باوکە... من ڕقم لێتە! (بەشى دووەم و كۆتايى)

ئەدەب 2018-06-24 کۆمێنت 3375 جار بینراوە

ڕه‌جا نه‌قاش
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: په‌روانه‌ موحه‌ممه‌د

هەرچی دۆزی دووەمە، بابەتی خۆشەویستیی کافکایە، لە ساڵی 1914 دوای خۆشویستنی، کچێکی مارەکرد، وەلێ دوای ماوەیەکی کەم خۆشەویستییەکەی هەڵوەشایەوە
.
دەتوانین وێنای ئەو کەلێن و بۆشاییە بکەین کە کەوتە نێوانی خۆی و خۆشەویست و دەزگیرانەکەیەوە. گومانی تێدا نییە کە جیاوازییەکەی نێوانیان بنەڕەتی بووە، بە جۆرێک کە کافکا بیری لە هەموو شتێک دەکردەوە و هەستی پێ دەکرد، هەموو شتێکیش لەو کاتەدا و لە شوێنێکی وەکو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا کە کافکا تێیدا دەژیا، پێچەوانەی ئەوە بوو کە سروشتی مرۆیی هەستدار و ساغ پێی ڕازی بێت. وەلێ هەموو ئەمانە چ گرنگییەکیان بۆ ئەو کچە هەبوو؟
لە دیدی ئەوەوە کافکا، پارێزەر و نووسەر بوو، کوڕی پیاوێکی دەوڵەمەند بوو کە خاوەنی سامانێکی زۆر و فراوان بوو، کە ئەو خۆی دڵخۆش بژی، چ گرنگییەکی بۆی هەیە گەر خەڵکی دڵخۆش نەبن؟ چ باکێکی بە ئازارەکانی دونیا هەیە ئەگەر ئەم ئازارانە نەتوانن لە ئاسمانی ژیانی ئەودا هێلانە بکەن؟ ئەو بێگومان تەنها بیری لە خۆی و دەزگیرانەکەی دەکردەوە، وەلێ کافکا بیری لە دوورتر لەوە دەکردەوە، ئەو دونیای لەژێر (وردبین)ی هەستداریی خۆیدا دەبینی، بەوەش هەموو شتێکی دەبینی، دونیای بە ناخۆش و سەخت دەبینی، ئەوەش وای دەکرد زۆر بیربکاتەوە و ڕابمێنێ و داخ بخوات، کۆتایی ئەم جیاوازییەیش بەدڵنیاییەوە ئەوە دەبێت کە خۆشەویستییەکەی شکست بهێنێت و، دەزگیرانەکەی جێیبهێڵێت تا لە جێیەکی تر کووخێکی پڕ لە دڵنیایی و ئاسوودەیی بدۆزێتەوە، نەک ئەو دڵەڕاوکێ ترسێنەر و لاسارەی لای کافکا هەبوو.
کافکا بۆ جاری دووەم هەوڵدەدات هاوسەرگیری بکات، خۆشەویستییەکی تازە دەدۆزێتەوە، وەلێ هەر زوو لەویشدا شکست دەهێنێت، لە کاتی شکستی دووەمیشیدا بۆی دەردەکەوێت کە نەخۆشیی سیلی هەیە.
جا دۆزی (خۆشەویستیی شکستخواردوو) بابەتێکی سەرەکی و گرنگە لە ژیانی ئەم هونەرمەندەدا.
دەمێنێتەوە دۆزی سێیەم، گرنگ و بنەڕەتی، ئەویش (پەیوەندیی لەگەڵ باوکیدا)یە، ئەو پەیوەندییە خراپ و سامناکەی کە کافکا لە نامەیەکدا کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ باوکی نووسیوە، باسی کردووە. ئەو نامەیەی داوە بە دایکە نەرمونیان و مەردەکەی کە بیدات بە باوکە دڵڕەق و خۆبەزلزانەکەی. وەلێ دایکی نامەکەی شاردۆتەوە تا ئەوەی باوک و کوڕەکەشی دەمرن، پاشان هاوڕێ و دۆستی هونەرمەند و ڕۆشنبیری کافکا، (ماکس پرۆد) کە کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی دەکرد، چوو تا نووسراوەکانی کۆبکاتەوە و وەسیەتەکەی بخوێنێتەوە. لەنێو ئەو نووسراوانەدا نامەکەی دۆزییەوە و دواتر بڵاوی کردەوە، نامەکەش دوور و درێژ و لە قەبارەی کتێبێکی بچووکدا دەبوو، هەرچی ئەو وەسیەتەیە کە کافکا پێش مردنی بۆ (ماکس پرۆد)ی هاوڕێی جێهێشتبوو، ئەوە بوو کە هەموو کتێبەکان و کاغەزە نووسراوەکانی بسووتێنێت، چون لە دیدی خۆیدا هیچ سوود و کەڵکێکیان نییە. سەرەڕای ئەوەش (ماکس) وەسیەتی هاوڕێ کۆچکردووەکەی جێبەجێ نەکرد، بەڵکو لە هەموو کەس زیاتر سوور بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی کافکا و پێشکەشکردنیان بە شانۆی ڕۆشنبیریی ئەورووپی و جیهانییش، بەوەش کافکا جێیەکی گەورەی لە ئەدەبی سەردەمدا گرت، بەتایبەت لە دوای کۆچی دوایی.
لە ڕاستیدا نامەکەی کافکا بۆ باوکی، وانەیەکی گەورەیە لە وانەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، ئەو نامەیە هەرچەند لە ڕووکەشدا ڕووی لە باوکی کافکایە، وەلێ لە ڕاستیدا ڕووی لە هەموو باوکێکە، ئەگەر باوکان بیخوێننەوە، ئەوە لەبارەی هونەری باوکایەتییەوە زۆری لێوە فێردەبن، تێدەگەن کە تا چ ڕادەیەک دەکرێت هەندێ کات لە ژیانی منداڵەکانیاندا شتێکی جوان و خۆش بن و هەندێ کاتیش شتێکی وەڕسکەر و ئازاردەر بن.
ڕۆڵی باوک لە ژیانی مرۆڤدا هەر لە ساتەکانی سەرەتای هەنگاونانی لە ڕێگەی ژیاندا دەست پێ دەکات، بەڵکو یەکەمین (جیهان) که مرۆڤ چاوی تێدا دەکاتەوە، (جیهانی باوک)ە، جا گەر دایک سەرچاوەی مانەوەی منداڵ بێت لەبەر ئەوەی کە خۆراکی پێ دەدات، چاودێریی دەکات و یارمەتیی گەشە و بەردەوامیی دەدات، ئەوە لە ڕاستیدا باوک نێوەندێکە لەنێوان منداڵ و کۆمەڵگەدا، ئەوە باوکە کە جیهانی دەرەوە بۆ منداڵ لە خۆیدا دەنوێنێت، چون مامەڵە و هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی بۆ منداڵەکانی، ئەو هێڵە سەرەتایی و بنەڕەتییانەن کە (بیرۆکەی ژیان)یان دەخەنە بەردەست.
هەر بۆیە بەگوێرەی پێگەیشتوویی و دروستیی کەسایەتیی باوک، کەسایەتیی داهاتووی منداڵ دریاری دەکرێت، نموونەی باوکی کافکایش نموونەیەکی بەربڵاو و ناسراوە لە زۆر لە کۆمەڵگەکاندا.
با بگەڕێینەوە بۆ نامەکەی کافکا، ئەو هونەرمەندە مەزنە لەگەڵ باوکیدا ببینین، نامەکە بەوە دەستپێدەکات:
"
پێش ماوەیەک کە زۆر دوور نییە، لێت پرسیم؛ چی لە تۆم دەترسێنێت؟ جا وەک هەمیشە نەمزانی بە چی وەڵامت بدەمەوە! ئەوەش لە لایەکەوە بۆ ئەو ترسە دەگەڕێتەوە کە لە بەرامبەری تۆدا دەروونی داگیرکردووم و، بۆ ئەوەیش کە پاڵنەرەکانی ئەم ترسە گەلێک زۆرن و، قسەکردنی ورد و ڕوون لەبارەیانەوە قورسە".
ئەم شێوە دەربڕینە لە نامەکەی کافکادا مانای ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان ئەو و باوکی لەسەر ترس دامەزراوە، کە ترسی کوڕەکەیە لە باوکی، هەر ئەمەیش یەکەم بناغە بوو کە لە دواییدا سەری کێشا بۆ چەندین ئەنجامی زۆر مەترسیدار. ئەوەیش لە لایەکی ترەوە ئەنجامی ڕەفتاری باوکەکە و کەسایەتیی تایبەتی بوو، چون باوکەکە هەوڵی نەدەدا بە شێوەیەکی دروست لە دەروونی منداڵەکە تێبگات، بەڵکو بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرد کە ئەو منداڵە هاوشانی خۆی بێت، نموونەیش بۆ ئەوە ئەو چیرۆکەیە کە لە سەرەتای ئەم وتارەدا گێڕامانەوە، کاتێک کافکای منداڵ دەیویست ئاو بخواتەوە و، دەگریا و هاواری دەکرد، سزاکەیشی ئەوە بوو کە باوکی لە باڵکۆنەکەدا، لەنێو تاریکی و سەرمادا، بێ هیچ بەزەیی و سۆزێک، جێیهێشت. با گوێ لە خودی کافکا بگرین کە لە نامەکەدا دەربارەی ئەو ڕووداوە بە باوکی دەڵێت:
"...
بەدڵنیاییەوە تینوێتی تاکە پاڵنەری گریانم نەبوو، بەڵکو لە لایەکەوە بۆ ئەوە دەگریام تا کارت تێبکەم و، لە لایەکی ترەوە بۆ چێژوەرگرتن بوو، تۆیش کە بە هەڕەشە توند و دووبارەکانت  لە بێدەنگکردنم
سەرنەکەوتیت، لە جێگەکەم دەرتهێنام و هەڵتگرتم بۆ باڵکۆنەکە، کە لەوێدا ماوەیەک بە تەنها جێتهێشتم لەکاتێکدا کە تەنها جلێکی تەنکم لەبەردا بوو و، دەرگای باڵکۆنەکەشت لێ داخستم."

لە ڕاستییشدا منداڵ هەر بەو جۆرەیە، هەندێ جار بۆ کارتێکردن و هەندێ کاتیش بۆ خۆشیبینین دەگری، ئەو دەیەوێت بیری باوکی بخاتە لای خۆی، دەیەوێت لەڕێی گرنگیپێدانی کەسانی ترەوە هەست بە بوونی خۆی بکات، ئەمەش مافێکە لە مافەکانی منداڵ، بەڵکوو بەشێکە لە سروشتی دروستی مرۆ لەو قۆناغەی تەمەندا، لەسەر باوکیش پێویستە کە ڕێزی ئەو مافە بگرێت و بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وەلێ گەر بەو جۆرە مامەڵەی کرد کە منداڵەکە بێ هیچ هۆکارێکی ماقووڵ دەگری، بێگومان لە ئەنجامدا هەڵوێستی ئەو باوکە سزادان دەبێت، ئەگەریشی هەیە ئەم سزایە توند بێت و کاریگەریی خراپ و زیانبەخش دروست بکات.
ئەو کاریگەرییە خراپ و زیانبەخشانە چین؟
کافکا لە نامەکەیدا وەڵامی ئەوە دەداتەوە:
"
بێگومان ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی مەخلووقێکی بە ڕووکەش گوێڕایەڵم لێ دروست بکات، ئەگەرچی بووە هۆی زیانێکی تری پەنهان، مێشکی من لەو کاتەدا نەیدەتوانی پەی بەو پەیوەندییە ببات کە لەنێوان داواکردنی بێهۆی من بۆ ئاو و دەرکردنم بۆ باڵکۆنەکەدا هەبوو، یەکەمیان لە دیدی خۆمدا زۆر ئاسایی بوو، وەلێ دووەمیان بێشک سامناک و ترسناک بوو، ساڵانێکی درێژ بەوەوە غەم و ئازارم دەچێژا، هەرکات بیرم دەکەوتەوە چۆن ئەو پیاوە خۆبەزلزانەی کە باوکم و دوایین پەناگەم بوو، دەیتوانی بێ هیچ هۆکارێکی بەهێز، لە شەودا و لە جێگەی نووستنەکەم دەرمبهێنێت و لە باڵکۆنەکەدا جێمبهێڵێت، بە بیانووی پووچی و کەمبایەخیمەوە!"
"
جگە لەوەی کە ئەم هەستکردن بە پووچییەی لە سەرەتادا سادە بوو و، کە من لە کاریگەریی تۆ بەسەرمەوە وەرمدەگرت، مەترسییەکەی لە دواییدا زۆر و کەڵەکە بوو، تا بەتەواوی بەسەر کەسایەتیمدا زاڵ بوو."
بێگومان تێگەیشتن لە دەروونی منداڵ بابەتێکی ئێجگار گرنگە، جا گەر ئەوە لەو کەسانە داواکراو بێت کە پەیوەندییان لەگەڵ منداڵەکەدا هەیە، ئەوە بە شێوەیەکی تایبەت لە باوک داواکراوە، ئەوە ئەرکی یەکەم و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی باوکە، ئەو خاڵەیشی کە کافکا لە بڕگەی پێشووی نامەکەیدا ئاماژەی بۆ دەکات، نەبوونی متمانەبەخۆبوون و هەستکردنی خۆیی بەوەی کە مرۆڤ هیچ نرخ و گرنگییەکی نییە، ئەم جۆرە هەستکردن بە پووچییە شتێکی وێرانکەر و کوشندەیە، ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ هەرەسهێنانی تەواوی کەسایەتی، ئەوەیش هەندێ جار دەبێتە هۆی جۆرێکی تاڵ و بەئازاری تێکشکان و دڵەڕاوکێ، هەر وەک ئەوەی کە بەسەر کافکادا زاڵ بوو و لە کۆتاییدا بووە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی سیل و، پاشان مردنی لە تەمەنی چل و یەک ساڵیدا.
خۆ لە هەندێ کاتدا نەبوونی متمانەبەخۆنەبوون بەسوودە، چون دەبێتە پاڵنەرێک بۆ کارکردن و هەوڵدان، بە خواستی ئەوەی ئەو کەمییەی لەناو کەسایەتیدا هەیە، قەرەبوو بکرێتەوە، وەلێ  ئەگەر هەستکردن بە بێمتمانەیی چووبێتە ناخ و قووڵایی دەروونەوە 
ئەوە بەدی نایەت، بە ڕادەیەک کە توانای کارکردن و جووڵەی مرۆڤ پەک بخات.

بێگومان تەنها بڕێکی دیاریکراو و ماقووڵ لەم هەستە، دەتوانێت سوودی بۆ ژیانی مرۆیی دروست هەبێت، وەلێ زیادەڕۆیی تێیدا لەناوچوونە، یان ڕێگەیەکە بەرەو لەناچوون.
ڕەنگە هۆکاری بەرپرس لەم هەستە بۆ بارودۆخ و ئەزموون بگەڕێتەوە، وەلێ سەرچاوەی سەرەکیی لە ژیانی مرۆڤدا کەسایەتیی باوکە، لەبەر ئەمە ئەرکی سەرشانی باوکان زۆر گەورەیە.
ئەرکی باوکانە کە زۆر گرنگی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا بدەن، وازبێنن لەوەی منداڵەکانیان بکەنە کێڵگەی تاقیکردنەوە، یان بوارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکورتییەکانی ژیانی خۆیان، وەک ئەوەی باوکێک کە لەنێو کۆمەڵگەدا لاواز و بێدەسەڵاتە،  لەگەڵ منداڵەکانیدا 
ببێتە دیکتاتۆرێک، ئەوە قەرەبووکردنەوەیەکی ناتەندروستە، وەلێ قەرەبووکردنەوەی دروست ئەوەیە کە باوک هێزی خۆی لە بەهێزکردنی منداڵەکانی و یارمەتیدانیاندا لەسەر ژیانی ئاسایی، بەرجەستە بکات.

کافکا لە نامەکەیدا بۆ باوکی، خاڵێکی تری تا ڕادەیەکی زۆر گرنگ دەوروژێنێت، ئەو نووسەرە هونەرمەندە دەڵێت:
"
بۆ ئێمە 
قەدەغە بوو کە مۆخی ئێسک بمژین و بیخۆین، کەچی خۆت ئەوەت دەکرد، بۆ ئێمە ڕەوا نەبوو کە کەوچک بخەینە سرکەوە، کەچی خۆت دەتکرد، تۆ وات دەبینی کە نان دەبێت بە پارچەی یەکسان و پاک ببڕدرێت، کەچی خۆت گوێت لێ نەدەدا و بە چەقۆیەکی بە سۆس پیسبوو دەتبڕی، ئاگادارت دەکردینەوە لەوەی کە وردەی خواردنەکەمان لێ نەکەوێتە سەر زەوی، وەلێ دوای نان خواردن دەمانبینی لەو شوێنەی تۆی لێ دانیشتبوویت، چەندە وردەی نان و خواردنەکە پەرش و بڵاوبۆتەوە، دەتگوت مرۆڤ دەبێت لەسەر سفرەدا تەنها خەریکی خواردن بێت و هیچی تر، کەچی خۆت نینۆکەکانت پاک دەکردەوە و دەتقرتاندن، قەڵەمت دادەدا و، بەو چوکڵەی دوای خواردن دانی پێ پاکدەکرێتەوە، گوێت پاک دەکردەوە."

لێرەدا کافکا مەترسیداریی دژیەکبوونی قسە و گوفتار دووپات دەکاتەوە. گەر ئەم بنەمایە بۆ هەموو کارێک ڕاست و دروست بێت، ئەوە لە گۆڕەپانی باوکایەتیدا زۆر ڕاستتر و دروستترە، چون باوک یەکەمین و گەورەترین قوتابخانەیە کە منداڵ لێیەوە فێر دەبێت، ڕەنگە نەکرێت منداڵ دژیەکیی نێوان قسە و گوفتاری ژیانی مامۆستا، هاوڕێ یان دراوسێکانی بۆ دەرکەوێت، وەلێ بەدڵنیاییەوە دەتوانێت لە ژیانی باوکیدا ئەو دژیەکییە ببینێت، چون لەگەڵ باوکیدا ماوەیەکی درێژ و لە بارودۆخگەلێدا دەژی کە ئەو توانایەی پێ دەدات تا بزانێت گەر باوکی لە گوتەکانیدا ڕاستگۆ بووە یاخود قسەکانی جگە لە لافلێدان هیچی تر نەبوون.

کافکا، دوای ئەوەی ژیانێکی تاڵ و ناخۆش ژیا، بە خەمباری و ئازارەوە مرد، ، لەژیانیدا نە بە جیهانێکی دروست و ڕێکوپێک و، نە بە باوکێک کە هاوسۆزی بێت و ڕێزی بگرێت، دڵخۆش نەبوو. 
چەند ساڵێک دوای مردنی کافکا، هیتلەر دەسەڵاتی گرتە دەست و، بڕیاری دا کتێبەکانی کافکا بسووتێنێت و هەناردەیان بکات، ئەو فەرمانەیشی هەر بەڕاستی جێبەجێ کرد، هۆکاری ڕاستەقینەی ئەوەیش ئەوە بوو کە کافکا وێنەی (تاریکیی دەروونی)ی پیشاندەدا، کە دەروونی خەڵکی دەڕووخاند، ئەم وێناکردنەشی دەربڕینێکی ڕاست بوو لەسەر ئەو واقیعەی خەڵکی ئەڵمانیا پێش سەردەمی هیتلەر و لە سەردەمی ئەویشدا، وەلێ هۆکارە دیارەکەی ئەوە بوو کە کافکا جوولەکە بوو، ئەو ڕاستییەیش کە هیتلەر دەیزانی ئەوە بوو کە کافکا کەسێکی مرۆڤدۆست بوو، تێڕوانینی گشتگیر و فراوان بوو، کە بە هەموو دوورییەک دوور بوو لە بیرکردنەوەی تەسک و سنووردار.
بەڵام ئازار و ناڕەحەتییەکانی کافکا شتگەلێکی مەزنیان پێ بەخشیوین، لەوانە دڵنەوایی دەروونی و، بانگەشە بۆ ژیانێکی تەبا و پێکەوەگونجاو و ڕقلێبوونەوەی ئەو دژیەکییانەی کە خەڵکی بەهۆیانەوە ڕاستەقینەی ژیان دەشارنەوە.
هەرچی نامەکەیەتی بۆ باوکی، ئەوە کارێکی هونەریی ڕاستگۆیانەیە، لەپاڵ ئەوەیشدا وانەیەکی کۆمەڵایەتیی نایابە، فێری هونەری باوکایەتیمان دەکات، بەو پێیەی کە هونەرێکە لە هونەرە بەرز و لە هەمان کاتدا قورس و مەترسیدارەکان، هونەرێکە پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشان و خاکیبوون هەیە، تا ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی کەسانێکی ئەرێنی و پاک و دڵسۆز، نەک ڕێگایەک بۆ ئاڵۆزکردن و ڕووخاندنی دەروون و وێڵبوونی مرۆڤ لە ژیاندا
.

لینکى بەشى یەکەم

تاگەکان    
مردن ستەم دەروونی شیعر یاری کورد کرێکار عەبدولکەریم سرووش زانست زمان پارەی ئیلیکترۆنی بووژانەوە شیرک دیمانە موناجات
ئەدەب
2018-06-24 کۆمێنت 3375 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی