حه‌ج و ته‌وحید، ئازادی

فیکر 2019-04-08 کۆمێنت 723 جار بینراوە

نووسینی: دڵشاد برایم


   ئایینی ئیسلام دوو پایەی گرنگ و بنچینەیی هەیە(ئیمان و ئیسلام). من بۆ خۆم ناوم لێناون پایەی(تیۆری و کرداری)، لە هەموو ئیشێکدا پایەی کرداری گرنگترینە، بەڵام لە ئیسلامدا پایەی تیۆری گرنگترە کە پایەی بەتاکناسینی خودایە. كه‌سێك سه‌ره‌تا دێته‌ ناو بازنه‌ی ئیسلامه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو باسی پایه‌ی تیۆری بۆ ده‌كرێت، چونکە هه‌موو پایه‌ كردارییه‌كانی پێوه‌ به‌ستراون "أُولٰٓئِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا بِـَٔايٰتِ رَبِّهِمْ وَلِقَآئِهِۦ فَحَبِطَتْ أَعْمٰلُهُمْ فَلَا نُقِيمُ لَهُمْ يَوْمَ الْقِيٰمَةِ وَزْنًا 105 ذٰلِكَ جَزَآؤُهُمْ جَهَنَّمُ بِمَا كَفَرُوا وَاتَّخَذُوٓا ءَايٰتِى وَرُسُلِى هُزُوًا 106"  [الكهف] ((ئه‌وانه که‌سانێکن که باوه‌ڕیان به به‌ڵگه ‌و نیشانه‌کانی په‌روه‌ردگاریان نه‌بووه ‌و، به ‌نیازی ئاماده‌بوونی به‌رده‌م باره‌گای خوایی نه‌بوون، ئیتر هه‌موو کار و کرده‌وه‌کانیان بێنرخ و پووچ بووه‌وه‌، له ڕۆژی قیامه‌تیشدا هیچ جۆره بایه‌خ و نرخێکیان بۆ دانانێین . ئه‌وانه پاداشتیان ئاگری دۆزه‌خه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕیان نه‌بوو و گاڵته‌جاڕییان به ‌به‌ڵگه‌ و نیشانه و پێغه‌مبه‌رانی ئێمه ‌کرد.)) به‌بێ پایه‌ی یه‌كه‌م، هه‌رچی كاری چاكه‌ هه‌یه‌ ئه‌نجامی بده‌ له‌ لای خودا توورێك ناهێنێت(ئیقامه‌ حوججه‌). خودا له‌و دوو ئایه‌ته‌دا هه‌ڕه‌شه‌ له كه‌سانێك ده‌كات كه‌ بڕوایان به‌(خودا و ڕۆژی دوایی و پێغه‌مبه‌ران) نییه. مرۆ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ڵیی كرد له‌ پایه‌ كردارییه‌كاندا، له‌ قیامه‌تدا ئومێدی هه‌یه‌ خودا لێی خۆش بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پایه‌ی تیۆریی  کەموکورتی و ھەڵەی تێدا بوو، ئومێدی لێخۆشبوونی دوورە. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بچووكترین كرداری ڕۆژانه‌تدا هاوه‌ڵت بۆ خودا بڕیار دا و لێی ژیوان نه‌بیته‌وه‌، خودا هیچ كردارێكتی ناوێت "إِنَّ اللَّهَ لَا يَغْفِرُ أَن يُشْرَكَ بِهِۦ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذٰلِكَ لِمَن يَشَآءُ ۚ وَمَن يُشْرِكْ بِاللَّهِ فَقَدِ افْتَرٰىٓ إِثْمًا عَظِيمًا 48"  [النساء]. ((به‌ڕاستی خوا خۆش نابێت ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵی بۆ بڕیار بدرێت، بێجگه له‌وه له هه‌ر گوناهێکی تر بیه‌وێت خۆش ده‌بێت، بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌یه‌وێت، جا ئه‌وه‌ی هاوه‌ڵ و ھاوبەش بۆ خوا بڕیار بدات، ئه‌وه ئیتر به‌ڕاستی تاوانێکی گه‌وره‌ی هه‌ڵبه‌ستووه‌.)) مرۆ ئه‌گه‌ر بیەوێت ببێته‌ یه‌كێك له‌ نزیكانی خودا له‌دوای ته‌واوكردنی پایه‌ی تیۆری ده‌بێت پایه‌ی كردارییش پته‌و و كامڵ بكات.  ئەگەر مرۆڤ ئەم دوو پایەی پاراست و لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگی دایەوە، دەبێتە تاقانەپەرستی تەواو و ئەمجۆرە لە دینداری پوختەترین و گوشراوترین جۆری دیندارییە، پێغەمبەر ئیبراھیم سەرمەشق و سەرکردەی ئەم ڕێگایەیە .

  بەتاکزانینی خودا،  کاری ڕاستەقینەی مرۆڤە لە هەموو سەردەمێکدا، هەر سەردەمێکی لێ خاڵی بوو، ئەو سەردەمە کۆتوبەندی ئازادیی تێدا زیاتر ده‌بێت. تەوحید مرۆڤ لە ناخەوە ڕزگار دەکات، مرۆڤ خاوەنی هەموو دنیا بێت، ئەگەر ناخی ئازاد نەبوو، خاوەنی هیچ نییە، یەکەمین ئەو هەنگاوانەی مرۆڤ تێیدا هەست بە ئازادی دەکات، تەوحیدە. چون تەوحید ئازادبوونە لە هەموو ئەو کۆت و بەندانەی مرۆڤ دایڕشتووە (یاسا، فەلسەفە، فکر...)، دەبێت مرۆڤ لە دەستی مرۆڤ ڕزگار بکرێت. ئەم هەستی ڕزگارییە لە مرۆڤدا وا لە ئەبوبەکر دەکات سەد درهەمی ئاڵتون بۆ ئازادکردنی مرۆڤێکی ڕەشی کۆیلە ببەخشێت، لە بەرانبەریشدا ئەو هەستکردن بە ئازادییەیه لە ناخی ئەو کۆیلەدا، کە وا دەکات هەموو ئەشرافزادەکانی قوڕەیشی لێ کۆببنەوە و هەموو شتێکی پێببەخشن تەنها لە بەرانبەردا واز لە تەوحید بهێنێت. مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌دوای ئازادییه‌وه‌یه‌ با سه‌یری شوێنی پێكانی پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم u بكات، بڕوانێت ئه‌م كه‌ڵه‌ مرۆڤه‌ چۆن هه‌نگاو ده‌نێت و خودا ده‌یكاته‌ سه‌رمه‌شقی مرۆڤایه‌تی، سێ گه‌وره‌ دینی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆمان(یه‌هودی، مه‌سیحی، ئیسلام) له‌ كێبڕکێدان تا بیسه‌لمێنن شوێنپێھەڵگر و ئاڵابه‌ده‌ستی دینی ئیبراهیمن.

حەج کەی دەستی پێ کرد؟ حەج ئەو ڕۆژە دەستی پێکرد کە گەنجێکی 16ساڵان هەرچی بت هەبوو لەتوپەتی کرد و تەورەکەی ده‌ستی  خستە گەردنی بتە گەورەکەیان و بە شێوازێکی لۆژیکی بە قەومەکەی گوت ئەگەر ئێوە ئەمانە بە خودا دەزانن لێیان بپرسن بۆ ناتوانن بەرگری لە خۆتان بکەن! خوداگه‌لێكتان له‌ دار و به‌رد چێ كردووه‌ و خۆتانی به‌ قوربان ده‌كه‌ن، ئه‌وا من له‌نێوم بردن، ئێوه‌ نه‌ك خوداكه‌م به‌ڵكو وه‌رن من له‌به‌ین به‌رن، بزان تواناتان هه‌یه‌؟ ئەم تازەلاوە دەخرێتە نێو ئاگرێکی بڵێسەدارەوە، هێندە بڕوای بە خودایە، خودا ئاگری لەسەر سارد كرده‌وه‌ ، بڕوای پتەو بە تاقەنەیی خودا ئاگر سارد دەکاتەوە و ئاو لە بیاباندا هەڵدەقوڵێنێت و منداڵ دەبەخشێت بە ژنێکی نەزۆک، بڕوابوون به‌ تاكانه‌یی خودا، واته‌ بێنیازی له‌ هه‌موو شت، ئاتاجداری ته‌نها به‌ خودا، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بڕوای پته‌وی به‌ خودا هه‌بوو باش تێده‌گات كه‌ هه‌موو شت فه‌رمانبه‌رداری ئه‌ون، به‌ بێ ئه‌و ئاگر ناتوانێت بسووتێنێت و ئاویش توانای شكاندنی تینوێتیی نییه‌.

ئەم باوڕە بەهێزە گڕێک بەردەداتە گیانی ئەو تازەلاوە، وڵات بە وڵات دەردەکرێت و هێشتایش ماندوو نابێت و هەر لە گەشتکردن بەردەوام دەبێت، پاشان ئەم باوەڕبوونە بە خودا، لەنێو ئەم خێزانەدا بە شێوازێک بڵاوە دەکات، خودا ده‌یانكات به‌ دایك و باوكی هه‌موو یەکتاپەرستانی جیهانی پاشتر، هاجرە خاتوونێک کە تازە منداڵی بووە، لە بیابانێکی کاکی بەکاکیی حیجازدا لە لایەن پیاوە یەکتاپەرستەکەیەوە بەجێ دەهێڵرێت، هاجرە دەپرسێت(فەرمانی خۆتە یان خودا؟) پیاوەکەیشی دەڵێت فەرمانی خودایە، ژنە دەڵێت بڕۆ خودام بەسە، بیر بکەرەوە کێ لە ئێمە لە شارێکی ئاوەدانیشدا هێندە باوەڕمان بە خودایە؟ ! له ‌پاش ئه‌م باوه‌ڕه‌ به‌هێزه‌ پایه‌ی كرداری له‌ ڕووحی ئه‌م ژنه‌دا بڵێسه‌ ده‌سێنێت و كێو به‌ كێو ده‌كات تا بتوانێت چۆڕێك ئاو بۆ منداڵه‌ تاقانه‌كه‌ی په‌یدا بكات، خوداش نائومێدی ناكات و له‌ژێر پێی منداڵه‌كه‌ی ئاوێكی زوڵاڵی بۆ هه‌ڵده‌قوڵێنێت و ئه‌م ئاوه‌ ده‌بێته‌ درووشمی تاقانه‌په‌رستانی دونیا، ئه‌م ئاوه‌ بۆیە تا ئێسته‌ش وشكی نه‌كردووه‌ چون چاوگه‌ی هه‌ڵقوڵینی خودا به‌تاكزانینه‌.

خودا بەسەر ئەم هەموو قوربانییەوە هێشتا بەڵای لەسەر ئەم خێزانە هەڵنەگرتووە، تاقییان دەکاتەوە و پوختەتریان دەکات و پیشانی مرۆڤەکانی دواتری دەدات و پێمان دەڵێت دەتانەوێت مرۆڤ بن، شوێنپێی ئیبراهیم u هەڵبگرن .

پێغەمبەرێک پشتی کۆم بووە و پێویستیی به‌ نه‌وه‌یه‌كه‌ تا باری گرانی سه‌رشانی سووك بكات، داوا لە خودا تاقانەکەی دەکات منداڵێکی پێبدات، خودا دڵی بەندە پاکەکەی ناشکێنێت منداڵێكی پێدەبەخشێت و زنجیرەیەکی تری تاقیکردنەوەکانی خودا دەست پێدەکاتەوە، ئەم پێغەمبەرە پوختەکراوە چەند جارێک خەو دەبینێت بۆ سه‌لماندنی  تاقانەپەرستیت کوڕە تاقانەکەت بکە بە قوربانیی خودای تاقانە. چه‌ند كارێكی ترسناكه‌ خودایه‌!

خودا هەر جارێک بە تاقیکردنەوەیەکی قورستر لەوەی پێشووتر، بەندە گوشراوەکەی تاقی دەکاتەوە و بەندەکەشی ئازایانە سەر دەکەوێت، منداڵەکەی ئامادە دەکات بۆ سەربڕین بەڵام خودا دیسان وەک ئاگرەکەی نه‌مروود تاقیکردنەوەکە و کوڕەکەشی سارد دەکاتەوە لە بەردەستیدا، لە جیاتی کوڕەکەی بەرانێکی بۆ دەنێرێت، خودا فه‌رمان به‌م كوڕ و باوكه‌ تاقانه‌په‌رسته ده‌كات ماڵێكم له‌سه‌ر زه‌ویدا بۆ دروست بكه‌ن به‌ ده‌ستی خۆتان. هه‌ركه‌س ویستی من لێی خۆش بم با بێت بۆ ئه‌و شوێنه‌ی به‌ ده‌ستی ئێوه‌ چێ کراوە و خه‌بات و به‌رخوودانی ئێوه‌ دژ به‌ شه‌یتان و نه‌فسی مرۆڤه‌كان ببینێت و له‌ ئێوه‌وه‌ په‌ند وه‌ربگرێت، جگه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌ی ئێوه‌ پێیدا ڕۆیشتوون له‌ هیچ ڕێگه‌یه‌كی تره‌وه‌ كه‌سم پێناگات‌. ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ ده‌بێت به‌ باوكی هه‌موو نزیكانی خودا و باسی ئه‌م به‌نده‌یه‌ به‌ گوێی هه‌موو مرۆڤایه‌تیدا ده‌دات.

حەج هیچ نییە جگە لە هەڵگرتنی شوێنپێی پیاوێکی پوختەکراوی تاقانەپەرست.

——————————

بۆ ته‌فسیری ئایه‌ته‌كان سوودم له‌ ته‌فسیری ئاسان وه‌رگرتووه‌.


تاگەکان    
کوردستان سایکس-بیکۆ عەبدولکەریم سرووش ژیانی پێغەمبەر یادەوەری قودس شیعر کۆیلایەتی لۆجیک فیکر شەڕ وەلی ئەمر چیرۆک قوتابخانەکانی نوور ڕۆژاوا
فیکر
2019-04-08 کۆمێنت 723 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی