به‌هه‌شت و وته‌ی ڕاڤیاران

فیکر 2018-10-31 کۆمێنت 966 جار بینراوە

نووسینی: مسته‌فا مه‌حموود

وه‌رگێڕانی: موحه‌مه‌د حه‌یده‌ر

هیچ شتێک لە بەهەشت و باسکردنی جوانتر نییە، بۆ وەرگرتنی پشوویەک لەو ئاگرەی زەویدا کە تیایدا دەژین.

زۆرینەی ڕاڤەکه‌ران هەمان تێگەییشتنی چێژی دونیاییان هەیە بۆ ئایەتەکانی بەهەشت و ئه‌و چێژ و به‌خششانه‌ی باسكراون، کەوا بریتین لە: باخوباخاتی خورما، ترێ، هەنار و میوەی تر، کانیاوی ساردی هەڵتۆقیو بە ئاوی سازگار، جۆباری شیر و هەنگوین، بادە و کیژانی جوانکیلەی تازەپێگەییشتووی مەمک خڕ.

بەڵام قورئان ئەم تێگەییشتنە بەرتەسک و سنووردارەمان بۆ ڕاست دەکاتەوە، بۆیە بەرزی و گەورەیی بۆ خودا و بڵندیی نیعمەتەکانی پێمان دەفەرمووێت کە ئەوەی لەبارەی بەهەشته‌وه‌ هاتووە تەنها نموونەهێنانەوەیە نەوەک هەموو ڕاستییەکە!

پەروەرێنمان لە ئایەتی پانزدەی سوورەتی موحەممەددا دەفەرمووێت: (نموونەی ئەو بەهەشتەی کە بە پارێزگاران بەڵێندراوە لە جۆباری ئاوێک کە تێک ناچێت، جۆبارێک لە شیری تامنەگۆڕ، جۆبارێک لەبادەی چێژبەخش بەوانەی لێی دەخۆنەوە و، جۆبارێک لە هەنگوینی پاکژکراوی تێدایه‌)

کەواتە هەموو ئەو وێنانە نموونەهێنانەوەن، ئەگینا ڕاستییەکە لەسەروو خەیاڵ و بیرکردنەوەوه‌یە، هه‌روەها لە ئایه‌تی حه‌ڤده‌ی سوورەتی سه‌جدەدا پەروەرێنمان پێمان دەفەرمووێت: (هیچ نەفسێک نازانێت چیی بۆ شاردراوەته‌وه‌ لە چاو ڕوونکەرەوە کە پاداشتێکە بۆ ئەو کارانەی کە دەیان کرد) کەواتە بابەتەکە نادیارە، هه‌روه‌ها ڕاستخەرەوەی فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەرە (د.خ). ئەوەی لەبەهەشتدا هاتووە هیچ چاوێک نه‌یبینیوه‌ و هیچ گوێیەک نه‌یبیستووه‌ و،‌ بە ختوورەی چ دڵێکیشدا نه‌هاتووە.

له‌ هه‌مان كاتدا ئاگریش بەهەمان شێوە نادیار و شاراوه‌یه‌، کە لە هەناوی ئاگرێکی زۆر بڵێسەداردا درەختێک دەردەچێت ناوی داری زەققوومە و، ئاویشی تێدا دەکوڵێت. ئایە بینیوومانە لەئاگرێکدا درەختێک سه‌ر ده‌رێنێت، یان ئاوی تێدا بێت؟!

بابه‌تی پاداشت و سزا، ڕاستییەکی نادیار(غیب)ە.

ڕۆچوون لە وردەکاریی ئەم پاداشت و سزایانەدا و، تێگەییشتن لێیان لە گۆشەنیگایەکی دونیاییانەوە، تێکەڵکردن و کورتهێنانە لە تێگەییشتن. بۆیه‌ ئەوانەی لە گۆشەنیگای حه‌زه‌سێکسییەكانه‌وە لە بەهەشت دەڕوانن دەڵێین: لە بەهەشتدا وەچەخستنەوە، سکپڕی و منداڵبوون نیین‌، بۆیە لە دواییدا ئەو ڕژێنانه‌ی زاوزێیش بوونیان نییە، هەروەها کۆمیش بوونی نییە، چون ئێمە لەوێ پیسایی ناکەین، بۆیە پەروەرێنمان ئەم شێوە لە وەدیهاتن بەکۆتا شێوه‌ ناو دەبات، بۆ جیاکردنەوەی لەگەڵ ئافراندنی یەکەممان کە ئێستا تیایدا دەژین و، بۆ هەموو هێنانه‌بوونێك دەزگایەکی توێژکاری و پیشەییی خۆی هەیە کە گونجاوە لەگەڵ شێوازی تایبەتیی ژیاندا.

ئایە وا بیر دەکرێتەوە كۆئەندامی ناسراوی بەرگری کە لە سپڵ، جگەر، مۆخی ئێسک، لیمف، خوێن و لیمفەڕژێنەکان ده‌گرێته‌وه‌، لە ژیانەکەی تریشدا بوونیان هەبێت؟ خۆی ئەم ئەندامانه‌ به‌دیهێنراون بۆ به‌رپەرچدانەوەی هێرشی میکرۆب، ڤایرۆس، کرم، کەڕوو و گرێ شێرپەنجەییەکان، هاوشێوەی ئەم ئەندامانه‌ لەبەهەشتدا کارێکیان نییە تاوەکو بوونیان هەبێت، چونکە وا دانانرێت لە بەهەشدا میکرۆب، ڤایرۆس، کرم، کەڕوو یاخود شێرپەنجە بوونیان هەبێت، هه‌روه‌ها هیچ جۆرە زیانێکی تریش لەوێدا نییە، چون ئەوێ مەنزڵگه‌ی ئاشتییە.

پەروەردگاری خاوەن توانا دەربارەی بەهەشتییەکان دەفەرمووێت: (هه‌موو کینه‌یه‌کمان له‌ سنگیان داڕنی، دەبنە برا و لەسەر سەرینی بەرانبەریەکن) (الحجر 47) مانای وایە کە پێکهاتنی دەروونی جیاوازە.

کەواتە ئێمە لەهەمبەر لەدایکبوونێکی نوێ، دەروونگەلی نوێ، جەستەیەلی نوێ و به‌دیهاتنێکی جیاوازداین.

(ڕوومەت گەلێک لەو ڕۆژەدا سەیر دەکه‌ن، سەیری پەروەرێنیان دەکه‌ن) (القیامة ٢٢-٢٣).

ئەوەیش چێژێکی نوێیە، بەرز و سەرچڵە، کە لەم دونیایەدا پەیی پێ نابەین، ئەویش چێژی دیتنی ڕووی خودایە! پەروەردگارمان لەم چێژە دڵنیامان دەکاتەوە کاتێک لە ڕۆژی دواییدا دەربارەی تاوانباران دەفەرمووێت: (خودا نە قسەیان لەگەڵدا دەکات و نە سەیریشیان دەکات لە ڕۆژی دواییدا) (ال عمران٧٧). بێبەشبوون و سزایەکی گه‌وره‌یه‌ کە تاوانباران تەنها لەو ڕۆژەدا ئەندازەکەی دەزانن.

چۆن سەیری خودا دەکەین؟ ئایە بەم چاوە تیژبینەی کە دەزانین تەنها دووری و پێوانە دەبینێت؟ پاکی بۆ پەروەرێنمان کە بڵندترە لە دووری و پێوانە، ئێمە بە چاوی دڵ یان بە خودی خۆمان یان بە ڕووحمان ئەو دەبینین. ئەوانە نهێنیگەلێکن بۆمان ئاشکرا نابن مەگەر لە ساتی خۆیدا نەبێت، ئەوەیش لووتكه‌ی چێژەکانە و ئەوپەڕی بەختەوەرییە. ئەوە نادیارە و ناتوانین پەیی پێ ببه‌ین. بەهەشت نادیارە و ئاگریش نادیار، ئەوەی دەربارەیان هاتووە هێماگەل و نموونەن، لەو نموونانەی پەروەرێنمان هێناونییەتییەوە دەربارەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە به‌دیهاتندا ڕوو دەدەن؛ چیرۆکی سەرسوڕهێنی ئەو پەپوولە جوانکیلە ڕەنگاوڕەنگەیە کە لە قۆزاخەوه‌ دەر دەچێت، کاتێک لە دوێنێدا کرمێکی پیس بوو، کە پۆخڵەواتی دەخوارد، کەچی ئێستا بووه‌ بە پەپوولەیەک کە تەنها لە نێو بۆنی گوڵاندا خواردنی خۆی وەدەست دەخات. لەڕووی توێژکارییەوە شتێکی تەواو جیاوازە لەوەی پێشووی، لەگەڵ ئەوەشدا هەمان بوونەوەرە. ئەوانە نموونەگەلێکن پەروەرێنمان بۆمان دەهێنێتەوە بۆئەوەی مرۆی ژیر تروسکەیەک لە وەدیهاتنی یەکەم و وەدیهاتنی کۆتایی تێ بگات.

لەوە گەوجانەتر نییە كە ڕاڤەکارێک ئەوەی له‌ قورئاندا هاتووه‌ لەبارەی لاوان(الولدان) لەبەهەشتدا وەک لە ئایه‌تی نۆزده‌ی سورەتی (الانسان)دا هاتووە: (لاوانی نه‌مر بەدەوریاندا دەگەڕێن، کاتێک دەیانبینیت وا دەزانیت مرواری نەخشێندراون). کەچی خەیاڵی سێكسی كه‌ بووه‌ به‌ نه‌خۆشی تێیدا به‌ره‌و ئەوەی دەبات به‌ جۆرێك لە بەهەشت بڕوانێت کە لانکەی چێژگەلی ڕیزپەڕە و، ئەو دونیای بە نەخۆشی و لادانەکانییەوە تێدا دەبینێت.

تێڕوانینی ڕاست و سروشتی ئەوەیە کە (ولدان المخلدون) وەک قەرەبوویەکی سروشتی ببینێت لە جیهانی نوێدا کە نە وەچەخستنەوە و نە منداڵی تێدایە. بۆیە ئەم لاوە نەمرانە دەبنە ئەو کەیف و خۆشییە کۆمەڵایەتییەی کە قەرەبووی نەبوونی ئەو منداڵانەمان بۆ دەکه‌نه‌وە کە خۆشمان دەویستن و  بەختەوەر دەبووین بە یاریکردنیان لە دەورووبەرماندا، ئیدی ڕێگه‌یەکمان نییە بۆ خستنەوەی منداڵ و گەییشتن پێیان، ئەگەر هاتوو کەسێکمان وا گومان بەرێت کە ورد و درشتی بەهەشتی ناسیووە و پەیی بردووە بە چێژ و نیعمەتەکانی، ئه‌وا درۆی بەدەم خودا و پێغەمبەرەکەیه‌وه‌ دەكا. ئەمە نادیارە، بەڵکو نادیاری نادیارەکانە. پابەند دەبین بە وتەی پەروەرێنمان کە دەفەرمووێت: (چ که‌سێک نازانێت چیی بۆ وەشاردراوە لە چاو ڕۆشنکەرەوە کە پاداشتێکە بۆ ئەو کارانەی کە دەیان کرد).

ئێمە وەک قسەی ئەو ڕاڤەکارە سەلەفییە ناکەین کە دەڵێت: "بەهەشت بریتییە لە پاڵدانەوە لە نێو درەختەکان و خواردنی بەروبومیان و دڕاندنی پەردەی کچێنی." ئەوە خەیاڵێکی ماددیی تەمبەڵانەیە، ئاسۆیەکی هەستیی بەرتەسکە، نەفسێکە کە خەریکە لە ئارەزووی سک و داوێن زیاتر هیچی دی نەگرێت. ئەو هەرگیز قورئانی بە تەواوی و گشتگیری نەخوێندووه‌تەوە، سەیری ڕستە و نێوانی ڕستەکانی نەکردووە، هەوڵی نەداوە ورد ببێتەوە یان تێ بفکرێت یان ڕابمێنێت لەوەی تیایدا هاتووە، له‌ ڕاستیدا ڕۆژی پەسڵان چ نییە جگە لە بەردەوامیی کۆچکردن بۆ لای خوا.

(ئەی مرۆڤ تۆ بەرەو خوا ڕەنج دەدەیت، ڕەنجێک کە پێیدەگەیت)(انشقاق6 ).

خودایش لە ڕەهاییدایە و کۆچکردن بۆ لای وی بە درێژاییی تاهەتاییە و کۆتاییی نییە.

ڕۆژی پەسڵانیش ڕۆژی گەڕانەوەیە بۆ لای خودا، سزا بێت یان بەختەوەری هەر کەسە و بەپێی پلە و پایەی خۆی پێی دەگات. پیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار لەبەهەشتدا دەڵێن: (ئەی پەروەرێنمان نوورمان بۆ زیاد بکە) مانای وایە کە کۆچکردن بەردەوامە. کامڵبوون جارێک دروست نەبووە. هێشتا شتێکی ناتەواو و کەم هەیە، هێشتا هەموو ڕۆژێک ڕۆشنایی و نزیکیی خودامان لە پێشدایە.

مەنزڵگەت هەر بۆ لای خودایە، هەوڵدانیش بەردەوامە.


تاگەکان    
جنۆکە سۆفیگەری پۆرن یاسا چەواشەکاریی_لۆژیکی بوووژانەوە کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین نەتەوایەتی فەرهەنگ دەروون هاوڕەگەزخوازی مردن کتێب جوانی ئازادی
فیکر
2018-10-31 کۆمێنت 966 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی