عه‌داله‌تی خودایی

فیکر 2018-11-20 کۆمێنت 1627 جار بینراوە

نووسینی: دڵشاد ئیبراهیم

ئایا كاره‌كانی خودا دادپه‌روه‌رانه‌ن؟!

جیهان و مرۆڤ ناتوانن لە باسی خودا خاڵی بن، زۆرینەی مرۆڤەکان خاوەن ئایینن، تێڕوانی هەر دینێک لە پرسی خودادا بۆ دینێکی تر دەگۆڕێت، لە پاڵ باسی خودا گەرمترین باسێک پرسی عەدالەتە، ئێمە ڕۆژانە نەهامەتی و جەنگ و کاولکاری دەبینین، ئەرێ ئەم خودا دادگەرە لە کوێ بوو؟!

زۆرینەی ئایینەکان ئەگەر هەڵە نەبم هه‌موویشیان، باوەڕیان وایە پێش ڕووداوەکان خودا به‌ هەموو شتێک دەزانێت، ئەگەر بمانەوێت وردتر پرسیار بکەین دەبێت بپرسین: بۆچی ڕێگە بە ڕوودانی دەدات؟!

گریمان وتمان خودا مرۆڤی دروست کرد و بەرەڵای کرد! وا هەست دەکەم ئەگەر وامان وت ئیشکالەکان زیاتر دەبن، چون پرسیارێکی تر قوت دەبێتەوە: ئایا مرۆڤ لە ویست و زانینی خودا بە دەرە؟ بە دوای ئەمانەدا دەیان پرسیاری تر خۆیان بە ماڵی هزردا دەکەن و سەرمان لێ دەشێوێنن!

ئەگەر بڕوامان بە تێڕوانینە دینییەکان هێنا، ئەی عەدالەت لە کوێدایە؟

دین یەکێکە لەو کایانەی کە زۆرترین پرسیاری ئەم پرسەی لێ دەکرێت، مرۆ دەیەوێت تەنانەت لە گه‌وهه‌ری خودایش تێ بگات! تەنانەت هەنێ جار داوای بینینی خودای کردووە! لە دوای دەستکەوتنی وەڵامێک دەیان پرسیاری تری کردووە. کاتێک دەڵێم مرۆڤ نایەوێت هیچ نەزانێت کێشەکە لەو ڕووەوەیە (پایەیەکی هەرە گەورەی دین غەیبیاتە!) تۆ شتێکت نەبینیبێ ناتوانیت تەعبیری لێ بکەیت، بەڵام ڕۆژانە لەگەڵ دەرهاویشتەکانی نادیاردا مامەڵە دەکەیت، پێدەچێت تۆیەک یان من و ئەوێک کاتێک شوێنپێیەک دەبینین دەزانین شوێنپێی شتێکە، ئەو شتە چییە؟ نازانین شێوە و باڵای چۆنە؟ نازانین...

بۆیە وا تێگەییشتووم هەندێک پرس بە پرسیار و جەدەل چارە ناکرێن، دەبێت ڕادەستی کایەیەکی تری ژیانی بکەین، هەرکات سنوورەکانی عەقڵ کۆتاییان هات ئیمان دەست پێ دەکات، ناکرێت هەموو بابەتە ئیمانییەکان بە جەدەل چارە بکرێن.

لە لێکدانەوە عەقڵییەکان بۆ دەقەکانی ئایین زۆرجار ئیمانمان بیر دەچێت، نەشتەری عەقڵ هەڵدەگرین دەیکێشین بە دار و بەرددا، بێئاگا لەوەی ئەم نەشتەرەی ئێمە لە بەرانبەر پرسە ئیمانییەکانەوە كول و سواوه‌، هەریەک لەم پرسانە باس لە شتێک دەکەن، هەڵەیە ئەگەر عەقڵ لە شوێنی خۆی و ئیمانیش لە شوێنی خۆی دانەنێیت، ئەم دووانە دژی یەک نین تەواوکەری یەکترین، بەڵام هەر یەکەو ئیشی جیاوازە.

کاتێک ئێمە دەمانەوێت پێناسەی عەدالەت بکەین، مرۆڤانە پێناسەکە دەکەین، هەرچی بێژین لە چوارچێوەی بیری تەسکی مرۆیی تێپەڕ ناکات، مرۆڤ وەکو بەندکراوێک لە کونێکی بچووکەوە دەرەوە دەبینێت، ئەم بەندییە کاتێک بیر لە جیهانی دەرەوەی دەکاته‌وه‌ هەموو تێڕوانینەکانی وەکو بینینەکانیشی بچووکن، ئێمەیش هەروا لە عەدالەت گەییشتووین، کە دێین باسی عەدالەتی خوایی دەکەین دەبێت پێناسەی عەدالەت لای خودا بزانین پاشان قسە بکەین!

خودا دەفەرموێت:

{وضرب الله مثلا قرية كانت ءامنة مطمئنة يأتيها رزقها رغدا من كل مكان فكفرت بأنعم الله فأذاقها الله لباس الجوع والخوف بما كانوا يصنعون} [النحل : 112]

لەم ئایەتەدا ترس و برسێتی بۆ مرۆڤی ناسوپاس بە بەشێک لە عەدالەتی خوایی باس کراوە! خۆ ئەم مرۆڤانە بۆ ژیانی خۆیان خۆش و باش ژیاون، خوا بۆ ڕازی نییە بەو ژیانەی ئەوان؟!

لە ئایەتێکی تردا دەفەرمووێت:

{ولنبلونكم بشیء من الخوف والجوع ونقص من الأموال والأنفس والثمرات وبشر الصابرين} [البقرة : 155]

دیسان ترس و برسێتیی، بە شێکە لە عەدالەتی خوایی!

کەواتە ئەوەی ئێمە لەباره‌ی عەدالەته‌وه‌ تێگەییشتووین، لای خودا خودی ناعەدالەتییە! پێناسەکان زۆر جیاوازن، بۆ ئەوەی لە عەدالەتی خوایی تێبگەین دەبێت ببینە خوا، ئەمەیش نه‌كرده‌نییه‌!

ئەو دوو ئایەتە باس لە بێباوەڕ و باوەڕدار دەکات، باشە بێباوەڕەکە بە هۆکاری ناسوپاسی، کەوتە بەر خەشم و قینی خودا، ئەی باوەڕدارەکە بۆ؟!

کە لە قورئان ورد دەبینەوە هەموو شتەکان پێچەوانەی بیرکردنەوەی ئێمەن، کاتێک خودا دەیەوێت گەلێک ڕزگار بکات ئیشێک دەکات بە عەقڵی من و تۆدا ناچێت، خودا چاکە لە خراپە و خراپەیش لە چاکە دەر دەکات، بڕوانە چیڕۆکی یووسف پەیامبەر، منداڵێک لە لایەن براکانییەوە دەربەدەر دەکرێت، باوکێکی پێغەمبەر لە تاو ناڕەحەتییەکانی کوڕەکەی کوێر دەبێت کەچی خودا بە ئاماژەیش باسی زیندوێتیی کوڕەکەی ناکات، لەو لایشەوە ڕێگە بە کوڕەکەیش نادات هیچ هەواڵێک بۆ باوکی بنێرێت، بە بۆچوونی من و تۆ ئەمە عەدالەتە؟

کەچی لەو لاوە دیسان یووسف دەخاتە نێو تاقیکردنەوەیەکی قورسی داوی ژنێکەوە پاشان حەوت ساڵ دەخرێتە زیندانەوە پاشان دەبێتە عەزیزی میسر و وڵاتێک لە قاتوقڕی ڕزگار دەکات، کەچی قاتوقڕییەکەیش هەر خۆی ناردوویەتی!

ئەم هەموو ڕووداوە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیرەییی براکانی یووسف، ئەگەر ئەو ئیرەییە نەبووایە ئەم ڕووداوە یەک لە دوای یەکانەیش نەدەبوون، بۆچی؟

عەدالەت لای خودا شتێکە و لای من و تۆ شتێکی ترە.

چیرۆکی مووسا(ع) و خزر باسکردنە لە عەدالەت، مووسا(ع) دەپرسێت و خزریش دەڵێت ئیشی تۆ نییە چون تێناگەی، پێغەمبەرێک تێناگات! بەڵام ڕێگە لە پرسیار نەگیراوە، بەڵام دەپرسێت بۆ؟ وەڵامەکەیشی ئەوەیە (تۆ تێناگەی)، ئەگەر خزر حیکمەتی ئیشەکانی خۆی بۆ مووسا(ع) ڕوون نەکردایەتەوە، ئێمە چۆن بیرمان لەو کارانەی خزر دەکردەوە؟ ئایا دەکرێت ئێمە پەی بە هەموو حیکمەتەکان ببەین؟ من دڵنیام ئەگەر هەموو حیکمەتەکانیشمان بۆ ڕوون بکرێتەوە لە زۆرینەی تێناگەین، چون هێشتایش کوشتی منداڵەکە لەلایەن خزرەوە جێگەی ئیشکالە لای هەندێکمان.

بەسەرهاتی شەیتان یەکێکە لەو چیرۆکە سەیرانەی لە زۆر شوێنی قورئاندا ئاماژەی بۆ کراوە، شەیتان سوێند دەخوات هەرکەس خودا بپەرستێت دەبێت لە خشتەی ببەم، ڕۆژانە شەیتان بە بەرچاوی خوداوە کاری خراپ دەکات، خودایش هەموو توانایەکی هەیە نەهێڵێت ئەو کارانە بکات، کەچی بەرەڵای کردووەتە گیانی مرۆڤایەتی. تا ددان بە نادیار(غەیب)دا نەنێین زۆر پرسی دین هەیە ناتوانین هەزمی بکەین، چون لە دەرەوەی وزە و توانی ئێمەوەن...

تاگەکان    
بوومەلەرزە حەمەدۆک عەبدولکەریم سرووش کۆرۆنا سەرفیترە ئیسرائیل ژن كتێب ژیانی پێغەمبەر شیعر تەوبە ڕەخنە کتێب نوێژ عێڕاق
فیکر
2018-11-20 کۆمێنت 1627 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی