چەند ڕێنوێنییەک بۆ لاوان لەبارەی نووسینەوە

ئەدەب 2019-02-20 کۆمێنت 1010 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی
وەرگێڕانی: عەلی حسێن


یەک. چی و چۆن

هەر دەقێکت خوێندەوە و بە دڵتەوە نووسا، هەموو یان چەند پارچەیەکی دووبارە بخوێنەرەوە. خوێندنەوەی دووەم و سێیەم، چاو بە ڕووی ئەو ناسکی و وردەکارییانەی دەقدا کە لە خوێندنەوەی یەکەمدا بەرچاو ناکەون، واڵا دەکات. جاری یەکەم بۆ ئەوە دەخوێنینەوە بزانین نووسەر (چی)ی وتووە؛ بەڵام ئەوەی (چۆن)ی نووسیوە، لە خوێندنەوەی دووەمدا بە داوی سەرنجمانەوە دەبێت.

دوو. وریایی

دوای ئەوەی نامە، وتار یان کتێبەکەت نووسی، بە وریایی سەرنجی بدە؛ واتا لانی کەم چوار جاران و هەر جارەو لە چاوی کەسێکەوە، بیخوێنەرەوە. جاری یەکەم بۆ دەوڵەمەندکردنی دەقەکەت تەرخان کە. کەڕەتی دووەم بە چاوی ڕەخنەگرێک لێی بنواڕە تا بتوانیت کەموکورتی و ناڕێکییەکانی ببینیت. جاری سێیەم بە چاوی خوێنەرێکی مامناوەند و سەرنجبڵاو وەیخوێنە تا ئاڵۆزی و تەمومژەکانی نووسینەکەت بدۆزیتەوە و بیانسڕیتەوە. چوارەم جاریش بە نیازی ڕازاندنەوەی فۆرمی دەقەکە و چاککردنی هەڵەکانی بیخوێنەرەوە.

سێ. کرانەوە بە ڕووی بیر و بۆچوونی کەسانی تردا

لەبارەی هەرچییەوە دەنووسیت، جیا لە گەڕانەوە بۆ ژێدەر و بەرهەمە پێوەندیدارەکان، حەق وایە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ چەند کەسێکدا وتووێژ بکەیت. گەر کەست بۆ دەمەتەقێ دەست نەکەوت یان بە پێویستت نەزانی، هیچ نەبێت لەگەڵ خۆتدا وتووێژ و مشتومڕی دوورودرێژ دامەزرێنە. نووسین بریتییە لە ڕێکردن بەناو زەوینێکی مینڕێژکراودا، بە تاقی تەنیا پێ مەخەرە ناو ئەو گۆڕەپانە مەترسیدارەوە.

چوار. ڕێزگرتن لە هەستی خوێنەر

من هۆکارێک شک نابەم هێندەی ڕێزنان لە هەستی خوێنەر، لە سەرکەوتنی دەقدا کاریگەر بووبێت. کەسێک ڕێز لە هەستی خوێنەر بگرێت، قسەی دووبارە ناکات، دەست بۆ چەواشە نابات، بێ زانیاری نانووسێت، کاتی بخوێن وەکو تەمەنی خۆی بەبایەخ دەزانێت، دەست لە لاگریی حەقیقەت هەڵناگرێت، بێفیزە و هیچ نووسینێک بەبێ چەندان جار هەڵەبڕی و بێ دڵنیابوونەوە لە ڕێکوپێکییەکەی، بڵاو ناکاتەوە.

پێنج. لەسەرخۆیی

کەس لە ڕێگەی فرەنووسی و هەرزەچەنەییەوە بە پێگەیەکی بڵند نەگەیشتووە و ئەگەریش بگات، ئەگەری زۆرە زوو بەر ببێتەوە.

شەش. بەردەوامی

گەر بەتەمایت ببیتە بنووس، نابێت ڕۆژێکت بەسەردا ڕابوورێت تێیدا چەند دێڕێکت نەنووسیبێت، ئیتر با بۆ خۆتیش بێت و نیازی بڵاوکردنەوەیت نەبێت.


تاگەکان    
شیرک ئیسرائیل چەواشەکاریی لۆژیکی سەرفیترە ڕانانی کتێبب زانایان ژن کتێبی هاوسانی بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن نائومێدی سایکس-بیکۆ فیکر ئایین فەلەستین تەلارسازی
ئەدەب
2019-02-20 کۆمێنت 1010 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی