ڕامانێک لە گشتپرسی و سەربەخۆیی و کاڵبوونەوەی نەتەوەیەک

فیکر 2017-09-10 کۆمێنت 1961 جار بینراوە

ئەمجەد شاکەلی

بەشی یەکەم

بازاڕی قسەکردن لەسەر گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ماوەیەکە گەرمە و زۆری لەسەر دەگوترێ، دەنووسرێ، دەبیسرێ و دەبینرێ . خەڵکی کوردی کردووەتە دوو بەرەی "لەگەڵ" و "دژ" ی، زۆر دوور لەیەکەوە و دوو سەنگەری جیاوازەوە. ئەو پاساو و گومان و دلەڕاوکێ و ڕەخنە و پرسانەی، دژەکان دەیورووژێنن، لە گەندەڵی و دزی و نادادی و ئەزموونێکی خراپ و سەقەت و ناتەواوی فەرمانڕەوایی و کارگێڕی و...ئەگەر بە ویژدانەوە سەیربکرین و لەبەرچاو بگیرێن و بخوێنرێنەوە، باوەڕ ناکەم، کەس لاریی لێیان هەبێ. هەموو ئەوانەی بەشدارن لەو کارانەدا، ئەو تەنگەزلانەن ئێستا ڕوونیشتوونەتە سەر تەخت و دەسەڵات و ورگیان گەلێک لەپێش پێیەکانیانەوە دەڕوات و هەرچی هێڵی فڕۆکەوانی جیهانە و هۆتێلی چەندین ئەستێرەی شارە گەورەکانی جیهانە، خۆیان و خێزان و منداڵیان تاقییان کردووەتەوە و ئەگەر ملیاردێر نەبن میلیۆنێرن و بوون بە خاوەن پارەی خەیاڵی و کۆمپانیا و چەندین خانوو و چەندین پارچە زەوی و چەندین ئۆتۆمبیل و چەندین ژن و چەندین پاسەوان و چەندین بیرە نەفت و دەیان چەندینی تریش. ئەمانە ئەو کوڕگەلەن، ڕۆژانێک لە چیاوە باریکەڵە و قەڵەمی و جووتی کڵاش لەپێدا و چۆغەوڕانەکێکی خاکی لەبەردا و تفەنگێک لە شاندا و پارەیەکی کەم یەکجار کەم لە باخەڵدا، چڵکن و بە تۆپەڵێ ڕدێن و تووکەوە، گەڕانەوە نێو شار. ئەوەی دەگوترێ، ڕەخنەیە لە حیزب، لە حوکوومەت و لە دەسەڵات. دەوڵەت، لە حیزب و حوکوومەت و دەسەڵات جیاوازە. گشتپرسیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە، واتە: قەوارەیەک، نەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و حوکوومەت و هێنانی حیزبێک بۆ سەر تەخت. دەوڵەت قەوارەیەکە، کۆمەڵێک مرۆڤ لە چوارچێوەی سنوورێکدا و لەژێر ئاڵایەکدا، گلێر دەکاتەوە و پێکەوە دەژین و لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتییشدا، وەک یەکەیەکی خودان کەسیەتی خۆی و سەربەخۆیی خۆی ددانی پێدا دەنرێ و دەناسرێت. حوکوومەت و حیزب و دەسەڵات، بەرگۆڕانن و هەرگیز تاسەر نامێننەوە، دێن و دەڕۆن. تۆ بنۆڕە دەوڵەتگەلێکی مانەندی ئەفغانستان، سۆمال، عیراق، کە دەسەڵات و حوکوومەت و حیزب و کوودێتا، تیایاندا وەدووی یەکدا هەمیشە قەتارەیان بەستبوو و پشوویان نەدەدا، کەچی وەک دەوڵەت و قەوارە لەسەر نەخشەی جیهان، بە هەموو شەقوشڕی و پەرپووتییەکی خۆیانەوە، ماونەوە و هەر هەن. کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ، باسکردنە لە چێکردنی ئەو قەوارەیە. ئەمە کێ باسی دەکات؟ کێ لە پشتییەوەیە؟ کێ ڕێبەریەتییە و پێشەنگی ئەو باسەیە؟ بۆ دەکرێ؟ بۆ ئێستا؟ پاشان چۆن دەبێت؟ و...دەیان پرسی دیکە، کە دژەکان دەیورووژێنن، بابەتگەلێک نین، بۆ وەڵامدانەوەیان، مرۆڤ خۆی تووشی سەرئێشە و سەخڵەتبوون بکات! عەرەب دەڵێن:"ثبت العرش ثم أنقش"، واتە: تۆ زەوینە و تەختێک جێگیر بکە و بچەسپێنە، پاشان بینەخشینە. تۆ قەوارەیەک بۆ خۆت پێکبهێنە ودروست بکە و بچۆ ڕیزی ئەو هەموو دەوڵەتانەی جیهانەوە و ببە خاوەنی خۆت و لەبندەستیی خۆت ڕاپسکێنە و بێنەدەر، دواتر ڕەنگ و نیگاری بکە و بیڕازێنەوە، بەو جۆرەی بۆ خۆت گەرەکتە و ئەودەمی خودای دەکرد، سەدجاران حوکوومەت و دەسەڵاتت دەگۆڕی !

          کورد لەو دەمەوەی، وەک گەلێک یا نەتەوەیەک خۆی ناسیوە، لەسەر خاکێک ژیاوە و دەژی، کوردستانی پی گوتراوە. کورد، لە دەڤەرێکی دیکەوە یا لە جیهانێکی دیکەوە، نەهاتووەتە سەر ئەو خاکەی. نەتەوەکانی چواردەوری کورد، بێجگە لە فارس، هیچیان خەڵکی ڕەسەنی ئەو خاکە نین، کە ئێستا قەواڵەی بە ناویانەوەیە و لەسەری دەژین. عەرەب و تورک، هەردوو، لە ئەنجامی داگیرکاری و کوشتارەوە، لە عیراقی ئێستا و تورکیای ئێستادا، بە هەردوو بەشە کوردستانەکانیانەوە، نێشتەجێ بوون. ئەمە، نە فیلۆسۆفییە و نە تیۆری و نە هیچ خۆشەکەتکردنێکی گەرەکە تا مرۆڤ پێی بگات، بەڵکە ڕاستینەیەکە، مێژوو و واقیع، گەواهی دەدەن و دەیسەلمێنن. پرسی کورد، لە باشووری کوردستان، بە بەراورد لەتەک بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، بڕێک چووەتە پێش و قەوارەیەک چێ بووە، لێ ئەو قەوارەیە، کە لە سێ قوتە باژێڕی دهۆک، هەولێر و سلێمانیدا، خۆ دەنوێنێ، هەموو باشووری کوردستان نییە و بەشە زۆرەکەی دیکەی، نەهاتووەتەوە نێو ئەو قەوارەیە . باشووری کوردستان، تەنێ کوردی لێ ناژی، تورکمان نەتەوەی دووەمی دوای کوردە و ئیدی پاش ئەوان کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و عەرەب دێن. باشووری کوردستان، تەواوی باشووری کوردستان، لە قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا یەکبگرێتەوە، دەوڵەت و جڤاکێکێ فرەڕەنگ، فرەنەتەوە، فرەئایین، فرەئایینزای لێ پێک دێ، کە بەو هەموو ڕەنگ و جیاوازییانەوە، تابلۆیەکی جوان و پڕڕەنگ و دەوڵەمەندییەکی فەرهەنگی بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ و هەرگیز بیروباوەڕی نەتەوەپەرستی"ناسیۆنالیزم"ی تونداژۆ و ئایینی و ئایینزایی تونداژۆی تێدا سەرهەڵنادات، بەڵکە فەرهەنگی پێکەژیان و قەبوولکدنی یەکدی و خۆشەویستی تێدا زاڵ دەبێت، چوون کورد بۆخۆی وەک سروشت، تونداژۆ نییە .

*******

هاوڕێیەکم، لە ژیانیدا گەلێک لە قۆناخ و باڵەکانی مارکسیزم و جۆری دیکەی چەپایەتی وەک ئەنارکیزم، تاقی کردووەتەوە و یەکێکە لەوانەی تا ئێستاش خەون بە عیراقەوە دەبینێت و هێندەی عوروبییەکی عیراقی لە خەمی یەکپارچەیی خاکی عیراق و دابەشنەبوونیەتی و تا ئەو ڕادەیەی بەکارهێنانی وشەی"کوردستان"ی کاتێ لەگەڵ ناکوردستانییەکدا بپەیڤێ، پێ ئاسان نییە و سەخت بۆی دەردەبڕدرێ، لێ عیراقەکەی لەسەر زار خۆشتر و ڕەوانتر بۆ دێت. دیارە بەو پێیە دەبێ دژی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت، ڕێک وایە و دژیەتی! زۆرجاران ئەو دژایەتییەی بۆ بەدەوڵەتبوونی کوردستان، دەخاتە چوارچێوەی دژایەتییەوە بۆ دەوڵەت بە شێوەیەکی گشتی، واتە: وەک ڕوانینێکی ئەنارکیستییانە بۆ دەوڵەت، بەڵام ئەم بۆخۆی ئێستا ئەنارکیست نییە و گاڵتە بە ئەنارکیزمیش دەکات. ئەم تەنیا ڕقی لە دەوڵەتی کوردستانی و کوردییە. دەنا ئەگەر ڕقەکەی لە ڕوانگەیەکی ئەنارکیستانەوە بێت، هەرگیز جێی ڕەخنە نییە. دەوڵەت وەک چەمک، کاتێک هاتووەتە ئاراوە، کە شێوازی دیکەی جیاواز لە کارگێڕی و پێکەوە ژیان و ڕێکخستنی جڤاک، تاقیکراونەوە و لە کۆتاییدا ئاوەزی مرۆڤ گەیشتووەتە ئەوەی دەوڵەت پێکبهێنێت. ئیدی پاشخانی چێکردنی دەوڵەت، چینایەتی، ئایینی، ئابووری، نەتەوەیی، داگیرکردن، یا هەر شتێکی دیکە بووبێت، لە ئێستادا بێجگە لە دەوڵەت، هیچ شێوازێکی دیکەی کارگێڕی و پێکەوەژیانی مرۆڤ، ڕێکخستنی ئابووری و سیاسی و هەموو لایەنەکانی دیکەی ژیان، کە بتوانێت، جێ بە پێویستبوونی دەوڵەت لەق بکات و بۆ خۆی جێی وی بگرێتەوە، نەهاتووەتە گۆڕێ. بنگە و بناخە و پایەکانی دەوڵەتداری لە جیهاندا زۆرینەی وەک یەکن و لە هەندێ حاڵدا کەمۆکەیەک جیاوازیی لەنێوان دەوڵەتێک و یەکێکێ دیکەدا هەیە، لێ ئەوەش پتر سیستم و جۆری دەسەڵاتە، کە ڕەنگ و سیامەیەکی دیکەی دەداتێ . دەوڵەت، وەک سنوور و پاسپۆرت و ئاڵا و تایبەتمەندییەک، بۆ خۆی گرێدانی مرۆڤە، لە چوارچێوەی قەوارەیەک و ئینتیمایەکدا. وەک بیرکردنەوە و تیۆری و فیلۆسۆفییەک، بۆ من، سنووردارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤە. من بۆ خۆم هەمیشە ئاواتی ئەو ڕۆژە دەخوازم، دەوڵەت لە جیهاندا نەمێنێت و هەموو جیهان ببێتە یەک خاکی بێ سنوور و بێ پاسپۆرت و بێ ئاڵا و هەموو مرۆڤ، بە هەرچی پاشخان و باوەڕ و ئایین و نەتەوە و ڕەنگ و جیاوازییەکانیانەوەیە، لەمسەری دنیاوە بۆ ئەوسەری دنیا، بێ هیچ مەرج و ڕێگرییەک، بێ هیچ کێشە و بەڵگەنامەیەک، لە سایەی ئاشتی و خۆشەویستیدا، ئازادانە تەراتێن بکەن و بسووڕێنەوە و کار بکەن و بژین، بەڵام ئەمە خەون و خۆزگە و ئاواتێکە، دەخوازم بێتە دی. ئەکتەر و دانەری شیعری گۆرانی و گۆرانیبێژی میللی ئەمەریکی ناسراو ئێد مەککۆردی (Ed McCurdy 2000-1919 )، شیعرێکی لە ساڵی ١٩٥١ دا دژی جەنگ و بەناوی"دوێنێ شەو سەیرترین خەونم دیت ،بە ئینگلیزی نووسیوە و، خۆشی ئاوازی بۆ داناواوە و کردوویەتییە گۆرانی و گوتوویەتی.

 شیعرەکە بەم جۆرەیە :

دوێنێ شەو خەونێکم بینی

هەرگیز پێشتر نەمبینیوە

لە خەونمدا جیهان هەموو قایل بوون

بەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن

لەخەونمدا ژوورێکی یەکجار گەورەم دی

ژوورەکە پڕبوو لە پیاو

قەواڵەیەکی، کە واژۆیان دەکرد

تێیدا نووسرابوو، ئیدی هەرگیز ناجەنگن

کاتێک هەموو کاغەزەکان واژۆ کران و

میلیۆنێک کۆپێیان لەبەر گیرانەوە

هەموو دەستیان لەنێو دەستی یەکدی نا و سەریان دانەواند و

دوعا و وێرد و نوێژی سپاسگوزارییان خوێند و

خەڵکیش لەسەر شەقامەکانی خوارێ

سەما لە دوای سەمایان دەکرد و

چەک و شمشێر و پۆشاکە سەربازییەکان

لەو سەر زەوییە بە پەرتوبڵاویی فڕێدرابوون

کەواتە تا ئەو ڕۆژەی ئەو خەون و ئاواتە دێتە دی و سنوورەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و چەکدار و سەرباز و سپاکان دەنێردێنە ماڵەوە و بنکە و بارەگاکانیان دەکرێنە باخچەی زارۆکان و گولستان و یاریگە و چەکەکانیان دەکرێنە شمشاڵ و لەیستۆکی منداڵان و ناوی دەوڵەتانی جیهان سەرلەبەریان دەسڕدرێنەوە، دەوڵەت هەیە و دەبی هەبی و پێویستە! عەرەب و تورک و فارسی، دەوروبەری کوردستان، هەریەکەو خودانی دەوڵەتی خۆیەتی. عەرەب نەک دانەیەک، پتر لە بیست دانەیشی هەیە. سەدان دەوڵەت لەو جیهانە هەن و خودانی قەوارەی خۆیانن. کە ئەوانە هەموو دەوڵەتیان هەبێ و دەوڵەت پێویست بێت بۆیان، کوردستانیش مافی خۆیەتی وەک ئەوان دەوڵەتی هەبێت. کە ئەوان بە گشتی دەستبەرداری دەوڵەت بوون و دەوڵەت لە جیهاندا نەما، باسکردنی دەوڵەت بێجگە لە گەمژەیی و گەوجیی، شتێکی دیکە نییە، چوون ئەودەمی بێشر ئەلحافی(بشرالحافي) گوتەنی: "یأتي علی الناس زمان تکون الدولة فیە للحمقی " ، واتە: سەردەمێک بەسەر خەڵکدا دادێت دەوڵەت بۆ گەوجانە . ئیدی کوردستانیش پێویستی بە دەوڵەت نابێت و حاڵی ئەویش وەک هەموو مرۆڤی ئەو جیهانە .

دژایەتی دەوڵەت، دەولەتی کوردستان، وەک جۆرێک بیرکردنەوە لەنێو خەڵکی کورددا زۆرە و کۆمەڵێک خەڵکی بەناو"ڕووناکبیر" و "نووسەر" و "خوێندوو" و هەندێ جار"بیرمەند" و..کردوویانە بە دروشمێک و دژایەتی باسکردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی و هەموو بابەتە پێوەنددارەکان بەو باسەوە دەکەن. ئەمانە دەوێرن تەنیا بە کورد بڵێن، دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆچییە! بەشێکی زۆری ئەم خاوەن تێز و هزرانە، لە ئەوروپا دەژین و لە ئەوروپاش بەبەرچاوی ئەمانەوە،سکۆتلاندییەکان، ئایرشەکانی باکوور، باسکەکان، کاتالۆنییەکان، فلاندەرزەکان، لەکاتێکدا لە هیچیان کەم نییە و لەنێو دەوڵەتگەلێکی دیموکراتی و پارێزەری مافی مرۆڤ و خۆشگوزەراندا دەژین و چ جیاوازییەکی زەقی فەرهەنگی و زمانیشیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا نییە، کەچی خوازیاری ئەوەن و هەوڵدەدەن بۆ جوێبوونەوە لە بریتانیا، فرانسا، سپانیا و بێلژیک و وەدووی سەربەخۆییدا وێڵن. ئەم خاوەن تێز و هزرانە، شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و جوێبوونەوەی، چیک و سلۆڤاکییەکان و دابەشبوونی یۆگوسلاڤیا و یەکیەتیی سۆڤیێتن. ئەم خاوەن تێز و هزرانە، هەرگیز ناتوانن و ناوێرن، بە یەک دانە سکۆتی، ئایرلاندی، باسک، کاتالۆنیایی، فلاندەرزی، چیکی، سلۆڤاکی، کرواتی، سەربی، بۆزنەیی، مەکەدۆنی، کۆسۆڤۆیی، ئۆکراینی، ئازەری، تاجیکی، کازاخی، تورکمەنستانی، ئیستۆنیایی، لاتڤیایی، لیتوانیایی، خوارووی سوودانی، فلستینی، بێاوانی ڕۆژاوا، بڵێن ئێوە بۆ گەرەکتانە لەو دەوڵەتانەی تێدان جوێ ببنەوە؟ یا بۆ جوێ بوونەوە و دەوڵەت و سەربەخۆییتان بۆ چی بوو و بۆ چییە؟ ئەمانە هەرگیز ناتوانن بە عەرەبێک بڵێن، ئێوە ئەو بیستوئەوەندە دەوڵەتەتان بۆچییە؟ ناتوانن بە تورکێک یا فارسێک بڵێن، بۆ دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران هەڵناوەشێننەوە و واز لە دەوڵەتداریی ناهێنن؟ ناتوانن بە ئایسلاندییەک، نۆروێژییەک، سوێدییەک، دانمارکییەک، فینلاندییەک، ئەڵمانییەک، فرانساییەک، هۆڵاندییەک، ئیتالیاییەک، چیکییەک، سلۆڤاکییەک، مەجەرستانییەک، پۆرتوگالییەک، سپانیۆلییەک، یۆنانییەک، کە هەموو دەوڵەتگەلێکی ئەوروپایین، بێجگە لە سەدان دەوڵەتی دیکە لەم جیهانەدا، بڵێن ئێوە دەوڵەتەکانتان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزراوە، بۆ دەستبەرداری نابن و نایسڕنەوە! ئەمانە تەنیا بە کورد دەوێرن. ئەمانە لە ئەمستردام و لەندەن و پاریس و ستۆکهۆڵم و بەرلینەوە، لە فێنکایی و سەوزایی و تەڕی و جوانی و خاوێنێ و ڕێکوپێکیی، وەڵاتگەلی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادی و فەرهەنگ و خۆشگوزەرانییەوە، چنگ لەسەر شان، بە هەڵەداوان دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و خۆ دەگەیەننە "کەلار"ی نێوەندی گڕە و گەرما، کە بە پێناسەی حوسەینی ئەحمەد بەگی جاف، یادی بەخێر:"ئیستیعلاماتی جەهەننەمە" و پلەی گەرما تێیدا یەک دوو پلە سەرووی پەنجایە، تەنیا بۆ ئەوەی بە گەرمیانییان، بەدبەختترین خەڵک و دەڤەرێک لە باشووری کوردستان، کە لە هەموو جێیەکی دیکەی کوردستان زیاتر قوربانیی چەوسانەوە و وێرانکردن و قڕان و لەتوپەتکردن بووە، بڵێن: دەنگ بۆ سەربەخۆیی مەدەن و دژی گشتپرسی بن! هیچ یەکێک لەم خاوەن تێز و هزرانە، تاکە یەکجاریش، ئەوی من پێ بزانم، بە زمانێکی ئەوروپایی و بۆ خەڵکی ئەوروپایی و لە باژێڕیکی ئەوروپادا، کۆڕێک، خڕبوونەوەیەک، باسێکیان لەبارەی دۆزی میللەتەکەیانەوە و ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی بەسەریدا هاتووە، نەکردووە و نەنووسیوە و خۆیان بۆ وەها کارێک ماندوو نەکردووە، لێ سەدان گوتار بە زمانی کوردی و بۆ کورد دەنووسن و هەزاران کیلۆمیتر ڕێگە دەبڕن و ڕوودەکەنە ئەو دەروازەی دۆزەخە، بۆوەی وشەی "نەخێر بۆ گشتپرسی" لە مێشکی خەڵکەکەیدا بچەسپێنن! دەگەڕێمەوە سەر هاوڕێیە کەونەمارکسیست و ئەنارکیستەکەم، ئەو ئێستا تاقە هیوایەکی هەیەتی و گرەوی لەسەر دەکات: گۆڕین و شۆڕش و هێنانەدی خەونی خەڵک، لەسەر دەستی کەسێک دێتە دی، کلیلی چارەسەری کێشەکانی لە بەرکدایە و هاکەزانیت قەومانی و ئیسرافیل ئاسا فووی کرد بە کەڕەنایدا، نەفخی سووری ژەند"نفخ في الصور" 3 و ئازادی و ڕزگاری و بەختەوەریی بە گەل بەخشی و وەڵاتی بردە پێشەوە بەرەو سەردەمی موحەممەدی مەهدی)المهدي المنتظر(، کە ئیدی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە! ئەو وەڵاتەی ئەو کەسە دەیگۆڕی، عیراقە و ئەو کەسەی چاوەڕوانی ئەو گۆڕینەی لێدەکرێ، موقتەدا سەدر)مقتدی الصدر(ە. خەیاڵێکی خۆشە، مرۆڤ ساڵانێک، تەمەنێک، مارکس، لێنین، ترۆتسکی، ماو، کاسترۆ، گیڤارا، چیاب، هۆ شیمین، ڕۆزا لوکسمبۆرگ، باکۆنین، پرۆدۆن، وەک پێشەنگ و ڕێبەر و فریادڕەس بزانێت و ئێستا ئیدی موقتەدا سەدری لێ ببێت بە فریادڕەس، ئەویش بۆ وەڵاتێک، کە تەنێ ناوی وەڵاتە، دەنا هیچ شتێکی لە وەڵات ناچێت 4، ئەمە تەنێ گرەوێکە لەسەر کەلاکی مردارەوەبوویەک، چاوەنۆڕ بیت زیندووببێتەوە! ئەوجا ئەگەر موقتەدا سەدر، کەڕەنایەکەی خۆی ژەنی و خەڵک ڕابوون و وەڵاتی عیراقی گۆڕی، بەرەو کوێی دەبا، مەگەر "سەرگا هەر دۆڵ"  نییە، بەرەو تاران نەبێت بەرەو هیچ جێیەکی دیکەی وەکێش دەکات! ئەدی چ گۆڕینێکیش دەکات، بیجگە لەچێکردنی دەوڵەتێکی ئایینی مەزهەبی، کە بە ناوی"الأمر بالمعروف والنهي عن المنکر"ەوە، ڕۆژانە سەدان کچ و کوڕی لاو، وەبەر قامچی دەدرێن و دارکاریی دەکرێن، تەنێ لەبەر ئەوەی گۆرەوییان لە پێ نەکردووە یا لاقیان یا چەند تاڵێکی پرچیان وەدەرکەوتووە یا لە ڕەمەزاندا جگەرەیان کێشاوە یا چۆڕێک عەرەقیان خواردووەتەوە! بێجگە لە چاوەڕوانیی موقتەدا سەدر"گۆدۆ"، ئەم هاوڕێیەم لەو باوەڕەدایە، کە دەبێ هێزێکی سیاسی یا بزاڤێکی جەماوەری میللی بێتە ئاراوە و کورد و عەرەب و هەموو گەل و خەڵکانی عیراق لەنێو خۆیدا جێ بکاتەوە و هەوڵ بدات بۆ چێکردنەوەی عیراقێکی نوێی ئازاد و پڕ لە عەدالەت و بەختەوەریی مرۆڤ . ئەم ئاواتخواستنە لە کاتێکدایە، پێشەنگی ئەو خەونەوەڵاتە، وەک ئاوات و هەوڵ و خەبات بۆ هێنانەدیی، نەک هەر لە عیراق، بەڵکە لە ئێران و سووریا و تورکیاش، کە هەر یەکەیان بەشێکی گەلی کورد و بەشێکی کوردستانی تێدایە، حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەو وەڵاتانە بوون، کە بەشێکی زۆری ئەندامان و هەواداران و تەنانەت سەرکردە و ڕێبەرانیشیان، کورد بوون. ئەوان نەیانتوانی ئەو ئێرانە، سووریایە، تورکیایە، عیراقەخەونە بهێننە دی، ئێستا وەها کارێک بە موقتەدا سەدر دەکرێ؟

        خەڵکی عیراق، ئەوانەی هاوڕێیەکەم بە تەمایانە و دڵی پێیان خۆشە، لەنێو هەموو جیهاندا و بە ددانپێدانانی سەدان سیاسی و جڤاکناس و شیکار، لە مێژوودا و لەنێو ئەوانەشدا عەلی ئەلوەردی)علي الوردي(، کە بۆ خۆی عیراقییە، بە هەلپەرست و حولحولی و ڕاڕا و دووڕوو ناسراون و بەناوبانگن. هەر خەڵکی کووفەی عیراق بوون، بانگی ئیمام حوسەینیان کرد، بۆ ئەوەی لە عەرەبستانەوە بێت و لە حوکمی یەزیدی کوڕی موعاویە ڕزگاریان بکات و دەوڵەتی یەکسانی و دادپەروەرییان بۆ دابمەزرێنێت، کەچی دواتر بەلایدا نەچوون و پشتیان تێکرد و لە کەربەلا لەسەر دەستی چەتەکانی یەزید، شەهید کرا و خانەوادەکەیشی هەموو وەک سەبایا بران بۆ شام. کە عەبدوسسەلام عارف، جەمال عەبدونناسری سەرۆککۆماری مسر، ئەم پرسیار و وەڵامە دەکەوێتە نێوانیانەوە : -

ناسر: ژمارەی کۆمۆنیستەکانی عیراق چەندن؟

عارف: 9 میلیۆن کۆمۆنیستن .

ناسر: ئەدی ژمارەی نەتەوەییەکان چەندن؟

عارف: 9 میلیۆن نەتەوەیین .

ناسر سەری سووڕدەمێنێ و دەپرسێت: ئەی ژمارەی ئیسلامییەکان چەندن؟

عارف: 9 میلیۆن ئیسلامیین .

ناسر واقی وڕدەمێنێ و قەڵەمەکەی دادەنات و دەڵێ: ئەمە چییە سەرۆک! چۆن وایە، ئەدی ژمارەی هەموو عیراقییەکان چەندن؟

عارف: 9 میلیۆنن، گەرەکتە کۆمۆنیست بن دەبنێ، گەرەکتە نەتەوەیی بن دەبنێ، گەرەکتە کۆنەخواز و پاشڤەڕو بن دەبنێ، گەرەکتە ئیسلامی بن دەبنێ، عیراقییەکان بۆ هەموو شتێک دەبن و دەلوێن، هەریەکێکیان بگریت، لە سیاسەتدا کیسنجەرە و لە ئابووریزانیدا ئادەم سمیسە و لە ئاییندا ئیبن حەنبەلە، چۆنت دەوێ ئەو دەبێتێ و خۆی دەلوێنێ، ئێمەی عیراقییان هیچ چارەیەکمان نییە .

پۆڵ برەیمەر ، کە دوای ڕووخاندنی سەددام حوسەین و داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە ، بوو بە فەرمانڕەوای عیراق، دەڵێ:"کە یەکەم جڤینم لەگەڵ سەرکردەکانی عیراقدا کرد، دەترسام و نیگەران بووم و لەسەر کەناری کورسییەکەم دانیشتبووم، چاوەڕوانی ئەوە بووم گلەیی و گازندەم لێ بکەن و پێم بڵێن، بۆچی وڵاتمان گەیاندە ئەم ڕەوشە، کەچی یەکەم شتێک لییان پرسیم: کوا مووچە و پارەکانمان! ئەودەمی لەسەر کورسییەکەم پاڵم دایەوە و گوتم ئەمانە نوێنەری گەلێک نین و شایستەی ئەوەش نین نوێنەری بن !

 مرۆڤ لە وەها خەڵکیک، دەبێ چ چاوەڕوانییەکی هەبێت !

        لەنێو هەموو ئەو هێزە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایانەی عیراقدا، تاکە یەک هێز نابینییەوە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. ئەمڕۆ تاکە هێزێک لە هێزە سیاسییەکانی عیراق، کە لەگەڵ سەربەخۆیی بێمەرجی کوردستاندایە، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقە! دیارە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و کۆمۆنیستەکارگەرییەکانی کوردستانیش هەر ئەو دیدەیان هەیە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان . کۆمۆنیستەکارگەرییەکان، هەر لە ساڵانی ١٩٩٠ ەوە و لە سەردەمی مەنسووری حیکمەتدا و لەسەر زمانی وی، داوای سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان کرد و بە پێویستیان زانی. ئەمڕۆ هیچ جۆرە پێوەندێکی سیاسی، ئابووری، جڤاکی، ڕێکخراوەیی، لەنێوان کارگەر و جووتیار و هەژارێکی باشووری کوردستان و یەکێکی خەڵکی بەسرە یا عەفەچ یا تویریج دا نییە و نەماوە و هیچ شتێک پێکەوە گرێیان نادات، مەگەر تەنیا وەک سۆزێک. هەمان شت بۆ نێوان ڕەمادی و ناسرییە یا مووسڵ و دیوانییە یا تەنانەت تەلەعفەر و زوبیریش دەشێ بگوترێ . بەپێچەوانەوەی چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە، سەرمایەدار و لیبرالانی کوردستان و عیراق، لە ڕۆڵی خۆیان باش تێدەگەن و ئاگان و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ داکۆکی لە و پاراستنی بەرژەوەندە ماددییەکانی خۆیانن، لە هەموو کات و سەردەمێکدا، ئەوان هاوڕا و هاوسۆز و هاوقازانج و هاریکارن، لە هەژارترکردنی چەوساوە و ستەمدیدەکانی کوردستان و عیراقدا و پێوەندی پتەو و تونوتۆڵیان هەیە و بەردەوامە. بەشێکی بەرچاوی گەلی کورد، کوردانی فەیلین لە بەغدا و زرباتییە و بەدرە و مەندەلی و قزڕەبات و خانەقین و گەلێ دەڤەری دیکەی باشووری کوردستان و عیراق، لەڕووی ئایینزاوە، شیعەن، کە ئایینزای دەسەڵاتەکەی حوکوومەتی بەغدایشە، هەرچۆن لە ڕابردوودا تووشی وەدەرنان و کوژتن و لەبەینبردن بوون، ئێستاش کە هێشتا هیچ ڕووینەداوە و کوردستان سەربەخۆ نەبووە، دەسەڵاتی بەغدا و هێزە نێزیکەکانی لەو دەسەڵاتەوە، هەموو ڕۆژێک هەڕەشەی تاڵانکردن و لەبەینبردن و کوژتنیان لێدەکەن .

تاگەکان    
دیزاینی زیرەک زانکۆ بوونەوەری ئاسمانی کۆمەڵکوژیی بۆسنە حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی ئەدەبیاتی فارسی ڕۆژاوا حزبی ئیسلامی تەلارسازی حەمەدۆک قوتابخانەکانی نوور ئازادی جوانی کۆیلایەتی بوووژانەوە
فیکر
2017-09-10 کۆمێنت 1961 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی