وێنەی ژیان لای مەحوی و خەیام

ئەدەب 2018-03-07 کۆمێنت 2920 جار بینراوە

نووسینی: به‌ڕێز ئیسماعیل

ژیان دەسوڕێ چەشنی سوڕانی گۆی زەوی، زۆر کەسی بەرز، بە تێپەڕبوونی کات نزم دەبێ، وە زۆر کەسی نزم بە تێپەڕبوونی کات بەرز دەبێ، دەوڵەمەند هەژار دەبێ، هەژار دەوڵەمەند دەبێ. ئەمە ژیانە، دایمە لە جوڵە و گۆڕانکاری دایه، مرۆڤەکان هەمیشە باش نین، وە هەمیشەش خراپ نین، بە ڕەهایی حوکمدان بەسەریان هەڵەیە، دەشێ ئەوەی لای ئێمە خراپە، لای خودا خۆشەویست بێ، تەنانەت وەکو لە فەرموودەکە هاتووە، (رُبَّ أشعث أغبر مدفوع بالأبواب، لو أقسم على الله لأبرَّه)

ئێمە هەمیشە وا هەست دەکەین، ژیان ئاسانە و چاکی تێگەیشتووین، دەوروبەرمان دەناسین و دەزانین، چ لە هەگبەیاندا هەیە. بۆیە زۆرجار دەڵێین: "کاسە لێژ بکەوە، چی لەناو دابێ، ئەوەی لێ دەڕژێ" بەڵام بێ ئاگا لەوەی بونیام؛ خۆی ئاڵۆزە و لە ژیانێکی ئاڵۆزیش دایە، وەکو (مەحوی) دەڵێ :

ھەر گفتوگۆمە، کەچی ھەر دەڵێم و تێ ناگەم

ھەر جوستوجۆمە، کەچی ھەر دەڕۆم و پێ ناگەم

چاوم ڕوا و گۆشەی ئەو ئەبرۆوەم نەدی

دڵ بوو بە بەحری علووم و لە ئەلف و بێ ناگەم

مەحوی لە دوو دێڕی تردا، وێنەی ژیان زۆر جوان ڕووندەکاتەوە و، بە جۆرێک بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی زەمی دنیا و دنیاپەرستانە. لە دێڕی یەکەمدا، وێنەی ژیان بە سەرابی بیابان دەشوبهێنێت، لە دێڕی دووەمدا، دەڵێ مرۆڤ لە ژیانی دا گەوهەر بە پشقل دەگۆڕێتەوە .

بە ئاوی تێ گەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو

هەموو دەشچن بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلووق

لە سووقی دەهردا دووکانی هەرکەس موددەتی عومرە

گوهر دانە بە پشکڵ دانە(مەحوی)! مامەڵەی مەخلووق

هەر لە سەرزەنشتی ژیاندۆستان و فریودراوانی دنیا، مەحوی مەزن دەڵێ، ئەگەر بە ئەندازی پەرۆشی وان بۆ دنیا، پەرۆشیم هەبێ بۆ دین دەبمە پێغەمبەر .

ئەوەندەی ئەھلی دنیان ئەھلی دنیا، تاقە ڕۆژێ گەر

بە قەڕنێ من ئەوەندە ئەھلی خودا بم دەبمە پێغەمبەر

زۆرێک لە شاعیر و عاریفان، لە فێڵ و وێنە ساختەکانی ژیان هۆشداریان داوە، بۆ نمونە فەلسەفەی چوارینەکانی خەیام؛ ئەوەیە، دەیەوێ ژیان وەکو خەونێک پیشاندا و، دەیەوێ تێیدا هۆشیار بین و نەخەڵەتێین. گۆزە لە قوڕ دروست بووە، قوڕیش لە خۆڵ، وە مرۆڤیش دەمرێ دەبێتە خۆڵ.. بۆیە لێکچواندێکی زۆر جوان لە نێوان گۆزە و مرۆڤ دەکا، بە بیری مرۆڤی دێنێتەوە بە وێنەکانی ژیان نەخەڵەتێ !

بۆ نمونە یەکێک لە چوارینەکانی :

ئەم گۆزە وەکوو من بووە دڵدار و هەژار

جارێکی دڵی خۆش بووە، سەد جار خەمبار

ئەو هەنگڵ و دەسگرەی لە ملیا دیوتە

دەستێ بووە، زۆر خراوەتە سەر ملی یار

یاخود لەم چوارینەیەدا، ژیانی جوان وێنە کردووە :

بۆ گۆزە کڕین دەچوومە لای گۆزەکەرێک

سەد گۆزە بە من پێکەنی، هەر یەک لە بەرێک

ئێمەی وەکوو خۆت ئەبەی سبەینێ خۆشت

وەک ئێمە دەبی بە گۆزە، لای بێخەبەرێک

نمونەیەکی تری :

گۆزێک لە دەسم شکابوو، ئەو گریا بۆم

خەم دات نەگرێ، منیش یەکێکی وەک تۆم

زۆر جار منیش وەکوو تۆ گۆزەم دەشکاند

تۆش ڕۆژێ دەبی بە گۆزە، دەشکێی وەک خۆم

بەکورتی بیرۆکەی ئەم نووسینە، بۆ تێکشکاندانی وەهمە، بونیام؛ بەردەوام نوقمی وەهم دەبێ و، خۆی لێدەبێ بە پاڵەوان. ژیانیش بەردەوام وێنەی خۆی دەگۆڕێ! بۆیە وێنەی ژیان لای (مەحوی و خەیام) بە نمونە وەرگرت .


تاگەکان    
پۆرن گێڕانەوە کوردستان قەدەر ڕانانی کتێبب ڕۆژاوا دەروونی هاوڕەگەزخوازی گۆرانی ژن بوونەوەری ئاسمانی چەواشەکاریی_لۆژیکی گفتوگۆ دەروونناسی ڕەزا بابایی
ئەدەب
2018-03-07 کۆمێنت 2920 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی