پاییز

ئەدەب 2018-09-29 کۆمێنت 3307 جار بینراوە

نووسینی: ڕەزا بابایی

وەرگێڕانی: قانع خورشید

 

  

سەرزەیەکانی دۆلار، جوانیی پاییز نابەزێنن.

سەلاجەکان خاڵین، نرخ و بەهاکان دڕندە و هار بوونە؛ سفرەکان هەر ڕۆژە بچووکتر دەبنەوە، باوکان، شەرمەزار و ماندوو دێنەوە ماڵ؛ دایکان بێشکەی ژیان بە هاوسەنگی و ڕێکی ناڕاژێنن؛ هەواڵەکان ڕاچەڵەکێنەرن؛ بەڵام... بەڵام کەشی پاییز هێشتایش عاشق‌لاوێنە؛ هێشتا هەر هەناسەیەکی لە پاییزدا هەڵیدەمژیت، پێکێک لە شەرابی یاد دەڕێژێتە سینەی یادەوەرییەکانتەوە. پیاوێکی گەنج بیت یان ژنێکی پیر، بە کۆڵانەباخەکانی پاییزدا تێناپەڕیت مەگەر عاشقانەترین ساتەکانی تەمەنت بەسەردا ببارێت. پاییز بوخچەی یادەوەرییەکانە!

خۆزگە دایکم زیندوو بوایه؛ بریا باوکم زیندوو بوایە؛ کاشکی مناڵییەکانم لەنێو خشەخشی گەڵاکاندا دووبارە دەستیان دەخستە دەستی شەیتانەوە.

دۆلار تا هەر کوێیەکی دەیەوێت با بڕوات. دەستی ئەو هەرگیز بە ساردیی دڵگیری پاییزدا ناگات. بڕوانە چۆن گەڵا زەردەکان بوونەتە مایەی حەسوودیی زێڕی زەرد! لێگەڕێ با گەڵا بەهادارەکانمان لە دەست هەڵبێن. ـ‌ئاواز و مەقامەکانی‌ـ ماهوور و بێداد و دەستان هێشتا لە کن ئێمەن. مەستیی شەوانی پاییزی لە گۆشەکانی بەیاتدا جاویدانین؛ پەنجەرەکان ئاماژەکانی بوون وەردەگێڕن؛ گەرمیی چایەکی تاڵ، تامی حیرەت و دڕدۆنگی بە تروسکایی و جیوەجیوەی مۆمی فەلسەفە دەبەخشێت.

گەرمای میهرەبانی لە ساردیی ڤەژێنەری

پاییزدا، چی شتێکی لە بادەی سوورڕەنگ کەمتره؟

زێڕ و دۆلار، شمشێریان لە پێشەوە بەستووە. چ باک! ئێمە کورسیی گەرم و هەناری خەندانمان هەیه. ئەگەر سوراحێی ڕۆژگار خوێنڕێژه، یەڵدامان لە پێشە. ئەگەر باری ژیان گرانە، لکەکانی گوڵی مێخەک هەرزانن. ماندووین؛ بەڵێ؛ بەڵام نە ئەوەندە مەدهۆشی سەمای دانەکانی بەفر نەبین. شەکەتین؛ بەڵام لە ژێر باراندا کە سۆزەی عاشقانەترین سترانەکانی ئاسمانە، هەڵدەپەڕین.

پاییز، پاراویی بەهاری نییە؛ شادیی هاوین و ڕفێنەریی زستانیشی نییە. وەرزی نەبوون و نەبوونییەکانە. بوونی پاییز، لە نەبوونییەکاندایە. سبەی کە ئەسپی ئەجەل، بۆ هەوارێکی ترم ببات، دڵم بۆ پاییزەکانی زەوی تەنگ دەبێت.

تاگەکان    
سیاسەت مردن حەمەدۆک قوتابخانەکانی نوور عەبدولکەریم سرووش نیشتیمان ئاوی زەمزەم کونە ڕەشەکان گفتوگۆ کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین زانست پۆرن عێڕاق مۆدێرنیتە فەڵەستین
ئەدەب
2018-09-29 کۆمێنت 3307 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی