خودناسى و خوداناسى

فیکر 2018-06-26 کۆمێنت 2514 جار بینراوە

نووسینى: د. فەهمى عەلى

مەبەستی بنەڕەتیی خودا و چەمکی خوایەتی، بۆ ڕێکخستن و جوانکردن و باشکردنی ژیان و، کایە جیاوازەکانی گەردوونە بۆ هەموو دروستکراوان بێ جیاوازی، بە مرۆڤیشەوە.

وەکوو مرۆڤ دروستترە ئەگەر بڵێین، ئەم چەمکە  لە هێڵە بنەڕەتییەکەی خۆی ترازاوە، نەخێر نەک هەر ترازاوە، ئاوەژوویش کراوەتەوە، یانی پێچەوانەیش کراوەتەوە.

دەزانم کە ئەم زەمانە، خودا خراوەتە دەرەوەی بازنەکان و کەمترین ئومێد و ئەرکی پیادا هەڵواسراوە، خوداپەرستیی حەقیقی خەریکە بنەبڕ (منقرض) دەبێت، بەڵام ئەم مرۆڤە هێشتایش هەر واز ناهێنێت و بە ویستی خۆی، هەر ڕۆژە و چەندان خودا دادەتاشێت، وەکو پێشتریش وتوومە: لەم ڕۆژگارەدا هاوکێشەی خالق و مەخلوق پێچەوانە بووەتەوە، ئەم زەمانە ژمارەی خوداکان  لە مرۆڤەکان زۆرترن.

ئەمانە هەمووی بە لایەک و، دەستوەردانی مرۆڤ لە قسەکردن دەربارەی خوداوە لە لایەکی ترەوە با بوەستێت، کە چەند ناشیرین و نالۆجیکییە.

ئاخر ئێمەی مرۆڤ وازمان لە بازنەی هزر و کرداری خۆمان هێناوە و، چووینەتە ناو بازنە فراوانەکەی خوداوە، بە ناوی ئەویشەوە بڕیار دەدەین و قەڵەمی ڕەش و سپی  بە شتەکاندا دەهێنین.

هەر بە ڕاستی، خودای زۆربەی ئایینەکان، بە بەشێکی زۆری ئایینی ئیسلامی پیرۆزیشەوە، لە زمان و ڕاڤەی زۆرێک لە بیریار و پیاوانی ئایینییەوە، زیاتر لە مرۆڤ دەچێت نەک لە خودا.

قسەکردن بە ناوی خوداوە یان پێناساندنی خودا لە لایەن مرۆڤەوە، کتومت وەکوو ئەوەیە کە بیریارێک وتوویەتی:

" ڕەنگە ڕۆژێک دوو تەلەفزیۆن، بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتریدا و بە یەکتری بڵێن، تۆ بۆچی شاشەکەت ئاوایە و بۆچی دەنگت ئاوا بڵندە و هتد، ئەو دوو تەلەفزیۆنە تا ئێستا مافی خۆیانە کە ئەو شتانە بڵێن، بەڵام کاتێ کە یەکێکیان بەوی تریان دەڵێت، ئەرێ تۆ بڵێی ئەو خودایەی کە ئێمەی دروست کردووە، شاشە و دوگمە و ئەملیفایەرەکانی خۆی چۆن بێت، ئیتر لێرەدا ئەم دوو مەخلوقە، دەکەونە هەڵەیەکی نەبینراوی لۆجیکییەوە. ئاخر ئێمەی مرۆڤ کە تەلەفزیۆنمان دروست کردووە، شاشە و موکەبەرەمان کوا هەیە؟"

خوداپەرستی ئازیزم، داتاشینی هەر شێوە و وێنایەک بۆ خودا هاوواتایە بە لێدان و ناشیرینکردنی وێنا بنەڕەتییەکەی خودا خۆی. خودا جیاوازە لە مرۆڤ، نەک بە تەنها لە شێوازدا، بەڵکە لە بڕیار و تێڕوانین و حومکیشدا.

دەگێڕنەوە بتپەرستێک بووکەڵەیەکی لە تەختە داتاشیبوو، کردبوویە خودای خۆی، کڕنووشی بۆ دەبرد و داوای جاهـ و خێری لێ دەکرد، بەڵام چەند ساڵ بوو تاکە دۆعایەکیشی چییە گیرا نەبووبوو، ڕۆژێک خواپەرستێک لێی نزیک دەبێتەوە، ئەمیش لە داخاندا و بە دەنگی بەرز و خێراخێرا دەڵێت: یا سەنەم یا سەنەم یا سەنەم. جارێک لە پەلەپەلیدا لێی تێکدەچێت و دەڵێت: یا سەمەد. ئیدی دەمودەست خودا دۆعاکەی قبووڵ دەکات. کابرای خواپەرست بە خودا دەڵێت: خۆ ئەوە خلیسکانی زمانی بوو کە ناوی تۆی هێنا، نەک لە دڵەوە بووبێت. خودایش وەڵامی دەداتەوە: جا ئەگەر من وام نەکردایە، جیاوازی من و ئەو بتە، چی دەبوو؟!

من لەم بەراوردکارییەدا مەبەستم نییە کە خوانەخواستە ڕێز و پێگەی مرۆڤ کەم و نزم بکەمەوە، نەخێر مرۆڤ هەر لە بنەڕەتەوە ڕێزلێگیراوە، دەمەوێت ئەو بێڕێزییە باس بکەم کە لە ڕێگەی خوداپەرستییەوە، مرۆڤ بە مرۆڤی دەکات.

مرۆڤ تا نەگەڕێتەوە بۆ سنووری دیاریکراوی خۆی، نەک هەر لە خوداناسیدا، لە هەموو کایەکانی تریشدا، ئەوا تا دێت، کۆڵەوارتر و ماڵوێرانتر و نائارامتر دەبێت.

کەی مرۆڤ حەقیقەتی خودی خۆی ناسی، ئاتاجی بە بانگەشەی خوداپەرستییش نییە، چونکە ئۆتۆماتیکییەن خودای خۆیشی ناسیوە. خودناسی و خوداناسی تاڵەموویەکی باریکیان نێوانە.

تاگەکان    
یاسا خاڵبەندی کۆرۆنا نوێژ کوردستان سایکس-بیکۆ ڕانانی کتێبب ڕانانی کتێب یاری تەکنۆلۆژیا نائومێدی سەرفیترە فێمینیزم جنۆکە مانا
فیکر
2018-06-26 کۆمێنت 2514 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی