دڵسۆزی

ئەدەب 2018-07-22 کۆمێنت 3584 جار بینراوە

نووسینی: موسته‌فا مه‌حموود
وه‌رگێڕانی: سه‌رمه‌د ئه‌میر 

لە دەربڕینی لاوازم ببورە، چونکە هێشتا کیژۆڵه‌یه‌كی كه‌مته‌مه‌نم. بەڵام من بەرانبەر هاوڕێکانم و گشت خەڵکی تر هەست بە خۆشەویستی دەکەم. ئەوانیش لەگەڵمدا نییەتپاک و دڵسۆزن و، خۆشیان دەوێم. براکەیشم پێش ئەوەی گەورە بێت، وەکوو من وا بوو. بەڵام کە گەورە بوو، زۆرێک لە هەست و سۆزی لە دەست دا. بوو بە کەسێکی وشک و ڕەق. ئێستا هیچ باوەڕی بە خۆشەویستی نییە. وشکتر لە دڵی براکەم، دڵی دایکوباوکمە. ئەوان کەمتر باوەڕیان بە خۆشەویستی هەیە. پێم دەڵێن: گشت شتێک لە دنیادا بەرژەوەندییە، هەموو کەسێکیش هەر بە دوای سوودی خۆیەوە دەبێت. ئەوەی جێی سەرسڕمانە، باسەکانی ژیانی منداڵیی دایکم دەرخەری ئەوەن کە ئەویش کەسێکی بەسۆز بووە و، وەکوو من باوەڕی بە خۆشەویستی و وەفا هەبووە. مرۆڤەکان کاتێک گەورە دەبن چییان بەسەر دێت تا بەو شێوەیە هەست و خۆشەویستی و، باوەڕیان بە بەها مرۆڤایەتییەکان لە دەست بدەن؟ بۆچی کاتێک مرۆڤەکان گەورە دەبن دەگۆڕێن بۆ کەسێکی خۆپەرست؟ دەبێ ڕۆژگار وەها لە ئینسان بکات؟

 

لەو ئەزموونە کەمەی لە دنیا وەرم گرتووە، وا دەبینم هۆکاری ئەمە کەم پەرشکردنی سۆز و خۆشەویستی بێت لە لایەن خەڵکییەوە. هەر بۆ نموونە خۆم، کاتێک خۆشەویستیم بۆ باوکم دەربڕی و، لە بری ئەوەی ترسی پێشان بدەم، سۆزم بۆ دەر خست، لە کاتێکدا وام دەزانی کەسێکی تووڕە و هەمیشە تووندە، کەچی دەگۆڕا بۆ کەسێکی لەسەرخۆ، پڕ دەبوو لە نەرمونیانی. گشت کارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی داواکارییەکانم بە دی بهێنێت. تێبینیشم کردبوو تووڕەییەکەی کۆنترۆڵ دەکرد تاوەکوو لە پێش چاوی من تووند دەر نەکەوێت. دایکیشم بە هەمان شێوە. کاتێک لە بری بەرهەڵستیکردنی هەوڵی تێگەییشتنیم دەدا، دەمبینی ئەویش هەوڵ دەدا لێم تێبگات و ئازادیی زیاترم پێ ببەخشێت. کاتێکیش خواردنی ئێوارانم بۆ براکانم دروست دەکرد و لەسەر کاغەزێک سڵاو و ئێوارەباشم لێ دەکرن، دوایی وەختێک من خەوتبووم، دەهاتن و ماچێکیان دەکردم. بۆ ڕۆژی دواتریش لەسەر خەرجیی ڕۆژانە دەمەدەمیان لەگەڵمدا نەدەکرد.

بۆچوونی تۆ چییە؟ مەگەر هەموو کێشەکە لە پێویستیمانەوە بۆ خۆشەویستی سەرچاوە ناگرێ، یان من هێشتا وەکوو دایکم دەڵێت منداڵم و لە دنیا تێنەگەییشتووم؟

 

                 ٭     ٭     ٭

 

تۆ هیچ وەخت منداڵ نیت. لەوانەیە بە تەمەن منداڵ بیت، بەڵام بە دڵ و هۆش لە هەموومان گەورەتری. بە سرووشتی پاکت توانیوتە درک بە یەکێ لە نهێنییە گەورەکانی ژیان بکەیت. مرۆڤ کاتێک لە سەرەتادا دەست بە ژیان دەکات،  پڕە لە سۆز و خۆشەویستی و، بە متمانە و گەشبینی تژییە. بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیدا هێدی-هێدی کانیی ئەم هەستانەی وشک دەبێت. لەگەڵ ڕۆییشتنی کاتدا دەگۆڕێت بۆ پیرێکی خۆویست و چرووک، جگە لە بەرژەوەندی خۆی، هەست بە هیچی تر ناکا و تەنها بە دوای سوودی خۆیەوە دەبێت. شکانی شووشەی خەون و لێڵبوونی کانیی هەستی، جار لە دوای جار تا دەگاتە ڕادەی بێهیوابوون، متمانەی بە دنیا و بە خەڵکیش لەق دەکات. خۆشەویستەکەی بە جێی دەهێڵێت، هاوسەرەکەیشی لەگەڵیدا ڕووڕاست نییە، هاوڕێکەیشی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بە کاری دەهێنێت، لە دڵی خۆیشیدا هەتوانێک شک نابات تاوەکوو تیماری ئەم دەردانە بکات و، گەشبینی و خەندەی سەر لێوی بپارێزێت. بۆیە گەشاوەییەکەی لە دەست دەدات و هەستی  تووند و ڕەق دەبێت. گشت بێزارییەکەیشی بەسەر دنیادا دەڕێژێت. هۆکارەکەیشی وەک وتت، خۆشەویستی و سۆزی پێویستی چنگ نەکەوتووە، نە لە دنیا، نە لە دڵی خۆیدا، بۆیە مایەپووچ دەبێت. بەڵگەیش بۆ ئەمە، کەسانی خودان دڵی گەورەن، کە هیچ کات وەها وشکاییەک ڕوو لە دڵیان ناکات، چەندی گەورە ببن و لە کەفتەکارییەوە نێزیک ببنەوە. چونکە لە هەر بارودۆخێکدا بن و چەندە ناڕەحەتییشیان بێتە ڕێ، لە دڵی خۆیاندا هێندە سۆز و خۆشەویستی شک دەبەن تاوەکوو پەرشی بکەن. تەنها بەم هێزەیش خۆشەویستیی لەدەستدراوی خەڵک بە دەست دێنێتەوە و متمانەی بە دنیا بۆ دەگەڕێتەوە. ئەمەیش بوو کە لەگەڵ تۆ و دایکوباوکتدا ڕووی داوە. کێشەی هەرهەموومان وەک باست کرد، لە پێویستیمانەوە بۆ خۆشەویستی سەرچاوە دەگرێ!

لەوەتەی دەستم بە نووسینەوەی ئەم باسانە کردووە، ئەم ددانپێدانانە سادەیەی تۆ، جوانترین و ڕاستگۆیانەترین ددانپێدانان بوو تاکوو ئێستا خوێندبێتمەوە.

تاگەکان    
ژیانی پێغەمبەر ئایا سۆفیا دیمانە ئایین کرێکار زمان دوعا بوومەلەرزە ئاوی زەمزەم تەنیایی قەدەر کتێبی هاوسانی سیاسەت سەرفیترە سۆفیگەری
ئەدەب
2018-07-22 کۆمێنت 3584 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی