(شازادە و شاعیر) سەرهاتی شاعیرێکی سەرهەڵگرتووی دەربەدەر!

ئەدەب 2019-02-16 کۆمێنت 1471 جار بینراوە

نووسینی: هیوا مەحموود

قسە لەبارەی نالییەوە زۆر کراوە و، لێدوانی لێرەولەوێیش لەبارەی ژیان و زیندەگیی ناوبراوەوە هەر مەپرسە. لێ خوسرەو جاف لە شێوەی ڕۆمانێکدا توانیوویەتی وەستایانە مشت و ماڵی گەورە و گچکەی ژیانی نالی بکات و، بڕێک دەلاقە و تاق بۆ خوێنەر واڵا بکات، تاکوو لێیەوە بەچەشنێکی تر بڕوانێ و نالی بە شێوەیەکی دیکە بناسێت.

هەروەک ئاغای خوسرەوی ئێژێ: ڕۆماننووس بۆی ڕەوایە بە گوێرەی کەرەستە و تەکنیکی ڕۆمان دەستکاریی هەقیقەتە مێژووییەکان بکات. ئەمما نێوبراو لەم کارەیدا، تۆزی بان زۆر سندووقی کۆنینەی ماڵییەوە و دەرووی ڕاستییەلێکی حاشاهەڵنەگر یان نێزکبوونەوە لەوەی عەقڵ و ئاوەز لایان پەسەندە، لا دەبات/ دەکاتەوە. لەم داستانی ئەوینداریی ناکامییەدا، عاشقێک کە بە قرچەی ڤینێکی پاک سەراپای وجودی دەبرژێت، دواجار هەر بە داخی ئەو مەعشوقەوە لە غوربەتدا سەر دەنێتەوە. لەم ڕۆمانەدا چەند شتێک ڕوون دەبنەوە:

یەکەم: نالی لە ماڵباتێکی مەزن و وەجاخزادەی خێڵێکی گەورەی جاف لە ١٨٠٠ تاکوو ١٨٧٧ی لەدایکبوون ژیاوە.

دووەم: نالی هەر لە منداڵییەوە، دابی خێڵایەتی و کۆچەری و گەرمێن و کوێستانکردنی بەلاوە ناوە و دڵی نەداوەتێ، بگرە بینی فراوان بووە و ئاسۆیەکی بڵندتری خواستووە. یانی هەمیشە بەدوی ئاسمانێکی بەرینتر، مەلای چاتر و زانستی پتر و شاری مەزندا گەڕاوە. کەسێک بووە مەیلی لە گەڕێدەیی شاران و ناسینی پنتێکی فراوانتری ئەم گێتییە بووە. لە هیچ شوێنێکدا تۆتکەی نەگرتەوە و نەحەواوەتەوە، بۆیە زۆرێک لە شارە گەورەکان و پیاوە بەرزەکانی بینیووە و مولاقاتی تەکیاندا بووە.

سێیەم: لە سەرێکی ترەوە، ڕاستییەک بە تەواوی مانا سەرەوژێر دەبێتەوە، ئەویش داشۆرینەشیعریی مەستوورەیە، کە چۆن دەیهێنی و دەیبەیت بە هیچ کلۆجێک ڕێی تێناچێت ئەو هەرزەگۆییە شیعری ناوبراو بێت و لە زاتێکی وا پاک و خواناس بووەشێتەوە. ڕۆماننووس ئەم لۆجیکەی بە بەڵگەی مێژووییی بەهێز سەلماندووە.

چوارەم: بۆت ئاشکرا دەبێت حەبیبەناوێک بە هیچ شێوەیەک لە ئارادا نەبووە و ناشێ بوونی هەبووبێت، ئەوی دەستگیرە و ئیلهامبەخشی هەڵبەست و هۆزانەکانی ناوبراو بووە، فەقەت ژنەسالاری کورد، ماهـ شەرەفخانی ئەردەڵانی (مەستوورە خانم) بووە. هەر عیشقی ناوبراو وای کردووە بە ڕەبەنی بیگوزەرێنێت، هەرچەندە لای عەیان بووە وەسڵی ئەو دڵبەرە مەلەکسیفەتە نایەتەدی. کاتێکیش تەمای بووە بگەڕێتەوە وڵات، دوابەدوای نامەیەکی مەستوورە کە لە ژیانی ئاوارەیی و لە سلێمانییەوە بۆ نالی-ی دەنێرێت، ئیتر نالی کەڵکەڵەی گەڕانەوە دەبێتە خۆرەی سەری، لێ کاتێک هەواڵی مەرگی وی دەبیستێت، ئیتر پاشگەز دەبێتەوە و بە دەردی بێمەستوورەییەوە دەتلێتەوە.

پێنجەم: نالی ڕچەشکێن بووە و ئەوەڵین کەس بووە لە ڕۆژگاری خۆیدا پەیڕەوی لە شێوەزاری گۆرانی( هەورامی) کردووە، ئەمەیش مایەی قەڵسبوون و دوژمنایەتیی بڕێک لە مەلا و شاعیرانی هاوچەرخی بووە.

شەشەم: نالی زۆر تەنها و ئاشوفتە و بێئاوەڵ و بێهەمدەم بووە و، بەو دەردەیشەوە تەپاوتلێکێ زۆری کردووە. چونکە دەرووبەر لێی نەگەییشوون، ئەویش کەسێک نەبووە لە بیروبڕوای خۆی بکشێتەوە.

حەوتەم: لەلایەن دەسەڵاتداران، چ بابانییەکان یان ئەردەڵانییەکان -هەتا وەختی تۆمەت بۆ هەڵبەستن و دەربەدەرکردنی لە سنە- هەروەها کاربەدەستان و سوڵتانی عوسمانی، ڕێزلێگیراو و گوێلێگیراو بووە و پاداشت و خەڵاتی باشیان کردووە.

حەوتەم: شاعیرە غەوارەکە لە دوادوای تەمەنیدا ژنە تورکێکی بە نێوی بەهارخاتوون هێناوە، بەڵام تۆوبڕاو بووە و هیچ ئەولادێکیان نەخستووەتەوە.

هەشتەم: نالی لە دوادوای تەمەنیشیدا تووشی شێرپەنجە بووە و، بەو دەردە گەڕاوەتەوە بەر دلۆڤانیی خودا.


تاگەکان    
دیزاینی زیرەک چیرۆک بووژانەوە وەچەخستنەوە دەروون مردن ستەم تەلارسازی باران دەربارەی کتێب بوووژانەوە کۆرۆرنا مێژوو ئەیاد قنێبی یادەوەری
ئەدەب
2019-02-16 کۆمێنت 1471 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی