به‌سه‌رهاتێكی شێخ بووتی

ئەدەب 2018-08-15 کۆمێنت 1275 جار بینراوە
گێڕانه‌وه‌ی: مەحموود شەمسەدین خەزاعی
وەرگێرانی: میران مەجید






سەرۆکی زانکۆی لازقییە -زانکۆی تشرینی ئێستا- لە ساڵی ۱۹۷۲دا، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دامەزراندنی زانکۆکەدا، سەرجەم مامۆستایانی ئەوکاتی زانکۆکەی، بۆ ئێوارەخوانێك لە ماڵەکەی خۆیدا، بانگێشت کردن.
لەو کاتەدا دوکتۆر بووتییش، لە زانکۆی دیمەشق ڕاگری کۆلێجی شەریعە بوو. سەرەڕای مەشغەڵەت و سەرقاڵییە زۆرەکانی ڕەزامەندیی دەربڕی بوو کە هەموو چوارشەممەیەك لە دیمەشقەوە بێت بۆلامان بۆ وتنەوەی وانەی (القران الکریم) لە بەشی زمانی عەرەبی، ئێمەیش ئەو شەوە میوانداریمان دەکرد بۆ ئەوەی دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق.

ئەوکات من لە دامەزراندنی کتێبخانەی زانکۆدا کارم دەکرد. پێشتر وەها کتێبخانەیەک بوونی نەبوو. وا ڕێککەوت، لەو کاتەی من لە ژوورەکەی خۆمدا لە پێشوازیی دکتۆر بووتیدا بووم، سەرۆکی زانکۆیش سەردانی کردم. سەرۆکی زانکۆ پێشنیاری ئامادەبوونی ئێوارەخوانی ڕۆژی پێنجشەممەی بۆ کردین. من بەسوپاسەوە خێرا داواکەیم پەسەند کرد، بەڵام دکتۆر بووتی بە میهرەبانییەوە داوای کرد کە لە پێشدا مۆڵەت لە باوکی وەربگرێت کە لە دیمەشقە!
  
نەمدەزانی کاممان زیاتر تووشی شۆك بووبووین، من یاخود سەرۆکی زانکۆ؟ خۆ ئەگەر هەر پاساوێکی تری بهێنایەتەوە بێگومان ئاسایی بوو، بەڵام مامۆستایەکی زانکۆی بەتەمەن لە چلساڵیی تەمەنیدا، منداڵەکانی -سوپاس بۆ خوا- خوێندکاری زانکۆن، ڕاگری کۆلێجێکی گەورەی وەکوو کۆلێجی شەریعەیە لە زانکۆیەکی گەورەی وەکوو زانکۆی دیمەشق، داوای مۆڵەت لە باوکی دەکات بۆ ئامادەبوون لە ئێوارەخوانێکدا و، مۆڵەتی زیاتر مانەوەی لێ وەردەگرێت، بۆ ئەوەی لە لازقییە لە ئێوارەی پێنجشەممەوە بۆ بەیانی هەینی؟

کاریگەریی ئەم هەڵوێستە لەسەر من و سەرۆکی زانکۆ کە نیشانەی سەرسوڕمان لەسەر ڕووی دەرکەوتبوو، وەك کاریگەریی هەورەبروسکە بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا سەرۆکی زانکۆ توانای خۆی کۆکردوە و، بەخێراییەکی سیاسییانەی دانایانە ئاماژەکانی دەموچاوی گۆڕی و ڕووی کردە من و وتی: بەسسام لەگەڵ دوکتۆر بووتیدا بڕۆ بۆ ژورەکەی من  بۆئەوەی ڕاستەوخۆ بە تەلەفۆنەکەی من و لەوێوە پەیوەندی بە باوکیەوە بکات.

هێشتا سەرسوڕمانەکە کۆتایی نەهاتووە، لە ژوورەکەی سەرۆکەوە دکتۆر بووتی دەسکی تەلەفۆنەکەی گرت بە دەستەوە و، گوێم لێ بوو بەم وشانە باوکیی دەدواند و هەوڵ دەدەم وەکوو خۆی بەوردی بۆتان بگێڕمەوە:

ـ باوکە گیان سڵاوی خواتان لێ بێت. بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بۆ سبەی ئێوارە من و سەرجەم مامۆستایانی بانگهێشتی ئێوارەخوانێك کردووە، ئایا دەتوانم ئامادەی ئەو خوانە بم و بەیانیی ڕۆژی هەینی بگەڕێمەوە بۆ دیمەشق؟

ـ سپاس باوکە گیان. سڵاوی خواتان لێ بێت، خواتان لەگەڵ.

دەسکی تەلەفۆنەکەی دانایەوە و منیش بە موجامەلەوە پێم وت: سوپاس بۆ خوا، بەم شێوەیە کاروبارەکان ئاسان بوون، ئێستە بە دڵنیاییەوە دەتوانن بمێننەوە، شۆکی دووەم لە زاری شێخەوە چاوەڕێی دەکردم: 

ـ نەوەڵا، ناتوانم! باوکم ڕازی نەبوو.

هیچکات وێنای ئەو سەرسوڕمانەی سەر دەموچاوی من و، سەرۆکی زانکۆیشت نەدەکرد کاتێك بە وردی ئەوەی لە تەلەفۆنەکەدا ڕووی دابوو بۆم باس کرد... ئایا ئەوە باوەڕپێکراوە؟! هیچ موناقەشەیەک، گفتوگۆ و زۆرلێکردنێک، تەنانەت داوالێکردن و هەوڵی ڕازیکردنی باوکیی نەدا! -نا- واتە -نا- و تەواو. جیلی تازەی ئەمرۆ کاتێك گوێبیستی ئەم چیرۆکە دەبن چی دەڵێن؟ ئایا هەندێکیان هەوڵی ئەوە دەدەن گەر بک تەنیا جارێکیش بووە ئەم کارە لەگەڵ خۆیان و باوکیاندا تاقی بکەنەوە؟

لەمەیش سەیرتر، پێشی چەند ساڵێك لە ئەکادیمیای ئۆکسفۆرد لە کاتی ئامادەبوونی دوکتۆر بووتیدا بۆ پێشکەشکردنی وتەیەک، لەسەروەختی پێشکەشکردن و ناساندنی دوکتۆردا، گوێی لە من بوو کاتێك ئەم بەسەرهاتەم بۆ باس دەکرن، بە ئارامی سەیری کردم وەکو یەکێك کە چاوەرێی  پاشماوەی بەسەرهاتەکەیە و چاوەکانی پێم دەڵێت: بەڵێ؟ جا ئەمە چی تێدایە؟ کوێی ئەم بەسەرهاتە جێی سەرسوڕمانە؟


تێبینی: شێخ محەمەد سەعید ڕەمەزان بووتی، زانایایەکی  گەورەی کورد بوو، چەند ساڵێك لەمەوپێش لە سوریا شەهید کرا.
تاگەکان    
کوردستان سۆفیگەری فەرهەنگ یاسا موناجات جەنگی هۆشیاری فێمینیزم تەوبە بوونەوەری ئاسمانی فیلم کۆرۆنا کونە ڕەشەکان ڕۆژاوا فیکر سیاسەت
ئەدەب
2018-08-15 کۆمێنت 1275 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی