ئەفسانەناسیی گریک

ئەدەب 2018-10-04 کۆمێنت 1781 جار بینراوە

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: هاوکار فه‌ره‌ج


(له‌باره‌ی ئەفسانە و خوداوەندەکانی گریکەوە)


بەر لەوەی پێ بھاوینە نێو دونیای بیروباوەڕە نامۆکانی پێشینانی گریک و، ئەو ھەموو خوداوەندە زۆروزەبەندانەی پەرستوویانن، دەبێت سەرەتا ئەوە لەبەر چاو بگرین، ئەم خوداوەندانە چ جۆرە ھەبوویەک بوون.

لە ڕووی ڕواڵەتەوە، خوداوەندەکان ھەر وەکوو مەرگەوەڕەکان* (Mortals ) سەیر کراون، وەلێ لەلایەنی جوانی، شکۆداری و ھێزەوە فرە لەپێشتر بوون، لە ڕووی بەژن و باڵابەرزییەوە، گریکەکان وەکوو نموونەی جوانی، لە ژن و لە پیاو، تەماشایان کردوون. ھەست و خووەکانیان وەکوو ئه‌وانه‌ی مرۆڤ بوون؛ لەنێو خۆیاندا ھاوسەربەندییان کردووە و، منداڵیان خستووەتەوە، ڕۆژانە پێویستیان بە خۆراک ھەبووە ھەتاوەکوو ھێزیان وەبەر بێتەوە، خەوێکی ئارامیش تاکوو وزە بە دەست بھێننەوە. خوێنی خوداوەندەکان شلەیەکی ڕوونی ئاسمانی بووە، بە ئیکۆر (Ichor ) ناو براوە، قەت نەخۆشیی لێوە پەیدا نەبووە و، وەختێکیش ڕژا بێت، توانای خستنەوەی ژیانێکی نووی ھەبووە.

گریکەکان باوەڕیان وا بووە، تایبەتمەندییە دەروونییەکانی خوداوەندەکانیان، لە چاو ئه‌وانه‌ی مرۆڤدا، لە پلەیەکی زۆر باڵاتردا بوون، لێ سەرەڕای ئەوەیش، وەکوو لە ئەفسانەکانەوە بۆمان دەر دەکەوێت، خوداوەندەکان لە ھەست و سۆزەکانی مرۆڤ، بەری نەبوون، بەڵکوو فرە جار دەکەونە ژێر کاریگەریی تۆڵە، فێڵوتەڵەکە و ئێرەیییەوە. خوداوەندەکان بەردەوام کەسانی بەدکار بە سزا دەگەیەنن، ھاووەخت ھەر مەرگەوەڕێکی بێدین، زاتی ھەبێت پەرستنیان فەرامۆش بکات یاخود سووکایەتی بە سرووتەکانیان بکات، بە بەڵا و کارەساتی زراوتۆقێنەوە سەری لێ دەدەن. زۆر جار لە ئەفسانەکاندا دەبینین، خوداوەندەکان سەر لە مرۆڤ دەدەن و لە میواندارێتییەکاندا بەشدار دەبن، فرە کەڕەتیش ھەردوو خوداوەند و ژنەخوداوەندەکان لەگەڵ مەرگەوەڕەکاندا پێوەندی دەبەستن و، ژیانی ھاوبەش پێک دەھێنن، ئەو نەوانەی لەو جۆرە ھاوسەربەندییە دەکەونەوە، پێیان دەگوترێت قارەمان (Heroes ) یان نیوەخوداوەند، کە بە ھێز و ئازایەتییەکی مەزن بەرزەنێویان ھەبووە. ھەرچەندە خاڵەکانی لێکچوونی نێوان خوداوەندەکان و مرۆگەل زۆرێكن، بەڵام تایبەتمەندییەکی سەرەکیی جیاكه‌ره‌وه‌یان ھەبووە؛ خوداوەندەکان چێژیان لە نەمری وەرگرتووە. لێ ھێشتایش، لە مەترسی پارێزراو نەبوون، زۆر جار دەبینین بریندار دەبن و، ئازار دەکێشن بە ھۆی ئەشکەنجەی قورسی وەھاوە کە لە دڵەوە دەپاڕێنەوە، بەخششی (نەمری)یان لە کۆڵ بکرێتەوە.

خوداوەندەکان لە دەرەوەی سنووربەندیی کات و شوێنەوە بوون، توانی ئەوەیان ھەبووە لە چاوترووکاندنێکدا خۆیان بگەیەننە شوێنی ھەرە دوور و لەبڕوابەدەر. ھەر وەخت بیانویستایە، خۆیان لەبەر چاو ون دەکرد، لەگەڵ دۆخی گونجاوی خۆیشیاندا، دەیانتوانی شێوەی خۆیان بخەنە سەر مرۆڤ یان ئاژەڵ. لە دەستیان ھاتووە مرۆڤ تووشی بەدگۆڕان بکەن، بیخەنە سەر شێوەی درەخت، بەرد و ئاژەڵ و... ئیتر ئاخۆ وەکوو سزایەک بۆ کردەوەی خەراپ بوو بێت یان بە مەبەستی ئەوەی یارۆ، بە ھۆی شێوەگۆڕینەوە، لە ھەڕەشەیەکی پێشبینیکراو بپارێزرێت. ڕۆبەکانیان وەکوو ئەوانە بوون مەرگەوەڕەکان لەبەریان دەکردن، وەلێ لە شێوەدا زۆر نایاب و لە پێکھاتەدا باشتر بوون. چەکی دەستیان ھاووێنەی ئەو چەکانە بوون کە خەڵک دەکاریان بردوون، وەک لە ئەفسانەکانەوە دەزانین، خوداوەندەکان کەڵکیان لە ڕم، قەڵغان، کڵاوی ئاسنین و تیروکەوان وەرگرتووە. ھەر خودایەک خودان گالیسکەیەکی دڵڕفێن بووە، بە ئەسپ یاخۆ ئاژەڵی دیکەی ڕەگەزئاسمانی ھاتووەتە ڕاکێشان، بەخێرایییەکی زۆر بەسەر ده‌ريا و وشكاييدا، بەگوێرەی حەزی خوداوەندەکە، ڕێیان بڕیوە. زۆرێک لە خوداوەندەکان لە تۆقەڵانی چیای ئۆڵیمپەسدا (Mount Olympus ) ژیاون، ھەر یەک لە خوداوەند و ژنەخوداوەندەکان نشینگەی تایبەتی ھەبووە، لە جەژنەکاندا ھەمووان لە دیوەخانی خودایەکاندا کۆ بوونەتەوە؛ میواندارێتییەکانیان بە ئاوازە شیرینەکانی چەنگەکەی ئەپۆلۆ (Apollo ) ڕۆحیان بە بەردا کراوە و، ھاووەخت دەنگی دڵنشينى میوزەکان (Muses ) ئاوازگەلی جوانی، تێکەڵ بە ھاڕمۆنییەکەی ئەپۆلۆ کردووە. لەسەر شەرەفی خوداوەندەکان پەرستگەی قەشەنگ ڕۆ نراون و، لە مەڕاسیمى گەورەدا ھاتوونەتە پەرستن؛ دیاریی گرانبەھا پێشکێش کراون، ئاژەڵ و تەنانەت ھەندێک جار بونیادەم، لە قوربانیگەکاندا، بە قوربانیى کراون.

لە كۆڵینه‌وه‌ی ئەفسانەناسیی گریکدا، ھەندێک بیروبۆچوونی سەیر و تەنانەت بڕواپێنەکراو دێنە بەر دیدەمان. زۆر شتی مینای جایەنت (Giant )ی سامناک کە تاشەبەرد دەھاوێژن، چیا لە بن دەھێنن و، زەوینلەرزەی وەھا درووست دەکەن کە چەندین لەشکر بە ناخی زەمیندا ببات! ھەرچەندە ئەم بیرۆکانە، ڕەنگ بێت بدرێنەوە پاڵ کارەساتی سروشتیی تۆقێنەر، کە لە چاخەکانی پێش-مێژوودا ڕوویان دابێت. کەچی ئەو دیاردە ھەنووکەیییانەی ڕۆژانە ڕوو دەدەن، یەک لە باری ئێمە کە دەزانین بە ھۆی ڕێسا سروشتییە لەگومانبەدەرەکانەوە ڕوو دەدەن، ھێندە لامان ئاشنان کە مێشێک ناکەنە میوانمان، وەلێ لەلای پێشینانی گریک، ئەم دیاردانە بوونەتە جێگەی تێڕوانینێکی تێکەڵ بە ترس و، زۆر جاریش وەکوو نیشانەیەکی ئاگەدارکەرەوە تەماشایان کردوون. بۆ نموونە، وەختایەک گوێیان لە ناڵەی سامناکی ھەورەگرمەیەک بووە و، تیشکە ڕوونەکانی ھەورەبرووسکەیان بینیون، کە گەواڵەھەوری ڕەش و لێزمەی بارانیان دەگەڵ بوون، وایان زانیوە خوداوەندی مەزنی ئاسمان تووڕەیە و، لە حەژمەت نەفرینیدا لەرز دایگرتوون. ئەگەرێکو دەریای ھێمن و مەنگ لەناکاو ھەڵچووبێت و، دوندی شاپێلەکان پەلیان لە ئاسمان کوتیبێت، سەرشێتانە بەر گاشەبەردەکانی کەنار کەوتبن، ھەر کوێیەکیش دەستیان گەییشتبێت، بووبێتنە ھەڕەشەیەکی وێرانکەر، ئەو وەخت وای بۆ دەچوون خودای دەریا، تووڕەیییەکی ئاگرین گرتوویەتی. وەختێک بینیویانە ئاسمان بە ڕەنگی کاڵی ئەو ڕۆژەی دادێت، ڕۆشن دەبێتەوە، پێیان وابووە ژنەخوداوەندی کازیوە، بە پەنجە پەمەیییە کاڵەکانی، ڕووبەندی تاریکی شەوی لا داوەتەوە! ھەتاوەکوو ڕێگە بۆ برایەکەی، خوداوەندی خۆر، خۆش بکات، گەشتە پرشنگدارەکەی دەست پێ بکات. بەم ئاوایە، ئەم میللەتە خەیاڵوەر و شاعیرانەیە، لەگەڵ ئەوەی ھەموو ھێزەکانی سروشتیان بە مرۆڤ کردوون (تایبەتمەندیی "مرۆڤ"یان پێ بەخشیون، وەکوو تەماشاکردنی ھەورەگرمە وەک "تووڕەبوون"ی خوداوەندی ئاسمان- وەرگێڕ،) لە ھەموو شتێکدا، خوایەتییەکیان بە دی کردووە؛ لە ھەموو درەختێکدا کە باڵای کردووە، لە گشت ڕووبارێکدا کە خوڕەی کردووە، لە تیرۆژەکانی خۆری پرشنگدار و، تیشکە ڕوون و ساردەکانی مانگی زیویندا؛ بە گوێرەی باوەڕی گریکییەکان تەواوی گەردوون زیندووە و ھەناسە دەدات، ھەزاران شێوەی میھرەبانی و جوانی، تێیدا نیشتەجێن.

خاڵی ھەرە گرینگ سەبارەت بە خوداوەندەکان، ڕەنگە شتێکی زێتر لە داھێنانی خەیاڵێکی پاراو و شاعیرانە بێت. ڕەنگ بێت خوداوەندەکان مرۆڤگەلێک بووبن، کە لە ژیاندا، بە ھۆی تایبەتمەندێتیی باڵایانەوە بەسەر ھاوڕێ مەرگەوەڕەکانیانەوە، خۆیان جیا کردبێتەوە و گۆشەگیر بوو بن، ئیتر پاشی مەرگیان لەلایەن خەڵکەوە بە شانوباڵیاندا ھەڵدراوە و پیرۆز کراون، شاعیرەکانیش بە گۆچانە جادوویییەکانیان، دەستیان وەرداوەتە ھەموو وردەکارییەکی ژیانیان، پاشانەکینێ لەو سەردەمانەی کە ژیان زێتر ئاسایی بووەتەوە (لە ناوەڕۆکی میتۆلۆگییانەی دوور کەوتووەتەوە- وەرگێڕ) ئەم جۆرە کەسانە وەکوو خەڵکانێکی کاریگەر و بەناوودەنگ نێویان تۆمار کراوە.

ڕێی تێ دەچێت، حەکایەتخوانەکان کە وڵاتەووڵات سەفەریان کردووە، ھەڵوێست و کارە بەناوبانگەکانی ئەم کەسە پیرۆزکراوانەیان گێڕابێتنەوە و، بە گۆرانی ستاییشیان کردبن، ھەر لەبەر ئەمەیە، جیاکردنەوەی ڕاستییە پەتییەکان لە زێدەگۆیی، زۆر سەخت و تەنانەت مەحاڵیشە، چونکە ھەمیشە گێڕانەوەی زارەوزار، زێدەگۆیی دەگەڵدایە.

بۆ ئەوەی بابەتەکە ڕۆشن ببێتەوە، با وا دابنێین ئۆرفیەس (Orpheus )ی کوڕی ئەپۆلۆ، کە بەرزەنێوی وا ڕۆییشتووە لە بژاری موسیکدا توانایەکی سەروئاسایی ھەیە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا دەژیێت. بەدڵنیایییەوە، دەبوو شەرەفمەندمان بکردایە و، لە ڕیزی موسیکژەنە مەزنەکان دامانبنایە. وەلێ یەک لە باری گریکییەکان، بە ئەندێشەی ڕۆشن و باڵادەستیی شاعیرانەیان، لە وەسپی بەھرەکانیدا، زۆر زێدەڕۆیییان دەکرد، لەلای ئەوان موسیکی ئۆرفیەس، کاریگەرییەکی بانسروشتیی بەسەر تەواوی سروشتی زیندوو و نازیندووەوە دەبوو. ھەر بۆیە شتگەلێکی نامۆ بەر گوێمان دەکەوتن؛ بە کاریگەریی تۆنە شیرینەکانی دەنگی ئۆرفیەس، دڕەندەی کێوی کەوی دەبوون، ڕووباری توولانی لە لێشاو دەکەوتن و، چیایەکان دەکەوتنە جووڵە. ئەو تیۆرییەی لێرەدا خراوەتە ڕوو، ڕێی تێ دەچێت لە داھاتوودا زێدەتر کەڵکی لێ ببینرێت، لە بابەت خستنەڕووی بنەمایەکی ماقووڵ، بۆ ئەو ھەموو بەسەرھاتە سەیروسەمەرانەی لە لێکۆڵینەوەی ئەفسانەناسیی کلاسیکدا پێیان ئاشنا دەبین.

نووکە پێویستە بڕێک قسە سەبارەت بە باوەڕی ئایینیی ڕۆمانەکان بکەین. وەختێک یەکەمجار گریکەکان (ئیتالیا)یان داگیر کرد، لەم وڵاتە داگیرکراوەدا سەرنجیان چووە سەر ئەفسانەناسیی سێڵتەکان (Celts - گرووپێکی ئەتنیکی بوون، زمانێکی ھاوبەشیان ھەبووە، لە سکۆتلاند، ئیرلەند و چەند ناوچەیەکی دیکەوە بڵاو بوونەتەوە،) ئیتر بە گوێرەی نەریتێکی گریک، کە ڕێزگرتن بووە لە ھەموو خوداوەندێک، ناسراو بوو بێت یاخود نا، ھەر زوو گریکەکان ھەندێک لەو خوداوەندانەی کە لە خودایەکانی خۆیانەوە ھەرە نێزیک بوون، ھەڵیان بژاردن و لەگەڵ خۆیاندا گونجاندیانن، بەم ئاوایەیش باوەڕێکی ئایینییان ھێنایە کایەوە، کە جێپەنجەی سەرچاوە گریکە کەونەکەی لەسەر بوو. لەبەر ئەوەی سێڵتە پێشینەکان، لە ڕووی شارستانێتییەوە، لە چاو گریکەکاندا، پاشکەوتوو بوون، ھەر بۆیە میتۆلۆگییەکەیان سیمایەکی ھۆڤییانەی ھەبووە، ئەم دۆخە ھاووەخت دەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە ڕۆمانەکان، وەکوو گریکەکان، بە خەیاڵێکی پاراو بەھرەمەند نەبوون، جێپەنجەی بەسەر ئەفسانەناسیی ڕۆمانەکانەوە بە جێ ھێشتووە؛ لە ڕووی مێتافۆری خەیاڵییەوە ھێندە بەپیت نەبووە، لە بابەت چیڕۆکی ئەفسانەیی (Fairy Tale ) و ئەندێشەی سەرنجکێشی شاعیرانەوە کەمی ھێناوە، کە ئەمانە تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەفسانەناسیی گریک بوون.



*مەرگەوەڕ: مامۆستا مەسعوود محەممەد لە کتێبی (زاراوەسازیی پێوانە)دا، وشەی (مەرگەوەڕ)ی بەرانبەر بە (
Mortal )ی ئینگلیزی و، (قابل للموت)ی عەرەبی داناوە. مەرگەوەڕ واتە ئەوەی کە نەمر نییە و، شیانی مەرگی ھەیە. لە میتۆلۆگیدا، مرۆڤ مەرگەوەڕە، خوداوەندەکانیش نەمرن.


تاگەکان    
بووژانەوە قوتابخانەکانی نوور ستەم ڕەزا بابایی نامە موناجات چیرۆک فێمینیزم #پیری عێڕاق زانایان زمان یادەوەری یاسا یاری
ئەدەب
2018-10-04 کۆمێنت 1781 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی