سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا

ئەدەب 2019-04-02 کۆمێنت 2312 جار بینراوە

نووسینی: هێمن عه‌لی


 "سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا" یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی فەرهاد پیرباڵ، کە بە زمانێکی کوردیی شیرین نووسراوە، ڕۆمانەکە ڕەنگدانەوەی ژیانی هەر تاکێکی دوای ساڵەکانی ۱۹٨٨ و دواترە، کە چەند گەنجێکی خێرلەخۆنەدیوی داماو و بێزار لە ڕژێمی بەعس، ھاوکات لە داخی بێکاری و پشێویی وڵاتدا، ڕوو لە تاراوگە دەکەن و ھەوڵی چێکردنی ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان دەدەن. ئیتر ڕۆمانەکە بە نێو ناخ و فکر و ھەستی ئەو کەسانەدا شۆڕ دەبێتەوە و وێنایەکی وردی تاکێکی تاراوگەنشینت دەخاتە پێش چاو. جەنابی دکتۆر فەرهاد چونکە چەند ساڵێک لە تاراوگەدا ژیاوە، بۆیە لە ڕۆمانەکەدا بەجوانی باسی ئاریشەکانی کەسانی تاراوگەنشین دەکات و، بە ناو ناخیاندا ڕۆدەچێت و دەست بۆ ئازارەکانی ڕۆحیان دەبات.

پیرباڵ لە زمانی ئەو گەنجانەی لەنێو ڕۆمانەکەدا ھەن، باسی ئەو ژیانە قورسە دەکات، بەڵام چۆن ژیانێک! تژی لە نشێو و ھەڵدێر. کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە گەنجێکی هەڵەبجەیی نیگارکێشە بە ناوی دارا، لە سەروبەندی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا، ئەم ئامادە نییە بچێتە شەڕ و سەربازی بێتاوانی ئێرانی بکوژێت، بۆیە  بڕیاری کۆچکردن دەدات بۆ هەندەران، بەڵام هەندەران بۆی دەبێت بە مشتێک ئاور و گڕ بەردەداتە هەموو جەستەی. لەوێیش ڤینی کیژێکی گاوری ئیسپانی، خەڵکی سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا، ئەوەندەی تر ئاگر بەر دەداتە دڵی و توشی وەهمێکی بێئەندازە گەورەی دەکات.

پیرباڵ بەشێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش باس لە غەریبی و ئازاری دووریی لە نیشتیمان دەکات. ئەم ڕۆمانە چێژێکی تایبەت بە خوێنەر دەدات. خوێنەر دوای تەواوبوونی هەر دێڕێک بە تاسەوە سەیری دێڕی دواتر دەکات. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە بە تەکنیکێکی جوان پێکەوە گرێ دراون، کە خوێنەر یەک لەدوای یەک بە دوویاندا دەڕوات. هاوکات هێندە خەیاڵت وەگه‌ڕ دەخات لە کاتی خوێندنەوەیدا، دیمەنی یەک بە یەکی کەسایەتی و ڕووداوەکانت دێنێتە پێش چاو.

پیرباڵ لە پەراوێزی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەدا، زۆرێک لە بیر و بۆچوونەکانی خۆی ھەڵدەڕێژێتە نێو ھزری خوێنەر، خاڵ لەسەر ھێندێ باسی ھونەری و فەلسەفی و دەروونی دادەنێت و بە زمانێکی ئەدەبی تاووتوێیان دەکات.

سەبارەت بە چۆنێتیی ژیانکردن و ھەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لە تاراوگەدا، دەڵێت ئێمەی ڕۆژھەڵاتی خاوەن کەلتوور و ژیانی تایبەت بە خۆمانین و ناتوانین لەوێ هەڵبکەین، ئەگەریش پێستی وانمان دڕیبێ و چووبینە پێستیانەوە، ئەنجاش هەر نائارامین و لە ناوەوە بێزارین لەو ژیانەمان، گەرچی بەڕووکەش زۆر کەیفخۆش دیار بین.

لە ڕۆمانەکەیشدا باسی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، کە چ کارەساتێکی تۆقێنەر بووە، چ سەرگەردانی و ماڵوێرانییەکی بۆ کورد ھێناوە، دواتریش گرێی دەداتە ژیانی دارای کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە و، وێنای ئەوە دەکات کە چ ژانێک دەخاتە دڵی داراوە، هێندەی تر برینەکانی قوووڵ دەکات، پەیتا پەیتا خوێ دەکاتە برینەکانیەوە.

ژیانی هەر تاکێکی کورد چەشنی سەرکەوتنە لە ناو چەرخ و فەلەکدا، کە دوای وەستانێکی زۆر و کێشمەکێشمێک نۆبەتی دێت و، لەوانەیشە دوای ماوەیەکی کەم چەتیوه‌ ناشرینێکی پیسی توند ئاژۆ لە نۆبەتەکە دەریکات و فڕێی داتە دەرەوە، دوای چوونەسەرەوەی چەرخەکە تاوێ هەست بە خۆشی و شادی دەکاتن، لێ هەرزوو بیری خراپبوون و کەوتنەخوارەوەی وەک تارماییەک دێت بە هزریدا، وەک بڵێی شادی و خۆشی بۆ کوردزمانان نەکراوە.

هێندەی هەر بارانێکی بەهار، سەربازی ون و هۆزانڤانی هۆزانمردوو و نووسەری بێناونیشان و زانای زانستمردوو هەن.

فەرهاد پیرباڵ یەکێکی ترە لە سەربازە ونبووەکان، کە سوپاس بۆ خوا هێشتا خۆی و بەرهەمەکانی ماون، وەلێ سەد مەخابن وەکو پێویست قەدری نووسین و خزمەتەکانی ناگیرێت و بگرە کۆمەڵێ هەرزەفکر هەستاون بە قسه‌پێوتن و جوێنپێدانی. ئەوانەیشی خۆیان بە ڕۆشنفکر لە قەڵەم دەدەن، لە ئاست ئەم پەلاماردانەی پیرباڵدا هیچ ناڵێن و ئەوپەڕی لە پای ئەو هەموو سوکایەتییەدا سەیرێکی ڤیدیۆکەی دەکەن و قاقایەک لێ دەدەن وەک فاتیحەی دوای مردوو. نوسەرێکی بیرتیژ و زمانپاراوی وەک پیرباڵ، لە هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی ئەم دنیایەدا بێت، ڕێزێکی تایبەت و شوێنی جوان و کاریگەری دەبێت لە کۆمەڵگەدا، بەڵام لێرە نووسەر بە چاوێکی ترەوە سەیر دەکرێت و گرنگیی پێ نادرێت، بە تایبەت ئەگەر نووسەرێ خودان هزر و ئەندێشەیێکی جوان و نوێخواز بێت.



تاگەکان    
زانکۆ کۆرۆنا خێوەتگە یاری حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی خاڵبەندی لۆجیک فەلەستین کونە ڕەشەکان پۆرن گۆرانی زانست بوووژانەوە گفتوگۆ سەرفیترە
ئەدەب
2019-04-02 کۆمێنت 2312 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی