ئاوێنه‌ شكاوه‌كه‌ی حه‌قیقه‌ت

فیکر 2018-07-07 کۆمێنت 1913 جار بینراوە
نووسینی: سه‌یران ئینسان لە تەمەنی گەنجێتی دا ڕێک لە شێوەی ئەو گوڵەی کە تازە شکوفە دەکات و پێویستی بە ئاو و ماددە خۆراکییەکانە تا گەشەی ڕێک بکات و گوڵی جوان بێت لە داهاتوو، ئەگەر ئاو و ماددەی کەمتر یا زیاتر لە پێویستی خۆی پێ بدەی داهاتووی گوڵەکە سیسبوون و فەوتانە، پێویستی بە زانیاری و تێگەیشتنە و ناتوانێت تێبگات چ ماددەیەک پێویستە بۆ گەشەی زیهنی! کاتێ بۆ یەکەمجار بە ڕێبازێک ئاشنا دەبێت کوێرانە دوای دەکەوێت و پێی وایە حەقی ڕەها لێرەدایە بەڵام کە زیاتر دەخوێنێت، دەبینێت، دەبیستێت و ڕێبازی تر و کەسی تر و گروپی تر دەناسێت هێواش هێواش بڕوا پتەوەکەی بە ڕێبازی یەکەم نەک نامێنێ بەڵکو لاوازەبێ، چون حەق لە شوێنی تریش دەبینێت. کێشەکە ئەمەیە کە، بەهۆی ئەوەی هەر لایەنێک بانگەشەی حەقی ڕەها دەکات مەحکوم دەکرێیت بەوەی یان دەبێت تۆ لەگەڵ فڵان لایەن و گروپ و ڕێباز بیت یان لات داوە لە حەقیقەت و ڕاستی، ئیتر لەخۆت دەپرسیت دەبێت کام لایەن ڕاستی هەڵگرتبێت؟! ئاخر ئەمان تەنانەت زۆرجار لەسەر هەمان مەوزوع تەعبیری 180 پلە جیاواز لە یەکتر ئەدەنە پاڵ مەوزوعەکەوە.مەسەلەن کاتێ وتارێکی مامۆستا احسان برهان الدین دەخوێنمەوە لە مەڕ مەولانا، مەولانای تا حەددێک بێ بەها کردووە کە حەز بە ژنەوتنی ناوەکەی ناکەم، لە هەمان کاتا کە وتارێکی مامۆستا قانع خورشید دەخوێنمەوە لە مەڕ مەولانا پڕیەتی لە پەسن و مەدح! هەردوو لاش لۆژیکانە مەوزوعەکەت بۆ شیدەکەنەوە! سەختە لایەنێک بە تەواوەتی بە درۆ بخەیتەوە و حەقی تەواویش بدەیت بە لایەنەکەی تر. پێم وایە باشترە کە تەنها لایەنێک نەخەیتە پلەی باڵا و ئەوانی تر پەراوێز بخەیت، ئەشێ سوود لە هەموویانەوە وەرگریت. مەولانا وتەنی "حەقیقەت ئاوێنەیەک بوو بەدەست خوداوە کەوتە خوارەوە و شکا، هەریەکەو پارچەیەکی هەڵگرت و وتی حەقیقەت لای منە". کە دەرکت بەوە کرد تۆ تەنها پارچەیەکی ئاوێنەکەت لایە چیتر بانگەشە بۆ حەقی ڕەها ناکەیت ، لە هەمان کاتا ئەوەشت بۆ دەرەکەوێ کە حەق ڕێژەییە، لە کەسێک و گروپێکەوە بۆ کەسێک و گروپێکی تر دەگۆڕدرێ، چون بەدڵنیاییەوە شکانی ئاوێنە بە شێوەیەک کە پارچەکانی یەکسان بن شتێکی نا لۆژیکییە. ئیتر کە لەم وێنەیەی حەق تێگەیشتی بە ئاسانی ئەوە قبوڵ دەکەیت کە حەق لای بەرامبەرەکەتە، لە هەمان کات لای تۆشە، تەنها کەم و زۆری هەیە جا ئاقڵ ئەوەیە کە هەوڵئەیا زۆرینەکە بەدەست بێنێ(پارچەی گەورە لە ئاوێنە شکاوەکە)، واتا ڕاستگۆیانە بەدوای حەقەوە بێت. بۆیەشە بە ڕای من شتێکی زۆر ئەحمەقانەیە کە تۆ تەواوی وجوودی خۆت بخەیتە خزمەت ڕێبازێکەوە کە ئەسڵەن لە کاتی لەدایکبوونی ڕێبازەکە باسێک لە بوونی تۆ هەر نەبووە، ئەوان بیریانکردەوە و بۆ شیکاری ژیانی خۆیان ڕێبازیان داهێنا ، وادیارە لەدایکبوونی ڕێبازەکە بۆ ئەوان شتێکی
حەتمی و پێویست بووە، بەڵام تۆیەک کە لە کاتی جیا و سەردەمی جیا و هەلومەرجی جیا لەوان ژیان دەکەیت گەمژانەیە بێ تێفکرین بە تەواوی ببیت بە دڵسۆزی ڕێبازەکەیان و هەموو ڕێساکانی بسەپێنیت بەسەر خۆتا! وەک ئەوە وایە ئەوان لەبری تۆ بیریان بۆت کردبێتەوە و تۆش بیری خۆت قەپات کردبێت، واتا کوێرانە دوای ئەو لایەنە کەوتوویت کە شیعاری بەهێزتر و کاریگەرتری بەکارهێناوە لە بانگەشەی حەقی ڕەها و هەموو حەقیقەت لە پارچەیەکی بچووکی ئاوێنەکەدا دەبینیت، بێ ئاگا لەوەی نە ڕێبازی ئەم و نە هی ئەو ناتوانن هەڵگری حەقیقەتی تەواوەتی و ڕەها بن. بە لێکدانی لایەنەکان و تێفکرین حەقیقەتت جوانتر بۆ ڕوون دەبێتەوە وەلێ لە کاتی دژبەرەکی دا حەقیقەت ڵێڵ دەبێت و زیاتر و زیاتر لێی دووردەکەویتەوە.
تاگەکان    
موناجات حەمەدۆک تەلارسازی وەلی ئەمر دەروونی خاڵبەندی زانست لۆجیک فیلم ڕانانی کتێبب پۆدکاست ئەیاد قنێبی سیاسەت گۆرانی نامە
فیکر
2018-07-07 کۆمێنت 1913 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی