شۆڕشی پیشەسازی

فیکر 2018-10-11 کۆمێنت 3488 جار بینراوە

نووسینی: به‌رهه‌م كوردستانی


لێرەولەوێ دەستەواژەی شۆرشی پیشەشازیمان بەر گوێ دەكەوێت، زۆر جار وا ناوزەند دەكرێت كە بووەتە مایەی ته‌راندنی خۆشی لە ڕووحی بەشەریەتدا! ئێمە كە خاوەنی باوباپیرانێكین مێژویان پڕپڕە لە جوامێری، دەبێت بڕوامان وا بێت كە هەر قسەیەكیان سەبارەت بە هەر بابەتێك گوتبێت، له‌خۆڕا نه‌بووه‌ و حه‌تمه‌ن شتێكی له‌ پشته‌وه‌یه‌، جا منیش لەژێر ڕۆشناییی ئەم بۆچوونەدا كەوتمە به‌دواداچوون لەم باسە، جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ لە باسەكەماندا تیشك دەخەینە سەر  چۆنیەتیی ساخكردنەوەی ئەو كاڵایانەیەی كە شۆڕشی پیشەسازی بووەتە هۆی پەیدابوونیان، شۆڕشی پیشەسازی، له‌ سەرەتای سەتەی حەڤدەیەمه‌وه‌ بەشێوەیەكی جیهانی دەستی بە دەركەوتن كرد, وەلێ لە خۆرئاوادا كە كرۆكی باسەكەی ئێمەیش لەسەر ئەوێیە، لە سەته‌ی هەژدەیەمەوە سه‌ری هه‌ڵدا.

بێینە سەر باسی -ئامێر- كە بەرهەمی شۆڕشی پیشه‌سازییە. ئەو سیفەتەی كە پەیوەستە پێوه‌ی، سیفەتی بەردەوامییەتی لە كاركردندا، پاشان ڕێژەی بەرهەمهێنان(أنتاج)ی ساڵ بە ساڵ دەبێت زیاد بكات بۆئەوەی بتوانێت بەربەرەكانێی كاڵای ئەو ئامێرانە بكات كە ئەوانیش وەك ئەم جۆرە كاڵایەكی هاوبەش بەرهەم دێنن. ئەمە سیفەتێكە بۆ ئامێر كە بەبێ ئەمە توانای مانەوەی لە دەست دەدات و بەرەو فەوتان دەڕوات. كەواتە زانیمان بۆئەوەی ئامێر زیندوو بمێنێت پێویستە ساڵانە سەرڕێژی هەبێت,  ئەم سەرڕێژییە ساڵانەیە ناكرێت تەنیا لە كۆمەڵگه‌یەكدا ساخ بكرێتەوە كە خودی ئەوروپایە بەگشتی, بازاڕی ساخكراوە بۆ ئه‌وروپا، بازاڕه‌كانی ئاسیا و ئەفریقیان. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەفریقاییه‌كان كە ئاواتی وان ئەسپسواریە، ده‌كرێ ئۆتۆمبێل بەكار بهێنن؟! ئافرەتانیان كە بە مەبەستی خۆجوانكردن شیلەی دارەكان بەكار دێنن، ده‌توانن ماكیاژە گرانبەهاكانی پاریس بەكار بێنن؟! ئەرێ گەر بەخۆڕایییش پێیان بدەین لەگەڵ سەلیقەیاندا دەگونجێت؟!  ئەوان سوود له‌ ئەسپ وەر دەگرن و هەروەها چێژبەخشیشە بۆیان, جوانییان ئەوێ و كەرەستەی نێوخۆییان بەكاردێنن و پەسەندیش دەكرێت، هیچ پێداویستییەكی وایش نەهاتووه‌تە گۆڕێ تا ئاتاج بە كاڵای وان بن، هەروەها بۆئەوەی ئەوروپا خاوەنی شوهرەت و سەروەت بێت، بە هەر جۆر بووە دەبێت كارێ بكەن تا ئامێر زیندوو بمێنێت؛ چونكە خۆیان داهێنەرین. باشە پێویستە چ شتێك بكرێت بۆ ئەوەی ئامێر بكرێتە مایەی پشتپێبەستنی ئەو وڵاتانەی كە دەبێت ببنە بەكاربەری كەرەستەكانی ئەوروپا؟ كاتێك گەییشتنە سەر ئەم پرسیارە ژیانی هەموو وڵاتە ناخۆرئاواییەكانیان گۆڕی، چونكە هاتنە كاركردن بۆ ئەم ئامانجە بەم ڕێكارانە:

1. گۆڕینی جۆری بیر و سەلیقەیان.

2. گۆڕینی جۆری ژیانیان.

لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌رێ گه‌لۆ هەروا ئاسانە بیر و جۆری ژیانی گەلێك بگۆرن؟ چ شتێك بیركردنەوەی گەلێك بەرهەم دەهێنێت (میژوو, ئایین, كەلتوور, شارستانییەتی، ڕابردوو؛ تاد ... ) ئەمانە لە هەر ناوچەیەك به‌ جۆرێكن و جیاوازن, بۆیە دەبینیت بیركرنەوە و سەلیقە لەژێر هەر گەزە ئاسمانێك بە جۆرێكە, له‌ ڕۆژهەڵاتی دوور، ئایین لایان بوزاییە؛ كەلتووریان جیاوازە و زمانیان تایبه‌ت. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئایین، زمان، كەلتوور و؛ میژوو، ئەمانە بە جۆرگەلێكی ترن. ئێمە زانیمان هەریەك لەمانە ڕۆڵیان هه‌یه‌ بۆ بەرهەمهێنانی بیركردنه‌وه‌ی گەلێك، ئیتر بۆئەوەی كاڵاكانمان فرۆشیان هەبێت دەبێت هەموو ئەمانە نەهێڵین، هەموو بیركردنەوەكان لە قاڵب بده‌ین و، وەكوو یەكیان لێ بكه‌ین، هەروەها ببینە پێشەنگیان؛ دوای ئەوە بیركردنەوە و جۆری ژیانیان به‌شێوه‌یه‌ك بۆ دادەڕێژینەوە كە  ببنە بەكاربەری كاڵاكانمان. كەواتە پێویستە نوێیان بكەینەوە, بەڵام ئایا كەس قایل ده‌بێت خواردنەكەی بەردەستی، یان پۆشاكەكەی به‌ری لێ وەر بگرین؟ جا دواتر پێی بڵێین ئەوانەی خۆت كۆنن ئەم پۆشاكەی ئێمە هێناومانە بۆت وەر بگرە و لەبەری بكە؟ بێگومان نەخێر بەڵكو بەرگری دەكات! كەواتە ئێمە پێویستە نوێكردنەوە بە شارستانیبوون بچوێنین چونكە شارستانیبوون ئاواتی هەموو گەلێكە, لێرەدا وەك دوكتۆر عەلی شەریعەتی دەڵێت: "كاتێك لە پاریس دەمخوێند، ڕۆژێك بە شەقامەكاندا پیاسەم دەكرد ڕیكلامێكی هەلی كارم پێش چاو كەوت، لە لایەن كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێلەوە بوو و تێیدا نوسرابوو پێویستمان بە كەسێكە كۆمەڵناسیی تەواو كردبێت و پارەیەكی باشی پێدەدەین، وەرن بۆ ئێمە كار بكەن. سەیرە! بۆ ئەو كەسەی وان پێویستیانە دەبێت ئەندازیاری میكانیكی بێت یان كۆمەڵناس؟! هەر چۆن بوو ڕۆییشتم تا لەوێ چاوم بە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان كەوت، گوتی دەزانم پێت سەیرە كە بۆچی كەسێكی وەك جەنابتمان بانگ كردووە منیش دەمەوێت تەنها ئەمەت بۆ ڕوون بكەمەوە, نەخشەی ئاسیا و ئەفریقیای هێنا پاشان ئاماژەی بە ناوچەگەلێك كرد، دواتر وتی ئۆتۆمبیلەكانمان فرۆشی باشیان لەم ناوچانەدا هەیە بەڵام لەم ناوچانەی تر هیچ فرۆشیان نییە ئێمەیش نازانین هۆكاری ئەمە چییە, خۆ ناكرێت لە ئەندازیاری میكانیكیەكەیش بپرسین، ئێمەیش نازانین هۆكاری ئەمە چییە دەبێت كۆمەڵناسێك هۆكاره‌كه‌ی دیاری بكات! پاشان كابرای بەڕێوەبەر بۆ گەیاندنی مەبەستەكەی نموونەیەكی باس كرد، لە كەناری ڕووباری چاد (ئەفریقیا) كۆمەڵە خێڵێك هەبوون لە خێوەتدا و به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ دەژیان، لەوێیشدا قەڵایەكی گەورە بوونی هەبوو كە هیی سەرۆكخێڵ بوو، لەوێڕا مایەی شانازیی وان ئەسپ بەخێوكردن بوو، هەركەس ئەسپەكەی لە هیی هەمووان ڕەسەنتر بووایە و ژمارەی ئەسپەكانی زیاتر بووایە، لە هەمووان بەناووبانگتر دەبوو هەمووانیش ئیرەیییان پێی دەبرد, بەڕێوه‌بەری پەیوەندییە گشتییەكان درێژەی پێ دا و، وتی ئامادەكاریی زۆری ویست تا كۆمەڵناسێكمان بۆ ئەوێ نارد و توانی كارێك بكات لە جێگەی ئەوەی سەرۆكخێڵ شانازی بەوەوە بكات دوو ئەسپی ڕەسەنی لە بەردەم قەڵاكەیدا ڕاگرتووە، ئێسته‌ شانازی بەوەوە دەكات دوو ئۆتۆمبێلی ڕینۆی زەخرەفدار بە ئاڵتوونی پاریسی، لە بەردەم قەڵاكەیدا وه‌ستاون. لە كاتێكدا هێشتا ڕێگه‌وبان بۆ ئەو ناوچەیە دەرنەچووە، هەروەها سووتەمەنیش لە ناوچەكەدا نییە و لە دوورەدەستەوە بە بەلەم بۆی دەهێنن، هەروەها شۆفێریشیان نەبوو لێرەوە بۆمان ناردن. شۆفێرەكە حەوت هەشت مانگ لەوێ بوو و خەڵكی ناوچەكە مووچەیان پێی دەدا, وەك دەبینین ئامانجی ئەوان بە شارستانیكردن نەبوو بەڵام بەڕاستی نوێیان كردنه‌وه‌! دەبینین ئەو كەسەی جاران مایەی شانازیی ڕاگرتی ئەسپی ڕەسەن بوو لە پێش قەڵاكەیدا، ئێستە شازی بەوەوە دەكات ئۆتۆمبێلی لە پێش قەڵاكەیدا ڕاگرتبێت. ئەگەر ئێمە ئەمە بە بەشارستانیبوون بزانین ئەوە بێگومان بیركردنەوەمان لە ئاستێكی زۆر نزمدایە! نەخۆشییەك هەیە بە نێوی (ئەسمیلاسیۆن) ئەمە دەردێكی دەروونیی ترسناكە كە كەسی توش بوو، گشت تایبەتمەندییە خودییەكانی خۆیی پێ مایەی شەرم و ناشرینییە و لە بەرانبەر ئەمەیشدا كەسێك دەكاتە سەرمەشق و پێشەوای خۆی، ئینجا هەموو ئەو ڕەفتارانەی ئەو دەیان كات ئەمیش لاساییی ده‌كاته‌وه‌ بۆئەوەی لەو خۆ بەهیچ نەزانییەی ناخی قوتاری ببێت. خۆرئاوا بە شوبهاندنی ئایین و كەلتورمان و، بە تێكدان و ناشرینكردنی مێژوومان، لەم سەت بۆ سەتوپەنجا ساڵەی ڕابردوو بۆ زەقكردنەوەی ئەو نەخۆشییە تێماندا، كۆشاوه‌. ئەوە نییە دەڵێت ڕەشپێست ئارەقەكەی بۆنێكی تری هەیە! یان دەڵێت كلكەخانەكانی بەشی پشتەوەی مێشكی خۆرئاواییەكی سپیپێست زیاترە و ئەمەیش وا دەكات زیرەكتر بن... جیاوازیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و ئەفریقیایان بەم شێوەیە كردووە، كه‌ خۆراواییەكان ئەقڵ تێیاندا زاڵە، رۆژهەڵاتییەكان هەست و سۆز و عیرفان تێیاندا زاڵە، چی ئەفریقیایش هەیە سەما و گۆرانی تێیاندا زاڵە. ئێستە لەوانەیە كەسێك بپرسێت باشە خراپیی چییە خۆ ئەوان شتێكیان لێمان نەبردووە و جێگەكەیان بە خاڵێتی جێ هێشتبێت ئەوەتا وڵاخیان لێ بردووین ئۆتۆمبێلیان خستووه‌تە جێگەی بۆمان، ئەوا لە وەڵامدا پێت دەڵێم برای بەڕێزم مەرج نییە خودی ئەو كاڵا و شتوومەكە خراپ بێت بۆ نموونە پۆشاكێك كاتێك هەناردە دەكرێت زۆر رێكوپێك و جوانه‌ هەر دەڵێی بۆ جەنابت دروست كراوە بەڵام خراپییەكەی لەوەدایە جلەكانی خۆتت پێ لەناو دەبات ئینجا ئەوەی بۆت بنێرن ناچاریت لەبەریان بكەیت. ئەم پرسیارە نوكتەیەكی خۆشی خستەوە بیرم، دەگێڕنەوە كابرایەك سێ كوڕی هەبوو كوڕە گەورەكەیان كەس درۆی لێ نەبینیبوو، كوڕە بچوكەكەیش كەس ڕاستی لێ نەبینیبوو، بەڵام ناونجییه‌كه‌یان له‌ نێوان هه‌ردوو براكه‌ی تریدا بوو؛ ڕۆژێك باوكەكە لەسەر بەرماڵ خەریكی كەین و بەین بوو لەگەڵ خودای خۆی، لە نێوەڕاستی دوعاكاندا وتی خوایە من لە كوڕه‌ گەورەكەم ڕازیم تۆیش لێی ڕازی بە، قەت درۆ لەگەڵ خەڵك ناكات، داوایشت لێ دەكەم كوڕە بچوكەكەم ڕێنوێنی بكە بەرەو لای خۆت هەر دەم دەكاتەوە هەموو خەڵك دەزانن درۆ دەكات؛ بەس داوات لێ دەكەم ئەوەكەی ترم لێ وەربگرەوە كەس نازانێت كەی كاتی ڕاست و درۆیەتی! مەسەلەكە لێرەدایە ئایا ئەوەی بە نێوی شۆرشی پیشەسازییەوە بۆمانی دەهێنن دەتوانین بزانین كەی باشە و كەی خراپە؟! ئەوەیشمان لەبیر نەچێت ئەو نەگبەتییانەی كە لە سایەی تەكنەلۆجیاوە داهێنراوە ماڵوێرانییەكەی زۆر زیاترە لە باشیەكانی، بۆ نموونە كەسێكمان دەوێ جیاوازیی شەڕێك بكات لە پێش شۆرشی پیشەسازی كاتێك ئامرازه‌كانی جەنگ شتگەلێكی ساكار بوون لەگەڵ شەڕێكی پاش شۆرشی پیشەسازی! بۆیە شۆرشی پیشەسازی بە بۆچوونی من بایی ئەوە نییە مرۆڤ شانازیی پێوە بكات. كۆتاییی قسەكانم بەوە دەهێنم دەڵێم جێگەی خۆیەتی بۆ كەسانێك كە شارستانییەتمانیان شێواندووە، بە شاهێدیی مێژوو چەندین جار خاك و ئاومانیان بە ئەم و ئەو تەخشان و پەخشان پێكردووە، بەگومان بین لە داهێنراوەكانیان هەروەها بۆ كەڵك لێوەرگرتنیان بەباشی بكۆلینەوە، ئەمە سەبارەت بە چەسپاندنی كلتووری خۆراوایش بە هەمان شێوە ڕاستە، ڕاستییەكەی من زۆر بەچاوی بەزەییەوە تەماشای ئەوانە دەكەم كە  لەنیشتمانێكی خۆرهەڵاتی و كوردیدان بەڵام وەك ئەو كابرایەی كە تووش بووە بە نەخۆشیی ئەسمیلاسیۆن ڕەفتار دەكەن و ئەوانیان كردووە بە سەرمەشقی خۆیان و دێن كلتووری خۆیان دەشێوێنن و خۆیان وەك ئەوان دەچوێنن...

تاگەکان    
مانا بوونەوەری ئاسمانی لۆجیک نیشتیمان کورد جوانی حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی فێمینیزم خاڵبەندی وەرزش چەواشەکاریی_لۆژیکی دەربارەی کتێب موناجات کوردستان دەروونی
فیکر
2018-10-11 کۆمێنت 3488 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی