خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی ئایین و کێشەکان

فیکر 2018-11-17 کۆمێنت 1752 جار بینراوە

ئاڤار قەرەداخی

به‌شی دووه‌م



م. تەحسین لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی، کە ئێمە ناتوانین بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر بوون یان نەبوونی خودا بھێنینەوە، لە لاپەڕە (66)دا، دەڵێت: ئایینەکان دەڵێن ڕاستە بەڵگەیەکی ڕەھامان نییە، لەسەر ئەوەی خودا بوونی ھەیە، چونکە ئەگەر ھەمان بێت، خۆی لە دژی خۆی دێتەوە، ئێوەیش ھیچ بەڵگەیەکتان نییە، بیسەلمێنێت کە خودا بوونی نییە، چونکە ئەگەر ھەتانبێت، خۆی لە دژی خۆی دێتەوە.
لێرەدا پێویستە ھەڵوێستەیەک بکەین لەسەر بۆچوونەکانی م. تەحسین، کاتێک م. تەحسین دەڵێت: بەڵگەی ھۆکاری لاوازە و، جێگەی متمانە نییە، پشت بە داڤید ھیوم دەبەستێت، ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی ھۆ و ئەنجام، دەبێتە ھۆی لەناوبردنی ھەموو مەوزوعیەت و بابەتێکی دەوروبەرمان و، زانستەکان لە بناغەوە دەردەھێنێت. (گەشتی عەقڵ – ل 69)

یاسای ھۆکاری و ئەو پەیوەندییە ھۆکارییەی ھەیە لە دوو شێوەدا خۆی دەنوێنێت:
گشتی: پەیوەندی لەنێوان ھۆ و ئەنجامدا ھۆکاری گشتییە، ئەگەر ھاتو ھۆکارەکەی بەشێوەیەکی فیتری بزانرێت و، پێوستییەکی عەقڵی بوو.
ھۆکاری گشتی مەبدەئێکی فیترییە و پێویست بەوە ناکات، بەڵگەی بۆ بھێنرێتەوە، نایشگونجێت گومانی لێ بکەین. بۆ نموونە: ئەگەر زللەیەك لە مناڵێک بدەین لە کاتی نائاگاییی مناڵەکەدا و، نەیشی دیبێت کە کێ لێی داوە، دەڵیت: ئەوە کێ بوو، ئەگەر پێی بڵێی کەس لێی نەداوی، ئەوا دەزانێت لێدان بەبێ لێدەر نابێت.
تایبەت: ئەو پەیوەندییەیە کە پێویستی بە زیادەیەك ھەیە، لە زانیاری، زانست و گەڕان بۆ کەشفکردنی پەیوەندیی نێوان ھۆ و ئەنجام.

نموونەکەی پێشوو لە ڕوویەکی تریەوە بۆ پەیوەندیی تایبەتیش دەگونجێت، مناڵەکە زانیی لێدانەکەی ھۆکارێکی ھەیە، ئەمە فیتریە، بەڵام دۆزینەوە و کەشفی ئەو کەسەی لێی داوە، پێویستی بە گەڕانە، وەک کانت دەڵێت: دەتوانین بزانین ھەموو دیاردەیەک ھۆیەکی ھەیە، بەڵام بەبێ ئەزموون نازانین ھۆکاری تایبەتی بۆ دیاردەیەکی تایبەت بزانین. (الأسس المنھجة لنقد الأدیان، ج 1، ص 173–175)
لەسەر بنەمای ئەنجامەکەی، پەیوەندیی نێوان ھۆ و ئەنجام دابەش دەبێت بۆ:
یەکەم:
Determinis: لێرەدا پەیوەندی لەنێوان ھۆ و ئەنجامدا، پەیوەندییەکی حەتمییە، بۆ نموونە کەوتنەخوارەوەی بەردێکی ئاگراوی بۆ نێو پووشێک، ئەوا دەرئەنجامەکەی حەتمییە کە ئاگر لە پووشەکە بەر دەبێت.
دووەم:
Prediction : لێرەدا پەیوەندییەکە حەتمی نییە و، ئەگەرییە (ئیحتیمالیە.)  (اوھام الالحاد العلمی، ص 77)
ئەم جیاکارییە لەلایەن ئەنتۆنی فلۆوە بەکار دێت بۆ وەڵامدانەوەی کێشەی شەڕ لە بووندا، ئەنتۆنی فلۆ لە پەیوەندیی حەتمیدا، نموونە بە خۆرگیران دەھێنێتەوە، ئەگەر خۆر، مانگ و زەوی بکەونە سەر یەك ھێل، ئەوا حەتمییە دەبێت خۆرگیران ڕوو بدات. ( گەشتی عەقڵ، ل 70)
ئەنتۆنی فلۆ لە کۆتاییدا دەڵێت: ئێستا باوەڕم بەوە ھەیە کە ھیوم و زۆری تریش، کەوتوونەتە ھەڵەیەکی گەورەوە، بە گشتگیرکردنی بنەمای چارەنووسی یاسا فیزیایییەکان و، جێبەجێکردنیان بەسەر ڕەفتاری مرۆڤدا، کە وای بۆ دەچن مرۆڤ جگە لەو کارەی ئەنجامی داوە، توانای ھەڵبژاردنی ھیچی تری نەبووە (چارەنوسی ڕەفتاری مرۆڤ.)
ئایا لێرەدا ھەست بە ھاودژییەکی بنچینەیی ناکەن لە ھزری ھیومدا؟ پێشتر حاشای لە بوونی پەیوەندی لە نێوان ھۆکار و دەرئەنجامدا دەکرد، کەچی ئێستا باسی چارەنووسیەتی ھۆکارە فیزیایییەکان و، تەنانەت ھۆکارە مرۆییەکانیش دەکات. (گەشتی عەقڵ، ل 71–72)
ئەم ڕەخنەیەی فلۆ زۆر گرنگە، چونکە خودی م. تەحسینیش کەوتووەتە ھەمان دژیەکییەوە، چونکە لە لایەکەوە ڕەتی دەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە دێت باس لەوە دەکات، کە بە ھۆکاری فەرھەنگ (کولتوور) پەیامبەر نەیتوانیوە ھەندێک لە کەموکورتییەکان ببینێت، وەک دەڵێت: کاتێک پێغەمبەران ویستوویانە گۆڕانکاری بکەن، ھەر فەرھەنگەکە خۆی ڕێگر بووە لە بەردەمیاندا، کە نەتوانن درکی ھەندێک بابەت بکەن! (ئایین و کێشەکان، ل 156)
تەماشا بکەین لێرەدا زۆر بەڕوونی، ددان بە پەیوەندیی ھۆ و ئەنجامدا دەنێت، فەرھەنگ ھۆکارە، درکنەکردنیش ئەنجامە. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا بنەما فیکرییەکانی م. تەحسین، لەسەر پەیوەندیی ھۆ و ئەنجام وەستاون، کاتێک ئەو باس لە دەزگای سۆزاوی دەکات، یان کولتوور ئەوا باسکردنە لە ھۆکارەکان کە دەبنە ھۆی ھاتنەدیی ئەنجامەکان.
ھیوم پێی وایە، ڕەفتاری مرۆڤ ئالیەکی ڕووتە و، ئەوەی ناویان ناوە ھەڵبژاردنی ویست بوونی نییە. ئەگەر ئێمە لە مرۆڤ تێ گەییشتین، ئەوا دەتوانین ھەموو ھەڵوێستەکانی داھاتووی بزانین. ھیوم پێی وایە پاڵنەری سەرەکیی ڕەفتار چێژ و ئازارە و، ھەر بەوە لەنێوان باش و خراپدا جیاوازی دەکەن، ھەروەھا پێی وایە عەقڵ ناتوانێت ڕەفتار ئاڕاستە بکات و، کاریگەریی لەسەری نییە. (قصة الفلسفة الحدیثة، ص 246)
وەک فلۆ وتی، دەبینین ھیوم کەوتووەتە چ دژبەیەکییەکی بنەڕەتییەوە، لە لایەک ھۆ و ئەنجام ڕەت دەکاتەوە، لە لایەکیش ددانی پێدا دەنێت، زۆر بە بەھێزییش، کە ھیچ ئیرادەیەک بۆ مرۆڤ ناھێڵێتەوە.
ھیوم ڕوودانی موعجیزە ڕەت دەکاتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەزموون سەلماندوویەتی، لەسەر سیستەمێکی دیاریکراو دەڕوات، بۆیە عەقڵیش نزیکترە لە قوبووڵکردنی بەردەوامی ئەو سیستەمە، نەك تێکچوون و تێکدان و پێچەوانەییی ئەو سیستەمە.
لێرەدا حەقمانە بپرسین لە ھیوم، چۆن وا دادەنێت موعجیزە تێکشکاندنی سیستەمی سروشتییە، بەپێی تیۆرەکەت "ئایا بانگت نەدەکردین بۆ ئەوەی ھەموو ڕووداوێک ئیدراکێکی نوێیە، ھیچ پەیوەندیی نییە بە ڕووداوەکانی پێش خۆیەوە؟ بینا لەسەر ئەمە، دەپرسین چۆن موعجیزە تێکشکاندنی ئەو سیستەمە سروشتییەیە، لە کاتێکدا ڕووداوەکان پەیوەست نیین بە یەکترەوە؟ (قصة الفلسفة الحدیثة، ص 245)

بەڵگەی سیستەم بەڵگەیەکە، ئێستا لە زانستە سروشتییەکانیشدا کاری لەسەر دەکرێت، بەتایبەت ئێستا ھەریەکە لە (مایکڵ بیھی، ویلیم دیمبسکی، ستیڤن مایەر) بەوردی کار لەسەر بەڵگەی تەصمیم دەکەن، تەواوی تیۆرەکەیشیان خستنەڕووی ئەو تەصمیمەیە، کە ناکرێت بەبێ موصەمیمێک ھاتبێتە بوون، ھەرسێکیان کتێبێکیان پێکەوە ھەیە بەناوی (العلم والدلیل التصمیم فی الکون، ترجمە رضا زیدان، مرکز تکوین،) ھەر کەسێک ویستی دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.
ئەگەر سەیری ئەم گەردوونە بکەین، دەبینین کۆمەڵێک یاسا و سیستەم بە شێوەیەکی زۆر ورد، کۆنترۆڵ کراون ھەتا ژیان بێتە دی، بەڵکوو ھەندێکیان ڕێکن بە شێوەیەکی زۆر ورد ھەتا گەردوون بێتە دی. بوونی ھەر کەموکووڕییەك لەم سیستەمەدا، وێرانکارییەکی گەورە دەھێنێت بە شوێن خۆیدا، ئەو وردییەی لە بەدیھێناندا ھەیە، تەنھا لە لایەنە بایۆلۆجییەکەوە نییە، یان تەنھا لەلایەنی گەردوونییەوە نییە کە تێیدا دەژیین، بەڵکوو ئەو وردەکاری و ئیتقانە لەو سونەن و یاسایانەدایە، کە ئەم بوونەیان لەسەر وەستاوە، کە بچووکترین کەموکورتی وێرانکاریی لێ دەکەوێتەوە.
بۆ نموونە (مارتن ڕیز) زانای گەردوونناسی بەریتانی، دەڵێت: ئەگەر ھێزی ڕاکێشان کەمێک زیاتر بووایە، ئەوا ئەستێرەکان گڕیان دەگرت و، مردنی خۆیان خێرا دەکرد. (شموع النھار، ص 177 – 179)
ئەنتۆنی فلۆیش لەو بارەیەوە دەڵێت: گومان لەوەدا نییە یەکێک لە بەناوبانگترین و بەھێزترین بەڵگەکان، لەسەر بوونی خودا بەڵگەی دیزاینە، واتە وردیی درووستبوونی گەردوون و، ئەو یاسا و ڕێکخراوییەی سروشت لەسەری دەڕوات، بەڵگەیە لەسەر بوونی دیزاینەرێکی زیرەک.
بێگومان ئەو زانیارییە زۆرەی زانستی نوێ لە بواری یاساکانی سروشت، درووستبوونی گەردووندا، درووستبوونی ژیان و جۆراوجۆریی زیندەوەرەکان خستوویەتیە ڕوو، ئەو بەڵگەیەی بە چەندین بەڵگەی پێشەکییەوە دەوڵەمەندتر کردووە، کە زۆر یارمەتیدەر بوون، بۆ ئەوەی بگەمە ئەو دەرئەنجامە.

ئەگەر ئێمە یاساکانی سروشت پێناسە بکەین، بەوەی کە بریتین لە ڕێکخستن و گونجان لە سروشتدا، ئەوا بێگومان بوونی ڕێکخراوی و گونجان گرنگترین ئەو لایەنانەن، کە واتا بە یاساکانی سروشت دەدەن و، دەیانکەنە بەڵگە لەسەر بوونی دیزاینەرێکی زیرەک.
بەڵام ئەوەی زیاتر بەڵگەیە ئەوەیە، کە ئەو یاسایانە جیھانی (یونیڤێرساڵ)ن و، بە یەکەوە پەیوەندیدارن و دەکرێ بە دەستەواژەی بیرکاری گوزارشتیان لێ بکرێت.
لێرەدا پرسیارە تەوەرەیییەکە ئەوەیە: چۆن سروشت لەسەر ئەو یاسانە و، بەو شێوەیە درووست کراوە؟ زۆربەی زاناکانی فیزیا، وەڵامێکیان بۆ ئەم پرسیارە پێ نییە، تەنیا دداننان نەبێت بە بوونی خودایەکدا. (گەشتی عەقڵ، ل 98 – 99)
ڤێرنەر ھایزەنبێرگ دەڵێت: چی وا لە جووڵەی دەرزیی موگناتیسی دەکات، بە ئاڕاستەی باکوور یان باشوور بووەستێت؟ بەدڵنیایییەوە ئەوە سیستەمێکی سەرسووڕھێنەرە، کە ھێزێکی دانای بەتوانا بە ڕێوەی دەبات، ھێزێک کە ئەگەر ون ببێت، ئەوا کارەساتی زۆر خراپ تووشی ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەبێت، کارەساتی زۆر خراپتر لە تەقینەوەی ئەتۆمی و جەنگەکانی لەناوبردنی مرۆڤ. ( گەشتی عەقڵ، ل 103)

بوونی سیستەم لە گەردووندا حاشای لێ ناکرێت، ھەڵھاتنی خۆر و ھاتنی شەو و ڕۆژ بەو شێوەیەی ھەیە، بەپێی سیستەمێک دێت و دەچێت، تەماشای درووستبوونی مناڵ و لەدایکبوونی لە ماوەی نۆ مانگدا، یان ھەڵھاتنی ھێلکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا. ئەم بوونە ھەمووی لەسەر سیستەمێک بە ڕێوە دەڕوات، نەك فەوزا و بێسیستەمی. ئێمە ڕۆژژمێرمان ھەیە، ئێستا ئەو ڕۆژژمێرە لەسەر تێبینیکردنی ئەو سیستەمە دانراوە، کە شەو و ڕۆژی لەسەر دەگەڕێت، ئەگەر فەوزا بووایە و بێسیستەمی بووایە دەمانتوانی ڕۆژژمێر دابنێین؟ وەک نموونەیەکی زۆر سادە. بەڵام سەیر ئەوەیە م. تەحسین دەڵێت: ھەندێک لەفیزیازانەکان پێمان دەڵێن: ئەوەی ئێمە وەک سیستەم دەیبینین، تەنھا بەریەککەوتنی شتەکانە، بە ھۆی شپرزەییی ئەم بوونەوە، بۆ نموونە ئەگەر کۆمەڵێک شت فڕێ بدرێن لە ژوورێکدا، وێڕای شپرزەیی، بەڵام ھەندێک شتی ڕێکخراوی بەسیستەم بوو درووست دەکات. دەڵێن: ئەوەی ئایینەکان پێی دەڵێن سیستەم، ھیچ نییە بێجگە لە ناسیستەمییەک لە دیوی دەرەوەی ئەم بوونەدا ھەیە، بوونی ئەمانەیش واتای ئەوەیە خودا ئەو تایبەتمەندییە ڕەھایەی نییە، کەواتە باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی نەبوونی خودا. (ئایین و کێشەکان، ل 61)
م. تەحسین ھەرچەندە لەسەر زمانی کۆمەڵێک فیزیازانی مولحید دەقەکەمان بۆ دەگوێزێتەوە، بەڵام خودی خۆی لە سەرەتاوە کە دەڵێت، ئەگەر ڕاست بێت و، سیستەمێک ھەبێت، کەواتە بە ئەگەری زۆر باوەڕی بە سیستەم نییە، بەلایەنی کەمەوە یەقینی نییە، کە سیستەمێک لەم گەردوونەدا ھەیە.



به‌شی یه‌که‌م
تاگەکان    
شەڕ پۆرن پۆدکاست موناجات کتێبی هاوسانی زمان چەواشەکاریی_لۆژیکی ڕەخنە زانایان سەرفیترە ئەنیمی دیزاینی زیرەک قودس سیاسەت عەبدولکەریم سرووش
فیکر
2018-11-17 کۆمێنت 1752 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی