بەڵای جوانی

نووسینی: مستەفا مەحموود وەرگێڕانی: سەرمەد ئەمیر
ئەدەب 2018-07-17 کۆمێنت 1278 جار بینراوە

کچێکم تەمەنم بیست ساڵ دەبێ، لەو جۆرە کچانەی کاتێک لە جێیەک دەیانبینی، چاوت ئەبڵەق دەبێت و هۆش و بیرت دەچن. ڕوومەتێکی سپیی مەیلەو ئاڵ، قژێکی خاو و درێژ، دوو لێوی ورد و ناسک، باڵایەکی چناری و کەمەرتەنگ، چاوانیشم وەکوو زەریا شینن. کاتێک لێرە و لەوێ بە ڕێگادا دەڕۆم، خەڵکی دوام دەکەون و وشەی خۆشەویستی و بریقەدارم بە گوێدا دەدەن. کە دەمبینن هێندە لام بۆ دەکەنەوە، وەختە ملیان بجەڕێت. هەموو ژیانم لە یەک قسەدا چەقی بەستبوو، دایکوباوک، خێزان و گشت ئەوانەی دەمناسین و نەمدەناسین بە گوێیاندا دەدام، هەمیشە دەیان وت: چ ئەفسوونێکە ئەم جوانییە؟!


   هیچ کەس هەوڵی تێگەییشتنی نەدام، کەسێک گوێی بۆ نەگرتم. هەموویان سەریان لە جوانییەکەم دەسڕما و چون بووکەڵەیەک لە باوەشیان دەگرتم. هیچ وەخت وا هەستم نەکردووە کەسێک داوای شتێکم لێ بکات، یاخوود داوای کارێکم لێ بکەن و ئەنجامی بدەم. قەت وام نەزانیوە خاوەن دڵ و هۆش بم، وەکوو چۆن قەدوباڵا و ڕوخسارێکی جوانم هەیە. کاتێک خوشکەکەم لە وانەکانیدا نمرەی کەمی دەهێنا، باوکم لێی تووڕە دەبوو، مامۆستای بۆ دەگرت و بەزۆر پێی دەخوێند. بەڵام من گەر نمرەی کەمیشم بهێنایە، وەک ئەوەی شتێکی چاوەڕوانکراو بێت بەلایەوە، پێدەکەنی و بە ڕوویەکی خۆشەوە دڵنەواییی دەکردم و دەیگوت: خوێندن چییە؟ تۆ چون مانگ جوانیت. تۆ وەکوو شازادەیەک لە ماڵ دانیشە و با گشت دنیا خزمەتکاری تۆ بن. با کوڕانی ئەم وڵاتە بێنە دیدەنیت و دەستت ماچ بکەن. وەختایەک هەموو جەم دەبووین و قسانمان دەکرد، باوکم لەگەڵ خوشک و براکانی ترم دەبووە دەمەدەمیان، تەنها من نەبێت. وەک بڵێی بیرکردنەوە بۆ من قورس بێت و هیچ ئاسایی نەبێت بیر بکەمەوە. کاتێکیش دەمویست بێمە قسان، زۆر بە نەرمییەوە وەرامی دەدام و دەیگوت: تۆ تەنها فەرمان بکە شازادەکەم، من گشت داوایەکت بۆ دێنمە دی. وەختێ تێبینییەکی جوانم دەربارەی شتێک دەگوت، دیقەتم دەدا کەسی بەرانبەرم بە جوانی گوێی لە قسەکانم نەبووە، چونکە مەستی جوانییەکەم دەبوو، بە ڕادەیەک گشت دنیای لە بیر دەچوو. کەسێک جگە لە دیتنی جوانییەکی پەتی، بۆ هیچ مەبەستێکی دی سەیری نەدەکردم. وایان دەبینیم جگە لە پەرشکردنی جوانی، هیچ ڕۆڵێکی ترم بۆ ناشێت. وردە-وردە هەستم بە بێزاری دەکرد. ئاخر کەسێک نەبوو دەردی دڵی خۆیم لا باس بکات. هیچکەس نهێنییەکی لا نەدرکاندووم، یاخوود داوای کارێکم لێ بکات جێی گرینگی بێت. بەڵکە من بەلای گشت کەسێکەوە تەنها بۆ چێژوەرگرتن بووم و هیچی تر.


   بەم ئاوایە زۆر ئاسایی بوو هەمیشە لە خوێندنم دوا بکەوم و لە دواییشدا واز لە خوێندن بهێنم، تا لە ماڵەوە دانیشم و هەر بەو منداڵییەیش هاوسەرگیری بکەم. بەڵاتر لە جوانییەکەیشم، هاوسەرگیریم بوو. ئاخر مێردەکەم ڕێگای دەرچوونم نادا، چونکە جوانییەکەم سەرنجی گشت لایەک بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ئەمەیش جێی شەرمە. لە ماڵەوە زیندانی کردووم، چونکە غیرەم لێ دەکات و گومانیش لە ڕەفتارم. تا زیاتر درک بە جوانییەکەم بکات، متمانەی بە خۆی کەمتر دەبێت. ئەو وەختانەی هەست دەکات توانای کۆنترۆڵکردنمی نییە، غیرە و گومانی زیاتر دەبێت و لەگەڵمدا تووندی دەنوێنێ. ئینجا خەرجیی زۆرم بۆ دەکات، تاوەکوو بە جلی گرانبەها و خشڵ و زێڕ قایلم بکات. منیش هێندەی تر هەست بە پووچی دەکەم، ئەوەندەی تر نغرۆی خەم و تاریکایی دەبم. تەنانەت ئەو بانگێشتنامانەی لە لایەن هاوڕێکانمانەوە بۆمان دەهاتن، بە چاوی گومانەوە سەیری دەکردن. وای دەزانی بۆیە بانگێشت کراوین، تاوەکوو من ببینن، نەک ئەو. وەها هاوسەرگیرییەک زۆر ئاساییە بە شکست و جیابوونەوە کۆتایی بێت و نغرۆی نائومێدییەکم بکات هیچ ڕێگایەکی ڕزگاربوونی نەبێت. ئەم جوانییەم بوو بە بەڵا بۆ من، خۆزگە دەخوازم لە چاوترووکانێکدا لە ناشرینترین شێوە خۆم ببینمەوە. وەکوو چۆن پیاوی دەوڵەمەند وا هەست دەکات گشت ئەوانەی ڕێزی دەگرن لەبەر ماڵ و سامانەکەیەتی نەک کەسایەتیی خۆی، منیش وەها هەستێکم هەیە بەرانبەر دەوروبەرم. وا ئەزانم هیچ کەس لەبەر خاتری خۆم خۆشی نەویستووم، بەڵکە هەموویان شێوە و ڕوخسارمیان لا جوان بووە و هیچی تر. ئەمەیش ئازارم دەدات، وام لێ دەکات هەست بە پووچیی کەسایەتیم بکەم و هیچ ڕێزێکیشم بۆ خۆم نەبێت. ئێستا بەوە گەییشتووم هیچ ڕێگایەک بە خۆشبەختیت ناگەیەنێت،  ئاخر ماڵ و سامان هەر نەگبەتییە، خۆشەویستییش پڕە لە مەینەتی، دانایی پارچەیەک قورساییە بۆ ژیان، جوانیی شێوە و ڕوخساریش بەڵایەکە بۆ خۆی، ئیتر خۆشبەختی لە چ جێیەکە؟ من چۆن چنگم لێی گیر ببێت؟

                 ٭      ٭      ٭

خۆشبەختی نە لە جوانی و ماڵ و ساماندایە، نە لە خۆشەویستی و هێز و باشیی تەندروستیمان، بەڵکە خۆشبەختی بەکاربردنی هەموو ئەوانەیە بە شێوازێکی ژیرانە. درککردن بە هۆشت و بەکارنەبردنی، هەستکردنیشت بە وشکایی دڵت، پەی بردنت بەو کەسایەتییەی جوانی و نەزانیی خەڵک لە ناویان بردووە، هۆکاری خەم و بێزاریی تۆن. بە درێژاییی ئەو ساڵانە دەتزانی بە شێوەیەکی ڕووکەشی دەژیت و، گشت دنیات لە شێوە و ڕووخساردا جەم بوون، چونکە هەموو بە جوانیی ڕووخسارتەوە مژووڵ بوون و ناخ و دەروونتیان لە بیر کردبوو. هیچ وەخت شێوەی ڕاستیی خۆت نەبووی، بەهرەکانیشت بەدەر نەکەوتوون، خۆشبەختیش لەوەدایە لە هەر چرکەساتێکی ژیانمان بەو شێوەیە بژیین کە هەین.

   بەڵام هۆیەک بۆ نائومێدی نابینم، تەمەنت بیستساڵە و لە سەرەتای ڕێگایت، هێشتا ژیانت پڕ لە هەل و دەرفەتە، دیسانەوە خۆت کۆ بکەوە و لە سەرەتاوە دەست پێ بکە.

تاگەکان    
عێڕاق جوانی فەڵەستین دوعا تەلارسازی بوووژانەوە بوونەوەری ئاسمانی یاری نوێژ تەنیایی ئایین ئەدەبیاتی فارسی قوتابخانەکانی نوور قودس کونە ڕەشەکان
ئەدەب
2018-07-17 کۆمێنت 1278 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی