سەرووتر لە واقیع

نووسینی: ئانالی ئەکبەری وەرگێڕانی: یەحیا خەلیل
ئەدەب 2018-05-01 کۆمێنت 2952 جار بینراوە

دوایین جار کە هەواڵی خۆشت بیستووە کەی بووە؟

کۆتا جار کە ژنەفتنی شتێک بزەی خستووەتە سەر لێوت و لە دڵدا هەستی ئارامی و ڕازیبوون دایگرتووی، دەتوانی بیهێنیەوە یاد؟

دوا کەڕەت کە چەند ڕۆژێکی تەواو، دڵتان نەلەرزیوە و ترس گیانتانی نەتەنیوە و واقتان وڕ نەماوە و داهاتووتان بە چاوی گیاندارێکی دڕندە و بێبەزەیی نەدیوە، کەی بووە؟

خوێندنەوەی هەواڵی ڕۆژانە، توانای ئەوەی هەیە ڕووخۆشترین و دڵگەشترین مرۆڤی سەرـزەوی، بۆ هەبوویەکی کز و ناخۆشحاڵ و دۆڕاو، بگۆڕێت.

بەڵام ئێمە شایەن بە خوێندنەوەی هەواڵگەلی خۆش و هیوابەخشترین.

ببینین هەورەیلی پڕ لە باران چەن وەختێک ئاسمانی شارانمان جێ ناهێڵن.

بەهار و پاییز باران دەبارێت و زستانی سپیی_بەفر، زەوی و میچ و درەختان دادەپۆشێت.

بخوێنینەوە؛ ڕووبار و بەنداو و دریاچەکان لێوان لە ئاون و چ کەسێک بۆ چاوگە و دەسمایەی ژیان، شەڕ داناگیرسێنێت.

وەیخوێنین؛ فریشتەی بایەخ بۆ هەواری پارە و دراومان گەڕاوەتەوە و دەگونجێت بڕۆیە نێو فرۆشگەکان و بە دەستانی پڕەوە دەربچیت و ئەژماری بانقیمان فیکەی چۆڵبوون نەکێشێت.

ببیستین؛ هیچ کەسێ نیازی شەڕکردنی لەتەک ئێمەدا نییە، کەس نایەوێت خانووەکانمان، باژێڕمان، ژیانمان کاول بکات.

بخوێنینەوە؛ چیتر چ کەسێ منداڵ نادزێت، منداڵ سزا نادات، زارۆک ناکوژێت.

وەیخوێنین؛ لەمەوپاش هیچ کەسێ ئەسید ناوەشێنێت، گیان ناستێنێت.

بژنەفین؛ درەختان لە دۆخی سەوزبوون و بەر ڕاخستندان، زەوی هیشکێتيی تێپەڕاندووە و پیسایی سرووشتی نەخستووەتە چنگ.

بڕوانین؛ هاونیشتمانیانمان لەیەک بێزار نیین و لە ژێر پۆستگەلی ئینتەرنێت، ئاواتی مردن و چارەڕەشی بۆ یەکتر ناخوازن.

بخوێنینەوە؛ خەڵکی کەمتر لە ڕێگەکاندا دەمرن، کەمتر دڕندەیی لە خێرالێخوڕینی  ئۆتۆمبیلان بەخەرج دەدەن، کەمتر بە چاوی دوژمنانی باوککوشتە دەنۆڕنە ئەوانیتر، کەمتر بۆ زیانلێدان لەیەکدی خۆ ماندوو دەکەن.

ببیستین؛ تا کاتێکی درێژ نرخەکان نافڕن، دەرمان گران نابێت، سەندنی گۆشت سەخت نابێت، کڕینی خانوو لە تواندا دەبێت، ژیانکردن نابێ بە کولانەی سەگ.

وەیخوێنین؛ زستانی ئەوساڵ هەواڵێک لە تەمتومان نییە.

ئۆتۆمبێلی جۆر_خراپ لە قەتار دەرپەڕیوە و ئەمساڵ چ کەسێ لە هەڵمژینی هەوای پیسدا ژیانی نادۆڕێنێت.

بخوێنینەوە، لە پاییزی ئەمساڵدا، چێژ لە خشەخشی گەڵاگەلی زەرد و نارنجی، وەرگرن و لە ژێر نمەنمەی تازەباریوی باراندا، هەناسەی قووڵ هەڵکێشن و، بۆ پشووی کۆتایی هەفتە خشتە چێ بکەن، بەو پێیەی گەشتکردن سانا و بەردەستە.

ببینین؛ جێـکار و کارگەکانمان گەشاونەتەوە و هەر خۆمانین گەڵاڵە و دروستی دەکەین و خۆشمانین کە دەیکڕین.

بخوێنینەوە؛ ڕۆژگاری گەمەی پیسی و زیتەڵی، دوایی پێ هاتووە و ئێستا ڕۆژانی بردنەسەرێی چۆنیەتییەکانە.

بژنەفین؛ متمانە بۆ خەڵکی گەڕاوەتەوە و چیدی دزان سەروەرمان نیین.

ئەرێ با وەیخوێنین، لەمەودوا شتێک بە ناوی بێکارییەوە نییە، گەنجەکانمان کار دەکەن و پارە دەردەهێنن و خەرجی دەکەن و پاشەکەوتی لێ دەکەن و بۆ پاشەڕۆژیان نەخشە دەکێشن.

با بنۆڕین؛ ئیتر هەموو شتێک بێ گرێ و ئاسان بووە، منداڵی و ژیانی گەنجێتی، شادبوون، پیربوون و ژیانکردن.

 

 

 

 

تاگەکان    
تەکنۆلۆژیا چەواشەکاریی لۆژیکی سۆفیگەری کرێکار ئەنیمی فەلەستین قوتابخانەکانی نوور قودس کونە ڕەشەکان ئازادی فیلم مۆدێرنە زانست حزبی ئیسلامی حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی
ئەدەب
2018-05-01 کۆمێنت 2952 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی