له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌

ئەدەب 2018-10-15 کۆمێنت 1928 جار بینراوە

نووسینی: هێمن خورشید


هەندێ کەس هەن کتێب دەنووسن، هەندێکی تر خۆیان دەبن بە کتێب و سەدان ساڵ دەخوێنرێنەوە.

درۆیە ئەو قسەیەی دەڵێت؛ نووسەر کە تێکستەکەی دەنووسێت، ئیتر دەمرێت.. نووسین دوای سەدان ساڵیش هێشتا هەر بۆنی نووسەرەکەیی لێدێت، ڕووحی نووسەر لەناو نووسراوەکەیدا دەدرەوشێتەوە.

کە نووسینێک دەبێتە مایەی خۆشحاڵیت و پێی دەگەشێیتەوە، لە دوو ئەگەر بەدەر نییە؛ یان ئەوەیە سروشتت لەگەڵ سروشتی نووسەری دەقەکەدا وێک دەچێت یان ئەوەیە ئەو نووسینەی خوێندووتەتەوە، بە خوێنی دڵ نووسراوە و لە ناخی نووسەرەوە هەڵقوڵاوە.

هەموو مرۆڤێک وەک چۆن خودان جەستە و لەشولار و ڕوخسارێکی تایبەتە، هەر ئاوها دارای بۆنوبەرامێکی تایبەتیشە. مرۆڤ هەیە بەنێو دەیان کوچە و کۆڵاندا تێپەڕ بێت، کەس هەست بە بوونی ناکات، مرۆڤیش هەیە لە کوێ دەرکەوت، دنیا گوێقوڵاغ دەبێتەوە و بۆنوبەرامەی دەوروبەر مەست و مەبهووت دەکات....

بنیادەم هەیە سەت کتێبی نووسیوە و کەس پەی بە بوونی نابات، هەیشە بە دوو کتێبەوە، ئاشووبێکی ناوەتەوە. هەیە شەو و ڕۆژ قسە دەکات و دەرگای هەموو ناوەندێکی بۆ دراوەتە سەر پشت و دەرفەت بە زایە نادات نەیقۆزێتەوە و باسی خۆی و نووسینەکانی نەکات، کەچی کڕیاری نییە، هەیشە حەوت وڵات بە دوویەوەن بیگرن و نووسینەکانی قەدەغەن، کەچی لە دڵی دەیان هەزار کەسدا دەژێت و خەڵک نووسینەکانی لەبەر دەڵێنەوە.

نووسینێک بەدەم گریانەوە نووسرابێت، خوێنەر ناهێنێتە پێکەنین، نووسینێک بۆ پارە نووسرابێت ناخ ناهەژێنێت.. وشەکان بە -قەولی سەیید قوتب- کۆمەڵێ جەستەی مردوون، دەبێت بە خوێن و گیانی خۆمان ئاویان بدەین، تا ڕووحیان بە بەردا بچێت و بکەونە جووڵە..

نووسین بەشێکە لە نووسەر، وەک چۆن هەر کەسێک ئیمزایەکی هەیە و پێی دەناسرێتەوە، وەک چۆن هەرکەسێک تۆنی دەنگی لەوانی تر جودایە و کە خەڵک گوێیان لە دەنگەکەی دەبێت دەزانن کێیە، هەر بەو شێوەیە هەموو نووسەرێکیش جۆرێک نووسینی هەیە، تامی خۆی دەدات و بۆنی خۆی لێدێت.

مەگەر خەڵکی سادە، دەنا خوێنەری قووڵ بەئاسانی فریو ناخوات و نووسینی نووسەرێکی لێ نابێت بە هیی یەکێکی تر.

ئەوەیش بزانن، نە هەموو نووسینێک نووسینە و نە هەموو نووسەرێکیش نووسەرە. هەندێ بنووس هەن قەڵەمبەدەستن و هەموو دەم ئامادەی هەڕاجکردنی خۆیان و نووسینەکانیانن، ئەو نووسینانە بەرگەی بای زەمانە ناگرن و زۆر زوو لە بیران دەچنەوە.

تاگەکان    
ئاوی زەمزەم ئەدەبیاتی فارسی خوێندنەوە فەرهەنگ عێڕاق ئازادی زانایان بوونەوەری ئاسمانی کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین ئیلحاد وەرزش یادەوەری یاسا دیمانە ئیسرائیل
ئەدەب
2018-10-15 کۆمێنت 1928 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی