سەمای پەپوولە

ئەدەب 2018-07-08 کۆمێنت 2353 جار بینراوە

(بۆ مەرزییە فەریقی و پەپوولەکانی گۆشەی باخەکەی)

 نووسینی: هاوكار فه‌ره‌ج


" ئەو ھونەرمەندەی گۆرانییەکی باش بچڕێت، بە لای منەوە لە سەد فەرماندار بەنرخترە. من دەزانم کامەیان چاکترە."

 ~ عەبدوڵڵا ئۆج ئالان

 

 ھەرچەندە نزای سەر زاری ھەموومان، خواستنی تەمەندرێژییە و، ئامۆژگاریی یەکبینمان، خۆگونجاندنە لەگەڵ دونیای دڵبەردیندا، کەچی جادووی جوانیی پەپوولە، لە تەمەنکورتییدایە، کەچی نھێنی سەرسووڕھێنی پەپوولە قەبووڵنەکردن، خۆ-نەگونجاندن و زووکۆچکردنە!

 ئەرێ ئێمە ڕێمان ھەڵە کردووە یان پەپوولە؟ مەگەر ھەموو کارەسات و ناشیرینییەکانی دونیا، بەرھەمی تەمەندرێژیی ئینسان نیین؟ حەیف کە لە درێژییدا خەسار دەبین! دەبا ھەر ھێندەی پەپوولەیەک تەمەنمان بکردایە، چی دەبوو؟ چەندە جوان دەبوو؛ لەگەڵ مژینی لێوی گوڵێکدا، سەرمان دەنایەوە! لە ناوەڕاستی فڕیندا، ڕۆحمان دەسپارد! ئیتر دونیا لێمان بێوەی دەبوو، قەتیش دڵی سروشتمان نەدەشکاند! چما ئەوکات ئینسان تفەنگی ساز دەکرد؟ گووللەتۆپی چێ دەکرد؟ بازرگان و سیاسەتبازەکان، ھەلیان بۆ دەڕەخسا ژیان بکەن بە سندان؟ خودایە! بۆ گوێت لە کەریم کابانی ئازیز نەگرت؟ با گشت تەمەنمان وەرزێک بووایە، خۆیشت دەزانیت دونیا، شایەن بە سەفەرێکی کورتە.

 ھەرچیی وەختێک پەپوولەیەک ببینم یاخۆ وشەی (پەپوولە) بژنەوم، دڵم دادەخورپێت و یەکڕاست (مەرزییە فەریقی)م وەبیر دێتەوە. لەو سۆنگەیەوە دڵم دەیخواست بزانم، چیی ڕاز و نھێنێک لە پەپوولەدا شاردراوەتەوە؟ خەڵک لە سەرانسەری دونیادا، چلۆن مانا لە بیری جوانیی پەپوولە ھەڵدەگۆزن؟

 ڕۆمانییەکان باوەڕیان وەھا بووە کە پەپوولەکان ئەو گوڵانەن، ،"با" تێکی شکاندوون.

 خەڵک لە گشت سووچێکی دونیاوە، بە جوانی و ئەفسوونی پەپوولە واق وڕماون، پەپوولەیان بە سەرھات و ئەفسانە دەور داوە. گەلێکیش لە شارستانێتییە کەونەکان، وەھای بۆ چوون، پەپوولەکان ھێمای ڕوحی ئینسانن.

 خەڵکی ئایرلەند (Ireland) پێیان وایە، پەپوولە پێشاندەری ڕوحی مرۆڤە، ھەر بۆیە کوشتنی پەپوولەی سپی، لە بەخت-خەراپییەوەیە! چونکێ پەپوولەگەلی سپی، ڕوحی منداڵگەلی جوانەمەرگ ھەڵدەگرن. لە ئایرلەند، زۆر گرینگە، چاوەدێریی پەپوولە بکەیت، ئاخر پەپوولەکان توانی ئەوەیان ھەیە، بە ھاسانی، لە نێوان ئەم دونیا و دونیایەکەی دیکەدا، ھاموشۆ بکەن.

 لە ژیاری گریکدا، فەیلەسووفی زێدە مەزن، ئەریستۆ، پەپوولەی بە " psyche " ناو ناوە، کە وشە گریکییەکە بە واتەی " ڕوح-گیان" دێت. لە ئەفسانەناسیی گریکدا ھاتووە، پەپوولەکان ڕوحی کەسە خۆشەویست و ئازیزەکانی ئێمەن.

پەیکەرێکی بەرزەنێوی ڕۆمانییەکانیش ھەیە؛ پۆلێک پەپوولە، لە نێو دەمی پیاوێکی کۆچکردووەوە، ھەڵدەفڕن! ئەمەیش بۆ نیشاندانی کۆچی ڕوحە، لە ڕێگەی دەمەوە.

 لەنێو ئەفسانەکانی بڕێک لە ھۆزە ئەمەریکییە ڕەسەنەکاندا، شتێک ھەیە کە گوایە، پەپوولەکان خۆزگە و نزای خەڵکان ھەڵدەگرن و دەیانگوازنەوە بۆ "ڕۆحی مەزن Great Spirit" ئینجا بۆ ئەوەی مرازت حاسڵ ببێت، گەرەکە پەپوولەیەک بگریت، بێ ئەوەی ئازاری بدەیت، پاشانەکینێ نھێن و ڕازی دڵت بە گۆشی پەپوولەکەدا بچرپێنیت، ئیدی پەپوولەیش ڕاز و نھێنت بە ڕۆحی مەزن دەگەیەنێت!

 میسرییەکان، کە باوەڕیان بە نەمرایەتیی ڕۆحی مرۆڤ ھەبووە، وای بۆ چوون، یەک لەو چێژ و خۆشییانەی کۆچکردووەکان، لە دونیایەکەی دیکەدا، پێی شاد دەبن، پەپوولەکانن.

 لە کولتووری ھەندێک لە ئایینەکاندا، گرینگی بە پەپوولە دەدرێت و، بە چاوی ڕێزەوە تەماشای دەکرێت. لە ئایینی مەسیحییەتدا، سووڕی ژیانی پەپوولە و ئەو گۆڕانەی بەسەریدا دێت، وەکوو مێتافۆری ژین و مردن سەیر دەکرێت! ئەمەیش دەبەستنەوە بە ژیانی حەزرەتی عیساوە.

گەلێک لە جووەکان، باوەڕیان وایە، پەپوولەکان یادخەرەوەی کارەساتی ھۆلۆکۆستن! بۆیە پەپوولە وەکوو نیشانەی ئومێد و ژیانەوە، تەماشا دەکەن.

 لە لای ھەندێک لە خەڵکانی ئورووپایی، ڕوحی مرۆ لە پاشی نەمانی، شێوەی پەپوولە وەردەگرێت، ئیتر بۆیە پەپوولە ھەم ڕێزی فرەی لێ گیراوە، ھەمیش ترسیان لێی ھەبووە.

 لە ھیندستان باوەڕێک ھەیە، گوایە ئێمە خەون کە دەبینین، گشت خەونەکانمان پەپوولەکان بۆمان دەھێنن.

 گەلێک کەس پێیان وایە، ھەر کە خزموخوێش کۆچ دەکەن و بە جێمان دەھێڵن، لە پاشان وەکوو پەپوولە دێنەوە و سەرمان لێ دەدەن! ھەتاوەکوو لە نێزیکەوە لە حاڵی ئێمە ئاگەدار بن.

 خەڵکی ژاپۆن، دیتنی پەپوولە لە نێو ماڵدا، بە نیشانەی بەختی باش لێک دەدەنەوە! یەک لە نەریتەکانیشیان "سەمای پەپوولە"یە بۆ دەربڕینی خۆشی و شادییەکانی ژین. لە وڵاتی چین، ئاشقان لە نامەکانیاندا، بۆ پێشاندای ڤین و سۆزی خۆیان، وێنەی پەپوولە دەکێشن.

 سەرسووڕھێن ئەوەیە لە سێربیا (Serbia) کە یەشتا کولتووری ژنەجادووگەر (Witch)ی تێدا ماوەتەوە (وەکوو پاشماوەی نەریتی کەونی دایکەخوداوەند The Goddess) کوشتنی پەپوولە بە چاک وەسپ دەکرێت! بە گوتەزای " پەپوولەیەک بکوژە؛ وا بزانە ژنەجادووگەرێکت بە مەرگ سپاردووە" پەنجە بۆ ئەو بیروباوەڕەیان ڕادەکێشن.

 لە لای کوردیش، ھەندەی ئاگام لێ بێت، پەپوولە ھێمای ڕوحی ئینسانن. پەپوولە ڕوحی کەسانی کۆچکردوون، بۆ دیدەنیمان دێنەوە.

 لە دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانیی (شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم،) پەپوولەکان ھەر لەم دونیایە و، پێش ئەوەی کۆچ بکات، حەیرانی ڕوحی مەرزییە بووبوون! ئیتر بێ ئەوەی بیر لە کۆچی مەرزییە بکەینەوە، ھەر کە پەپوولەیەک دەھاتە بەر دیدەمان، یەکڕاست دەنگی مەرزییە لەنێو چەمەنی دڵماندا، لەم گوڵی گۆرانییەوە بۆ ئەو گوڵی مەراق ھەڵدەفڕی و، پەیامی زیندوویەتی و خۆشەویستیی بڵاو دەکردەوە.

مەرزییە، ھەموو ئەفسانە و حەکایەتەکانی دونیای بە درۆ خستنەوە! چونکە ئەو (دێوانە) بوو، لەپێش ڕوحسپاردن، لە لایەن شانشینی پەپوولەکانەوە پێشوازیی لێ کرا! ئاخر بۆیە ڕوحی ئەو، وەک پەپوولە سووک و، دەنگی وی، وەک فڕەی باڵی پەپوولە ناسک و دڵنشین بوو.

 ئەوە ڕۆشنە کە مەرزییەی پەپوولەئاسا، لە نێو شاری کوللەکاندا بۆی نەدەلوا، وەک پەپوولە ھەمەڕەنگەکان، بە کامی دڵی خۆی، جلی کوردی بپۆشێت و، لەم شارەوە بۆ ئەو شار، ئەفسوونی دەنگە ئاسمانییەکەی بە گوێی خەڵک و خاکدا بدات، ھەر بۆیە لەگەڵ ناسڕی ڕەزازیی قەدرگراندا، کڵۆمی ئەم دەرکەیەیان کردەوە و بە جووت، وەکوو دوو پەپوولەی ئاشق، ھەڵفڕیین!

 ئەرێ مەرزییە، خاتوونەکەم! ڕوحی تو کامە بەھار دێتەوە بۆ دیدەنیمان و، لەسەر باڵی چ پەپوولەیەک؟

ئەخە (تێکڕا کۆڕی پەپوولەکان، بە سروودێک چاوەڕێتن)* مەرزییە! تو خۆت، بەڵێن بدە بەسەر باسکی پەپوولەیەکەوە بگەڕێیتەوە. تو خۆت، بەڵێن بدە.

 

  

* دێڕێکە لە گۆرانییەکی ناسڕی ڕەزازی.

تاگەکان    
خاڵبەندی عەبدولکەریم سرووش پۆدکاست جوانی پارەی ئیلیکترۆنی فیکر هاوڕەگەزخوازی #پیری ئیلحاد پۆرن فەلسەفەی ئەخلاق زانست عیرفان کونە ڕەشەکان کۆمه‌ڵه‌ بەڵگه‌یه‌ک که‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نین
ئەدەب
2018-07-08 کۆمێنت 2353 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی