بەرگریکردن و کۆدەکانی سرووشت

فیکر 2018-08-13 کۆمێنت 1733 جار بینراوە

نووسینی: ئیدریس لاهووت

بەرگریکردن ڕێیگەیەکی هەڵەیە و لەخوارەوە ئەمەتان بۆ ڕوون دەکەمەوە.

بەرگریکردن پەرچەکردارێکی ناقۆڵایە و مرۆ هەرچەند پەرچەکرداری زیاتربێ مێشکی غەریزیى بەهێزتر و مێشکی ئەقڵانیی لاوازتر دەبێ،  یان کارا نابێ. پەرچەکردار یەک پڕۆسەی ناجێگیرە و ڕێیەکی غەریزی و نا ئەقڵانییە، جا ئەم شێوازە چ هه‌ڵه‌یه‌كی زەینی بێ -سایکۆلۆژیا- یا لە ئایین و حیزب بێ -ئایدۆلۆژیا- یانیش مێژوو و کەلتوور.


بەرگریکردن ونکردنی ڕێگە پێویستەکەیە.

ڕێگەی پێویست: ئێمە لە سرووشته‌وه‌ زۆر شت فێر دەبین، لێرەدا دەتوانین لەدەرەوە و، تەنانەت لەدەرەوەی دەقە پیرۆزەکانیشەوە بۆ ڕێگەی پێویست بگەڕێین، لێرەدا دەقەکانیش بەو ئاڕاستەیه‌ دەمانجوڵێنن. بۆ وێنە دەقی دینیی زۆر هەن کە ئاگادارمان دەکه‌نه‌وه‌ سەیری دەرەوەی دەق بکەین.


کاتێ دەمانەوێ بۆ ئایەت و نیشانەیەک بگەڕێین پێویستە ئەو ئایەتە لە دەرەوە ببینین، لێره‌دا تەبیعەت ڕێنیشاندەرە. کاتێ دەمانەوێ بۆ هێمایەک، یان ڤایرۆسێک و چارەسەرەکەی، یانیش کۆدێک و کلیلەکەی بگەڕێین، ئەوا پێویستە دیسان بۆ دەرەوە بڕوانین و لە خودی سیستەمی گەردوون کۆمەک وەرگرین.

بۆ وێنە ئێمە کاتێ دەمانەوێ سیاسەت ئه‌زموون بکەین، پێویست ناکات تەنها سەیری تەجرەبەی مرۆیی بکەین، بەڵکو تەبیعەت زۆر شتمان فێر دەکات. کاتێ دەمانەوێ ئایین بناسین، یان تێگەییشتنێکی گونجاو سەبارەت بە هەر بابەتێک بدۆزینەوە، لێرە تەبیعەت مامۆستایە.


تەبیعەت-سرووشت- بەرگریی ناوێ، سازگاریی دەوێ. تەبیعەت نە لەسەر بنچینەی ململانێ درووست بووە و نە لەسەر بنچینەی هاوکاری، بەڵکو شتێکە دەکەوێتە نێوان ئەم دووەوە، لێرەدا نە نوورسی و نە داروین، نه‌ مارکس و نە گاندی.


سرووشت خۆی پڕپڕە لە هێما، گومبەزی سرووشت لێوانلێوە لە هێمای نوێ و، هەمیشە ئەم هێمایانە وەکوو کۆد دێن و دەبنە کلیلی قفڵێک لە نەزانراوەکان.


بەرگریکردن لە دین، لە ئایدۆلۆژیا لە سیاسەتی حیزبێک، لە پرسێک کە لە دەقی دینیدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئیشێکی هەڵەیە، هەڵەیە چونکە بۆخۆی دەبێ بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، وەڵام و چارەی ئەو پرسانە بە کۆدی سرووشت و بە پێی ئەو ساتەی تۆ کۆدەکە دەکەیتەوە، دەست دەکەون.


با نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەولێر: ڕووداوەکەی هەولێر ڕووداوێکە پەرچەکرداری ئێمە و تێگەییشتنی ئێمە سەبارەت بەو ڕووداوە و هاوشێوەکانی دەتوانێ زۆر شتمان فێر بکات، یان تێبگەیەنێ.  بەداخەوە کە دەڵێم من هەرچی نووسینێکم دیبێ لەسەر ئەو ڕووداوە، هەمووی خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە. بۆچی؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە. تۆ سرووشت نەبینیت و نەزانی چی دەوێت، نایشتوانی لە هیچ پرسێکدا وەڵامی درووست بدۆزیتەوە!

هەر بۆیە هەموو ئەو نووسین و گوتارانەی دەنوسرێن لەسەر ئەو ڕووداوانە و هاوشێوەکانیان، پەرچەکرداری ناتەواون. چ لە لایه‌نی ئەوانەوە کە میللەتپەروەر و نیشتمانپەروەرن، چ لەلایەنی ئەوانەوە کە ئەم ڕووداوانە بە مەترسی دەزانن بۆ سەر ئایین یان حیزب و گرووپەکەیان٬ یان ناوچە، یان گومەزی سرووشت.


مەلا، مامۆستا، کادیری حیزبی و سیاسی و چاودێرەکانیش دەکەونە هەمان هەڵەوە، کاتێ کە نەتوانن کۆدەکانی سرووشت بخوێننەوە.


وا دابنێ ڤایرۆسێک هەیە کە ئەو ڤایرۆسە دەیەوێ گومەزەی ئەم ماڵەی سرووشتمان بخاتە مەترسییەوە، لێرەیا چ شتێ پێویستە ئەنجامی بدەین؟ دیارە وەڵام تێگەییشتنە لەو ڤایرۆسە، دەی تێگەییشتن لەو ڤایرۆسە دەبێ چۆن بێ؟ بێگومان دەبێ لە چوارچێوەی خودی کۆدەکانی سرووشتدا بێ.

هەندێ بۆ بەرگریکردن لە ئایین و مێژووی ئایین، زیاد لە پێویست دەڕۆن و ناپسپۆڕانە دەکەونە بەرگریکردن، هەندێکی دیکەیش بۆ بەرگریکردن لە حیزب یان پارت و گرووپی دیاریکراوی خۆیان ئەم کارە دەکەن، ئەم پڕۆسەی بەرگریکردنە تەنانەت ئەو ڕێخراوانەیش دەگرێتەوە کە خەریکی پڕۆسەی یۆگا و خۆپاککردنەوەن، هەرچۆن گرووپی سۆفییەکانیش بە تەکیەکانیانەوە دەکەونەوە نێو هەمان تاس و هەمان حەمام. لێرە تەنها شتێ کە وەڵام و ڕێچارەیە بەلایدا ناڕۆین، یان بەلایدا دەڕۆین و نایدۆزینەوە، [یمرون بآیات الله ولا یرونها].


بۆچی بەلای ڕێچارەدا گوزەر دەکەین و نایبینین؟

وەڵام ئەوەیە کە سرووشت سەییالە و سازگار، فریوو دەخۆین و پەلە دەکەین و ناتوانین کۆدەکانی بدۆزینەوە.


کۆدەکانی سرووشت بۆچی نادۆزینەوە؟

چونکە کۆدەکانی سرووشت لەسەر دۆخی خۆیان دەبزوێن و لەناو پڕۆسەی کەون و فەساد، مردن و نوێ بوونەوە (الموت و الحياة)ی بەردەوامدایە، لێرەدایە کە کۆدەکان بزر دەکەین. له‌ قورئانی پیرۆزدا هاتووه‌: [وتری الجبال تحسبها جامدە، وهی تمر مر السحاب]. واتە شاخەکان دەبینن وەستاو دیارن، بەڵام وەک هەور دێن و دەچن.


بێگومان تێگەییشتن لەوەی کە شاخەکان دێن و دەچن بەهیچ شێوەیەک ناچنە ئەقڵەوە، بەڵام سرووشت لەوە زیاتر دەڕوا و پێمان دەڵێ لە ماوەیەکی کەمدا بە ملیۆنەها خانە لە یەک جەستەدا، لە ناو مێشکدا دەمرن و هی نوێ دێت، بەپێی تێگەییشتنی (هۆبز) کە ئێستە زانست پشتڕاستی کردووه‌تەوە، دوای چەندین ساڵ مرۆ بە تەواوی دەگۆڕێ و خانەکانی نامێنن و هی دیکە دەچنە جێیان، ئەو دەڵێ ئێمە وەک کەشتییەکین کاتێ دەگەینە جێی مەبەست تەنها دوو تەختەمان ماوە و شتێکمان نامێنێتەوە بەناوی کەشتی.


مەرگ و ژیان، گەرم و سارد، نێر و مێ، تاد.. لەو پڕۆسانه‌ن کە سرووشت بە ئێمەیان دەناسێنێ و ڕێگایەکن بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆدانە.


ئەم بابەتە پێویستی بە درێژە هەیە.

تاگەکان    
زانایان نامە زانست وەلی ئەمر کۆیلایەتی سەرفیترە ئاوی زەمزەم حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی پۆدکاست فیکر ئایین سایکس-بیکۆ چیرۆک ڕانانی کتێب مۆدێرنیتە
فیکر
2018-08-13 کۆمێنت 1733 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی