زمان و دەربڕین

ئەدەب 2019-04-18 کۆمێنت 1669 جار بینراوە

حسێنی مەلا


   سایم پاروویەکی تری لە نانە بۆرەکە خستە زارەوە. نانەکەی جویی و لەسەر قسەی خۆی ڕۆیشت: "ئاگات لەوە نییە کە هەموو مەبەستێک لە وتەی نوێدا بەرتەسککردنەوەی هۆشە؟ لە ئەنجامدا تاوانی بیر مەحاڵ دەبێ، چونکە وشەی دەربڕینی نامێنێ. ناوەڕۆکی مەبەستی هەموو شتێ بە وشە دەردەبڕدرێ و واتاکەی بە تەواوی دادەنرێ و هەموو واتایەکی لاوەکی لەناودەبرێ و دەسپێردرێتە دنیای لەبیرچوو. لە چاپی یازدەدا، کەممان ماوە بگەینە ئەو مەبەستە، بەڵام ئەم کارە زۆر لە دوای مردنی من و تۆشدا هەر بەردەوام دەبێت. هەر ساڵە و وشەی کەمتر و کەمتر. مەودای هۆش، تەنگتر و تەنگتر دەبێتەوە. دیارە ئێستا چ بەڵگەیەک بۆ تاوانی بیر بەدەستەوە نییە."...

ڕۆمانی: 1984

نووسینی: جۆرج ئۆروێل

وەرگێڕانی: حەکیم کاکەوەیس

هەژاریی زمان هۆکارێکە بۆ لەباربردنی چەندین دەربڕین لە یادگەدا و سپاردنیان بە بێئاگایی. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وتار، شیعر، چیرۆک، پەخشان و... چەندین ژانری ئەدەبیی دیکە و ترسی لەناوچوونیشیان دەکەوێتە سەر.

هەژارخستنی زمان، یان لاوازکردنی زمان، واتا کەمکردنەوە و لەناوبردنی زۆرێک لە زاراوە و وشەی پەتیی شێوەزارە جیاوازەکانی نەتەوەیەک، دەبێتە هەڕەشە بۆ فەوتانی زۆرێک لە نووسینە دێرینەکانی ئەو نەتەوەیە و، نەوە لە دوای نەوە ئەیخەنە خەیاڵدانی مێژووەوە.

لە دوای کۆتاییپێهێنانی خیلافەتی عوسمانی و هاتنەسەردەسەڵاتی ئەتاتورک، بڕیار درا کە زمانی نووسینی تورکیا لە سامییەوە بگۆڕدرێت بە لاتینی. ئەمەیش وای کرد زۆربەی نووسراوی ئەو وڵاتە، بە نووسینی مێژوویی، ئایینی، ئەدەبی و...یەوە بخرێتە "چاڵی خەیاڵ"ەکەی ڕۆمانی "1984"ەوە. بۆیە نەوەکانی دوای ئەتاتورک ئاگایان لە مێژووی دێرینەی تورکیا نییە، جگە لەو مێژووەی کە دەسەڵات ویستوویەتی بگات!

لە بەرانبەر ئەو وێرانکارییە کلتووری و شارستانییەتەدا، نموونەی دووبارە بنیاتنانەوەی شارستانییەتمان هەیە. جووەکان پێش دروستکردنی "ئیسرائیل" پەرش و بڵاو بووبوونەوە بە جیهاندا و، زۆرینەیان زمانی عیبری، زمانی کتێبی پیرۆزی "تەورات"یان بیرچووبووەوە و، ئەو زمانە بەرەو "چاڵی خەیاڵ" بەڕێ کرابوو. بەڵام لە دوای بنیاتنانی "ئیسرائیل" و کۆکردنەوەی جووەکانی جیهان لەو شوێنە جوگرافییەدا، یەکەمین ئیشێک کە کردیان یەکخستنی زمانی هەموو جووەکان بوو، کە یەکێک لە کوردستان و یەکێک لە ئاڵمانەوە کۆکرابوونەوە. بڕیاریاندا زمانی یەکەمی نووسینیان لە ناوەندەکانی خوێندن، عیبری بێت. لە ئێستادا هەموو جووەکان زمانی ڕەسمییان عیبرییە و، هەموویان ئاگاداری مێژووی دێرینەیانن و کتێبی پیرۆزی "تەورات" و شارستانییەتیانیش لە "چاڵی خەیاڵ" ڕزگار کرا.

بە داخەوە لە ئێستادا زمانی کوردییش، نازانم بە پیلانە یان بێ پیلان و بەرنامەیە، بووەتە بێخاوەنترین بابەتی ئەم سەردەمە و، هەرکەس و گرووپێک بە ئارەزووی خۆی لێی کەم و زیاد دەکات. لە ئێستادا ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر زمانی کوردی. سەردەمانێک زمانی کوردی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندا بوو و، کۆمەڵێک مەردی ئەم نیشتیمانە فریای کەوتن و ڕزگاریان کرد لە تیاچوون. بەڵام لە ئێستادا، بە گوێرەی قسەی زۆرێک لە زمانناسان، دیسانەوە زمانی کوردی لە ژێر هەڕەشەیەکی بێدەنگی لەناوچووندایە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دوور نییە زمانەکەمان وەکو "گوتەی نوێ"ی ڕۆمانی "1984" ببێتە هەژارترین زمان و نەتوانین ئەوەی کە لە دڵ و هۆشماندایە بە نووسین و قسە دەریببڕین و، زۆر وتە و دەربڕینمان لە بێئاگاییماندا زیندانی بکرێن و هەرگیز توانای هەڵهاتنیان نەبێت. ئەمەیش لە قازانجی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە، کە تاکە غەمی مانەوەی خۆی و گێلێتی و مژووڵیی میللەتەکەیتی بە کاری ڕۆتینی ڕۆژانەوە و، لە زەرەری نەتەوەیەکی بێ شوناس و دەسەڵاتە، کە تاکە شوناسی کورد، لە ئێستادا، تەنها و تەنها زمانەکەیەتی. ئەویش لە ژێر هەڕەشەیەکی کپدایە، بە شێوەیەک کە کەمینەیەکی ئەم نیشتیمانە زیاتر، کەسی تر هەستی پێ ناکات!

هەروەکو "ئۆروێل" لە ڕۆمانی "1984"دا لە زاری "سایم"ەوە دەڵێ: "تا ساڵی ۲۰٥۰ -لەوانەیە زووتریش- زانیارییەکی واقیعی لەسەر زمانی کۆن نامێنێ. هەموو ئەدەبی کۆن لەبەین دەچێ. چارسەر، شکسپیر، میلتۆن، بایرۆن... تەنها لە گوتەی نوێدا دەمێنن. ئەوەش نەک بە شێوەیەکی تەواو جیاواز و بەس، بەڵکو بە پێچەوانەی خۆشیانەوه. تەنانەت ئەدەبیاتی حیزبیش دەگۆڕێ، دروشمەکانیش. کە وشەی ئازادی بسڕێتەوە چۆن دەبێ دروشمی (کۆیلایەتی ئازادییە) هەبێ؟ شێوەی بیرکردنەوە دەگۆڕێ. لە ڕاستیدا، بیرکردنەوە لەو بابەتەی کە تێی دەگەین بوونی نییە. یەکسانی واتا بیرنەکردنەوە -پێویستنەبوونی بیرکردنەوە، خۆی لەخۆیدا یەکسانی ئەودیوی هۆشە-."!



تاگەکان    
مۆدێرنیتە خاڵبەندی سۆفیگەری شیرک ئازادی بوومەلەرزە سیاسەت دیمانە مردن چەواشەکاریی لۆژیکی فەلەستین دەروون باران شیعر گۆرانی
ئەدەب
2019-04-18 کۆمێنت 1669 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی