مانەوە بۆ بەهێزترینە

فیکر 2018-02-18 کۆمێنت 1610 جار بینراوە

نووسینی: په‌روانه‌ موحه‌مه‌د

لە زانستی زیندەوەراندا پێشتر دەوترا: ‌البقاء للأقوی، وەلێ دواتر ئەو قسەیە گۆڕا بۆ: البقاء للأصلح.. بەو مانایەی ئەوەی زیاتر لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکانی ژینگەی دەوروبەری خۆی دەگونجێنێت، توانای مانەوەی زیاتری هەیە و ترسی لەناوچوونی جۆرەکەی کەمترە، نەک ئەوەی کە بەهێزترە.. وەلێ دەبینین لەناو مرۆڤەکاندا هێشتا یاسای (البقاء للأقوی) کاردەکات، لێرە دەسەڵات لای بەهێزەکانە، ڕێز لای بەهێزەکانە، خودایشمان هەر بەهێزترینمانە! بەهێزەکان کێن؟ بە تەمەن گەورەترەکان، دەسڵاتدارەکان، پارەزۆرەکان، خاوەن چەکەکان...هتد . دەبێ بچووک ڕێزی گەورە بگرێت، گەورە بۆی هەیە هەر بێڕێزییەک کە بیەوێت بەرامبەر بچووکی بکات، نابێ ئەوەی بە تەمەن بچووکترە بچووکترین ڕەخنەش لە کەسی گەورە بگرێت و بڵێ ئەو هێڵەت لار کێشاوە. ئەوەی پارەی هەیە بە پارە دەگاتە پلەوپایەی بەرز و خۆشگوزەرانی بێئەوەی سەیرێکی خوارەوە بکات. دەسەڵاتدارەکان، بۆ مەرامی خۆیان هەرچییەکیان بوێت دەیکەن، گەر دەستیان بچێتە خوێنی ژێردەستەکانیشیان، کەس نابێ گلەیی بکات و بڵێت ئەوە چی بوو کردتان؟! هەرکەسیش بیەوێت بۆ ڕاستییە شاراوەکانیان بگەڕێت و پیشانی خەڵکیی بدات، لە کۆتاییدا سەری خۆی دادەنێت . ئەبێ کێ بەهێزترە قسەی ئەو لەپێش بێ و بێئەمری کردن کوفرە و خەڵک داماو بوون و خودایان بیرچووەتەوە و (لا طاعة لمخلوق في معصیة الخالق)یان فەرامۆشکردووە . ئەمانە بەهۆی ئەوەی شتێکیان هەیە، ئیتر حەزی خۆزاڵکردنیش لەناخیاندا گەورەبووە، نازانن مرۆڤ کە خودا پلەیەکی بەرزتری پێ دەبەخشێت، بەرپرسیارێتییەکی گەورەتریشی دەخاتە سەر شان . دەسەڵاتدار ئەرکی خزمەتکردنی گەلە، گەورەکان ئەرکی سەرشانیانە چاودێریی بچووکەکان بکەن و پارەزۆرەکانیش چاویان بە هەژارانەوە بێت و خاوەن چەکەکانیش ببنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی بێدەسەڵاتان.. وەلێ ئەمانە لەم ڕۆژەیا ئەوەی ئەرکی سەرشانیانە، بە منەتەوە جێبەجێی دەکەن، ناتوانن منەت نەکەن، وا دەزانن گەر باسی کارەکانیان نەکەن و لە تەلەفزیۆندا بانگەوازی بۆ نەکەن و بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵنەڵێن، کەس پێیان نازانێ، دەڵێن سەیرکەن ئێمە چیمان بۆ کردوون و چۆنمان کردووە! چەندە ماندووبووین لەگەڵتان! کێی تر ئەوەتان بۆ دەکات! جا ئەزیزم، تۆیش نەبوویتایە، هەرکەسێکی تر لەجێی تۆ بووایە، ئەرکی سەرشانی بوو ئەو کارانە بکات و هیچ منەتێکیشی نییە. ئەمە سەرباری ئەوەیش کە هەزار کەلێن و نوقستانی لە کارەکانیاندا هەیە . خودا دەفەرموێ: {يا أيها الذين آمنوا لا تبطلوا صدقاتكم بالمن والأذى} ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە! پاداشی سەدەقە و بەخششەكانتان بە هۆی منەتنان و ئازارگەیاندنەوە بەفیڕۆ مەدەن و باتڵ مەكەنەوە . لێرە باسی خێر و بەخشش دەکات کە نابێ لەوەیشدا منەت بکرێ، چ‌جای کارێک ئەرکی سەرشان بێت ! بەهێزەکان گەر ئەرکەکانیان بە مەمنوونییەوە جێبەجێبکەن، پاداشتیان لای خودایە، وەلێ هێند داماون، لەبەر خۆهەڵنان و خۆدەرخستن، خۆیان لەو خێر و پاداشتە بێبەش دەکەن.. سەبری دەوێت، کارێک بکەیت و خۆتی پێ هەڵنەکێشیت.. پاداشتی سەبریش بێحیسابە، خۆزگە ئەو کەسانەیش تێدەگەشتن!

تاگەکان    
کۆیلایەتی زمان جنۆکە زانکۆ حەمەدۆک زانایان بۆ ئەوانەی وەكو خۆمن تەوبە وەچەخستنەوە ئەیاد قنێبی خێوەتگە کۆمەڵکوژیی بۆسنە مانا ئاوی زەمزەم ئیسرائیل
فیکر
2018-02-18 کۆمێنت 1610 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی