ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە! (ناسیۆنالیزم و ڕیفۆرمی ئایینی بە نموونە)

فیکر 2019-02-07 کۆمێنت 2073 جار بینراوە

نووسينى: به‌ڕێز ئيسماعيل
به‌شی یه‌كه‌م

کاتێک بابەتێکی جیددی و ڕاستەقینە بەھۆی ھەڵەی بانگەشەکه‌رانی ناشیرن دەبێت، ئیتر ئومێدێک نامێنێت بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە. بەداخەوە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە کوردستان دوو شت زۆر ناشیرن بوون، یەکەم (بابەتی کوردایەتی و باسی ناسیۆنالیزم) بە ھۆی فەساد و شکستی حوکومەتداریی جووتحیزبەکە، دووەمیش بابەتی (نوێبوونەوە و باسی ڕیفۆرم) بە ھۆی ھەندێک بەناو ڕیفۆرمخواز و نوێگەر.

لە ڕاستیدا کێشەی ئێسته‌ی کوردستان بووەتە نان و بژێویی ژیان، ئەگینا ھیچ بابەتێک بە ئەندازی کرانەوە و نوێبوونەوەی گوتاری ئایینی لە دوای ھاتنی داعشەوە، بازاڕی خۆش نەدەبوو. بەداخەوە کێشەکانمان ھێندە زۆر و ئاڵۆز بوونە، وایان لێکردووین ھەموو شتێک بە تێکەڵی و شێواوی ببینین، کاتێک توێژەرێک قسەیەکی نوێ دەکات لە میدیا، ھەمووان بەڕاست و چەپ دەکەونە سەری و ھەزار درۆ و تۆمەتی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن. ھەم کاکی توێژەر پێویستە ھەموو شتێک لەسەر میدیا نەوروژێنێت، ھەمیش ئەم خەڵکه‌ی خۆمان فێربن ئەوندە بە تەشەنوجەوە مامەڵە نەکه‌ن.

کاتێک مێژووی کوردستان دەخوێنینەوە، ورد دەبینەوە لە شۆڕشەکانی (شێخ سەعیدی پیران، شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، قازی محەممەد و، شێخ مەحموودی حەفید...)، دەبینین ھەموویان بۆ سەربەخۆییی کوردستان و حوکومڕانیی کوردی ھەوڵیان داوە. ئەی چی بووە وا گەنجەکانمان بۆ ئەورووپا، ئامادەن ھەر چوار پارچەی کورستان بە ئاودا دەن؟ بەداخەوە لە سایەی حوکمێکی  کوردیی ناشرین و ناعادیلانەوە، ھەموو ڕوحی ئینتیما بۆ خاک و نەتەوەیان ناشرین کردووە. بۆیە نووسیومە ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە!

با ئیتر مەفھومی کرانەوە بە داخراوییەوە وەرنەگرین! ئایا کرانەوە بۆ تەیارێکی سەلەفی  پێویست نییە کاتێک مۆسیقا حەرام دەکات و وێنە ناگرێت، خۆپیشاندان و دەنگدان و ھەڵبژاردن لای یاساغە و بە حەڕامی دەزانێت؟  ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە دووبارە خوێندنەوە  و پێناسەی بەشێک لە کتێب و توراسمان بکەین و قسەی جیددی لەسەر (ڕەجم و ڕیدە و نەسخ و حوکمی شەرعی...)، بکرێت؟

ئایا کرانەوە بۆ دەسەڵاتدارەکانمان پێویست نییە کاتێک دەسەڵاتیان تەنھا بۆ خۆیان قۆرخ کردووە؟ ئایا کرانەوە بەڕووی ھاوڵاتیان و گوێگرتن لە خەم و ئارێشەکانیان گرینگ نییە؟!

بە بڕوای من کێشەی ئێمە تەنھا لە چەمکەکەیە، ئەگینا کرانەوە مانای گەورەی ھەیە. کرانەوە بە واتەی ھێنانی گۆرانبێژی بیانی و ئاھەنگی ھەڵبژاردنی شاجوان و خۆڕووتکردنەوە نایەت؟ ئەم بەڵایانە خۆیان وشەی کرانەوە و بەرەوپێشچوونیان ناشیرن کرد! بەداخەوە. بۆیە پیاو لە ڕووی نایەت قسەیش لەسەر ئەم بابەتە بکات.

لێرەدا تیشکێک دەخه‌ینە سەر چاکسازیی ئایینی، کۆمەڵێک بابەت بەر گوێمان دەکەون یاخود دەیخوێنینەوە وەکو (دەجال و مەھدی خوڕافەیە، ڕۆژووی ڕەمەزان فەڕز نییە، عەزابی قەبر نییە، جەھەننەم نییە و خوڕافەیە، ٧٢ حۆری لە بەھەشتدا نادرێن، حومکی شەرعی و دەوڵەتی ئیسلامی کاتی بەسەر چووە و، ڕەجم و نەسخ و ڕیدە ئەسڵیان نییە لە قورئان...) جارێ ئەو باسانە ئەوەمان پێدەڵێن خوێندنەوەیەکی نوێ و پێداچوونەوەی جیددیمان بۆ ئەم بابەتانە پێویستە! ئەمە یەکەم، دووەمیش؛ ئەگەر ھەست دەکەی ئەم باسانە کەلێن لە ئیمان دروست دەکه‌ن، گرینگیان پێ مەدە و لێیان دوور بکەوە. (بەڵام لە خۆتەوە کەس تەکفیر مەکە. ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە!) سێیەم؛ ئەوەی ئەم قسانەی کرد شەرت نییە موجەددید و چاکسازی ئایینی بێت، کوردەواری دەڵێت: (ھەموو سمێڵ سورێک ھەمزە ئاغا نییە!) ئەم بابەتانە لە کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک ناو و توێژەرەوە دەوروژێندرێن، ئەم بابەتانەی لای ئێمە نوێیە، لای بەشێک لە زانا کوردەکانی خۆمان وەکو مەلای گەورە و م.ناسڕی سوبحانی، لەمێژە وتراون. بۆیە قسەکەی من ئەوەیە، ئەوەی دەخوێنێتەوە و توێژینەوەی ورد لەسەر ئەم بابەتانە دەکات، پێویست ناکات ھەموو قسەیەک لە میدیاوه‌ بکات! چونکە ھەم خۆیان ناشیرن دەکەن و ھەمیش ڕێبازی چاکسازانی ئایینی و ئیسڵاحیی وەکوو (جماله‌ددينی ئه‌فغانی، محه‌ممه‌د عه‌بدە، مەلای گەورە و، شێخ محەممەدی خاڵ...) ناشرین دەکەن.


تاگەکان    
ڕۆژاوا شەڕ سۆفیگەری شیرک دوعا پۆدکاست حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی موناجات نەتەوایەتی سەرفیترە نامە ئاوی زەمزەم ئیسرائیل کۆرۆنا چیرۆک
فیکر
2019-02-07 کۆمێنت 2073 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی