خەیاڵی خاو

فیکر 2018-10-18 کۆمێنت 1564 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی

وەرگێڕانی: عەلی حسێن

لێرە و لەوێ, کەموزۆر کەسانێک دەبینین کە سەختگرانە ڕەخنە لە ئایین دەگرن. هەندێک جار پارادۆکس لە دەقە پیرۆزەکاندا دەدۆزنەوە و پیشانی خەڵکی دەدەن؛ بڕێک جاران ئەو تاوانە گەورانەی لە مێژوودا بە ناوی ئایینەوە ئەنجام دراون, دەخەنە ڕوو؛ جاروبار لەبارەی گاریگەریی ئایین لەسەر میللەتە چارەڕەشەکانەوە دەدوێن و وەختگەلێگی تریش, دینداریی خەڵک لە دەیەی شەست و حەفتادا, بە هۆکاری ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ دەزانن.

    من لێرە ئەرخەیانیان دەکەم: تەواوی ئەو کەموکورتی و عەیبانەی بە قسە و نووسین و هاوارکردن دەیاندەنە بەر ڕەخنە, یەک لە میلیۆنی تیۆریی خۆرسەنتەریی کۆپەرنیک, سەرئێشە بۆ ئایین درووست ناکەن. دۆزینەوەکەی کۆپەرنیک بۆ کڵێسە, وەکو ژاری کوشندە بۆ منداڵی شەشمانگان بوو. کڵێسە تا ئەو کاتە (سەدەی شازدەیەم), تەواوی هێلکەکانی خۆی خستبووە سەبەتەی ئەستێرەناسیی بەتلیمووسەوە و کۆپەرنیک سەرلەبەری تێک دا. جیا لەمە, تیۆریی سەرچاوەی چەشنەکان (The Origin of Species )ی داروین لە سەدەی نۆزدە و تاقیکردنەوە دەروونییەکانی فرۆید لە سەدەی بیستدا, دەبوو دەرگای کڵێسە دابخەن. ناڵێم هیچ نەقەوما, بەڵام هەر چۆن بێت, مەسیحییەت لە پشت ئەو بەربەستە مەزن و ترسناکانەوە نەمایەوە و هێشتایش خاوەنی هێزێکی مەعنەوییە لە بەشێکی گرنگی دنیادا. یەکەم کەسێک دەبوو لە کڵێسە هەڵگەڕابایەتەوە, کۆپەرنیک بوو؛ بەڵام ئەو تا دوادوایی تەمەنی, قەشەیەکی مەسیحی بوو. داروینیش تا باوەشی بە ئینجیلدا نەکرد, دنیای بە جێ نەهێشت.

    ئایین تیۆرییەکی زانستی نییە تا بیردۆزە نوێیەکان جێی بگرنەوە یان دۆزینەوەی دژیەکییەک تێیدا, دینداران شەرمەزار بکات. ئایین زیاد لەوەی مەعریفە یان تەنانەت جۆرێک لە ژیان بێت, وەڵامدەرەوەی پێویستییەکی تایبەتی لایەنێکی نادیارە لە ناخی ملیاران مرۆڤدا, ئەو لایەنە نادیارەش نە بە تێلیسکۆپی گالیلۆ دەبینرێت و نە بە مایکرەسکۆپی پاستەر و نە بە دەروونناسیی فرۆید.

    دەبێت دینداری بژار بکرێت و بە عەقڵانییەتی نوێ بڕازێنرێتەوە. سڕینەوە, خەیاڵی خاوە. پێویستە بگەینە جۆرێک لە هاوژینی کە زانست و دەستمایە و زانستگە و ئایین و بڕوا و بێبڕوایی, وەکو یاریزانەیلی یەک تیم بن لە یاریگەیەکدا. مارکس لە گوتاری (لەبارەی پرسی جوولەکەوە)دا دەڵێت: دەوڵەت باوکی نەتەوەیە و دەبێت پێوەندییەکی یەکسانی لەگەڵ هەموواندا هەبێت. هیچ باوکێک هیچ کام لە منداڵەکانی ماڵبەدەر ناکات. ماڵ کاتێک ماڵە, هێلانەیەکی هێمن بێت بۆ هەموومان؛ دەنا گۆڕەپانی جەنگە.


تاگەکان    
بوونەوەری ئاسمانی تەنیایی نیشتیمان پۆدکاست ئەدەبیاتی فارسی ژن کۆمەڵکوژیی بۆسنە گەڕان زمان بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن زانایان زانکۆ ئایا سۆفیا عێڕاق ژیانی پێغەمبەر
فیکر
2018-10-18 کۆمێنت 1564 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی