ئایینی بێبڕوایان

فیکر 2019-01-22 کۆمێنت 741 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی
وەرگێڕانی: عەلی حسێن


   هونەری زانست هەر هێندەیە، تۆسقاڵ تۆسقاڵ لە کێوی وڕێنەکانی مرۆڤ کەم بکاتەوە. ئێمە هەرگیزاوهەرگیز باری قورسی وڕێنەکانمان داناگرین. زاناترین مرۆڤیش هەر خەریکی وڕێنەیە؛ گریمان کەمتر لە کەسانی دیکە؛ هەرچەند ئەم کەمی و زۆرییە، مرۆڤەکان لێک جوێ دەکەنەوە.

زانستی من ئێستاکە، لە هیی سوکرات زیاترە، چون من زیاد لە دووهەزار و پێنجسەد ساڵ دوای وی چاوم بە دنیا هەڵهێناوە و کەلەپوورێکی بەنرخی زانست و ئەزموونی مرۆییم خراوەتە بەردەم. بەڵێ، زانستی من لە هیی سوکرات پترە، بەڵام ئەو لە من زاناترە، چون ئەو زێتر لە من، خۆی لە چنگی وڕێنە قوتار کردووە.

مرۆڤ ناتوانێت لە دەستی وڕێنە هەڵبێت، مەگەر بە پەرجووی ویژدان و بێفیزی. دەفری زانست، تنۆک تنۆک لە ئۆقیانووسی وڕێنەمان کەم دەکاتەوە، بەڵام ویژدان و بێفیزی، بە یەکجاری تەواوی ژار و زیانی وڕێنە دەپووچێننەوە. زانایی، واڵاکردنی گیانە بۆ شنەبایەک کە نازانین لە کوێوە هەڵدەکات و ئەو دوو دەستەی پەنجەرەکان بە ڕووی هەوای تازەدا بە کراوەیی دەهێڵنەوە، چاکەی بێڕکابەری ویژدان و خاکیبوونن. دوژمنی مرۆڤ نەزانی نییە، دوژمنی وی ئەو دەستەیە پەنجەرەکان دادەخات. دوژمنی مرۆڤ، تێڕوانینی بەئاوەز لە بێئاوەزی ئەوە بۆ خەڵکی دیکە و پەرستنی کۆنەکاڵای خۆ.


دە با هەر بە ویژدان و بێفیزیی تۆ بڵێن بێدینی. بێدینی جنێوێکە، شەمشەمەکوێرەی وڕێنە، بە هەتاوی پێکەوەهەڵکردنی دەدات.

از همە بیچارەتر خفاش بود

کو عدوی آفتاب فاش بود

”شەمشەمەکوێرە لە هەموو گیاندارێک داماوترە، چون دوژمنی خۆری درەوشاوەیە.“ لە دنیادا هیچ لە پۆشینی جلی کەشخە ئاسانتر نییە. لێیان گەڕێ پۆشاکی کەشخە لەبەر کەن. با بۆ خۆیان بە پێکی خاڵی مەست بن و هاتوهاواریان بێت. ئایینی ڕاستەقینە ئەوەیە، لە تینووێتی و چاوەڕانیدا بتهێڵێتەوە؛ هەموو ڕۆژێک، گیانت بە پرسیارێکی نوێ بگەزێت و زمانت لە گۆ بخات. ئایین کڵاوی جادووبازی نییە؛ کارگەی بەرهەمهێنانی دەبێت و نابێت نییە؛ بریتی نییە لە چەقینی شەمەندەفەری تێگەیشتنی مرۆڤ، لە وەستگەی مێژوودا. بنبەستنشینان، فەلسەفە دەکەن بە مریشکی دەستەمۆ و زانست، بە کۆتری سەربانناس و عیرفان، بە ئاینوئۆین و ئایین، بە ناوی کۆڵانی تەسکی خۆیان. لە گوندەکەی ئەو دیوی چیاوە، وڕێنە کوێخایە و هەزار بەڵگە بە دیوارە داتەپیوەکانیەوە هەڵواسراون. دەڵێیت خوا، دەڵێت فەرمانڕەوای جیهان. دەڵێیت پەیامبەر، دەڵێت فەرماندەی گشتی. دەڵێیت ئایین، دەڵێت بیرنەکردنەوە و گوێڕایەڵی. دەبێژیت تۆ، دەبێژێت ڕێگەی بەهەشت. خۆی نەبێت، نکووڵی لە هەمووان دەکات. پیشەی بێبڕوایان هەمیشە نکووڵیکردن بووە.


تاگەکان    
دەروون گێڕانەوە ئەدەبیاتی فارسی خوێندنەوە ئیلحاد سەرفیترە نیشتیمان زانست تەکنۆلۆژیا تەلارسازی کورد گۆرانی سۆفیگەری شیرک مۆدێرنیتە
فیکر
2019-01-22 کۆمێنت 741 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی