کتێبخانەی ئەسکەندەرییە چۆن له‌ناو چوو؟

فیکر 2019-03-11 کۆمێنت 2016 جار بینراوە

نووسینی: ئاڤار قەرەداخی 


چارەنووسی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە گفتوگۆی زۆری لەسەرە، بە تایبەت لەم سەدانەی کۆتاییدا. هەوڵ دەدەین لەم بابەتەدا ئەو گریمانانەی لە ئارادان دەربارەی لەناوچوونی کتێبخانەکە تاوتوێ بکەین و، لە کۆتاییدا بگەینە ئەنجامێک  لە دوای شیکردنەوەی گریمانەکان.

لە بابەتەکەماندا  سێ گریمانە تاوتوێ دەکەین:
یەکەم: کتێبخانەی ئەسکەندەرییە پێش فەتحی ئیسلامی لەناو چووە.
دووەم: کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە فەتحی میسردا لە لایەن موسوڵمانانەوە لەناو براوە.
سێیەم: کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لەناو نەچووە و هەتا دوای فەتحی ئیسلامیش ماوەتەوە.

 گریمانەی یەکەم: بەشێک لە مێژوونووسان لە ئەنجامی تاوتوێکردنی دەق و ڕووداوەکانی میسر، گەیشتوون بەوەی کتێبخانەکە پێش فەتحی ئیسلامی لەناو چووە، لە مێژووی میسردا، چەند ڕووداوێکی گرنگ پێش فەتحی ئیسلامی هەن، کە هەندێ لە توێژەران دەیکەنە هۆکار بۆ لەناوچوونی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە.
  شەڕی ئەسکەندەرییە  لە ساڵی ٤٨ پ.ز، ڕوویداوە، جەنگێکی خوێناوی بووە، قەیسەر هەستاوە بە سووتاندنی هەموو کەشتییەکانی دوژمن، قەیسەر تەنها باسی سووتاندنی کەشتییەکانی کردووە و باسی سووتاندنی شاری ئەسکەندەرییەی نەکردووە، نزیکترین کەس "لوکانوس" خاوەنی هۆنراوەی مەلحەمیی جەنگی ناوخۆ، کە لە ساڵی ٦٥ نیرۆن کوشتوویەتی، لە وەسفی جەنگی ئەسکەندەرییەدا دەڵێت: ئاگر بەربووبووە کەشتییەکان و گواسترایەوە بۆ بەشەکانی تری شار.  هەر لەبارەی جەنگی ئەسکەندەرییەوە "سینیكا"  کە لە ساڵی ٦٥ نیرۆن کوشتوویەتی،  دەڵێت: لە جەنگی قەیسەردا چل هەزار کتێب سووتاوە، لە کۆتایی سەدەی یەکەمی میلادی "بلوترخاس" دەڵێت: کتێبخانەی گەورە لە جەنگی ئەسکەندەرییەدا تیا چوو. ئوولووس جلیوس لە سەدەی دوودا دەڵێت: لە یەکەمین جەنگی ئەسکەندەرییەدا و لە کاتی وێرانکردنیدا، حەوتسەد هەزار کتێب سووتان.

 "ئیسترابون" کە ڕۆشنبیرییەکی زۆری سەبارەت بە ئەسکەندەرییە هەبووە، وە دوای مردنی قەیسەر سەردانی ئەسکەندەرییەی کردووە، لە ساڵی ۲٤ ــ ۲۰ پ.ز، ئیسترابون بە وردی باسی ئەسکەندەرییە دەکات، هەر لە پەرستگا و شانۆ و ڕووکارەکانی ئەسکەندەرییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە بارەی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەوە نادوێت و هیچ باس ناکات و لێی بێدەنگە، ئەمەش توێژەرانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، کە ئایە بێدەنگبوون لە باسکردنی چارەنووسی کتێبخانەکە موئامەرە بووە؟ یان بە هۆی چاودێریی وردی بنەماڵەی یوولووس ‌‌‌/کلوودیوسەوو بووە لە ڕۆما؟ ئەگەری دووەمیان زیاتر ڕێی تێدەچێت. جیاوازییەکانی نێوان هیبارخیس و ئاراتوسنیس، لە ڕووی جوگرافی و  دووریی نێوان چەند ناوچەیەک لە یەکتر، ئیسترابون لە دژی ڕەخنەکانی هیبارخیس دژی ئاراتوسنیس پشتی ئاراتوسنیس دەگرێت و دەڵێت: ئاراتوسنیس پشتبەستوو بووە بە زانیاریی دڵنیاکەر لە لایەن ئەو پیاوانەی سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، لە بەر ئەوەی کتێبخانەیەکی زەخمی گەورە لە ژێر دەستەکانیدا بووە. هیبارخیس خۆشی دانی بە گەورەیی ئەو کتبخانەیەدا ناوە کە لە ژێر دەستی ئاراتوسنیسدا بووە ، گومانی تێدا نییە ئیسترابون باسی کتێبخانەی گەورەی ئەسکەندەرییە دەکات، ئاراتوسنیس لە سەدەی سێی پێش زاین ژیاوە، هیبارخیس سەدەی دوو ژیاوە، ئیسترابون لە سەدەی یەک ژیاوە، لە سەردەمی ئیسترابوندا کتێبخانەی مەلەکی بوونی نەبووە، بۆیە زۆرینەی دەستنووسەکانی نەدیوە.
 بە پێی ئەو دەقانەی لە بەردەستدان کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە کەنار بەحردابووە و ئاگری گرتووە و سووتاوە، لەساڵی ٤٨ پ.ز .
 لە دوای سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە ــ کتێبخانەی مەلەکی ــ کتێبخانەی کوڕ کتێبخانەی سەرەکی بووە لە ئەسکەندەرییەدا. پەرستگای هاوبەش پەرستان پارێزراو بوون و پیرۆزییان لە دەست نەدا، بەڵام کاتێک مەسیحییەت بووە ئاینی ڕەسمیی دەوڵەت، پیرۆزیی پەرستگاکان کەوتنە بەر هەڕەشە، بە تایبەت لە سەردەمی سیۆدیسوس ۳۷۹ ــ ۳۹٥، حەملەیەکیان دژی هاوبەشدانەران و پەرستگاکان ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتدا، لە قۆناغێک لە قۆاغەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەدا، ئەسکەندەرییە خاوەنی ئەسقەفێکی توندوتیژ و دەمارگیر بوو بەناوی سیوفیلوس، سیوفیلوس داوای گۆڕینی پەرستگای دیونیسوسی دەکرد بۆ کەنیسە، ئەم پەرستگایە پەرستگایەکی زەخم و گەورە و بەرز بووە، هەر بۆیە زۆربەی مێژوونووسەکان بە قەڵای ئەسکەندەرییە ناویان بردووە.
 سیوفیلوس داوای لە والییەکانی میصر و سەرکردەی سەربازیی ئیمپراتۆریەت کرد، تاکو یارمەتیی سەربازی پێشکەش بکەن بۆلێدان لە سرابیۆن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون یارمەتیی بدەن، بەبێ پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئیمپراتۆر.
 ئیمپراتۆر سیودیسیوس پشتیوانیی سوفیلوسی کرد لەساڵی ۳۹۱ ز، وە بڕیاری وێرانکردنی پەرستگای دیونیسوسی دەرکرد، لە بەردەم خەڵکدا بڕیارەکەی ئیمپراتۆر خوێنرایەوە، سوفیلوس سەرکەوتە سەر بۆ نێو پەرستگاکە و، بۆ خۆی یەکەم لێدانی لە پەیکەری خودای سرابیس دا، لایەنگران و شوێنکەوتوانی دەستیانکرد بە وێرانکردنی پەرستگاکە و تێک و پێکیان دا، لە کۆتاییدا سوفیلوس داوای کرد لە جێگاکەیدا کەنیسەیەک دووست بکرێت، کتێبخانەی سرابیۆنیش لەگەڵ وێرانبوونی پەرستگاکەدا تیاچووە، بەڵام هەندێک لە توێژەران پێیان وانییە، کتێبخانەکە لەگەڵ پەرستگاکەدا تیاچووبێت، بەڵام بۆ خۆشبەختی دەربارەی ئەو ڕووداوە دانپیانانی چەند نووسەرمان لە بەردەستە کە ڕووداوەکەیان دیوە، یاخود هاوسەردەمی ئەو ڕووداوە ژیاون، یاخود ژیانیان نزیک بووە لە ڕووداوەکەوە، کە دەڵێن پەرستگاکە بە تەواوی وێران کراوە. بۆ نموونە سیودوریت دەڵێت: پەرستگاکە وێران کراوە لە بناغەوە، یەکێکی تریان دەڵێت بە ناوی یونابیوس، سوفیلوس و شوێنکەوتووانی هەستان بەوێرانکردنی پەرستگاکە، چوارچێوە بەردینەکانی بە هۆی گەورەییانەوە نە توانرا بجووڵێنرێن، بەڵام بە گشتی هەموو بەشەکانی وێران کرا و لە ناو بران. 
 بەڵام هێشتا لایەنگرانی ئەو بۆچوونەی پێیان وایە  لە هەڵمەتی وێرانکردنی پەرستگای دیونیسوس، کتێبخانەی سرابیون تیانەچووە، پێیان وانییە ئەم دەقانە گوزارشت بێت لە لە ناوچوونی کتێبخانەکەش، ئافسونیوس سەردانی ئەوسکەندەرییە کردووە و کتێبێکی بە ناوی وێنای قەڵای ئەسکەندەرییەوە داناوە، کە مەبەستی پەرستگای سرابیونە،  لە نێو  وێناکانیدا دەربارەی پەرستگاکە دەڵێت: چەند بەشێکی هەبوو، هەندێکیان کتێبیان تێدابوو، ئەو کەسانەی خۆیان یەکلا کردبووەوە بۆ زانست بە کاریان دەهێنا، ئەوەش وایکردبوو شارەکە لە پێشەوەی ئەهلی فەلسەفەدا بێت، وە بەشێکیشی بۆ پەرستنی خودای دێرین بوو.
 ئەم وێناکردنەی ئافسونیوس جەدەلێکی توندی دروستکردووە، ئەوانەی پێیان وایە کە کتێبخانەکە تێداچووە لە ڕووداوەکانی ساڵی ۳۹۱، پێیان وایە سەردانەکە پێش ئەوساڵە بووە، لایەنی بەرامبەر کەپێیان وایە کتێبخانەکە بەردەوامی هەبووە پێیان وایە سەردانەکە لە دوای ڕوداوەکەی ساڵی ۳۹۱ بووە، بە داخەوە زانیارییەکی وا لە بەردەستا نییە دەربارەی ژیانی ئافسونیوس، هەندێک لە توێژەران تێبینیی ئەوەیان کردووە، ئافسونیوس لە وێناکردنەکانیدا کرداری ڕابردووی بەکارهێناوە، کاتێک دەڵێت جێگا هەبوون بۆهەڵگرتنی کتێب ، جێگا هەبوو بۆ پەرستنی خودای دێرین، ئەم وێناکردنە ناگونجێت وێنای پەرستگاکە بێت لە دوای وێرانکردنەکەی سوفیلیس لە ساڵی ۳۹۱، لە لایەکی تریشەوە پەرستنی خودای دێرین لە دوای ئەو ڕووداوەوە کارێکە لەگەڵ عەقڵدا ناگونجێت، بە پێی ئەم لێهەڵێنجانانە بێت، ئافسونیوس سەردانی ئەسکەندەرییەی کردووە و کتێبخانەکەی دیوە لەگەڵ جێگای تایبەت بۆ پەرستنی خودایانی دێرین لە پەرستگاکەدا پێش ڕووداوی ۳۹۱.
 بۆ پاڵپشتی ئەم خوێندنەوەیە ئەتوانین بگەڕێینەوە بۆ وێناکردنێکی ڕوفینوس کە خۆی ڕووداوەکانی ۳۹۱ دیوە، لە بارەیەوە نووسیویەتی لە ساڵی ۳۹۹، بە هەمان شێوەی ئافسونیوس کرداری ڕابردوو بەکار دێنێت، کاتێک باس لە پەرستگاکە دەکات پێش وێرانکردن، دەڵێت: تێیدا بوو پەیکەری گەورەی خواوەند سیرابیس. 
 وە جەنگ دژی کتێبە کۆنەکان و کتێبخانەکان تەنها لە ئەسکەندەرییەدا نەبووە بەڵکو لە ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆردا بوونی هەبووە، لە ساڵی ۳٦٤ ئیمپراتۆر جوفیان هەستا بەسووتاندنی کتێبخانەی پەرستگای تراجانوم لە ئەنتاکیە، وە سەیر نییە مێژوونووسی وەسەنی مارقلینوس دەڵێت: کەسانێک هەبوون لە ڕۆما ڕقیان لە زانست بوو وەک ڕقبون لە ژەهر. هەروەها دەڵێت: دەرگای کتێبخانەکانیان داخست بۆهەمیشە وەک سەرقەبرانەکان.
 لەم شیکردنانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کتێبخانەی کوڕیش لە ڕووداوی وێرانکردنی پەرستگای دیونیسوسدا لەناو چووە لە ساڵی ۳۹۱ ز. (المكتبة الاسكندرية، ص ۱۳٥ ـ ۱٥٥، بە پوختکردنەوەوە)
 
 گریمانەی دووهەم: کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە فەتحی میصردا سووتێنراوە.
 
 لە ساڵی ٦٤۲ ز ــ ۲۱ هـ ،  لە سەردەمی خەلیفە عمری کوڕی خەتتاب، بە سەرکردایەتیی عەمرو بن عاص میصر فەتح کرا، عەمری کوڕی عاس نامەیەک دەنێرێت بۆ عومەری کوڕی خەتاب، دەربارەی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە، عومەری کوڕی خەتتاب لە وەڵامدا بۆی دەنووسێت: ئەو کتێبانەی باست کردوون، ئەگەر لەگەڵ کتێبی خودادا ــ قورئان ــ دەگونجێن و ڕێکە لەگەڵی ئەوا کتێبی خودا دەوڵەمەندە وئەوانە پێویست نین، ئەگەریش ناڕێک و پێچەوانەیە بە کتێبی خودا، ئەوا پێویستمان پێیان نییە، پێشنیاری لە ناوبردنی بۆ کرد.
 عەمری کوڕی عاص هەستا بەدابەشکردنی کتێبەکان بەسەر حەمامەکاندا هەتا بییان سووتێنن ، دەسنووسەکان ۷۰۰ هەزار دەسنووس بوون دابەشکران بەسەر ٤ هەزار حەمامدا بەپێی گێڕانەوەی ابن العبری ، بۆماوەی شەش مانگ بەردەوام بوون لەسووتاندنی کتێبەکان .(الموسوعة البيان،قسم القران، ج۳، جزء ٥، ص ۹۲ـ۹۳)
 چیرۆکی سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە هەریەکە لە "عبداللطيف البغدادي ، ٦٤۹ هـ ، ۱۲۳۱ ز ، مردووە" هەروەها "ئیبن القفطي ، ٦٤٦ هــ ، ۱۲۲۷ ز ، مردووه " هەروەها "ئیبن العبری، ٦٨٥ هــ ، ۱۲٨٦ ز، مردووە "ئەو نووسەرانەی کە ناومان بردن،  باسیان کردووە، هەرچی لە دوای ئەوان باسیان کردبێت لەوانیان وەرگرتووە، ئەوەی لە لای مێژوونووسان و موحەقیقەکان جێگای سەر سوڕمانە باسکردنی ڕووداوەکەیە لە دوای شەش سەدە لە ڕوودانی، بە بێ ئەوەی پێشتر باسكرابێت و بەشێوەیەکی کتوپڕ سێ کەس نزیک لە یەک لە ڕووی ژیان و سەردەمیانەوە باسی دەکەن.
 دەتوانین بە چەند خاڵێک هەڵسەنگاندی موحەقیقەکان بخەینە ڕوو .
 * ڕەخنەکانی ئەلفرێد بوتلەر:
ٲ ــ حەنا فلبیوتس کە گڤتوگۆکەرە لە فەتحی ئەسکەندەرییە لەگەڵ عومەری کوڕی خەتاب، پێش فەتح ژیاوەو پێش فەتح مردووە.
ب ــ کتێبەکانی ئەو کاتە زۆرینەیان لە سەر پێستە نووسراون، پێستەش گونجاو نییە وەک سووتەمەنی بەکاربهێنرێت.
ج ــ بۆچی عومەر لە شوێنێکدا کۆی نەکردەوە و نەیسووتاندن؟ بۆچی ئەو هەموو تێچووە بهێنێتە سەر خۆی؟ تێچوی گواستنەوە و گرتنی چوار هەزار حەمام و بەردەوامی کارەکە بۆماوەی ۱٨۰ ڕۆژ! ئەمانەش هێندەی لە چیرۆکێکی خورافی دەچن هیندە لە واقیع ناچن.
د ــ لە دوای پێنج سەدە و نیو لە فەتحی ئەسکەندەرییە ئەم چیرۆکە باس دەکرێت، بە بێ سەنەد و سەرچاوەیەکی مێژوویی کە لێوەیان نەقڵ کردبێت! (عبقرية عمر، ص ۱٨۱ــ ۱٨۲)
گوستاڤ لوبۆن دەڵێت: چیرۆکی سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە دروستکراوە و کارێکی بەڕبەڕیە لەگەڵ کلتووری عەرەب نایەتەوە، وە ئەم چیرۆکە لەم زەمانەی ئێستاماندا پووچێتیی سەلمێنراوە و پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ توێژینەوە لە سەری، وە هیچ شتێکیش لەوە ئاسانتر نییە بە بەڵگەی ڕوون، کە مەسیحییەکان کتێبەکانی هاوبەشدارانیان لە ئەسکەندەرییە سووتاند پێش فەتحی عەرەبی، هەموو پەیکەرەکانیان تێک شکاند و شتێک نەما نەیسووتێنن. (حضارة العرب، ص ۲۱۳)
مێژوونووس پاوڵ  کازانۆڤا دوای ئەوەی هەمان ڕەخنەکانی بووتلەر دەگرێت و دەڵێت دوای شەش سەدە ڕووداوێک باس بکرێت بە بێ سەنەد و سەرچاوە بەو شێوەیە ڕووداوێکی خەیاڵاوی و خورافەیە، هەروەها دەڵێت: ئەگەر وەک ئیبن نەدیم دەڵێت یەحیا نەحەوی ژیاوە هەتا دوای فەتح و لەگەڵ عومەردا گفتوگۆی کردووە، بەڵام نابینین هیچ باسێک لە بارەی کتێبخانەی ئەسکەندەرییەوە بکات، ئەم چیرۆکە خورافیەی ئیبن قفطي لەو چیرۆکە خورافیانەیە کە لە سەردەمەکەیدا باو بووە. (عبقرية عمر، ص ۱٨۲)
عبدالرحمن بدوی دوو بەڵگە دێنێتەوە کە تاڕادەیەکی زۆر دڵنیامان دەکات، کە یەحیا نەحەوی لە سەردەمی فەتحی میصردا نەژیاوە، بەدەوی لەنێو کتێبەکانی یەحیا نەحەوی دوو بەروار دەردێنێت، کە بابەتەکە یەکلا دەکەنەوە.
یەکەم: یەحیا نەحەوی خۆی لە کتێبی(فی قدم العالم ضد ابرقلس، ص٥۷۹ س ۱٤ من نشره Raabe)، دەڵێت: ئەم کەلامەم لە ساڵی ٥۲۹م. نووسیوە، نەحەوی مێژووەکەی بە پیت نووسیوە نەک بە ژمارە، هەتا ڕێگە بگرێت لەهەر گۆڕانکاری و تێکچوونێک.
دووەم: یەحیا نەحەوی لەو شەرحەی بۆ (السماع الطبيعی)، ئەرستۆ کردوویەتی دەڵێت: لە ۲۰ مایۆی ٥۱۷م، نووسیویەتی.(شرح السماع الطبيعي، ص ۷۰۳).
هەر بۆیە عبدالرحمن بدوی دەڵێت: بە هیچ شێوەیەك نەحەوی پێی نە ناوەتە سەدەی حەوتی میلادی و تێیدا نەژیاوە. (موسوعة الفلسفة،ج ۳، ص ۳۷۰ـ۳۷۱)
ئەگەر لە ساڵی ٥۱۷ یەحیا نەحەوی تەمەنی ۲۰ ساڵ بووبێت، لە کاتی نووسینی شەرحەکەی بۆ کتێبی السماع الطبیعي، ئەوا دەبێت لەکاتی فەتحی میسردا تەمەنی نزیکەی ۱٤٥ ساڵ بووبێت! ئەمە لە کاتێکدا یەحیا نەحەوی تەمەنی زۆر زیاتر بووە، بەپێی توێژینەوەی کڕۆڵ kroll، یەحیا نەحوی لەساڵی ٤۷۰ لە دایك بووە. (موسوعة الفلسفة، ج۳، ص ۳۷۱) ئەگەر ئەم ڕایە ڕاست بێت، ئەوا یەحیا نەحەوی لە ساڵی ٦٤۲، تەمەنی ۱۷۲ ساڵ بووە! بۆیە بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن کە یەحیا نەحەوی لە سەردەمی فەتحی میصردا نەژیاوە.
شیکردنەوەکانی بێرنارد لویس 
ئاسیبوو ڕینادو لەساڵی۱۷۳۱، هەستاوە بە ڕەخنەکردنی چیرۆکەکە و دەڵێت چیرۆکەکە مەوسووق(باوەڕپێکراو) نییە و پشتی پێنابەسترێت، هەروەها ئیدوارد جیبۆن ڕەخەی چیرۆکەکە دەکات و لەبەر دووهۆکار ڕەتی دەکاتەوە:
یەکەم : دوای شەش سەد ساڵ باسکراوە.
دووەم : پێچەوانەیە لەگەڵ ئەخلاقی عەرەبەکان کە پێشتر دیومانن.
دواتر ئەلفرێد بوتلەر لەساڵی ۱۹۰۲، وە ڤیکتۆر شاوڤین لەساڵی ۱۹۱1، وە هیجینیۆ گریفینی لە ساڵی ۱۹۲۳ ڕەخنەیان لێ گرتووە، هاودژیەکانی چیرۆکەکە و واقیع ئەوەمان پێدەڵێت ناگونجێت ڕووی دابێت.
بێرنارد لویس دەڵێت: ئیبن خەڵدون لە سەدەی ۱٤ چیرۆکێکی هاوشێوە دێنێت، بەڵام لە جێگەی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە باسی کتێبخانەیەک لە وڵاتی ئێران دەکات، کە بە ئەمری عومەری کوڕی خەتتاب سووتێنراوە، ئەمەش و ئەوەی ئەسکەندەرییەش هیچ نین جگە لە فۆلکلۆرێکی شەعبی کە هیچ بنەما و ئەساسێکی نییە.
بێرنارد لویس دەڵێت: ئەگەر ئەوە قبووڵ بکەین کە کتێبخانەی ئەسکەندەرییە عەرەب سووتاندوویەتی، ئەی چۆن ئەوە شی بکەینەوە کە نەک لە سەرچاوە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا باسی ئەم ڕوداوە نەکراوە کە هاوسەردەمی ڕووداوەکە بوون، بەڵکو لە سەرچاوەکانی کەنیسەی قیبتی و کەنیسەکانی تریشدا نەهاتووە، تەنانەت لە سەرچاوەی بێزەنتی و یەهوودییەکانیشدا نەهاتووە، ئایە ئەگەر ڕووداوێک بەو گەورەییە ڕووی بدایە نەدەبوو یەکێک لەو سەرچاوانە ئاماژەیەکی پێبکەن؟ ئایە ئەوە بەڵگەی ئەوە نییە ئەو چیرۆکە تەنها ئەفسانەیەکە؟
بێرنارد لویس دەپرسێت لە کاتێکدا زانایانی ڕۆژئاوا ئاوا ئەو چیرۆکە ئەفسانەییەیان لەبەریەک هەڵوەشاند و پووچێتییان خستە ڕوو، ئەی بۆچی لە سەر دەستی موسوڵمانان ئەوچیرۆکە ئاوا دانراوە و برەوی پێدراوە؟ بۆ وەڵامی پرسیارەکەی دەچێتە لای مێژوونووس "پاوڵ کازانوڤا" پاوڵ کازانوڤا دەڵێت: چیرۆکەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی دوانزە و سەرەتاکانی سەدەی سیانزە، بەدیاریکراوی لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا، سەڵاحەدین ناوبانگی دەرکرد بوو نەک تەنها لەبەر سەرکەوتنەکانی بە سەر خاچهەڵگراندا، بەڵکو بە هۆی سەرکەوتنەکانی بەسەر دەوڵەتی فاتمیی و مەزهەبی ئیسماعیلی کە مەترسی بوو، بۆ یەک پارچەیی دەوڵەتی موسوڵمانان. عبداللطيف بغدادي زۆر سەرسامی سەڵاحەدین بووە و لە قودس سەردانی کردووە، وەهەروەها ئیبن القفطي شوێنکەوتەی سەڵاحەدین بووە و قازی بووە.
سەڵاحەدین یەکێک لە کارەکانی ڕووخاندنی ژێرخانی فکریی مەزهەبی ئیسماعیلی بووە، سەڵاحەدین کتێبەکانی مەزهەبی ئیسماعیلی لە ناو بردوو و سووتاندنی، سووتاندن و لە ناوبردنی کتێبەکانی مەزهەبی ئیسماعیلی کارێکی هەروا ئاسان نەبووە، لە لایەن زانایانەوە ئەگەری وەڵامدانەوەی توند هەبووە، بۆ ئەوەی کارەکە هەندێک هێواش ببێتەوە و زۆر قورس نەکەوێت، هەستان بە دروستکردنی ئەم ئەفسانەیە، کەسێکیشیان هەڵبژارد خەڵکی وەکو سەرچاوەی ڕێزو دادپەروەری تەماشای بکەن، چ کارو کردەوەیەکیش لە سونەت و کاری خەلیفەی داد پەروەر عومەری کوڕی خەتتاب باشترە؟ ئەو کارەیشی سەڵاحەدین دەیکات زیندووکردنەوەی کارێکە کە پێشتر خەلیفەی داد پەروەر عومەری کوڕی خەتتاب ئەنجامی داوە، وە کارەکەش کارێکی پاڵەوانانەیە، نەک کارێکی بەڕبەڕیانە. (تدمير العرب لمكتبة الاسكندرية: تشريح الاسطورة. برنارد لويس،  ترجمە. عمر جاسم، لە خوارەوە لینکی بابەتەکە هەیە)

ئایە ئەم خوێندنەوەیەی پاوڵ کازانۆڤا تا چ ڕادەیەک ڕێی تێدەچێت؟ بۆ وەڵامی پرسیارەکە پێویستە بزانین کە ئایە سەڵاحەدین کتێبەکانی مەزهەبی ئیسماعیلی سووتاندووە؟ بە پێی کتێبی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە نووسینی د.علی محمد الصلابی ، سەڵاحەدین لە دوای گرتنی میسر هەستا بە لەناوبردنی گەنجینەکانی کۆشکی فا‌طمی و هەندێکیشی بە دیاری نارد بۆ نوورەدین زەنگی و بڕێکیشی بۆ خەلیفەی عەباسی و پاشماوەکەشی دانا بۆفرۆشتن، بە شێوەیەک کە ئەم فرۆشتنە دە ساڵی خایاند، پاشان بە دەست ڕێبوارانی هاتوو و ڕۆشتووە گوێزرایەوە بۆ وڵاتانی تر، هەروەها دەستی گرت بەسەر کتێبەکانی بانگەوازی ئیسماعیلیدا کە لە کتێبخانەی کۆشکی فاطمییەکاندا هەبوو، هەستا بە سووتاندن و فڕێدانی لە کێوی مقطم دا، پاشان کتێبە نامەزهەبییەکانی تری بەخشییەوە بەسەر گەورە زانایان و لایەنگرانی دەوڵەتەکەیدا، وەکو عماد ئەسفەهانی و قاضی و فاضل و ئەبی شەمامەی ئەسفەهانی، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە کە مەبەستی سەڵاحەدین تەنها سووتاندنی کتێبەکانی بانگەوازی شیعەبووە، ئاشکراشە کە کتێبەکانی بانگەوازی ئیسماعیلی لە گرنگترین ئەو هۆکارانە بوون کە بانگخوازە فاتمیەکان بەکاریان دەهێنا بۆ برەودان بە بانگەوازەکەیان، دەسەڵاتدارانی ئەیوبیش بە جۆرێک ئەو کتێبانەیان سووتاند، کە لە سەرچاوەکانی بانگەوازی ئیسماعیلی تەنها ئەو کتێبانە مانەوە کە لایەنگرانی فاتمییەکان لە یەمەن و هنددا پاراستبوویان پاش ڕووخانی دەوڵەتەکەیان لە میصردا. (صەڵاحەدینی ئەیوبی، ل ۲۲٥)
ئەگەر ئەوەی صەلابی دەیڵێت ڕاست بێت، ئەوا لێکدانەوەکەی پاوڵ کازانوڤا بەڕادەیەکی زۆر لێکدانەوەیەکی مەعقوولە و ڕێی تێدەچێت. 

گریمانەی سێهەم : کتێبخانەکە پاش فەتحی ئیسلامیش بەردەوام بووە.
ماکس مایەرهۆف هەڵگری ئەم ڕایەیە و دەڵێت: قوتابخانەی ئەسکەندەرییە هەر بووە و بەردەوام بووە دوای فەتحی ئیسلامیش، وە تاکە قوتابخانەیەکی یۆنانیی ڕووت بووە ماوەتەوە. 
ماکس مایەرهۆف دەڵێت ئەگەر بچوویتایەتە مزگەوتێک لەو مزگەوتانەی دەرز و دەوریان تێدا دەبەسترا، خوێندکار بەشێک لە کتێبی سەرەکی بە دەستەوە بوو دەیپرسی و مامۆستا هەڵدەستا بە وەڵامدانەوە و شیکردنەوەی.
ماکس مایەرهۆف چەند دەقێک بە بەڵگە دەهێنێتەوە کە کتێبخانەی ئەسکەندەرییە نەسووتێنراوە و ماوەتەوە:
 دەقی یەکەم:  وەری گرتوە لەکتێبێکی ونبووی  فارابی، " دەربارەی دەرکەوتنی فەلسەفە، دوای دەرکەوتنی ئیسلام لە ئەسکەندەرییەوە بۆ ئەنتاکیە ئەوەی مابێت مامۆستایەک بوو، لەو مامۆستایەوە دوو پیاو فێربوون، یەکێکیان خەڵکی حەڕان بوو، ئەوی تریان خەڵکی مڕو بوو، لە پیاوەکەی مڕو دوان فێربوون ئەوانیش ئیبراهیم المروزی و یوحەنا ابن حیلان بوون، وە لە پیاوەکەی حەڕانەوە هەریەک لە ئیسرائیل ئەسقەف و  قویری فێربوون، ئیسرائیل خەریک بووە بە ئایینەوە، وە قویری بە فێربونوەوە، بەڵام یوحەنا بن حیلان بەئایینەوە خەریک بووە بەهەمان شێوە، ئیبراهیم المروزی هاتە بەغدا و لێیەوە متی بن یونان فێر بوو، وە فارابی خودی خۆی لە یوحەنا بن حیلانەوە فێربووە."

دەقی دووەم: لە مەسعودی وەری گرتووە پوختەی دەقەکە ئەوەیە "لە سەردەمی عومەری کوڕی عبدالعزیز فێربوون لە ئەسکەندەرییەوە گوێزرایەوە بۆ ئەنتاکیە، پاشان بۆ حەڕان گوازرایەوە لە سەردەمی موتەوەکیلدا"،  پاشان هەمان وتەکانی فارابی بە کەمێک دەستکارییەوە دادەنێتەوە مسعودی.

دەقی سێهەم: لە ئیبن ٲصیبعەوە دەیهێنێت، کەئەویش لە پزیشک عبدالملك بن ٲبجر الکنانی کە لە ئەسکەندەرییە فێری پزیشکی بووە و لە سەر دەستی عومەری کوڕی عبدالعزیز موسوڵمان بووە، لەساڵی ۹۹ کۆچی تەدریس گوێزرایەوە بۆ ئەنتاکیە و پاشان بۆحەڕان .
ماکس مایەرهۆف خودی خۆی گومانی لە دەقی سێهەم هەیە، لە کاتێکدا لە دوو دەقەکەی تر دڵنیایەو پێی وایە بە سەلامەتی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە گوازراوەتەوە بۆ ئەنتاکیە، بە هۆی لە دەستدانی بایەخی ئەسکەندەرییەوە لە دوای فەتحی ئیسلامی،  چونکە وەک پایتەختی دەوڵەت نەمایەوە، وە گواستنەوەی بۆ ئەنتاکیە لە بەر ئەوە بوو، ئەنتاکیە چەقی ڕۆشنبیریی یۆنانی بوو، وە سنووری هەردوو ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی و ئیسلامی بوو، گواستنەوەی دەستنووسەکان ئاسان بوو لە ئاسیای بچووکەوە.
قوتابخانەکە لە ئەنتاکیە مایەوە هەتا ۱۳۰ ــ ۱٤۰ ساڵ تەقریبەن، پاشان گوێزرایەوە بۆ حەڕان، ناوەندێکی گرنگ بوو لە ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی یۆنانی، لە سەردەمی خیلافەی موتەوەکیلدا لەگەڵ دوو خوێندکار لە قوتابخانەی ئەنتاکیە یەکێکیان سابیئی و ئەویتریان نەسرانی گوێزرایەوە بۆحەڕان، بۆماوەی چل ساڵ لەوێ مایەوە و پاشان گوێزرایەوە بۆ بەغداد. (نشٲة الفكر الفلسفي، ص ۱۰٤ـ ۱۰۷)
ئەوە بۆچوونی ماکس مایەرهۆفە، لەم بۆچوونەی مایەرهۆف ئەگەر ڕاست بێت ئەوا دەرخەری ئەوەیە موسوڵمانان کتێبخانەکەیان نەسووتاندووە.

سەرچاوەکان 
  موسوعة البيان،نخبة من كبار علماء، دار نهضة،۲۰۱۲.
 مكتبة الاسكندرية القديمة سيرتها و مصيرها ، مصطفی العبادي ، ۱۹۹۲ ، يونسكو .
 موسوعة الفلسفة، عبدالرحمن البدوي،۱٤۲۷،الناشر ذوي القربی،مطبعة.سليمانزاده.
  حضارة العرب ، غوستاف لوبون ، ترجمة .عادل زعتير ، دار بيبليون باريس .
 عبقرية عمر ، عباس محمود عقاد ،دار نهضة مصر ، طبعة العاشرة ، ۲۰۰٦ .
 نشٲة الفكر الفلسفي ، علي سامي النشار ، دار سلام ، ۲۰۰٨ .
 صەڵاحەدینی ئەیوبی ، علی محمد صلابی ، و.جەمیل قادر ، دار فکر ، بیروت ، ۲۰۰٨ . 
 تدمير العرب لمكتبة الاسكندرية : تشريح الاسطورة . برنارد لويس ،  ترجمە . عمر جاسم 
https://www.google.iq/amp/s/omarjasim.org/2013/09/13/قصة-تدمير-العرب-لمكتبة-الاسكندرية-تشر/amp/
تاگەکان    
وەرزش وەلی ئەمر گێڕانەوە کۆرۆرنا کورد دەروون فیکر یاری کوردستان ڕۆژاوا مانا دیزاینی زیرەک ڕەخنە شیرک گەڕان
فیکر
2019-03-11 کۆمێنت 2016 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی