زەڵم، زوڵفی ژنێک شانە دەکات

ئەدەب 2018-08-11 کۆمێنت 3980 جار بینراوە

چیرۆك
نووسینی: هاوكار فه‌ره‌ج

تابلۆ: له‌رێ نه‌جمه‌دین



پێکەوە زۆر تەباین، کچێکە لە ھیچ کچێکی دیکە ناچێت، کتێب و بیرکردنەوە سەریان بە قوڕدا بردووە، من پێم خۆش نییە، لێ ئەم ھەستەیشم دەشارمەوە. زۆر جار بەتەنزەوە دەڵێم: دەبوو گوڵ، باخچە و ناندین، دۆستی تۆ بن، نەک قەڵەم و کتێب. ئەویش گاڵتەم پێ دەکات، بەرسڤم دەداتەوە: دەتەوێت ژنێکی وەھا بم؟ من وا نیم و تۆیش شەرم لە پیاوەتییەکی وا بکە. بەھەرحاڵ، دە ساڵە کۆکین و، کانیی ئەوینمان ئاوی لێ ھەڵدەقوڵێت. ئێمە دوو کەسین، لە ترسی بێدەنگی و تەنیایی، دەمەتەقێ و زۆربڵێییمان حەز لێن، بەڵام کەڕەتیش ھەیە، دەڵێی گۆڕستانە. گەلێک جار پێی گوتووم؛ کە لێت دوور دەکەومەوە، کە دەچمە سووچێک و متەقم لێوە نایەت، ختوورەیەک بە دڵتدا نەیەت، پێوەندیی بە تۆوە نییە، وەھام پێ خۆشە تەنیا بم. ھەندێک جار ھێندە لە ماتبوونەکەی دەترسم، دەمەوێت بە ھەر جۆرێک بێت، سەر بخەمە سەری؛ کچەبەفرینە، تۆ تاکە کەسیت، دزییت لە بەفر کردووە و قۆڵیت بڕیوە، دڵنیام دڵیشت چوون پێستت، سپییە. بەرسڤی ئامادەیە: حەی! گرینگ نیین، ڕۆژگارم ڕەش بووە.

 من دڵم تەنگە. چما خۆ من ناتوانم زنجیر بکەمە دەست و پێی، ھەتا دڵنیا بم تەقەڵای خۆکوژی ناکات. شیرین ھەلامە، مەڕۆ، بە جێم مەھێڵە. شیرین ھەلامە، یەشتا زووە ئۆغر مەکە. ھەڵای پرچت سپی نەکردووە، زوڵفە شۆڕەکەت مەکە بە گوریسی سێدارە. ئەز ناتوانم سەیری چاوەکانی بکەم، ڕەنگبێ ئەمنیش بەشێک بم لە ناڕەحەتییەکانی. ئەوەی کە ئەژنۆی منی شکاندووە، قسەی ئەم پزیشکە نەفرەتییانەیە، بیستوومە کە دوکتور دڵڕەقن! ئێستا دڵنیایش بووم. شیرین ھەلامە، داخۆ ئەم تاڵاوە چییە دەرخواردی منت دا؟ ئەم وشە ناقۆڵایە چی لێ بکەم؟ ئەز ھیچ شتێکی لەسەر نازانم، تەنێ ئەوە نەبێت وشەیەکی سامناکە، ئازار، ناڕەحەتی و مەرگ بە بیری بونیادەمدا دەھێنێت. شیرین ھەلامە، چۆن دڵم دێت ھەواڵی تاڵت بە گوێدا بدەم؟

 شیرین ھەلامە، خەریکە سەرم دەئاوسێت، چۆناوچۆن ئەمەت پێ بڵێم؟ زۆر لە خۆم دەکەم، بێ ئەوەی سەیری چاوەکانی بکەم، دەست پێ دەکەم. شیرین ھەلامە تۆزێک پێ دەکەنێت و، لەھیکڕا وشک دەبێت، دەموچاوی گرژ دەبێت، پاش قەیرێک تێفکرین، دەخەنێتەوە، وەکوو ئەوەی شتێکی تاڵ و تفت قووت بدات، دەڵێت: (ئێ ئیمجا چییە؟ گرینگ ھێشتانەکینێ زیندووم و، چەندیش خۆشە کە زوو دەڕۆم. خۆ من ھەر نەمدەویست زۆر بژیم، ئەی وا نییە؟ خۆ من بە باسوخواسی پووچیی ژیان، مێشکم خستبوویت، ئەی وا نییە؟ چ قەیدی ئیتر ئەو دەمەی دەمرم، خەفەتی مانەوە ناخۆم. چیی دی، بیر لەوە ناکەمەوە چۆن خۆم بکوژم، لەوە ڕادەمێنم، چۆن خودا دەستپێشخەریی کرد و، ھەوڵەکەی منی لەبەر چاو گرت.) ئەمن ھەر تەماشای مێزە دارینەکەی نێوانمان دەکەم، ھەم دڵخۆشم، ھەمیش دڵتەنگ. من دەڵێم شیرین ھەلامە، کسپەت لە جەرگم ھەستاندووە. سخاوکوشت کردووم شیرین ھەلامە. پێی دەڵێم:

- بیرم لەوە کردووەتەوە، سەفەرێکی کورتخایەن بکەین.

وەکوو ئەوەی ھیچی نەژنەوتبێت، دەستی دەخاتە ژێر چەناگەی، لێوەکانی بۆ پێشەوە دەجووڵێنێت، بەو شێوەیەی کە ماچ ھەڵدەدرێت:

- نچ! ڕاستە من لە ھەموو ژیانمدا، کەیفم بە سەفەر ھاتووە، وەلێ نامھەوێت لە سەفەردا بمرم.

- شیرین ھەلامە تۆ نامریت.

- خودا دەستی گرتم، بۆ ئەوە نا ڕزگارم بکات، بۆ ئەوەی خۆی بەرەو مەرگم ببات.

 پێکەوە وەک ھەر ڕۆژێکی دیکە دەچینە دەرەوە، زووزوو پێش دەکەوێت، دەستەکانی بۆ سەرەوە درێژ دەکات، وەکوو ئەوەی ھەتا ھەنووکە، ھیچی نەدیبێت، تەماشای ھەموو شتێک دەکات. دەڵێت: ئێستا ئیتر زۆر شت دەبینم! ھەست بە ھەندێک شتی تایبەت دەکەم، پێم وا نییە تۆ لێم تێ بگەیت. ئێستە تەنیا حەز دەکەم بنووسم! ئا، بنووسم.

 کەلوپەلەکانی دەپێچێتەوە، دەڵێت: دەمھەوێت بە تەنیا بمرم. ئەز ئەمە یەکەمینجارمە لە ژیانمدا، ھێندە ھەست بە لاوازی بکەم. شیرین ھەلامە، بەنێو ماڵەکەدا دێت و دەچێت، ئۆقرەی لێ بڕاوە، منیش لەسەر کورسییەکەم چەقیوم. جانتایەکی زەبەلاحی شین دەھێنێت، بەدەم قسەوە، شتەکانی خڕ دەکاتەوە. من سەیری دەکەم و ھەرچیی بیرەوەریم ھەن، بە بەر چاومەوە ھاڕە دەکەن، نازانم بیرەوەرییەکانم کۆ بکەمەوە یان گوێ لە شیرین ھەلامە بگرم؟ ھیچکامیان ناکەم، سەرم ڕادەوەشێنم و بەقووڵی سەیری دەکەم. بە زڕەی داخستنی زنجیری جانتاکە، بە ھۆش خۆم دێمەوە. لەبەردەممدا بەچوارمشقی دادەنیشێت، تەماشام دەکات و ھیچ ناڵێت. قەیرێک لە یەکتر ڕادەمێنین. دڵی پڕ دەبێت، دەستی دەگرم، ھەنیەی ڕادەمووسم. بزەیەک دەخاتە سەر لێوی، ھەڵدەستێت و بەرەو دەرکە جانتاکە بە شوێن خۆیدا کێش دەکات. ھەمدیسان دەخەنێتەوە، لە ئامێزم دەگرێت. دەڵێت:

- سپاس بۆ ئەوەی دە ساڵە بە ناوی خۆم، بانگت نەکردووم.

- نازدار!

- توخوا، ھەر ئێستا پێم بڵێ شیرین ھەلامە.

ئەز بەو قسەیەی پشتم دەشکێت، لە پڕمەی گریان دەدەم:

- شیرین ھەلامە، شیرین ھەلامە، شیرین ھەلامە.

- کە تۆ دەڵێیت شیرین ھەلامە، ھێزی ئەژنۆم زیاتر دەبێت.

- شیرین ھەلامە، ئاگات لە خۆت بێت.

 ئەو، بە ھەموو نائومێدی و ڕەشبینییەکانی خۆیەوە، بە گشت جنۆکەکانی ناو سەرییەوە، بە پرسیار و گومانە بەئێشەکانییەوە، چما دەوێرم قسە لە قسەیدا بکەم؟ سوور دیارە، وەک میوەی باڕێزە، مەرگ ھەڵی دەوەرێنێت. ئێستێ کە لێم دوورە، لە ھەر وەختێکی دیکە، زێتر خۆشیم دەوێت. ھەر ئەوەندە بوو؟ چیڕۆکی ئەوینمان، تەنێ ئەم دە ساڵە بوو؟

 نامەکان، شیفان بۆ دەروونی زامدار و بێئۆقرەم. ئەوا ساڵێکی ڕەبەق بەسەر مەرگی ئەودا، تێپەڕ بووە. ھەموو ڕۆژێک نامەکانی دەخوێنمەوە، دەمھەوێت ڕێک بزانم ھەستی بە چی کردووە؟ دە نامەی بۆ بە جێ ھێشتبووم لەگەڵ دە قرژانگدا.

 قرژاڵی یەکەم
خەمی منت نەبێت. باشم.
ئەمە لە نەخۆشی ناچێت، زۆر سەیرە. ڕەنگبێ بزانیت، خوێندوومەتەوە: "شێرپەنجە، ھەندێک جار، لە بەدبەختییەوە سەر ھەڵدەدات و، ھیچ ھۆیەکی ئاشکرا و ماقووڵی نییە."

كەچی من گلەییم لە بەختم نییە! تۆ تەماشا، چۆن بەختی ڕەشم، ڕۆژگاری ڕۆشن کردمەوە.

قرژاڵی دووەم
ئینگلیززوانان بە شێرپەنجە دەڵێن "Cancer" واتە "قرژاڵ" دەڵێن گوایە زۆر جار ئەو "لوو"ە شێرپەنجەیییەی درووست دەبێت، شینەدەمارەکانی دەوروبەری ھەڵدەئاوسێن و، شێوەیەکی وەکوو قرژاڵ پەیدا دەبێت. ئای چەندە خەنینەم بەم وشەیە دەھات، قرژاڵی داماو! (بەڵام نازانم، ئاخۆ شێرپەنجە مانای چییە؟) زۆر گەڕام ھەتا لە کەناری ئاوی زەڵم، چەند قرژاڵێکم دۆزیینەوە. قرژاڵ زیندەوەرێکی سەیرە، ھەتا ئێستا بیرم لە قرژاڵ نەکردووەتەوە، ناشزانم چۆن بەخێو دەکرێت. بەڵام ڕەنگە ئەوانیش، وەک مرۆڤ، توانای ڕاھاتنیان ھەبێت.

 قرژاڵی سێیەم
وێنەی ئەو کەسانەم دێنەوە یاد، کە تووشی شێرپەنجە بوون. من نامھەوێت قژم لە دەست بدەم! یان بە لایەنی کەمەوە، ناخوازم لە ڕۆژی پەسڵاندا، بە کەچەڵی، خۆ ببینمەوە. خەریکم کڵاوێک بە شلیلەی ڕەش دەچنم. بەڵام پرسیارێک، تۆ بڵێیت لەو دونیایش، خودا ئەم کڵاوە بکاتە سەرم؟ بەھەمەحاڵ.

 قرژاڵی چوارەم
ڕاستە تەقەڵام کرد، کۆتایی بە ژیانم بھێنم، بەڵام بۆ کەسێکی وەکوو من، لەنێوان قوبووڵکردنی ژیان و خۆکوشتندا، سێھەمینیش پەیدا بوو؛ مردنێکی سروشتی.

ئاسوودەم. دەزانیت بۆچی؟ چونکە بێمانایە، جەنگاوەر نەبیت و بژییت! دزێویی دونیا ببینیت و دڵت حیچ نەکات. بۆچی بژیم؟ ھێندەی قرژانگێک، بێسوودم.

 قرژاڵی پێنجەم
بیرم چوو پێت بڵێم، شوێنێکی شایستەم بۆ قرژاڵەکان داناوە، دەمھەوێت ھەتا من دەمرم، ئەوانیش، لەم ماڵەدا، لەگەڵمدا بن (تکایە بیرت نەچێت دوای کۆچی من، بیانبەرەوە بۆ کەناری زەڵم.) ھەموو ئێوارەیەک ھەتا درەنگانی شەو، لەسەر بان دەمێنمەوە، ھێندە چاو دەبڕمە ئاسمان، لەنێو ئەستێرەکاندا خۆم ون دەکەم. حەوتەوانە، ورچی گەورە و ورچی بچووک، ئای ئەمانە یادگاریی سەردەمی منداڵیمن! لەپڕ بیر لەوە دەکەمەوە، بەنێو ئەستێرەکاندا بۆ شێوەی قرژاڵ بگەڕێم! تۆ بڵێی قرژاڵی گەورە و قرژاڵی بچووکیش ھەبن؟

 قرژاڵی شەشەم
زەڵم میھرەبانە، درەنگانی ئێوارە دەچمە کەناری زەڵم، لە شوێنێک کەسم لێوە دیار نەبێت. ھەمیشە شانەیەکم پێیە، سەیری پێلی ئاوەکە دەکەم و، پرچم بەرەڵڵا دەکەم، دەیدەمە دەم با، شانەی دەکەم. ھەست دەکەم، وەک خۆم، ئەویش ژاکاوە. ئای، ڕەنگبێ ئیتر، شێرپەنجە، ئەویش لە ڕەگەوە ھیشک بکات.

 قرژاڵی حەوتەم
بەم حاڵەوە، شوکرانەبێژم. گەلێک پرسیار ھەن، ئێستا بە ڕوومدا پێدەکەنن و، خۆیان لەبەردەممدا ڕووت دەکەنەوە. خۆ چییە با ئیتر، ئومێدی سپی و دونیای خوێناوی، نەخەینە یەک ڕستەوە. ئای چەندە ماندووم. ھەنووکە ھەست دەکەم، دەمم بە سەت زنجیر بەستراوەتەوە، کەچی ناخم لە دەواتێکی زەبەلاح دەچێت، کاغەز و خامەم لێ بوونەتە نان و ئاو. ئەز پێویستم بەوەیە بنووسم، باوەڕم وایە نووسین باشترین ئازارشکێنە.

 قرژاڵی ھەشتەم
سەرم وەکوو سەری باپیرەمی لێ ھاتووە، کێشم دابەزیوە و، ھیچم پێ ناخورێت. دەڕشێمەوە و، خوێن ھەڵدەھێنمەوە. ئەم ھەموو خوێنە چییە؟ ڕەنگە خودای خۆشەویست، فەرشی سوورم بۆ بچنێت.

ئازار زۆرم بۆ دەھێنێت ...

 قرژاڵی نۆیەم
لە خەستەخانەم. ڕەنگبێ پێت سەیر بێت، وەلێ شوێنێکی دڵگر و خۆشە! نەخۆشەکانی ئێرە، لە مرۆڤی سەرەتایی دەچن، مرۆڤی سروشتی. ھەر نەخۆشێک لێرە دەیبینیت، تەماشایەکی جیاواز تەماشای دەکەیت، بە خۆت دەڵێیت؛ ھاکا لەوەو دونیا، یەکتریمان دییەوە.

ھێندە نابات کۆچ دەکەم، دونیای سیلاوی بە جێ دەھێڵم.

 قرژاڵی دەیەم
نووکە، ھەست بە ھیچ شتێک ناکەم. بێگومان ھەستەکانیشم ھەڵوەریون.

تاگەکان    
موناجات کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین زانکۆ فەرهەنگ نامە قوتابخانەکانی نوور فێمینیزم دیمانە خێوەتگە نوێژ مانا فەلسەفەی ئەخلاق خاڵبەندی تەلارسازی تەکنۆلۆژیا
ئەدەب
2018-08-11 کۆمێنت 3980 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی