هاوڕێ، ئازیز، گوێ ڕادێره‌

ئەدەب 2019-05-02 کۆمێنت 1038 جار بینراوە

نووسینی: ئەیوب کوردی


ئەگەر دەتەوێ ئازار نەدرێیت، هەرگیز مەهێڵە خەڵکی ڕووی ڕاستەقینەت ببینن. ئەوان لە ئازاردانی چاکان ناسڵەمێنەوە.

لە خراپکاران دەترسن. مەراییان بۆ دەکەن. بە درۆیش بێت، خۆشەویستییان بۆ دەردەبڕن، بۆیان دەنووشتێنەوە. کە کاریش کەوتە نێوان هەڵبژاردنی چاک و خراپ، ئەوە هەڵدەبژێرن کە لێی دەتۆقن و چاکەکە لە بیری خۆیان دەبەنەوە. دووردەکەونەوە لێی، بە تەنیاباڵی دەیھێڵنەوە. ڕەنگە بۆ ڕەزای خراپکاران، خراپەیشی بۆ هەڵبەستن و بهۆننەوە!

لالە

مرۆڤی چاکەخواز، چونکە خەڵکی لە شەڕی ئەمینن، دوودڵی ناکەن لە ئازاردانی، چون لەوە دڵنیان ئەو وەک وان خراپە بە خراپە وەڵام ناداتەوە. ھەر بۆیە چاکبوون زەحمەتە و خراپە بە زۆران دەکرێ!

هەڤاڵ

ئەوانەی خۆشەویستیت بۆ دەردەبڕن، زۆر جار تۆیان خۆش ناوێ، لێ شتێکیان لای تۆ دەست کەوتووە، کە لای کەسی تر دەستیان ناکەوێ. ئەو خەڵکانە خۆشەویستییان لە خۆپەرستی زێتر نییە. هەر ڕۆژێک کار کەوتە هەڵبژاردن لەنێوان تۆ و بەرژەوەندی، یەک و دوو لە هەڵبژاردنی بەرژەوەندی ناکەن و باکیان نە بە تۆیە و نە بەوەیش لە ژیاندا بەسەرت دێ!

برادەر

هەر کەس بە ڕاستی تۆی خۆشویست، چاوەڕوانیی زۆرت لێ ناکات. هەر هێندە تۆ هەبی لەم ژیانە، ئەو بە بوونت دڵخۆشە. زۆر جاریش تۆ پێش خۆی دەخا و نیازی خۆی دەخاتە پشت گوێ. لە پلە باڵاکانی خۆشەویستیدا، خۆی و تۆ، بەرژەوەندیی خۆی و هیی تۆ، ئاسوودەیی خۆی و هیی تۆ هەر بە یەکێک دەبینێ. بەڵام ئایا چەند خەڵکی دەگەنە ئەو ئاستە؟ گومانت نەبێ، کەمینەن!

ئازیز

هەرگیز ناڵێم دووڕوو بە. بەڵام مەهێڵە هەموو خەڵکی ناخت ببینن. چونکە ناخ وەک ئاوێنە وایە. کە ڕوخساری دزێوی خۆی لە ئاوێنەی ناختدا بینییەوە، بەلەسە دەبێ و بەردێکی پیا دەکێشی و باکی بە خوێنچۆڕان و دڵشکان و ئازار و گریانی تۆ نییە!

گەر خەڵکیشت خۆشویست و ئەوانیش بەڕاستی خۆشیان ویستیت، زۆریان لێ چاوەڕوان مەکە. سوپاسگوزاری ئەوە بە کە خەڵکێک هەیە، چاوگی بەختەوەریی تۆیە. دەردێک کە خۆشەویستی لە بەین دەبات، ئەوەیە هەندێ جار مرۆڤ هێندە لە خودی خۆی چاوەڕێ ناکات، هێندەی بەرانبەرەکەی لێی چاوەڕوانە!


تاگەکان    
چەواشەکاریی لۆژیکی فەڵەستین #پیری یاری کۆرۆرنا كتێب عێڕاق ستەم حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی ژن کۆیلایەتی شەڕ بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن تەکنۆلۆژیا هاوڕەگەزخوازی
ئەدەب
2019-05-02 کۆمێنت 1038 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی