ئاھەنگی دەرچوون و بۆشاییی دەروونی

فیکر 2019-04-14 کۆمێنت 2097 جار بینراوە

نووسینی: محه‌مه‌د دلێر گزنگ


ئەوەی خەیاڵی زۆرێک لە گەنجانی زانکۆ سەرقاڵ دەکات بەتایبەتیش قۆناغی چوار، توێژینەوەی زانستی و پڕ سەرچاوە نییە، بەڵکو ئاهەنگی دەرچوون و شێوەپەرستییە.

لێرەدا و لەم کورتە نووسینەدا دەمهەوێت هەندێک ڕووی ئەم دیاردەیە بخەمە ڕوو، هێندەی دەمهەوێت هەندێک کێشەی دروستکەری ئەم زیادەڕۆیییە بخەمە ڕوو، هێندە نامهەوێت ئەو بڕیارە بدەم ئایا خودی ئەم ئاهەنگانە باشن یاخود خراپ. چون ئەوە پەیامی ئاهەنگەکانن و بۆ خۆیان دەبنە سەنگی مەحەک بۆ ئەو جۆرە بڕیاردانە.

لەم بابەتەدا باس لە زێدەڕۆیی دەکەین، کە وەهای دەبینم ڕەگ و ڕیشەی دەروونیی هەیە لە ناخی مایلی ئەم جۆرە بۆنانە.

سەرەتا پێم وایە ئەم ئاهەنگانە ئەوەندەی پڕکردنەوەیە، ئەوەندە خاڵیبوونەوە نییە!

گەر ئەوانە بدوێنین کە زیاد لە دۆخی ئاسایی مەیلی ئەم جۆرە ئاهەنگانە دەکەن، دەبینیت باس لە خۆخاڵیکردنەوەی خۆیان دەکەن لە ماندووێتیی شازدە ساڵی ڕابردوو، دەیانەوێت خاڵێکی کۆتایی بۆ ئەو گەشتە کورتەی ژیان دابنێن. ئەمە ڕاستە، مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئارەزووی لەوەیە بەرهەمی خۆی بچنێتەوە، بەڵام ئایا بەرهەمی پڕۆسەیەکی پەروەردەیی-زانستی، توێژینەوەی پێویست و بەپیتە یان ئاهەنگی دەرچوون؟! کێشەمان لەگەڵ خودی ئاهەنگی دەرچووندا نییە بەڵکو کێشەمان لەجیاتیدانانی بازاڕکردن و جلوبەرگە لە جێی توێژینەوە و تێکۆشان.

بۆچی ئەم جۆرە کارانە هێندەی خۆپڕکردنەوەیە هێندە خۆخاڵیکردنەوە نییە؟

ڕاستییەکەی ئەم زیادەڕەوییە لە خۆڕازاندنەوە و خۆبەدەرخستن، ڕەگەکانی دەگەڕێنەوە بۆ مێژووی ئەم دەروونانە، چون تا ئەو تەمەنەی وەک کەسێکی گرنگ سەیر نەکراوە و گرنگیی پێنەدراوە، بەڵام دەتوانێت تۆڵە بکاتەوە و نەک گرنگیی پێبدرێ بەڵکو دیاریی بۆ بهێنرێت و وێنەی لەپاڵدا بگیرێت و بەو بەرگەی دەیخوازێت وێنەی لە بەرزایی بیناکانەوە دابنرێت. ئەم خاڵە وا دەکات کە ئەم کەسە چەندێک لەم ڕووەوە کەمی هێنابێ، بەراورد بە کەسێکی ئاسایی هێندە زێدەڕۆیی لە خۆبەدەرخستندا بکات.

لەبەر ئەوە، ئەم جۆرە دەروونانە ئەو بۆشاییە دەروونییە پڕ دەکەنەوە لەبری ئەوەی خۆیان خاڵی بکەنەوە. ئەم کەموکورتییە بەشدارە لە زۆرێک لە هەڵە کۆمەڵایەتییەکانیش، کەسانێک بە نوواندنی لووتبەرزی،  تێکشکاویی دەروونیان دەشارنەوە یان بە پێکەنینی زیادیان خەمی خۆیان دەشارنەوە. ڕەنگە وا بکەن بتوانین بڵێین هەر زێدەڕۆییەک لە ڕووکەشدا هەوڵدانە بۆ شاردنەوەی کەموکورتییەک لە ناخدا.

خاڵێکی تریش بریتییە لە ڕازینەبوون لە خود، ئەم زاتە دەیهەوێت شتانێکی هەبن تاوەکو ڕووی هەڵبێت لە ئاوێنەدا لە خۆی بنواڕێت، د.ئیبراهیمی دینانی دەڵێت «کەسانێک، بە شتێلێک کە هەیانە، بوونی خۆیان لەیاد دەکەن» ڕاستییەکەی کەسانی زێدەڕۆییکار نایانەوێت بۆ تاوێک لە خودی خۆیان بڕوانن و لێیان بڕوانرێت، دەیانەوێت تێکشکاوی و برینی دەروونیان بەم شتە ڕووکەشانە بشارنەوە، ئەوەیشی وای کردووە ئەو بۆنانەی وا دەکەن کەسەکان خۆیان بەدەربخەن جا هەر ناوەڕۆکێکی هەبێت زۆرترین داخوازیی هەبێت، ئەوەیە کە تاکی ئەم سەردەمە زۆرینەی نزیک لە هەموو خاوەنی دەروونێکی شەکەت و زامدارە، ڕۆژانە بریندار دەکرێت و دەیهەوێت بە ڕێگایەکی هەڵە ساڕێژی ئەم برینانەی بکات.

چارە ئەوەیە مرۆڤ پێویستە شادیدەڕبڕین و بۆنەکانی بەشدارییان تێدا دەکات بە ڕێگەیەک و ناوەڕۆکێک ئەنجامیان بدات کە شایەن بە ئاستی پەیامی مرۆڤبوون بێت.

کە هەبوونی دوو جەژنە فەرمییەکەی ئایینی ئیسلام هەوڵن بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەروونییەی مرۆڤ بە ناوەڕۆک و ڕێگەی گونجاو و باڵا، هەوڵدەدەین درێژتر و وردتر لە دەرفەتێکی تردا لەمەڕ ئەم بابەتە بدوێین.


تاگەکان    
فەلەستین فێمینیزم گۆرانی کتێب قودس مانا یاری کۆمەڵکوژیی بۆسنە شیعر نەتەوایەتی ئیسرائیل تەنیایی ئایا سۆفیا سۆفیگەری فەلسەفەی ئەخلاق
فیکر
2019-04-14 کۆمێنت 2097 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی