پرووشەیەک لە دەریای ئەوینەوە

ئەدەب 2019-02-27 کۆمێنت 2067 جار بینراوە

وێنه‌ی ماکرۆ: که‌ریم قوبادی



زۆرجار مامۆستاکەم بە بزەیەکەوە پێم دەڵێت: سۆفی چۆنیت؟

ھاوڕێکەیشم کە سەلامم لێدەکات ھەر وا دەڵێت، لە کاتێکدا من نە سۆفیم بەو مانایە، نە لەسەر ئەو ڕێبازە سۆفیگەرییەی ئێستە بووم.

بگرە لە ھێندێ بارودۆخدا دەبمە عەقڵانییەک و واقیعییەک کە پەتی مەرگ دەخاتە ملی ھەست و سۆز و زیندەبەچاڵیان دەکات.

بەڵام لەوانەیە ئەوان ھەستیان بەو شتەی ناخم کردبێ کە ھەرکات دوونیا ڕووی تێدەکات، سۆفی ئاسا بە دوای خەڵوەیەکدا وەک دێوانە ڕادەکات.

چونکە زۆرجاران ئاوا ئاوپڕووشێنی دڵم دەکەم بە ئەوین.

بە چەشنێک، کە ھەست لە دڵۆپەیەکی باراندا بەدی بکات...

بگریێت بۆ ئەو گەڵایەی کە لە لقی درەختێک جیا دەبێتەوە...

غیرە لەو گوڵەش بکات کە پەپوولەیەک بەلایدا تێدەپەڕێ…

لەگەڵ گوزەرکردنی یەک شنەبادا، داستانێکی ھەزار پەڕەیی مەحەببەت دابڕێژێ.

خودایە، ئەوانە دەنووسم چونکە دەمەوێ بڵێم: تکایە...ھەموو کات لێرە بە، ھیچ کات مەھێڵە ئەم مەملەکەتی دڵە بێ تۆ ھەڵبکات.

خودایە، کە تۆ لێرە دەبیت، ئەز دەتوانم ھەموو ڕەش و سپییەک بکەم بە پەلکە زێڕینە، دەتوانم چێژ لە فرمێسکەکانیش ببینم، دەتوانم لەناو سکی تاریکیشەوە بدرەوشێمەوە.

کە تۆ لێرەیت، ھەموو شتێک بۆ من دەدوێ، ھەموو بێدەنگییەکان ئاوازن بۆم، ھەموو دار و بەرد و درەخت و گیا و باخچە و پەرژینێک من دەلاوێنێتەوە.

کە تۆ لێرەیت، ھەموو بوونەوەرەکانت بانگی لای خۆیانم دەکەن.

بڕوا دەکەیت! ئەو کاتەی دەروونم ئاھەنگی یادت دەگێڕێ، ھەموو شتێک منی خۆشدەوێ...

دونیا بە ھەموو جەنجاڵییەکەیەوە لای من ئارامە.

ھەموو جووڵەکان من دەخەنە پێکەنینەوە.

تیشکی خۆر ڕووناکتر و میھرەبانتر دەردەکەوێت.

ھەموو زیندوو و نازیندوویەک سڵاوم لێ دەکات.

کە لێرەیت، ئەو منداڵەی ڕووحم دووبارە لە دایک دەبێتەوە، نایەوێت ھیچ گەورە بێت، ھەر پاکە و ھەر بێخەم دەمێنێتەوە.

کە لێرەیت، ھێزێک لە ئاوەزم شەپۆڵ دەدات، گەر دەریبکەیت، توانای بڕینی حەوت دەریا و کونکردنی دەیان شاخی بەردین و فڕینی کەشکەشانی ئاسمانی ھەیە.

کە دڵم ڕووی لە لای تۆیە، کە دەمدوێنیت و دەفەرموویت: (ماودعک ربک وما قلی)، بێباک دەبم لە ھەموو شتێک، وەک ئەو عاشقەی بوێرانە و بێترس بە گوێی ھەموو دونیادا ھاوار دەکات کە مەعشووقەکەی خۆشدەوێت و ھیی ئەوە.

دەزانی، سەرم دەسوڕمێ لە کەسێک کە ناوێرێت بەندەیەکی تۆی خۆشبوێت نەبادا تۆی لەبیرچێتەوە، ئەوان نەزانن بە تۆ، بۆ مەگەر یادگە بەبێ تۆ بوونی ھەیە تا لە یاد بکرێیت؟! مەگەر ڕەوایە بەراورد لە نێوان ئەوینی تۆ و جگە لە تۆ؟ مەگەر ھەر بە ئەوینی تۆ نییە دەتوانین جوانی و مەحەببەت لە دروستکراوەکانت بینابکەین؟

لێم ببوورە زۆرجار کە کەسێکی باش دەبینم شتێک لە دڵمدا دروست دەبێ، ئاخر دەترسم لە من زێتر ئەوت خۆشبوێ، دواتر بیردەکەمەوە گەر من تۆم خۆش بوێت، دەبێ ھەموو ئەو شت و کەسانەم خۆش بوێ کە تۆیان خۆشدەوێ. دەبێ ھەموو ئەو مەخلووقانە لە سینەمدا بن کە بۆنی یادی تۆیان لێدێت. ھاوەڵی بست بە بستی ئەوانە بکەم کە ھێندەی( قاب قوسین او ادنی) یەک لەتۆم نزیک دەکەنەوە.

ئەم دڵە دوور لەتۆ مەرگستانە، تاریکە و شەوەزەنگە خودایە!

دوور لە تۆ ژیان ڕۆتینێکی دووبارەبووەوەیە، جەستەیەکی بێڕوح و ھەست، ھەر چرکەیەکی مردنێکە.

مەگەر کەس ھەیە بۆ جارێک لە ئاوی نزیکبوونەوەی تۆی نۆشیبێت و بە ئاوی مەحەببەتێکی دیکە تێر بێت؟

خودایە ... تۆ ھەموو کات لێرە بە!

نا ... ئەی دڵ، تۆ ھەموو کات لە لای وی بە!

تاگەکان    
چەواشەکاریی لۆژیکی سەرفیترە باران بوومەلەرزە قودس بوونەوەری ئاسمانی شەڕ حەمەدۆک مانا دەروون دیمانە حزبی ئیسلامی زانکۆ یاری فەرهەنگ
ئەدەب
2019-02-27 کۆمێنت 2067 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی