مەکە و بڵێ ئێوە ماڵی ئەوە نین ڕەخنە لە هەتاو بگرن؛ وەلێ چون من سەرچاوەی بەخشندەیی و کانیی بەزەییم، کەمێک لە بەڵگەکانی خۆم دەخەمە ڕوو و پاروویەک بە ئێوەیش دەدەم، تا چاوتان بە تۆزێک لە جوانیی حەقیقەت بکەوێت و دوای ئەوە زمانتان داخەن. ئەوسا چەند ڕستەیەکی هەزارتوێ بڵێ و کەمێک خەو و خەیاڵیشی لێ پرژێنە و پاشان منەتی خۆتیان بەسەردا تەواو کە و ڕێیان دە لە حزووری پڕلەنوورت بڕۆن و لەسەر ئەوەی تا ئەم دەمە، هەتاوی درەوشاوەیان نەبینیوە و لە مێرگی شەیتاندا لەوەڕاون، بکەونە داڕنینی سەر و ڕووی خۆیان.

موو لە ماستی نەیارەکەتدا بدۆزەرەوە و گەر ئەو داوای بەڵگەیەکی ئاوەزپەسەندی لێ کردیت، بێژە ئاوەز نە خزمەتکاری ئەم بەردەرگایە و نە بەم حەقیقەتانە ئاگایە.

عەمرەکەم، بزانە خوای تەعالا جیهانی درووست کرد تا تۆ درووست بکات و تۆی ئافراند تا بە خۆی ئافەرین بڵێت و بە خۆی تەبارەکی وت تا تۆ موبارەک بکات و ئاسمانی دوولەت کرد تا ڕێ بە تۆ پیشان بدات و ڕێی بەختەوەریی خستە بەرپێی تۆ تا دۆزەخ بکاتە ماڵی ناحەزانی تۆ و ئەوەی ملی ڕێی تۆ نەگرێت، لە لێڕەواری هزریدا تەنیا و تەنیا درەختی زەقووم دەڕوێت.

ئەی ڕێبواری ڕێی ئاشنایی، بزانە نیشانەی حەق ئەوەیە خووەکانمان تێک نەدات و داڵغەمان بۆ درووست نەکات و شڵەژان و ڕاڕایی نەکاتە میوانی دڵ و گیانمان. کە وا بوو، وریا بە ڕێی خۆت نەگۆڕیت و پێک لەم و لەو وەرنەگریت.

عەزیزەکەم، بزانە و تێبگە و ئەرخەیان بە لەوەی زانست ناتەواوە و ئاوەز نەڕسکاوە و ئەزموون هیوابڕاوە و چی لە دوو لێوی تۆ دەرچێت، هەر ئەوە نیشانی پێکاوە. خەڵکی تر گەر خەرمان خەرمان حیکمەتیان پێ بێت، هەر پاشماوەی شەیتانە و گەر تۆ بڵێیت بە دوای شەودا ڕۆژ دێت، ئەوە پەرجووی ئاسمانە.         


تاگەکان    
ئیلحاد شیعر بووژانەوە دیزاینی زیرەک ئایا سۆفیا موناجات لۆجیک کۆرۆنا فێمینیزم سایکس-بیکۆ عەبدولکەریم سرووش کۆرۆرنا ڕانانی کتێب خێوەتگە خاڵبەندی
فیکر
2019-05-08 کۆمێنت 1122 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی