ڕێڕەوی کانیاوی ژیان

فیکر 2019-02-05 کۆمێنت 1562 جار بینراوە

نووسینی: نوسیبە عەبدولڕەزاق

تێبینی: ئەم نووسینە تەنھا بۆ بوێرەکانە گەر لەوان نیت مەیخوێنەوە!

لەم ماوەیەدا خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بووم، تا ڕادەیەکی باش ئاوێتەی باس و خواسی کتێبەکە بووبووم، چ لە ڕووی شێوازی گێڕانەوەكه‌ی چ خودی بابەت و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی. کتێبەکە لەبارەی کچێکه‌وه‌ بوو کە لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە بەردەوامی نامەی پێدەگەییشت. ئەو نامانەیش گوزارشت بوون لە فەلسەفەی ژیان و بوون. نامەیەکیان سەرنجی ڕاکێشام و لە ئەندێشەمدا نیشتەجێ بوو، ئەوەتا لێرەدا ھەوڵ دەدەم بە تێگه‌ییشتنی خۆم تێکەڵ بە بابەتێک کە دەمێکه‌ حەزم لە باسکردنیێتی، لە ڕێیەوە بیخەمە ڕوو و باسی لێوە بکەم.

ناوەڕۆکی ئەو نامەیە بریتی بوو لەوەی گەردوون و ژیان ھەموویان سەرسامکەرن و نامۆن، شتێ نییە لەو جیھانەدا ئاسایی بێ، وەلێ کە ئێسته‌ من و تۆ باڵندەیەک بە ئاسمانەوە دەبینین کە دەفڕێت بەبێ ھیچ ڕاگرێک ھیچ بەلامانەوە سەرسامکەر نییە، مرۆڤێکی تر دەبینین وەک خۆمان دەڕوات دووبارە سەرسام نابین، دارێکی بەرز، ماسییەک لەناو ئاودا دەجوڵێتەوە، دەنگی ترپەی دڵمان، بینینی ڕەنگی زەردەپەڕ و، ئەو ڕووبارەی کە ڕێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە و ھیچ شتێ ڕای ناگرێ، بەڵام بیھێنە بەر چاوت منداڵێک تازە لەدایک دەبێت و دوای خولەکێک دەست دەکات بە قسەکردن وەک من و تۆ، لەولاترەوە ئەندازیارێک بەبێ فڕۆکە و باڵی دەستکرد ھەر لە خۆیەوە دەفڕێت بەسەر باڵەخانەکەیدا، یا بیھێنە بەر چاوت مرۆڤێک لەناو دەریادا دەژیێت، گەر لە ئاوەکە دەریکەیت دەخنکێت، لەوانه‌یە ئه‌م شتانه‌ به‌ وەھم یا موعجیزە ناو ببه‌ین، یان ھەرچییەک بە خەیاڵتدا دێ، جیاوازیی چیە ئێمە بەھۆی ئاوەوە بژین یان ھەوا؟! بۆچی سەیرە ئێمە وەک باڵندەکان بفڕین بەڵام سەیر نییە کە بە پێیەکانمان لەسەر زەوی بڕۆین؟! وەڵامەکە ئاسانە، ئێمە ڕاھاتووین! ڕاھاتووین بە ڕووداوەکانی دەورووبەرمان. ھەموو بابەتەکە ئەوەیە کاتێک ئێمە شتێک غەیری ئەوەی ڕاھاتووین دەبینین، سەخت دەبێ بە لامانەوە قبووڵی بکەین، تەنھا لەبەر ئەوەی کە ڕانەھاتوین بە بەردەوامی بیبینین یان ئەزموونی بکەین، گەرنا ھەموو شتێک لەم جیھانەدا موعجیزەیە! ھەموو ڕووداوێک سەرسامکەرە، دەکرێ پێشبینیی ھەموو شتێ بکەین، ئاساییە و لە لای پەروەردگار ئاسانە ئەوەی ڕۆژێک تۆ بە ئەستەم بینیوتە بەھۆی ڕاھاتنتەوە ئەو لە بەردەمتی دابنێ و تۆیش بیبینی، کەواتە ئەوە توانای خودا نییە کە کەموکورتیی تێدایە بەڵکو ھزر و ئاوەزی تۆیە کە ڕاھاتووە بە ڕۆتین و دووبارەبوونەوە و، دایم لە گۆڕانکاری دەترسێت. پەیوەندیی ئەوە چییە بە بوێربوونه‌وه‌؟ دەمەوێ ئەوە بڵێم کاتێک مرۆڤ فێر دەبێت ڕابێت بەو ڕووداوە دووبارەبووانەی کە بە درێژاییی کات ڕوو دەدەن، ترسی لادان لەو ڕێڕەوە لە دڵی دروست دەبێت. ئەوەتا کاتێک منداڵێک ھێشتا ڕانەھاتووە بە ئاگر، دەستی بۆ دەبات بێ ئەوەی لێی بترسێت، لەوانەیە دوای چەند جارێک سووتانی ده‌ستی ئەوکات ڕابێت و فێربێت کە نابێ دەست بۆ ئەو شتە ببات. ئەمە نموونەیەکە تەنھا بۆ شتە خراپ و مەترسیدارەکان نا بەڵکو بۆ باشەکانیش، چۆن؟! زۆر جار مرۆڤ تاسەی شتێک دەروونی داگیر دەکات و پڕ به‌ دڵی داوای دەکات، بەڵام بەھۆی ئەوەی ڕانەھاتووە ئەو یاسایە دووبارەبووەوەیە بشکێنێت کە کەسانی پێشوی یان لە سەردەمی ئەو لەسەری ڕۆیشتوون، بۆیە لە ترسی ئەوەی نەوەک لە تاقیکردنەوەی بەدەستھێنانی ئەو شتە ھەڵە بکات، یا شکست بهێنێت یا کەسانی دەوروبەر بە شێوەیەکی نامۆ و تووڕەیی سەیری بکەن، یانیش بەھۆی چاکەی کەسە نزیکەکانی بەسەرییەوە _کە زۆر جار نایشتوانن لەو تامەزرۆییەی دڵی تێبگەن_ تا دڵیان نەڕەنجێ ئامادەیە بڵێسەی ده‌روونی و ئەو خەونەی کە ھەیەتی دابمرکێنێتەوە! ئەوکات چۆن دەتوانێت ئەو ترسە پەردەپۆش بکات و خۆی بە بەھێز و ڕاست دەربخات؟ ناچار بەرگی شەرع یا واقیع یا ئەقڵ یانیش قەدەر دەكاتە بەری!

ئەوەندە قەڵس و دڵتەنگم لەباسی شەرع _ لێرە مەبەست لێی ئایینی ئیسلام و پڕۆگرامەکانییەتی_ تا ئێسته‌ لە ھەموو ڕێڕەوی مێژوو شتێکم نەبینیوە هێنده‌ی ئایین زۆڵملێکراو بێت، ئەوەی دێت ھەڵەیەک دەکات شتێک دەشکێنێت، دواتریش ھەر بە بەھانەی شەرع خۆی دەرباز دەکات و ئەو ھەڵەیەی دەخاتە سەر خوا و ئایین، گوایە فەرمانی خوایە و ئەو بەو شێوەیە پێی خۆشە، به‌هه‌رحاڵ با لەوە گەڕێین خۆی بۆ خۆی بابەتێکی سەربەخۆ و قووڵە... گەر بێینە سەر ئەقڵ دەزانین ھەموو کات بڕیاری ئەقڵ یەکسان نییە بە بڕیاری دروست، کەسمان وەک باوەڕدار گومانمان لەوە نییە کە کار و شەریعەتەکەی پەروەردگار ناکرێ نەنگی و ناتەواوی لەخۆ بگرێ، کەچی وەک ئیمامی علی ڕەزای خوای لەسەر بێت فەرموویه‌تی "گەر بە ئەقڵ بووایە دەبوو مەسحی ژێرەوەی خوف بکرێ نەوەک بان خوفەکە" گەر باسی واقیعیش بکەین، دەڵێم ئەو وشەیەی کە سەری زۆرێک لە خەڵکی سەردەمی مۆدێرنەی کڕیوەتەوە بە خودی خۆیشمەوە تا ئەو دواییانە کە تێڕوانینم بۆی گۆڕا، بەھانەیەکی یەجگار باش بوو بۆ ئەوانەی تەمبەڵی و ترس دەستی لێیان شوشتبوو، لە ڕاستیدا ئێمە لەدایک بووین تا واقیع بگۆڕینەوە بە فانتاسیاکانمان و ئەوان لە ئەرزی واقیع بەرجەستە بکەین نەوەک فانتاسیاکانمان بکەینە قوربانی واقیع، گەر ھاتیت و نەتتوانی بە فانتاسیا و خەونەکانت واقیعێکی چەقبەستوو بشکێنیت، بێیت و نەیەیت جیاوازیی نییە تەنھا جێگه‌یەکت لەو جیھانە گرتووە، مەسەلەی بڕیاری ئەقڵ یا دڵ گەییشتنە بە بەختەوەری، کەواتە دەکرێ ھەریەک لەوان یا ھەردوکیان یا ھیچیان دروست بێ بۆ گەییشتن بە بەختەوەری.

موعجیزەکان ھەموو ڕۆژێ ڕوو دەدەن ئەوە ئەقڵی ئێمەیە لەو سەردەمی ماددەگەراییه‌ی کە بە بێئاگایی ڕووپۆشی ھەموو شتێکی کردووە بەجۆرێک شتێک لەگەڵ ئەقڵ و واقیع گونجاو نەبێ بە حەقیقەتی نەزانین، لەوەیش خراپتر نە ددان بەو ھەڵەیەدا دەنێین کە باوەڕمان پێی ھەیە، نە خۆیشمان بە ھەڵە دەزانین، بەڵکو لەوانەیە خراپتر لەوەیش کەسێک بیەوێت ئەو واقیعە بەبەردبووە و یاسا ڕک و وشکبووەکانی ئەقڵ و جیھانی ماددە بشکێنێ بەوە لە قەڵەمی بدەن کە شەڕ لەگەڵ قەدەر دەکات، یان ئەوەی ترسنۆکی و ھەڵەکەی بشەرعێنێ و جلی ئایین و حەقی لەبەر بکات و بیەوێ بەھۆیەوە قەناعەت بە خۆی بکات و بەرانبەری دەمکوت بکات. دەکرێ ئەو فانتاسیایەی ئەمڕۆ واقیعێک لە داھاتوودا بخولقێنێ وەک چۆن ئەو واقیعەی ئەمڕۆ بەرھەمی فانتاسیای دوێنێ بوو، ئەی چۆن بوو بەوەی کە ئێسته‌ ھەیە؟ بێگومان لە ڕێگه‌ی کەسانێک کە بوێریی شکاندنی یاسا سنووردارەکان هه‌بوو، ئەو یاسایانەی کە نە ھی خودا بوون تا نەگۆڕ و متمانەپێکراو بن، نەیش ھیچ حیکمەتێک لە دانانیان ھەبوو جگە لە کۆتکردن و ھێشتنەوەی زەمانە و ڕووداوەکان لەسەر ھێڵێکی جێگیر، ژیان بە سوپڕایزەکانەوە جوانترە، بە سەرکەشیەکانه‌وه‌ ئاڵوواڵاترە، بە شتە ناڕۆتینییەکانه‌وه‌ چێژبەخشترە، گەر بە کرداریش ھێشتا نەگەییشتووی بەو پلەی بوێرییە، لانی کەم با دڵ و مێشکت باوەڕی بەو موعجیزانە ھەبێ کە دەکرێ لەھەر کاتێکدا ڕوو بدەن، چونکە ڕۆژێک دێت ئەوەی له‌ناو ئاوەزتە بێتە دەرەوە و لە بەرانبەرتدا بیبینی، ترسنۆکەکان واقیع دەکەنە بیانوو، بوێرەکانیش ڕێڕەوی ژیان دەگۆڕن... پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر دەفەرمووێت "ئەگەر بە تەواوی پشتبەستنتان، پشتتان بە پەروەردگارتان ببەستایە ئەوا وەک چۆن چۆلەکەیەک بەیانی زوو لە ھێلانەکەی دەردەچێت و ئێوارە بە سكی تێره‌وه‌ دەگەڕێتەوە، بەو شێوەیە خوای گەورە ڕۆزیی پێدەدان"، نموونەکەی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، جوانیی لێ دەتکێ، ئەوەتا ھەم باسی ئومێدە ھەم کارکردن، خواردن ڕۆزیە، سەرکەوتن ڕۆزیە، خۆشەویستی و ئەشق ڕۆزین، ھیچ ڕۆزییەکیش بێ ئەو دوو مەرجە بەدەست نایەت، یه‌كه‌م پشت بە خوا بەستن و، ئه‌وی دی ھەوڵدان و شکاندنی بەربەست و یاسا داڕێژراوەکان. ئەمە ئەو دوو خاسییەتەن کە بوێرەکان پێی ڕازاوەن و خاسییەتیانە. گەر ناتوانی ھەنگاو بنێیتە نێو جیھانێکی نوێ و ژیانێکی تازە تاقی بکەیتەوە، کەواتە مافی ئەوەت نییە داوای دەستکەوتێکی گەورە بکەیت لە ژیانت. جا ئەو دەستکەوتە شتێک بێت یان کەسێک.

خاتەمی کەلام ئەوەیە ئەم نووسینە جگە لە خەیاڵێکی پووچ و ئەفسانەیەکی دێرین زیاتر نییە بۆ کەسانێک کە سەختیی ڕێگه‌کان چۆکیان پێ دادەدات و ژێردەستەی ترسی دەروونیانن. ھیوایەک و حەقیقەتێکیشە بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە پشتبەستن بە پەروەدگار ھەیە و دەیانەوێ ڕێڕەوی کانیاوی ژیان بگۆڕن بەرەو دەریای خەونەکانیان...



تاگەکان    
حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی هاوڕەگەزخوازی یاری شەڕ کۆرۆنا دوعا چەواشەکاریی_لۆژیکی ڕۆژاوا کۆیلایەتی دەربارەی کتێب گۆرانی فیکر کورد قەدەر چەواشەکاریی لۆژیکی
فیکر
2019-02-05 کۆمێنت 1562 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی