حەکیم کاکەوەیس، هەواری خەم، ڕووباری وشەی جوان

ئەدەب 2019-01-24 کۆمێنت 1703 جار بینراوە

نووسینی: ئەمجەد شاکەلی
به‌شی سێیه‌م(کۆتایی)


   کە لە نەخۆشخانەکەی کاک ئازاد موستەفای لێبوو، لەگەڵ کاک حەکیم و کاک ئازاددا، ڕۆژانە یەکدیمان دەدیت، جارێکی کاک حەکیم باسی وەرگێڕانی نووسینە عەرەبییەکانی مەسعوود موحەممەدی هێنایە گۆڕی، کە بەڕاستی کاک ئازاد و منیش بۆخۆم، گەلێک پێمان باش بوو و بە پرۆژە و کارێکی زۆر نایاب و سوودبەخش هاتە بەرچاومان. کاک ئازاد، گوتی:"ئێوە هەردووکتان دەتوانن پێکەوە وەها کارێک بکەن و گومانیشم نییە باشی دەکەن و سەرکەوتوو دەبن". من دەمزانی کاک حەکیم عەرەبییەکی تا بڵێی جوان دەزانێت و دەتوانێت نەک وەرگێڕان، بەڵکە بۆخۆی کتێبیشی پێ بنووسێت، لێ من ئەو توانستەم لە خۆمدا وەدی نەدەکرد و پێم ئاسان نەبوو و داوای لێبوردنم کرد و گوتم:"عەرەبییەکەی مەسعوود موحەممەد، عەرەب بۆخۆیان لێی تێناگەن، منێکی هەژار کوا ئەوەم پێ دەکرێ! هەرگیز خۆم ناخەمە ژێر ئەو بارەوە". من دەمزانی کاک حەکیم، عەرەبیزانێکی زۆر شارەزا و توانایە و دەمزانی کارێکی وا، مەگەر هەر بەو بکرێ.  کاک حەکیم، شانی دایە ژێری و مەسعوود موحەممەدە عەرەبییەکانی، هەموو، کردنە کوردی و چ کوردییەکیش، بەڕاستی تۆ کە دەیانخوێنییەوە، هەر وا دەزانیت مەسعوود موحەممەد بۆخۆی بە کوردی بەو جۆرەی نووسیوە.

کاک حەکیم، کوردیزانێکی توانا بوو، ڕووبارێک بوو لە دەربڕینی سفت و بەهێز و کوردانە و زەریایەک بوو لە وشەی جوان. هەرگیز بۆ وشە دانەدەما و وشە وەک تاوەبارانی بەهارێ، بە سەریدا دەبارین و ئەو لەژێر بارانی وشەدا خەنی دەبوو و دەیچڕین و ناوازەترینیانی هەڵده‌بژارد و گوڵڕستەی لێ دەکردن بە تاجەگوڵینە و بەرامەی خۆشی بۆ تۆ و بۆ من و بۆ خوێنەر دەبەشییەوە. خەیاڵێکی تا هزر بڕ بکات، فراوان و بەرینی هەبوو و چیرۆکی لێ دەچۆڕا، ڕۆمانی لێ شین دەبوو. کەسەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکانی کاک حەکیم، بۆخۆیان وەدووی کاک حەکیمدا دەگەڕان و دەیاندواند و لێیان دەپرسی و بە گوێیدا دەیانچرپاند و خەویان لێ دەزڕاند، بۆوەی بیانهێنێتە زمان و نەستیان بخوێنێتەوە و دواتریش گوێ بۆ دەردەدڵ و ڕازەکانیان شل کات. کەسەکانی ئەو، کەسە نزیکەکانی خۆی و تۆ و من بوون و ئەوانەن ئێمە ڕۆژانە دەیانبینین و دەیانناسین و زۆرجارانیش ئێمە خۆمانین. ئەو پاشخان و گیانە گوندی و دەشتەکییەی کاک حەکیم، لەتەک هەموو دەربڕین و دەستەواژەیەک یا وشەیەکی بەکاری دەهێنان، تێکەڵ دەبوون و  ڕەسەنایەتییان بە داهێنانەکانی دەبەخشی. کاک حەکیم، گەلێک چالاک بوو، دەیخوێندەوە، دەینووسی، بەردەوام دەینووسی. هەرگیز کاتی بە فیڕۆ نەدەدا و تەنانەت بەو باری نەخۆشییەیشییەوە، هەرگیز وچانی نەدەدا و هەمیشە شتێکی نوێی هەبوو و هەمیشە ئاوڕی لە باسوخواس و بابەتێک دەدایەوە. وەرگێڕانەکانی، هیچیان لە نووسینەکانی خۆی کەمتر نین، ئەوانیش شاکارن و ڕەنگینترین وشەی بەبەردا کردوون و هەر دەڵێی بۆ خۆی ئەو ڕۆمانانەی نووسیون. تاکە کارێکی هاوبەشی کاک حەکیم و من دیداری"ئەوەی نابێ بگوترێ، دەبێ بگوترێ"ی، پرسیارەکانی ئەو و وەڵامەکانی منن. کە "تەونی جاڵجاڵۆکە"کەیشی بڵاو بووەوە، ڕانانێکم بۆ کرد.

کاک حەکیم، پیاوێکی خاکەرای دەستپاکی سەربەرزی ئەو کوردستانە بوو. ئەو هەرگیز هێندەی ڕێزەیەک گیانی لەخۆباییبوون و لووتبەرزیی تێدا نەبوو، سەرباری هەموو سەختی ژیان و باری ئابووری و ناساغی و ناتەندروستی خۆی، هەمیشە سەربەرزانە دەژیا و بۆ جارێکیش گازندەی لە بەختی خۆی نەدەکرد. لە تەواوی ئەو 34 ساڵەی کاک حەکیمم ناسی و دۆستایەتیم لەگەڵدا هەبوو، لە نێزیکەوە ئاگام لە وێستگەکانی ژیانی ستۆکهۆڵم و یەڤلە و دارەتوو و حەساری بوو و دەمزانی چەندە دەستکورت و نەدارە، بەڵام دەشمزانی هێندەی کەژێک خۆڕاگرە و هەرگیز ناچەمێتەوە. کاک حەکیم، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی، مانەندی ئەو لەشکرە بە ناو "ڕووناکبیر" و "نووسەر"انەی لەنێو پارەوپووڵدا مەلە دەکەن و لەسەر خوانی حیزب و دەسەڵات دەلەوڕێن، وەها کارێک بکات و ئەویش بۆ خۆی هەمیشە بوخچەی پڕ و خۆشگوزەران بژی، لێ ئەو پێچەوانەی ئەوان ڕەوتاری دەکرد، ئەو هەرگیز ئامادەی سەرنەویکردن نەبوو، ئەو ئامادەی ملکەچبوون بۆ هیچ جۆرە چێژێکی ماددە و سامان و پاشکۆکانیان نەبوو. ئەو سەربەرزانە، پشتڕاستانە، بێمنەتانە ژیا و مرد.

حەکیم کاکەوەیس، پاژێک بوو لە ئاگایی و ویژدانی نەتەوەی کورد. ئەو خەمی نەتەوە و خاک و نیشتمانەکەی، هەمیشە وەک کۆڵەپشتێک بە کۆڵەوە بوو و بۆ ساتێکیش کوردستان و کوردی فەرامۆش نەدەکردن. ئەو زوو بەجێێهێشتین، هێشتا مابووی، زۆری پێ بوون، کە هێشتا نەیگوتبوون، چیرۆک، ڕۆمان، پەخشان، وەرگێڕان و داهێنانی زیاتری مابوون. ئەو کوردستانیانە دەخەونی، هێز نەبوو خەونەکانی لەبیر بباتەوە و  ناچاری دەستبەرداربوونیان بێت، مەرگ نەبێ. مەرگ خەون و گەیشتن بە ئامانج و مەبەست نازانێت،  مەرگ لێنەگەڕا و ئەو و خەونەکانی و ئەو و ئێمەی لەیەکتر دابڕی و دوورخستەوە. داهێنان و کارەکانی ئەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە و چرۆ دەکەن، گوڵی نوێ دەپشکوون و گوڵستانێک، بۆن و بەرامەی خۆش دەبەخشنەوە. 

2018-12-17



لینکی به‌شه‌کانی تر:

به‌شی یه‌که‌م
به‌شی دووه‌م


تاگەکان    
کونە ڕەشەکان زانکۆ هاوڕەگەزخوازی چەواشەکاریی_لۆژیکی دەروونناسی ئەنیمی ژن وەلی ئەمر کۆمەڵکوژیی بۆسنە جەنگی هۆشیاری حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی دیزاینی زیرەک موناجات ئیسرائیل گۆرانی
ئەدەب
2019-01-24 کۆمێنت 1703 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی