ساڵی نوێ

فیکر 2019-01-08 کۆمێنت 2380 جار بینراوە

نووسینی: موستەفا لوتفی مەنفلووتی

كورداندنی بە دەستكارییەوە: یووسف مەلا خەلیل

گشت ساڵێك ڕێك لەم وەختەدا گەشتیارانی سەر ڕووی ئەم جیهانە جماوە، لە یەكێك لە هەوارگەكانی ئەم ژیانەدا دەگیرسێنەوە و ئێستێك دەكەن و هەمووان تاوێك بە مەبەستی حەسانەوە دادەبەزن، سا بەڵكو هیچ نەبێ ساتێك شەكەتی و سەختیی گەشتەكەیان لە گیان دەربچێت و ئەگەر بۆ كەمێكیش بووە؛ دوای شەوڕەویی شەوان و ڕێبڕینی ڕۆژان، دوای سێسەد و شەستوپێنج ڕۆژ، پاش ئەو حەمكە شەكەتییە، دوای ئەوەی بڕستیان لێ دەبڕێت، وەنەوزێك بدەن.

هەر لەوێدا گەشتیاران، هەموو پێكەوە لە بەرزاییەكدا خڕ دەبنەوە و دووبارە یەك دەناسنەوە و چاكوچۆنی دەگۆڕنەوە و هێندێكیان تاسەی دیتنی هێندێكی تریان دەكەن و، ئەم هەواڵی ئەو دەپرسێت و ئەویش هیی ئەم، باسوخواس و دەمەتەقێ گەرم دەبێت و لەم میانەدا، دەبینن و دەزانن كە فڵانە كەس لە برسێتیدا گیانی سپاردووە، فیسارە كەس لە تێنوواندا خنكاوە، ئەوی دی بووەتە قەپاڵی دڕندەیەك، یەكێكی دی دزێك بووەتە هۆی كوشتنی، فڵانی دی فریوی خواردووە و ئەوجا كوژراوە، كابرای دی كوێرایی داهاتووە و كەوتووە و ئیدی مردووە، فیسارە كەس بۆمبێكی پێدا تەقیوەتەوە و پارچەپارچە بووە، ئەوی دی لە فڕۆكە كەوتووەتە خوارەوە و یەكێكیش گڕكان قووتی داوە و تواوەتەوە، كابرای دییش، كەوتووەتە داوی فاڵگرێكەوە و بۆخۆی تەختی زەوی بووە!

پاشان، دوای ئەو هەموو هەواڵە تۆقێنەرە، دەستبەجێ هەر یەكەیان و بۆ لیستی ڕووداوەكانی ڕابردوویان دەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانەی ئێستایانی تێدا تۆمار بكەن، هەر وەك چۆن ئەوانەی ڕابردوویان تێدا یاداشت كردوون و دواتریش، بەراوردێك لەنێوان ئەمە و ئەوەیاندا بكەن. لەناكاو دەبینن كە ئێستایان گەلێك لە ڕابردوو دزێو و خراپ و پڕ شەڕوشۆڕترە و دەبینن كە؛ هێشتا گۆڕەپانەكانی شەڕ لە خوێندا گەوزاوە، كارگەكانی مردن و كوشتنیش هەروەك خۆیان ماون و بگرە تا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت و كەرەستەكانیشیان ڕوو لە هەڵكشانە، هێشتانەكێ نەمامەكانی شەڕ لە دەروونی یەك بە یەكی مرۆڤەكان ئاڵاوە و گەیشتووەتە ڕادەیەك، كەس حەز بە چارەی كەس ناكات و  جارێ گەواڵە هەورەكانی ڕق و كینەدۆزییش، باڵە ڕەش و ناشرینەكانی بەسەر تەواوی جڤاكی مرۆڤایەتیدا، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لەمپەڕی دونیاوە بۆ ئەوپەڕی، بەسەر هەرچی نەتەوە، گەل، ڕەگەز، جۆر، بیروبۆچوون، ئایین، ئایینزا، هەوارگە و نیشتماندا، كێشاوە و ئەمی مرۆڤ، ڕقی لە هاوڕێكەی دەبێتەوە تەنێ لەبەرئەوەی لە ڕەگەزەكەی وی نییە، كە بینییشی لەوەیاندا وەك خۆیەتی، ئەوجا لەبەر ئەوە دەیبوغزێنێت كە ئایینەكەی وەك ئەو نییە، ئەگەر هات و هاوئایینیش بوون، ئینجا حەزی بە چارەی نییە چون هاوزمانی ئەم نییە، خۆ ئەگەر ڕێك وەك ئەو و بە زمانەكەی ئەویش پەیڤی، ئانجاخ ڕقی لێ دەبێتەوە تەنێ لەبەر ئەوەی هاونیشتمانی نییە، كە لەوەشدا هاوڕای بوو، ئەوجا ڕقی دونیای لێیەتی هەر بۆ خاتری ئەوەی هاوپیشە و هاوئیشی ئەوە و كاكیشم بەمە سەغڵەت دەبێت، خۆ ئەگەر لەوەیشدا ڕێگەكەی لە ئەمەوە دوور و جیاواز بوو، ئەوجا ڕقی لێیەتی تەنێ لەبەر ئەوەی هاوڕا و هاوبیری ئەم نییە، دواتر گەر لەمەشدا هاوڕای بوو، دیسان دەیبوغزێنێت، هەر لەبەر ئەوەی ڕەنگی ڕووخساری وەك ئەم نییە، خۆ ئەگەریش هیچ یەكێك لەمانەی شك نەبرد و لە هەموو شتێكدا، هاوئاهەنگ و هاوڕێباز و هاوزمان و هاونیشتمان و هاوڕێ و هاوڕەگەز و هاوئایین بوون، ئەوا هەر ڕقی لێ دەبێتەوە، تەنێ بۆ خاتری ئەوەی كە؛ ئەو مرۆڤێكە جیاواز لە ئەم، تەنێ لەبەر ئەوەی ئەو یەكێكی ترە و هیچی دی، وەك بڵێیت گشت مرۆڤەكان ناچار بن بەوەی، جگە لەو وێنەیەی كە خۆیان هەموو ڕۆژێك لە ئاوێنەدا دەیبینن، ڕقیان لە هەرچی وێنەی دی هەیە بێتەوە. وەختێكیش لە تۆماركردن و تەماشاكردن و بەراوردكردنی ئێستا و ڕابردوویان دەبنەوە، ئەوجا تاوان و كرێتییەكی دی دەخەنە سەر خەرمانی خراپەكانی ڕابردوویان، كە ئەویش تاوانی فێڵ و درۆیە! ئاخر خۆیان لەو حەمكە خراپە و ناشرینییە نەبان دەكەن و هەر یەكە و دەست دەنێتە نێو دەستی براكەی و پیرۆزبایی ساڵێكی پڕ لە شادی لێكدی دەكەن و بەو بۆنەیەشەوە، ئاهەنگ و خۆشیی دەگێڕن و هیوای بەسەرداهاتنەوەی گشت ساڵێكی تژی لە كامەرانی و خۆشگوزەرانی بۆ یەكدی دەخوازن و پاشانیش، یەكتر بەڕێ دەكەن و هێدی هێدی ئەو ناوە چۆڵ دەكەن، تا پێشوازی لە قۆناغی داهاتوو بكەن، دوای ئەوەی قۆناغێكی دیكەی ڕابردوویان تێپەڕاند!

ئاخر نازانم ئەو خەڵكە بۆ چ شتێك و لەسەر چ بنەمایەك، خۆشیی دەگێڕن و پیرۆزبایی لێكدی دەكەن؟!

تێ ناگەم، چ شتێكیان لەو دونیایەدا شك بردووە وا هێندە بە تامەزرۆییەوە لەپێناو مانەوە تێیدا دەكۆشن و ئاوات بە بڕینی قۆناغێك لە قۆناغەكانی دەخوازن؟! ئاخر كێیان هەیە هێندە بوێر بێت و بە زمانێكی لێوانلێو لە ڕاستگۆییەوە ئەوە بدركێنێت، كە لەنێو ناخیدا دەگوزەرێت و بڵێت: ئەو هەر بە ڕاست لە تەمەنیدا، ڕۆژێكی پڕ لە شادی بەسەردا هات، هەروەك چۆن شەوەكەی وا بوو، یاخود شەوێكی تژی لە خۆشی میوانی بوو، هەروەك چۆن ڕۆژەكەی شاد و كامەران بوو، یاخود هەر بە ڕاست ڕۆژێكی لەو هەموو ڕۆژە تێدا بەدی كرد؛ كە بروسكەیەك لە بروسكەكانی كامەرانی لە ئاسمانی ژینی ئەودا بدرەوشێتەوە و هاوزەمان لە پاڵیدا ئەوە نەبینێت، كە لە شەوێكی پڕ لە چەخماخەدا دەیبینێت؛ وەك ستێرەی بەربووەوە، هەورەتریشقەی پڕ لە گرمە، بڵاچەی سووتێنەر و، تەمومژی چڕ و ئاڵۆسكاو؟!

ئاخر پێم ناڵێن ژیان بە چ نیعمەتێك لە نیعمەتەكان یاخود بە چ چاكەیەك لە چاكەكانەوە منەتی بەسەر كەسێكدا هەیە، كە تێیدا لە تاریكایی منداڵدانەوە بۆ تاریكایی گوزەران، لە تاریكایی گوزەرانیشەوە بۆ تاریكایی گۆڕ، ئەوی گواستۆتەوە و هەر دەڵێیت ئەو یوونس پەیامبەرەیە، كە نەهەنگی نێو زەریاكە قووتی دا و فڕێدرایە نێو كۆمەڵێك تاریكییەوە، كە هێندێكیان بەسەر هێندێكی تریانەوە، نادیار نادیار، شەپۆلیان دەدا؟! ئاخر ئەوە چ  جۆرە یارمەتییەكە لە یارمەتییەكان كە ڕۆژەكانی دونیا پێشكەشی مرۆڤیان كردووە، بەشێوەیەك، لە بێشكەكەیەوە تا نێو گۆڕەكەی بەردەوام شەیدایانە و پەشێوانە، بە دووی ساتێك ئاشتی و ئۆخەیدا، هەڵوەدا و ڕاكەڕاكیەتی، سابەڵكو كەمێك گەرووە تینووەكەی پێ تەڕ بكات و تاوێك سینە گڕتێبەربووەكەی پێ فێنك بكاتەوە، كەچی بەو حاڵەشەوە، نە تەگبیرێك شك دەبات و نە ڕێگەی گەیشتنێك بەدی دەكات؟!

ئاخر مرۆڤ چ خێرێكی لەم دونیایە دیوە لەكاتێكدا ئەگەر دەوڵەمەند و خوداپێداو بێت، خێرا دڵە پڕ لە قینەكان گەلەكۆمەی لێ دەكەن و دەستە پیس و قۆڵبڕەكانیش چاوی تێ دەبڕن، ئیدی یان ئەوەیە دەیكوژن و لە كۆڵی دەكەنەوە، یاخود هەژار و پەكی دەخەن و بێ ماڵ و حاڵ دەیهێڵنەوە، خۆ ئەگەریش هەر خۆی هەژار و بێنەوا بێت، ئەوا خەڵك وازی لێ ناهێنن و وای لەقەڵەم دەدەن؛ كابرا خۆی بە دەستەكانی خۆی هەژارییەكەی بۆ خۆی چێ كردبێت، تا تەواوتەواو بە دەستیانەوە داماو دەبێت، هێندە دەستاودەست و بێنەوبەردەی پێ دەكەن، ئەوەندە لێی دەخوێنن، هێندە كێشمەكێشی پێ دەكەن، ئەوەندە بەزمی پێ دەگێڕن و دەیكەنە بنێشتەخۆشەی بن ددانیان، قوڕبەسەرە هەر لە حەیبەتان دڵی دەتەقێت و تا بە تەواوی ڕادەستی مردنی ڕاستەقینەی نەكەن، دەستبەرداری نابن!

ئەگەریش كابرا زانا و تێگەیشتوو بێت، ئەوجا حەسوودەكان تێی دەورووكێن و خەو و خۆراكیان هەر دەبێتە باسی ئەو، هێندە توانجی تێ دەگرن و بە ساختە و نەفام لەقەڵەمی دەدەن، ئەوەندە هەوڵی ئابڕووبردنی دەدەن و لەكەداری دەكەن، هێندە دەكەونە وێزەی، ئەوەندە بۆسە بۆ پەڵە و هەڵە و ناتەواوییەكانی دەنێنەوە، تا وای لێ دێت، لە خۆی بێزار و وەڕزی دەكەن، ئیدی ناچارناچار گفت و پەیمانی ئەوەیان دەداتێ، كە ئیدی وەك زانایەكی نەزان دەژیێت و وەك زیندوویەكی مردوو دەیگوزەرێنێت و هەرچی زانست و زانینیشی هەیە، هەر لە سنگی خۆیدا كپی دەكاتەوە و لەسەر هیچ شتێك و بۆ هیچ بابەتێك متەقی لێوە نایەت، تا ئەو وەختەی مردن دەبێـتە میوانی؛ ئیدی نە بە زمان، نە بە نووسین، نە بە هیچ شێوەیەكی دی، ئەوەی دەیزانێت دەری نابڕێت و هیچ شتێك نادركێنێت!

خۆ ئەگەر كابرا نەزان و نەفامیش بێت، ئەوجا زاناكان دەوری لێ دەدەن و دەیكەنە سواریی ژێر خۆیان و بۆ هەر كوێیەك و بە هەر لایەكدا مەیلیان لێ هەبێت، دەیهێنن و دەیبەن و ژێر خۆیانی دەخەن و زۆر بێبەزەییانە و دڵڕەقانە، بەرەو هەر ئامانج و مەبەست و بەرژەوەندییەك خۆیان خواستیان لەسەر هەبێت؛ دەیبەن و بواری هەستانەوەشی نادەن، تا شڕو-وڕی نەكەن و نەیپڕووقێنن، دەستبەرداری نابن!

ئەگەر رژد و چرووكیش بێت، ئەوجا دڵەكان تەنگی پێ هەڵدەچنن و دەكەونە هەڵمەتی ڕیسواكردنی، چاوەكان كوێرانە و بێ دوودڵی تێوەی دەئاڵێن، لێوەكان گرژ دەبن و دەچنەوەیەك و، كەڵبەكان دەردەكەون بۆی، خێزان و دەوربەر پەست دەبن لێی، ڕوانینەكان ئاگریان لێ دەبارێت و خەشم و قینەكانیش، ددانە ئاگرینەكانی خۆیانی بۆ ڕەوانە دەكەن، تا بە تەواوی نەیكەنە قەرەبرووت، دەستبەرداری نابن!

خۆ ئەگەر ئەو مرۆڤە قوڕبەسەرە، چاكەكار و بەخشندەش بوو، ئەوا دەبێت بیستوچوار سەعاتەی خودا، شەو و ڕۆژ، بەردەوام هەرچی كاتی هەیە تەنێ لەوەدا بە خەرجی بدات، كە چلۆن خۆ لە شەڕ و خراپەی ئەوان كەسانە بپارێزێت كە ڕۆژێك لە ڕۆژان چاكەیەكی بەرانبەر كردوون، تەنیا لەبەر ئەوەی لە ڕابردوودا شتێكی پێ بەخشیون و دواتر بە هەر هۆیەك بێت، لێی گرتوونەتەوە، بۆیە بە هەر شێوەیەك بووە، لەبری چاكەكاری بەرانبەری، دەیانەوێت تۆڵەی لێ بستێننەوە، ئاخر یان لەبەر ئەوەیە؛ ئەو پاروویەكی هێندە چاك و پاك  و بەچێژی وێداون، شتێكی وا بەنرخی پێ چەشتوون، كە خۆیان لە وەختی خۆیدا بەو شێوەیە لێیان نەدەڕوانی و بە هیچ بایەخێك بۆ ئەو شتە قایل نەبوون، بەڵام كاتێك بە دەستەكانی ئەم تامیان كرد و چێژەكەی لە بن ددانەكانی دان، ئەوجا فێری بوون و چێژگەیان داوای زیاتر و زیاتری لێ دەكردن و بەوە نەبووایە، تەسكینییان نەدەهات، لێ كە گیانیان هەڵپەی بۆ دەكرد و ناخیان تامەزرۆ بوو بۆی، هەرگیز ئەوەیان دەست نەدەكەوتەوە كە ئەو پێی بەخشیبوون، هەر بۆیە بەردەوام سینەیان كڵپەی لێ هەڵدەستا و ناخیان بەرانبەر ئەو دەستانە پڕ بوو لە خەشم و قین، كە سەرەتا سك و چێژی ورووژاندبوون و گڕی لە چێژگە و هەناویان بەردابوو، كەچی وا ئەمێستاكە وێڵی كردوون و هەڵمەتێك بۆ كوژاندنەوەی ناخی گڕتێبەربووشیان بە خەرج نادات، یاخود لەبەرئەوەیە؛ ئەو كەسانە هەر خۆیان لەو جۆرە ئادەمیزادە خودان دەروونە چەپەڵە بەرژەوەندیخوازە خۆویستە شەڕانییانەن، كاتێك یەكێك چاكەیەكیان بەرانبەر ئەنجام دەدات، ئەمان وا هەست دەكەن، ئەوی چاكەخواز لە بەرانبەر ئەوەدا كە بەوان دەیبەخشێت، بەتەمایە دەروونیان لێ بستێنێت و چاوەشۆڕی خۆییان بكات، جا لە خێروبێر و چاكەكەی دەخۆن و تا بۆیان بلوێت، سوودی خۆیانی لێ وەردەگرن، چون تەماحباز و چاوبرسین و تا بەرژەوەندی بخوازێت، دڵە پیس و پڕ لە قینەكانیانی لێ دەشارنەوە، بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان كەڵك لە چاكە و پیاوەتییەكانی وەربگرن و تا دەشتوانن بەسەر ئەودا لە گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانی خۆیان نزیك ببنەوە، جا ئەمی بێچارەیش هەر بە ڕاستی لەنێوان ئەمان و ئەوانی دیدا، گیری خواردووە!

ئەرخەیان بن، تاكو ئاشتی و ئارامی باڵە سپییەكانی بەسەر تەواوی ئەم جڤاكی مرۆڤایەتییەدا نەكێشێت، هەرگیز شتێك بە ناوی شادی و كامەرانییەوە بوونی نابێت، دڵنیاش بن تاكو هەڵپە و چڵێسییەكانی مرۆڤایەتی دانەمركێنەوە و ئەو شانشینی ویژدان و دادپەروەرییەش بەرقەرار نەبێت؛ شتێك بە ناوی ئاشتییەوە پەل ناكێشێت، كە لە سایەیدا ئیدی هەموو خاوەنمافێك مافی خۆی دەزانێت، ئیدی هەمووان بەوەی لەنێو دەستی خۆیاندایە قایل دەبن و چاویان لە دەستی ئەوانی دی نابێت، ئیدی نە هیچ هەژارێك حەسوودی بە دەوڵەمەندێك دەبات و نە هیچ نەزانێك بە زانایەك، ئیدی دڵەكان بەرانبەر لێقەوماو و بێنەوا و داماوەكان سەرڕێژ دەبن لە هەست و سۆز، ئیدی نە برسییەك لەنێو تەماحبازەكاندا دەفەوتێت و نە ڕووت و ڕەجاڵێكیش لەنێو پۆشتە و پەرداخەكاندا، جا دەروونی مرۆڤەكان ئەو كاتانە، شكۆ و شانازییان لێ دەچۆڕێت، ئیدی هیچ یەكێك لەو تەڵانە، بە مەبەستی بەتاڵانبردن و هەڵلووشینی ماڵ و سامان، لەژێر ناوی ئایین، یان نیشتمانپەروەری، یان ئینسانییەت، یاخود زانستدا، بۆ هیچ كەس و لایەنێك، نانرێتەوە، ئیدی پزیشكێك نابینین تەنیا لەپێناو ڕووتاندنەوەی نەخۆشدا، بانگەشەی زانستێك بكات كە نایزانێت و ماڵ و گیانی داماوێكیش، كاول ناكات، ئیدی پارێزەرێك نابینین تەنیا لەبەر خاتری پارە، فێڵ لە كابرای خاوەن دۆسیەكەی بكات و ئەوەی لێ بستێنێتەوە، كە دوژمنەكەی نەیتوانیوە لێی بستێنێت، ئیدی چارەی ئەو بازرگانانە نابینین، كە بە دە دەیكڕێت و بە سەد دەیفرۆشێت و دواتریش، نكووڵی لەوە دەكات كە ئەو دزێكی قۆڵبڕ بێت، ئیدی ئەو نووسەرە نابینین كە هەر بە نووسینەكانی خەڵكی پێكدا دەدات و ئاژاوە لەنێوان هێندێك و ئەوانی دیكەدا خۆش دەكات و بارودۆخێكی وا دەگوورێنێت، جۆگەلەی خوێن ڕێچكە دەبەستێت و دەستبەجێ هەر خۆیشی، ئەو خوێناوە هەڵدەقوڕێنێت، ڕێك وەك ئەو كەسەی كە دەیەوێت ئاگرێك دابگیرسێنێت، بەردئەستێیەك بەوی دیكەدا دەكێشێت و مەبەستیشیەتی، لە ئەنجامی پریشكە بەربڵاوەكانەوە كە ئاگرەكەیان لێ چێ دەبێت، ئەوەی چنگ بكەوێت كە خۆی دەیەوێت!

مادام ئەو داخوازییە مرۆییانەش تاكو ئێستا، هەر تەنیا وەك خەونگەلێكی درۆیینە و خەیاڵەیلێكی پڕوپووچ و بەدینەهاتوو تەماشا دەكرێن و ماونەتەوە، كەوایە بە هیچ شێوەیەك نە چاومان لە هاتنەدیی ئاشتییە و نە بۆ ئارامییەكیش دەڕوانین و، نە ئومێدێك بە خۆشبەختی هەیە و نە هیوایەك بە شادمانی و، چ جیاوازییەكیش لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆی ساڵدا نییە، یاخود لەنێوان ئەمڕۆ و سبەیدا نییە، هیچ جیاوازییەك لەنێوان ڕۆژە پڕ لە یادگارییەكان و ڕۆژە لەبیركراوەكاندا نییە، جا ئەوەی لەبارەی ڕۆژەكانی ژیانیەوە شتانێكی تر، جگە لەوانەی كە من زانیومن، دەزانێت، یاخود نیعمەتگەلێكی تری جگە لەوانە چەشتبوو، كە من چەشتوومن، ئەوا با بۆخۆی هەر جەژن و خۆشیی بگێڕێت.

ئەوانەی بەرانبەر ڕۆژە ڕابردووەكان و ساڵە تێپەڕیوەكانی تەمەنیان، سوپاسگوزار و بێ ورتە و بۆڵەن، با بۆخۆیان هەر شاد و شاگەشكە بن!


تاگەکان    
دەروون بوونەوەری ئاسمانی مانا ئیلحاد کونە ڕەشەکان دەربارەی کتێب یاری فەڵەستین نیشتیمان کۆیلایەتی فەرهەنگ ڕەخنە جنۆکە خاڵبەندی ڕانانی کتێبب
فیکر
2019-01-08 کۆمێنت 2380 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی