ئیلحادی نوێ وێرانکه‌ره‌

فیکر 2019-02-10 کۆمێنت 1637 جار بینراوە

نووسینی: ئاڤار قه‌ره‌داغی
به‌شی دووه‌م

جۆن مالینۆ, زۆر بەڕوونی ئەوە دەردەبڕێت، کە مادەم دۆکینز ھەموو شتێک بە ھەڵبژاردنی سروشتی و بنەماکانی پەرەسەندن لێک دەداتەوە، دەبێت ددان بەوەدا بنێت کە ئایین لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی سروشتییەوە ھاتووه‌تە دی و گرینگە بۆ مانەوە، بەڵام دۆکینز، پێچەوانەی مەبدەئی خۆی، دێت ئایین بە سەرچاوەی خراپە و شەڕ دەزانێت، لە کاتێکدا بەرھەمی ئەو مەبدەئەیە کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات و ھەموو شتێکی پێ لێک دەداتەوە.

ھەر لەسەر ئەو مەبدەئە و ئەم دوو وتەیەیش، تایڵ دەڵێت: "یەکێک لە ھەڵە توندەکان ئەوەیە کە ھەوڵ دەدرێت ڕێگە لە ھەژاری بگیرێت، یان ڕێگە لە مایەپوچبوون بگیرێت و یارمەتیی ھەژاران دەدەن. ئەوە ھەڵەیەکی جەوھەرییە، ئەو کارانە دژ دێتەوە لەگەڵ ھەڵبژاردنی سروشتی کە جەوھەری داروینیزمە." (کھنة الالحاد الجدید، ص ٤۳)، ئەوەیش ڕێكە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی ھیربەرت سبینسەر "جێبەجێکردنی ھۆکارەکانی پاراستنی تەندروستی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە پاراستنی تەندروستی بۆ ھاوڵاتییەکانی و کوتانیان، پێچەوانەیە بە سادەترین بەدیھییاتی (بەڵگەنەویستی) ھەڵبژاردنی سروشتی، ھەروەھا یارمەتیدانی لاوازەکان و ھەوڵدان بۆ پاراستنی نەخۆش و سووربوون لەسەر ھێشتنەوەیان."(کھنة الالحاد الجدید، ص ٤۳). دەگەینە ئەوەی کە ڕەگەزپەرستی و ئەو جەنگانەی تێیدا ڕەشپێست و نەتەوەیەکیان تێدا لەناو براوە، بنەڕەتێکی ماددییان ھەیە، بنەڕەتێک کە پێیان وا بووە ئەوان باشتر و باڵاترن لە ڕووی ڕەگەزییەوە، ڕێکیشە لەگەڵ بنەماکانی دۆکینز، کە ڕەوشتیش بایۆلۆجییانە لێک دەداتەوە و دەیبەستێتەوە بە جینەکانەوە، مادام جینەکان سەرچاوەی ڕەوشتمانن، ئەم لێکدانەوەیەیش بۆ ڕەوشت لێکدانەوەیەکە لە خورافەی ئایینەوە وەرنەگیراوە، دەبێت بڵێین ئەوە جینەکانمانن وامان لێ دەکەن ئاوا ھەڵسوکەوت بکەین و کوشتار و جەنگ بەرپا بکەین، بەڵام دۆکینز بۆ دەرچوون لەم دۆخە دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤ ھیچ نییە جگە لە جینەکانی، ئەوا دەتوانێت بە ڕێگه‌یەکی تر کودەتای بەسەردا بکات و بە کارێکی پێچەوانەی ویستی ھەڵبستێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە ئامێری جینین، بەڵام توانای ئەوەمان ھەیە کودەتای بەسەردا بکەین، تەنیا مرۆڤ توانای ئەوەی ھەیە کە کودەتا بەسەر سیستەمی ستەمکارانەی جینییەکانیدا بکات." (خورافەی ئیلحاد، لا ٤۸۱)، وەک عەمرو شەریف دەڵێت: "بەڵام چۆن کودەتا بەسەر جینەکانماندا بکەین؟ ئەی حەتمییەتی جینی چی بەسەر دێت؟ ئێمە ئازادیویست و توانامان بەسەر ھەڵگەڕانەوە لە کوێ بوو؟" (خورافەی ئیلحاد، لا ٤۸۱)

زۆرێک لەو کارە ڕەگەزپەرستییانە ھەر لە ئەنجامی ئەم جۆرە بیرکردنەوانەوە درووست بوون، ئەو توێژینەوانەی کە باس لەوە دەکەن کە ڕەگەزی سپی باڵاترە لە ڕەگەزی ڕەش، توێژینەوەکانی ساموێل مورتن و لویس ئەجاسی کە دەڵێن: "سپیپێستەکان خوێنڕێژ نەبوون کە ھەستاون بە لەناوبردنی ھندییە سوورەکان، بەڵکو ئەوان شوێن بڕیارێکی حەتمی کەوتن لە پێکھێنانی عیرقیدا (بنەچەییدا)." ئەوە جگە لە کتێبی (قوس الجرس) کە دەڵێت: "فێرکردن و چارەسەری ڕەشپێستەکان ھیچ سوودی نییە، چونکە ئەوان ھەم لە ڕووی ژیری و ھەم ھەژارییەوە کەمترن لە سپی پێستەکان، ئەو پارەیەیش لە شتێکی تردا سەرف بکەن کە سوودی زیاتری هەبێت." (کھنة الالحاد الجدید، ص ٤۷)

ھەروەھا سەرۆکی پێشوی ئەمریکا جۆن کوینسی ئادەمز دەڵێت: "جەنگ دژی ھندییە سوورەکان لە لایەن سپیپێستەکانەوە جێبەجێکردنی یاسای سروشتە." (کھنة الالحاد الجدید، ص ٤۹).

سەرەڕای ئەمانەیش ڕیچارد دۆکینز ددان بەوەدا نانێت کە کەس بە ناوی ئیلحادەوە تاوان بکات، دۆکینز دەڵێت: "کەسانی مولحید لەوانەیە خراپەکاری بکەن، بەڵام بە ناوی ئیلحادەوە خراپە ناکەن. ستالین و ھیتلەر ئەوپەڕی بەدکارییان کردووە، ستالین بە ناوی وشکەباوەڕی و بیری مارکسیزمەوە و ھیتلەریش بە ناوی بیردۆزی چاکسازیی نەژادیی نازانستییانە، چنراو بە وڕێنەی نیمچە واگنەری و شێتانەوە." (وەھمێک، لا ٥۸۷)

دۆکینز دەربارەی ستالینیش دەڵێت: "ڕەنگە خوێندنی ئایینی لە منداڵیدا فێری ئەوەی کردبێت، ڕێز بگرێت لە باوەڕێکی ڕەھا و دەسەڵاتێکی بەھێز و قاییل بێت بەوەی، ئاکام ڕەوایی دەدات بە گرتنەبەری ھەر ڕێگەیەک." (وەھمێک، لا ٥۷٥)

له‌بارەی ھیتلەریشه‌وه‌ دەڵێت: "ھێشتا وەکو ئەندامێکی بەناوبانگی کڵێسای ڕۆما، سەرەڕای ڕق و کینەی لە دامودەزگاکەی، لە نێوخۆیدا ئەو بیر و باوەڕەی ھەڵگرتووە، کە جوولەکە بکوژی خودایە. بەو ھۆیەوە، دەکرێت قەڵاچۆ بکرێن بەبێ ھیچ ویژدانپەرێشانییەک، چونکە زیاتر وەکو دەستی تۆڵەی خوا کار دەکات. ئەم قەڵاچۆکردنە بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی وەک کارێکی ناشەخسی، ناتوندوتیژ سەیر بکرێت". (ئەمە قسەی جون تولاندە دۆکینز نەقڵی دەکات، ئاڤار).

 دۆکینز ئەم زیادەیەی دەخاتە سەر و دەڵێت: "ڕق و كینه‌ مەسیحییەت لە جوولەکە، تەنیا دابونەریتی کاسۆلیک نییە. مارتن لۆسەر دژەسامییەکی داخلەدڵ بووە." (وەھمێک، لا ٥۸۷)، دۆکینز بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "کەسێک ناتوانێت لاریی لەوە ھەبێت، کە ھیتلەر دەستێکی باڵای ھەبووە لە وەھا دووڕووییەکدا. ئەگەر ئەمە ھۆی ڕاستەقینەی بێت بۆ خۆواپیشاندانی کە ئایینییە، ئەوا بۆمان ئاسانترە ئەوەمان لە بیر بێت، کە ھیتلەر تەنیا بە دەستی خۆی ئەو کارەساتانەی نەکردووە. کارە ترسناکەکان بۆ خۆیان لەلایەن سەربازان و ئەفسەرەکانییەوە ئەنجامدراون، کە بێگومان زۆربەی ھەرەزۆریان مەسیحی بوون." (وەھمێک، لا ٥۸۲-٥۸۳)

تەماشای دۆکینز بکەن، چۆن ده‌یه‌وێت  به‌زۆر بیسەلمێنێت ھەر دەبێت ئایین ھۆکار بێت لە جەنگ و کوشتارەکاندا، بۆچی دۆکینز نایەت بڵێت ھیتلەر بۆچوونەکانی لە فەلسەفەی ھێزی نیتچەوە وەرگرتووە؟ خۆ ئەوەیش گریمانەیەکە و قسەی لەسەر دەکرێت؟ ئەی بۆچی نایەت بڵێت ھیتلەر دەقاودەق ھاتووە -مانەوە بۆ بەھێزترەکان-ی داروینی جێبەجێ کردووە؟ ھیتلەر داروینیی کۆمەڵایەتیی جێبەجێ کردووە، لە سەرەوە چەند وتەیەکمان ھێنا لەو بارەیەوە، دۆکینز زۆر سادە، وەک ئەوەی خەڵک بە گەمژە بزانێت دێت دەڵێت: "سەربازەکانی ھیتلەر کە کارە ترسناکەکانیان ئەنجام داوە مەسیحی بوون." ئەمە واتای چییە؟ دۆکینز دەیەوێت چیمان پێ بڵێت؟ دەیەوێت پێمان بڵێت سەربازەکانی ئاییندار بوون و ئەو کارە ترسناکانەیان ئەنجام داوە، کەواتە ھیتلەر کارەکانی بۆ ڕازیکردنی مەسیحییەکان و بەجێھێنانی ئەو حەزەی بووە کە ھەیبووە بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان، ھەرچەند ھیتلەر مەسیحییەکی پابەندیش نەبێت، بەڵام ھەر مەسیحییانە بیری کردووه‌تەوە بۆ لەناوبردنی جوولەکەکان. سەربازەکانیشی لە خوایان ویستووە کە ئاماژەیەکیان پێبدرێت، ئیتر خۆیان کارەکەیان تەواو کردووە و، جوولەکەکانیان بەو دەردە بردووە و دوژمنی لە دێرینەی خۆیانیان بە سزای خۆی گەیاندووە.

ڕاستییه‌که‌ی ئەوەی باشە ڕووانینەکانی ھیتلەر و ستالین ھیچیان لەگەڵ ئاییندا یەکناگرنەوە و،  ھەردووکیان زۆر نەھامەتییان بەسەر ئاییندارەکاندا ھێناوە. (عبدالرحمن حبنکة) زۆر ئامارمان بۆ دەگێڕێتەوە سەبارەت بە نەھامەتییەکانی موسوڵمانان لەژێر دەسەڵاتی سۆڤییەت، ئەمە جگە لەوەی دەڵێت: "ژمارەی ئەو مزگەوتانەی ڕوخێنران یان گۆڕییانن بۆ شتی تر، ٦٦۸۲ مزگەوت بوون، ئەمە بەتەیھا لە تورکستان، جگە لەوەی ۷۰٥۲ قوتابخانەیان داخستووە، هه‌روه‌ها کوشتنی دەیان زانای موسوڵمان، لەوەیش گەڕێین کە سەدان ھەزار موسوڵمانیان کوشتوون و دەربەدەریان کردوون" (کید الاحمر، ص ۲٦۰، بۆ ئەوەی بزانیت موسوڵمانان لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت وەزعیان چۆن بووە، تەماشای لاپەڕە ۲٥۱ بۆ ۲٦۸ بکە)

 وەک دەبینین ستالین، پۆڵ پۆت، ھیتلەر، ماو و... دەیان ملیۆن مرۆڤیان کوشتووە، بۆچی؟ لە پێناو چەسپاندنی بیروباوەڕە ئیلحادییەکانیان. بەڵام ھەر ئەم ڕژێمە ئیلحادییە خوێنڕێژانە لە دیدی دۆکینز و ھیتشینزەوە نائیلحادین و دەبنە ڕژێمی ئایینی! ھیچ وەسفێکم پێ شک نایەت بۆ ئەو دۆخەی دۆکینز و ھاوشێوەکانیان، ئەم نوکتە سۆڤێتییە نەبێت کە سلاڤۆی ژیژەک بۆمان دەگێڕێتەوە، ژیژەک دەڵێت: "جارێک کۆمەڵێک گەنج دەچن بۆ لای لینین، پێی دەڵێن چی لەسەر ئێمە پێویستە بیکەین؟ لینینیش دەڵێت: فێر ببن فێر ببن فێر ببن و، دواتریش ھەر فێر ببن! جارێک مارکس، ئەنجڵس و لینین بەیەکەوە دەبن، پرسیاریان لێدەکەن، کە ئایا لە نێوان ھاوسەر و ھاوڕێی کچ (گێڵ فرێند) کامیان ھەڵدەبژێرن؟ مارکس دەڵێت: ھاوسەر ھەڵدەبژێرم. ئەنجڵس دەڵێت: ھاوڕێی کچ ھەڵدەبژێرم. ئەڵێن ئەی لینین تۆ؟ لینینیش دەڵێت: ھەردووکیان. دەڵێن بۆچی؟ له‌ وه‌ڵامدا دەڵێت: لای ھاوسەرەکەم دەڵێم دەچم بۆ لای ھاوڕێ کچەکەم، لای ھاوڕێ کچەکەم دەڵێم دەچم بۆ لای ھاوسەرەکەم. دەڵێن: ئەی دواتر؟ دەڵێت: دواتر گۆشەگیر دەبم و بەتەنیا فێر دەبم و فێر دەبم و فێر دەبم دواتریش ھەر فێر دەبم." (العنف، لا ۱۳-۱٤)، جا ئەگەر لە دۆکینز و ھاوشێوەکانی بپرسین ئەم ھۆکاری ھەموو شەڕە چییە؟ ئەڵێت: ھۆکار ئایینە ئایینە دواتریش ھەر ئایینە! لێیان بپرسین ئەو گەنجەی لە یەکێک لە قوتابخانە تایبەتییەکان لە لاماش، لە گوندی نیکل ماینز، لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، لە ئەمریکا، ھەستا بە کوشتنی پێنچ خوێندکار بە دەمانچە، ھەر لەوێیشدا خۆی کوشت و نامەیەکی بەجێ ھێشت، تێیدا ھاتووە کە ڕقی لە خودایە و نامەکەی پڕ بووە لە ڕق و کینە بەرانبەر خودا(ملیشیا الالحاد، ص ٦۷)، په‌رسڤمان ده‌ده‌نه‌وه‌: ھۆکار ئایینە ئایینە ئایینە.

دۆکینز دەڵێت: "دوژمنایەتیی من یان ھەر مولحیدێکی تر لەگەڵ ئایین، لە چوارچێوەی وشە دەرناچێت لە ھەر بۆنەیەکدا بێت. من بەنیاز نیم کەسێک بۆمبباران بکەم، کەسێک بەردباران بکەم، سەری کەسێک بپەڕێنم، ئاگر بکەمەوە بۆ سووتاندنی کەسێک، کەسێک لە خاچ بدەم یان بە فڕۆکەوە خۆم بکێشم بە باڵەخانەیەکی سەرلەئاسماندا، تەنیا لەبەر ئەوەی ناکۆکیی ئایینناسی لە ئارادایە." (وەھمێک، لا ٥۹۳)، دۆکینز پێمان دەڵێت ئێمە چەکی دەستمان وشە و قەڵەمە، نەک چەک، بەڵام مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە زۆرێک لەو بزووتنەوانەی کە بە نووسین و بە شێوەیەکی ھێمن دەستیان پێکردووە، دواتر بە شوێنێک گەیشتوون خۆشیان پێشبینییان نەکردوە، مارکس کاتێک بۆچوونەکانی خۆی دەنووسی، بەھێمنی و لە شێوەی کتێبدا بڵاوی دەکردنەوە، چەندین بابەتی ڕەخنەیی ھەیە لە نەیارە فکرییەکانی، ھەمووی بە وشە و لە شێوەی نووسین دەربڕیوە، بەڵام ھەر ئەو فەلسەفەیە کە لە کتێبخانەکانەوە دەستی پێ کرد، دواجار ملیۆنان مرۆڤی بۆ کرایە قوربانی، بە جۆرێک خودی مارکسیش پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد.

بۆچوونەکانی دۆکینز، ھاریس، ھیتشنز و ھاوشێوەکانیانمان خستنە ڕوو، بینیمان چەندە توندن و چەندە تۆوی توندوتیژییان لە خۆیاندا ھەڵگرتوە، تەنھا کیانێکی سیاسییان بەسە کە ئەو بۆچوونانە تەبەنی بکات، ئەوکات دەبینین کە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی دۆکینز و ھاوشێوەکانیان چۆن گۆمی خوێن ھەڵدەستێت. نموونەی تریشمان ھەیە، موعتەزیلەکان کە بە گفتوگۆ و خستنەڕووی بۆچوونەکانیان دەستیان پێکرد، دواجار ھێزیان بەکارھێنا بۆ سەپاندنی بۆچوونەکانیان، دۆکینزیش لەوە بەدەر نییە.




لینکی به‌شه‌کانی تر:

به‌شی یه‌که‌م

تاگەکان    
ئەیاد قنێبی نیشتیمان وەرزش کورد جوانی قوتابخانەکانی نوور گفتوگۆ قودس زانایان ئایا سۆفیا شیرک مۆدێرنیتە مردن بوووژانەوە مۆدێرنە
فیکر
2019-02-10 کۆمێنت 1637 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی