ئازاديی سێکسی ڕۆژاوای بە کوێ گەیاندووە؟!

فیکر 2018-10-22 کۆمێنت 1665 جار بینراوە

نووسینی: بڕوا حسێن


ئاسانە بیهێنیتە پێش چاوت، بەتایبەت بۆ کەسێک کە پەیڕەوی لە هیچ دینێک ناکات، كه‌ دەبێت چی ڕێگر بێت لە دوو خۆشەویست (کچێک و کوڕێک، بێگومان) لەوەی سەرەڕای ئەو خۆشەویستییە ڕۆحییەی لە نێوانیان هەیە بیگەیەننە قۆناغێک کە خۆشەویستییەکەیان لە بەیەکگەیشتنێکی جەستەییدا بەرجەستە بکەن. بە تایبەت ئەگەر وا دەر بکەوێت ئەو پەیوەندییە جەستەییە هیچ لێکەوتەیەکی زیانبەخشی لێ ناکەوێتەوە. کۆمەڵگەکان بە درێژاییى مێژووی مرۆڤایەتی، پەیوەندیى جەستەییى نێوان نێر و مێی لە -گرێبەستێکدا ڕێک خستووە، کە پێی گوتراوە (هاوسەرگیری).

گه‌ر لە ڕووی بایۆلۆژییەوە تەماشای سێکس بکەین, بەئاسانی دەبینین کە هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی وەچەی مرۆڤایەتی. بەڵام خستنەوەی وەچە بەشێکی بچووکی ئەم پرۆسەیەیه‌، بەخێوکردنی بریتییە لە ئەرکە گەورەکە. ئەگەریش کردارێکی کۆمەڵایەتیی وەک هاوسەرگیری نەبێت کە ئەم وەچەخستنەوە و بەخێوکردنه‌ ڕێک بخات، تۆ بڵێی کەس هەبێت خۆی بخاتە نێو سەر ئێشەی بەخێوکردنی خێزانێکەوە؟!

با بگەڕێینەوە سەر باسەکە، ئێسته‌ لە ڕۆژاوادا وا بۆ چەندین دەیەیە، سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری وەکو شتێکی ئاسایی تەماشا دەکرێت و، وا دەبینرێت ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجام بدرێت هیچ زیانێکی لێ ناکەوێتەوە. بەڵام بەداخەوە کاتێک شتەکان دەخەینە نێو چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەو ئەنجامەمان بە دەستەوه‌ نادەن کە ئێمە بیرمان لێ دەکردەوە. ئێسته‌ ڕۆژاوا تووشی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بووە کە زۆر کەم لە ڕۆژئاواییەکان وای بۆ دەچن کە هۆکارە سەرەکییەکەی ئازادیی سێکسی بێت. دەرەنجامە ڕاستەوخۆکانی سێکسی دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری، کە لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بڵاودەبنەوە و هەر زوو هەستیان پێ دەکرێت بریتیین لە نەخۆشییە گواستراوەکان. چەندین نەخۆشیی گواستراوەی هەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێنەوە، ئەم نەخۆشییانە پێیان دەگوترێت Sexually Transmitted Diseases (STDs ). زۆرێک لەوانە، لە سەروویانەوە نەخۆشیی AIDS ، چارەسەریان نییە! بەڵام هەندێک نەخۆشیی هەن کە نەخۆشیی جەستەیی نیین و زۆر کوشندەتریشن، ئەویش نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەمانە بە ساڵێک و دوو ساڵ پەیدا نابن، بەلای کەمەوە چەندین دەیە و بگرە سەدەیەکیشی دەوێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، بەڵام کە هەر نیشانەکانی دەرکەوتن چارەسەریان ئەگەر ئەستەم نەبێت، کردارەکی نییە. چەند نموونەیەک دەخەمە ڕوو لەو نەخۆشییانە بەڵکو ئەگەر جارێکی تر بیرت لەوە کردەوە زیانەکانی ئازادیی سێکسی چیین، ئەمانە لە بیر نەکەیت!

لەباربردن(کوشتن)ی منداڵان

ئازادیی سێکسی ڕێژەی سێکسکردن زیاد دەکات (بێگومان)؛ بەڵام زیادبوونی ڕێژەی سێکسکردن ڕێژەی دووگیانبوونیش زیاد دەکات. هەرچەند چەندین ڕێگه‌ هەن بۆ خۆپاراستن لە دووگیانبوون، بەڵام هەموویان بەتەواوەتی ڕێگر نین لە دووگیانبوون و، هەمیشەیش بەردەست نین؛ نەک لەبەر ئەوەی بەردەست نەخراوە بەڵکو لەبەر ئەوەی پەنای بۆ نابرێت، کوڕ و کچێک کە لە ئاهەنگێک حەز و ئارەزوویان دەجوڵێت تۆ بڵێی کاتی ئەوەیان هەبێت بیر لە خۆپاراستن بکەنەوە؟!

سەرەتا لەوانەیە ئەمە وەکو کێشەیەکی ئەوتۆ دەر نەکەوێت، بەڵام لەگەڵ بوونی ڕێژەی زۆری ئەو منداڵانەی کە لە بار دەبرێن، یان ئه‌وانه‌ی فڕێ دەدرێنە نێو تەنەکەی خۆڵەوە، یانیش لەسەر شەقام بە جێ دەهێڵرێن، ئەوکات پێویستە حوکومەت بیر لە چارەسەرێک بکاتەوە. بۆیە زۆرێک لە ئافرتان داوای بە یاساییکردنی لەباردبردنی منداڵیان کردووە! بە مانایەکی تر با بە شێوەیەکی ڕێکخراو و زانستی ئەو منداڵانە لەبار ببەین، کە زۆربەیان تەنها دەرەنجامی نابەرپرسیارێتیی کچ و کوڕەکانە، وەک لەوەی کچەکە خۆی ناچارە کە منداڵەکە بوو فڕێی بداتە نێو تەنەکەی خۆڵێک یان لەکاتی دووگیانی هەموو شتێکی زیانبەخش بخوات بە هیوای ئەوەی منداڵەکە لەباربچێت. بێگومان کوشتنی منداڵێک هەر کوشتنە، جا پێش لەدایکبوون بێت یان دوای لەدایکبوون؛ هەر بۆیە سەرەتا داواکارییەکە تەنها ئەوەبوو هیچ نەبێت ڕێگە بە ئافرەتان بدرێت لە قۆناغی یەکەمی دووگیانیدا (واتە سێ مانگی سەرەتا) ڕێگە بدرێت کە ئافرەتەکە منداڵەکەی لەبار ببات. بێگومان دەمێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا ڕێگە بەوە دراوە. بەڵام هەر بەوەوه‌ نەوەستاون، داواکراوە کە ڕێگە بدرێت لە هەر قۆناغێکی دووگیانیدا ئافرەت توانای هەبێت منداڵەکەی لە بار ببات بێ ڕووبەڕووبوونەوەی هیچ بەرپرسیارییەتییه‌ک! خۆ لە کۆتاییدا -بە بیانووی ئەوان- جەستەی ئافرەتەکە هەر بڕیاری خۆیەتی! ئەگەر بیەوێت منداڵیک لە بار ببات کە لە جەستەی خۆیدایە، بۆچی ڕێگریی لێ بکەین؟! -وەک بڵێی کۆرپەلەیەک لە جەستەی ئافرەتێکدا بێت، ئافرەتەکە دەکات بە خاوەنی کۆرپەلەکە!- بێگومان ئەوان لەوە قێزەونتر ڕۆییشتوون، زۆرێک لەوان دەڵێن منداڵێک لە لاشەی ئافرەتێکدا تەنها مشەخۆرێکە! یان تەنها پارچە گۆشتێکە لە کۆمەڵە خانەیەکی کەڵەکەبوو!

ئەی خۆت هەر کۆمەڵە خانەیەکی کەڵەکەبوو نیت؟! ئەی چی بەسەر خۆشەویستیی نێوان دایک و منداڵەکەی هات؟! ئایە گەییشتوون بەو قۆناغە لە ماددەپەرستی Materialism ؟!

هەندێک لە بیانووەکانی تری بە یاساییکردنی لەباربردنی منداڵ بریتین لە قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی، یان ئەو کۆرپەلانەی کە لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکییەوە دەر کەوتووە کە خاوەنی ناتەواوییەکن، بۆ نموونە دیاردەی داون Down Syndrome ، ئەوان دەڵین نابێت ئەو ئافرەتە ناچار بکرێت کە ئەو منداڵە بهێنێتە ژیانەوە!

بەڵام لە کاتێکدا ڕێژەی ئەو منداڵانەی کە لە بار دەبرێن بە بیانووی دەستدرێژیی سێکسییەوە لە ١٪ کەمترە! واتە ئەمە هەر هۆکار نییە بۆ یاسایی کردنی ٩٩٪ی تر! هەروەها، ئایە هەر کەسێک نەخۆشییەکی هەبوو وای لێ دەکات کەمتر مرۆڤ بێت، واتە ئەوانەی دیاردەی داونیان هەیە (لای خۆمان پێیان دەوترێت مەغۆلی) لە مرۆڤە ساغەکان کەمترن؟! ئاساییە ئەوان بکوژین؟!

بارو دۆخەکە هەرچۆنێک بێت، منداڵیک لە سکی ئافرەتێکدا هیچ کەمتر نییە لە منداڵێکی لە دایک بوو، تەنها لەبەر ئەوەی هێشتا لە قۆناغی گەشەسەندندایە مانای ئەوە نییە مرۆڤێکی تەواو نییە، منداڵێک کەمتر مرۆڤ نییە لە پیاوێک! کۆرپەلەیەک دڵی لێ دەدات، هەست بە ئازار دەکات و، تەنانەت لە ڕێگەی سۆنارەوە دەرکەوتووە کە لە کاتی له‌باربردندا دژایەتی دەکات و نایەوێت بمرێت!

هەر بەسانایی دەر دەکەوێت، کە ڕێژەی زۆریی منداڵە نایاساییەکان لە ئازادییەکی زۆری سێکسییەوە سەر هەڵ دەدات و، تاوەکو تاکەکان بە پرسیار نەبن لە ناوگەڵیان ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت.


تاگەکان    
فێمینیزم شیرک تەکنۆلۆژیا فەڵەستین چەواشەکاریی لۆژیکی ڕەزا بابایی دیمانە جوانی مۆدێرنیتە حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین فەلەستین دەربارەی کتێب کرێکار نامە
فیکر
2018-10-22 کۆمێنت 1665 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی