ژیان

ئەدەب 2019-03-21 کۆمێنت 1283 جار بینراوە

نووسینی: فەهمی عەلی عەزیز

   ئیتر بتەوێت یان نا، ئەمە ژیانە و وا خولقاوە، دەبێ لە پاڵ شیرینیدا؛ تاڵییش هەبێت، لەپاڵ سوێریدا؛ تفتی، خۆشی و ناخۆشی، ویساڵ و فیراق، ئازار و پێکەنین ... هتد
ئەگەر وا نەبێت، تەرازووەکەی ڕۆژگار لاسەنگ دەبێت. ئاخر بە بێ خەم و ئەندێشە مرۆییەکان، مەحاڵە ئەدەب لە ژیان بەردەوام بێت، بە بێ نەخۆشیی تازە و تەحەداکانی، کارێکی نەکردەیە زانستی پزیشکی گەشە بکات، بە بێ ترسی مرۆڤ لە سەرما و گەرما، زەحمەتە زانستی ئەندازیاریی فێنککەرەوە و ساردکەرەوە پێشکەون.
یەکڕەنگکردنی ژیان مانای وردەوردە کوژاندنەوەی چرای ژیانە. مانای لاسەنگکردنی هاوکێشەی تەرازووی ژیانە. نەهێشتنی چێژی حەقیقیی ئەو ناسۆرییەیە (بە زمانی ڕەشبینەکان) کە پێی دەڵێن ژیان. دەبێ ئەوەی لەسەر ئەم هەسارەیە دەژی، ڕێزی لێ بگیرێت و بواری مانەوەی پێ بدرێت، تا بە هەموویانەوە، وێنە ڕەنگینەکەی ژیان بنەخشێنن. جا با ئیتر ئەو شتەیش بە پێوەرە جیاجیاکان لە ئێستادا گرنگییەکی ئەوتۆیان نەبێت.

مێژوو دەیگێڕێتەوە، لە کاتی دۆزینەوەی کیشوەری ئوسترالیادا، کەروێشک؛ سەراپای زەمینی ئەو وڵاتەی تەنیبوو، شیناییان نەهێشتبوو، زیانێکی زۆریان لە کشتوکاڵ دابوو، بە جۆرێک کە بەرهەمی کشتوکاڵی تەواو کەمی کردبوویەوە و بەشی پێداویستیی ڕۆژانەی نەدەکرد. بۆیە هاتن و بۆ چارەی ئەمە، پشیلەیان هێنا. پشیلەکان ئەوەندە کەروێشکیان خوارد؛ هار بوون و کۆنترۆڵ نەدەکران. بۆ چارەسەری گوربە هارەکانیش بیریان لە سەگ کردەوە، لەمەیشیاندا سەرکەتوو بوون، بەڵام دیسانەوە سەگەکان ئەوەندە پشیلەیان کوشت بووبوونە گورگێکی دڕندەی ڕامنەکراو. دواجار ڕاستە توانییان لە کێشەی کەروێشک ڕزگاریان ببێت، بەڵام چەند کێشەی تریان بۆ درووست بوو، دواهەمینیشیان زۆربوونی ڕێژەی مشک بوو. چونکە ئەو سەگانەیان لەناو برد کە بۆ کە بۆ ئەو پشیلانەیان هێنابوو کە کەروێشکەکانیان دەخوارد.
ڕەنگە ئەم نموونەیە لە سەداسەد بۆ هەموو کێشە مرۆییەکانی تر ڕاست نەبێت، بەڵام مێژووی ژیانی مرۆڤ سەلماندوویەتی؛ زۆرجار بەم شێوەیە بووە.
وا زانستی جێنەتیکیش سەرقاڵی دۆزینەوەی هەندێ جینە، کە دەڵێن بەخت و ناوچاوانی مرۆڤ دیاری دەکەن، پێیان دەوترێت: جینەکانی بەخت.
مرۆڤ و ژیان و ئەوەی تێیدایەتی و دەگوزەرێت، هەموویان لە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدان بەیەکەوە، ئیتر مەرج نییە ئێمە ئەو پەیوەندییە بە چاوی پەتی و هزری موجەڕەدە ببینین و هەستی پێ بکەین.


تاگەکان    
زمان نامە مۆدێرنە ئیلحاد #پیری وەرزش کتێبی هاوسانی عەبدولکەریم سرووش گێڕانەوە پارەی ئیلیکترۆنی حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی کتێب کۆمەڵکوژیی بۆسنە خاڵبەندی پۆرن
ئەدەب
2019-03-21 کۆمێنت 1283 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی