ئەفسانەی پڕۆمیسیەس

ئەدەب 2018-10-27 کۆمێنت 1874 جار بینراوە

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: هاوكار فه‌ره‌ج



لە ئەفسانەناسیی گریکدا، پڕۆمیسیەس (Prometheus) ئەندامێکە لە بنەماڵەی تایتنەکان (Titans) و، خوداوەندی ئاگر بووە. پڕۆمیسیەس لەنێو ڕەگەزەکەی خۆیدا، سەرگەلە بووە، وەکوو درووستکەری مرۆڤ ددانی پێدا نراوە و، ھاووەخت ئاگر و چەندین بەھرەی دیکەی بە مرۆڤ بەخشیون.

پڕۆمیسیەس، لە چەند تۆپەڵەقوڕێک، نیگاری چووکەڵەی ھاووێنەی خوداوەندەکانی درووست کردن و، پاشانیش لە ئەمانە مرۆڤی خولقاند. لەپاشان ئەسینا (Athena)ی ژنەخوداوەند، دڵی دەچێتە سەر ئەم نیگارانە، فوویان پێدا دەکات و، گیانیان بە بەردا دەکات. بەڵام زیۆس (Zeus)ی خوداوەند حەزی پێیان نابێت، وەلێ نایشتوانێت ھەڵیان بووەشێنێتەوە، ھەر بۆیە زیۆس، مرۆڤ لەسەر زەمین گل دەداتەوە و، لە نەمرێتی بێبەشی دەکات. پڕۆمیسیەس زۆر بەداخ دەبێت بۆ مرۆڤ، لەبەر ئەوە ئاگر دەبەخشێت بە مرۆڤ و فێری چەندان ھونەر و بەھرەی جۆراوجۆری دەکات.

پڕۆمیسیەس ئەرکدار بووە بەوەی مرۆگەل فێر بکات، چۆن قوربانی پێشکێشی خوداوەندەکان بکەن. پڕۆمیسیەس "گا"یەکی سەر بڕیوە و کردوویەتی بە دوو بەشەوە. بەشێکیان تەنێ نەرمەگۆشت و پێستەکەی بووە، لێ لەژێر گەدەی گایەکەدا، کە بێتامترین ئەندامی گایە، وەشاردراوە. بەشەکەی دیکە، ئێسقانە و بە چینێکی گەورەی چەوری، داپۆشراوە. پاشانەکینێ پڕۆمیسیەس داوای لە زیۆس کردووە، بەشێک بۆ خۆی ھەڵببژێرێت و، ئەوەیشی دەمێنێتەوە ببێت بە بەشی مرۆڤ. زیۆس بە ڕواڵەت ھەڵدەخەڵەتێت، بۆیە ئەو بەشە ھەڵدەبژێرێت، کە چەوری و ئێسقانی تێدایە. بەم ئاوایە، پڕۆمیسیەس مرۆڤ دڵنیا دەکاتەوە، کە باشترین گۆشتی بەر کەوتووە.

زیۆس لەم ئاینوئۆینە تووڕە دەبێت، مرۆڤ بە سزا دەگەیەنێت و، "ئاگر"ی لێ دەستێنێتەوە. بەو ئاوایە مرۆڤ ناچار دەبێت لە شوێنی سارد و نووتەکدا بژیێت و، گۆشتی کاڵ زادی بێت. پڕۆمیسیەس یەکڕاست بەرەو چیای ئۆڵیمپەس تێی دەتەقێنێت، پڕیشکێکی ئاگر لە ھیفیستەس (Hephaestus)ی خوداوەندی ئاگر دەدزێت و، دەیخاتەوە نێو دەستی مرۆڤ. وەختایەک زیۆس بەم کارەی پڕۆمیسیەس دەزانێت، سوێندی تۆڵەسەندنەوە دەخوات. زیۆس فەرمان بە ھیفیستەس دەکات، ژنێک لە قوڕ بگوورێنێت، خۆیشی "با"گەلێکی ھەن، ھەناسەی ژیانی بە بەردا بکەن. ئەسینا دەگەڵ مێخوداوەندەکانی دیکەدا، جلوبەرگ بۆ ئەم ژنە، کە ناوی "پاندۆرا Pandora" بووە، ساز دەکەن.

زیۆس وەکوو دیارییەک، پاندۆرا بۆ برایەکەی پڕۆمیسیەس "ئێپیمیسیەس" دەنێرێت، سەرەڕای ئەوەی پڕۆمیسیەس ئێپیمیسیەسی برای ئاگەدار کردووەتەوە، کە ھیچ دیارییەک لە زیۆسەوە قوبووڵ نەکات، لێ ئێپیمیسیەس دەگەڵ پاندۆرادا ھاوسەربەندی دەکات. پاندۆرا لەگەڵ خۆیدا سندووقێکی ھێناوە، کە ئاخنراوە بە خراپەکاری، نەخۆشی، ھەژاری، شەڕ و گیروگرفتی دیکە. وەختێک پاندۆرا سەری سندووقەکە ھەڵدەداتەوە، ھەموو ئەم گرفت و مەینەتییانە بە دونیادا بڵاو دەکاتەوە. بەم شێوەیە زیۆس تۆڵەی لە مرۆڤ سەندەوە.

زیۆس، بۆ ئەوەی سزای پڕۆمیسیەس بدات، لە لووتکەی چیایەکدا (ھەندێک دەڵێن چیای قەفقاس بووە،) پڕۆمیسیەسی بە زنجیر بە تاشەبەردێکەوە بەستەوە. ھەموو ڕۆژێک، داڵێک جەستەی پڕۆمسیەسی ھەڵدڕیوە و جگەری خواردووە، گشت شەوێکیش جگەری پڕۆمیسیەس سەرلەنوێ پەیدا بووەتەوە. لەبەر ئەوەی پڕۆمیسیەس نەمر بووە، توانی مەرگی نەبووە. ھەر بۆیە بەبێ کۆتا، ئازاری چەشتووە.

بۆ ماوەی ھەزاران ساڵ، پڕۆمیسیەس بەزنجیرکراوی لەنێو ئەشکەنجەدا مایەوە، ھەرچەندە خوداوەندەکانی دیکە، لە زیۆس پاڕانەوە، بەزەییی بە پڕۆمیسیەسدا بێتەوە، وەلێ زیۆس بە ھیچ کڵۆجێک قایل نەبوو. دواجار، زیۆس مەرجی ئازادکردنی لەگەڵ پڕۆمیسیەسدا، لەسەر ئەوەی نھێنێکی بۆ بدرکێنێت بەتەنێ خۆی بیزانێت، بەست. پڕۆمیسیەس ئەوەی بە زیۆس گوت، کە ژنەخوداوەندی دەریایی سێتیس (Thetis) سکوزا بە کوڕێکەوە دەکات، زۆر لە باوکی باڵاتر دەبێت. ئەمە زانیارییەکی گرینگ بوو، زیۆس و برایەکەی "پۆسیدۆن Poseidon" ھەردووکیان حەزیان چووبوویە سەر سێتیس، وەلێ پاشی ئەمە، شتێکیان بۆ سێتیس ڕێک خست، بە جۆرێک کە دەگەڵ مەرگەوەڕێکدا ھاوسەربەندیی بکات، ھەتاوەکوو منداڵەکەی دەرفەت و توانی بەرەنگاریی ھێزی وانی نەبێت.*

زیۆس، ھیرەکلیس (ھەرقەل Heracles) ڕەوانە دەکات، ھەتاکوو ھەم ئەو داڵەی ئەشکەنجەی پڕۆمیسیەس دەدات بە مەرگ بسپێرێت و، ھەمیش تەوق و زنجیرەکەی لەسەر ھەڵبگرێت. ئیدی پاشی چەندان ساڵ ئازارکێشان، پڕۆمیسیەس ئازاد بوو. لە پاداشتی ئەم کارەیدا، پڕۆمیسیەس بڕیاری دا، ھیرەکلیس فێر بکات، چۆن سێوە ئاڵتوونییەکانی ھێسپیرایدس (The Golden Apples of Hesperides) بە دەست بخات، کە یەکێک بوون لە ئەو دوانزدە بەربەستانەی، ھەموو قارەمانێکی بەناوودەنگ، دەبوو تێپەڕیان بکات.




*بە گوێرەی ئەفسانەناسیی گریک، ئەگەر خوداوەندێک لەگەڵ مەرگەوەڕێکدا، واتە لەگەڵ مرۆڤێکدا جووت ببێت، ئەو نەوەیەی لەم ھاوسەربەندییە دەکەوێتەوە، (قارەمان Hero)ی پێ دەڵێن، نە خوداوەندە و نەیش مرۆڤە، لەو نێوەندەدایە.

تاگەکان    
سۆفیگەری فەلسەفەی ئەخلاق کوردستان خێوەتگە فیکر کۆمەڵکوژیی بۆسنە مۆدێرنیتە ڕەخنە شیعر كتێب پارەی ئیلیکترۆنی نوێژ ئەدەبیاتی فارسی فیلم پۆدکاست
ئەدەب
2018-10-27 کۆمێنت 1874 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی