سرووش

فیکر 2018-12-15 کۆمێنت 1324 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی
وەرگێڕانی: عەلی حسێن

شازدەی دیسێمبەر، ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدولکەریم سرووشە. ئەو مافێکی گەورەی بەسەر ئێرانەوە هەیە. پێویست ناکات بۆ نرخاندنی ئەو، لەگەڵیدا هاوڕا بین؛ ئەوەی حەزی بە تاوتوێکردنی زانستی هەبێت و کاری هزری پەسن بدات، بایەخی ئەم گەنجینە هێژایە پێ دەزانێت. گەر ڕەخنەلێگران و نەیارانیشی ویژدانیان هەبێت، ڕێز لە ڕەخنەکانی دەگرن و هاوڕێیانە دەرگای وتووێژی لەگەڵدا دەکەنەوە.
     سرووش جیهانی هزریی ئێمەی لە بواری ئایینناسیدا فراوان کرد. بوێریی زانستی، پاراویی زمان و پێنووس، مەیلی مەعنەوییانە، ژیانی دەروێشانە، باسکردنی هەندێک بابەتی ئایینناسی پێش خەڵکی تر، شارەزایی قووڵ لە فەرهەنگی ئایینی و ئاگەداریی زۆر لە بیر و بۆچوونی فەیلەسووفە گەورەکانی ڕۆژئاوا، کەمێکن لە دەستمایەکانی وی.
     مەسنەویناسی و مەسنەویخوێنی و مەسنەویدۆستی لە ئێراندا، دەبێت بۆ قۆناغی پێش سرووش و دوای سرووش دابەش بکرێن. کەلامی نوێ و فەلسەفەی زانستیش لە ئێران، بە سرووش دەستیان پێ کرد، یان بە دەستی ئەو گیانیان بە بەردا کرا. ئەمڕۆ تەنانەت ڕەخنەگرە سەرسەختەکانیشی، لەسەر سفرەی ئەو دانیشتوون؛ چون لەسەر ڕەخنەگرتن لە بۆچوونەکانی وی و هاوشێوەکانی، بووجە و باڵەخانە وەردەگرن. لەمەیش گرنگتر ئەوەیە، چیی تر وەکو پێشوو، کاتی خۆیان بۆ ڕەخنەگرتن لە ڕدێنتاشین، بادەنۆشی و قوماربازی تەرخان ناکەن. بە دژایەتیکردنی سرووشەوە خۆیان هەڵدەکێشن.
     من یەک جار لەتەک دکتۆر سرووشدا هاوگەشت بووم، گەشتەکە لە نەوەدەکاندا و بەرەو یەکێک لە شارەکانی خۆراسان بوو. بەرپرسانی کۆنفرانسەکە ئاگەدار کرانەوە لەوەی سرووش ڕێگەی پێ نادرێت قسە بکات. ئەو دڵگران نەبوو، گوێی لە هەموو وتارەکانی دیکە گرت و لەبەر هەموو وتاردەران هەڵستا. شەومان لە بەشەناوخۆییەک بەسەر برد. بەرەبەیان، بینیم پێش هەمووان هەڵستاوە و لە سووچێکی مزگەوتی بەشەناوخۆییەکەدا، خەریکی نوێژکردنە. ئەوەی لەو سەفەرەدا لەوم دیت، بریتیبوو لە بێفیزی و ئامادەیی بۆ دەمەتەقێ لەگەڵ هەر مامۆستا و قوتابییەکدا .
     من ئێستاکە لە بواری ئایینناسیدا، زۆر لەگەڵ ئەم ڕووناکبیرە کەموێنەیەدا هاوڕا نیم، بەڵام ئاواتەخوازم ڕەخنەلێگرانی، بینرخێنن و بە ناوی ڕەخنەوە، ژاراوی دوژمنایەتی نەبەخشنەوە و کەمێک هاودڵانەتر، بەرهەمەکانی بخوێننەوە. دەبێت ئەوەشیان لە بیر بێت، سرووش بۆ زۆرێک لە دیندارانی ئێران، کۆتا وەستگەی دیندارییە.

تاگەکان    
ستەم ئایا سۆفیا خاڵبەندی نائومێدی سۆفیگەری کۆیلایەتی فەلسەفەی ئەخلاق دیمانە پۆرن نوێژ ئەدەبیاتی فارسی ڕەخنە فیلم سەرفیترە كتێب
فیکر
2018-12-15 کۆمێنت 1324 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی