​لە حزووری وشەدا: قسەیەک لە زمان، وەک یادگە و داهاتووی نەتەوە

نووسینی: ئیدریس ڕەحیم
پێشەکی 2026-04-25 کۆمێنت 10 خولەک بۆ خوێندنەوە 5 جار بینراوە

بە بیانووی ئەو فەرمایشتەی «مەحموود شاکر» کە دەبێژێ: "ژیانی نەتەوەکان لە زمانیاندایە؛ زمان ژیانی نەتەوەیە، هیچ نەتەوەیەک بە بێ زمانەکەی ناژی. زمان، ئەو ڕووبارە بە نێڵە و پەیتایەیە کە هەموو بەری نەتەوە لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکا، بارانێکە: سەدان "سەدە" دادەکا و ئەم ڕووباری زمانەی لێ دەکەوێتە ڕێ؛ خۆ ئەگەر ڕەوتی ئەم ڕووبارە بوەستێ دەبێتە هەڵم و ویشک دەبێتەوە."

زمان "خەرمانی بوون"ە، چونکم هەموو ئەزموونە هزری، ڕۆحی و مێژووییەکانی نەتەوە لە نێو زاراوە، پەند و دەقەکانیدا جیلوە دەکەن، لێ جیلوەیێکی مانایی، کە تەنێ چاوی مەعریفە و هزرینی ڕۆچووی ڕۆحی نەتەوە دەیبینێ. کاتێک نەتەوەیەک لەتەک قەیرانی شوناسدا تێکدەگیرێت، زمان وەک دواین سەنگەری بەرگری دەمێنێتەوە. ئەوە زمانە کە "یادەوەریی کۆمەڵەکی" دەپارێزێت و لە ڕووی لەبیرکردنی جەللادانەی مێژوودا دەوەستێتەوە. ڕاستێکەی، زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە، بەڵکوو نیشانەی هەبوونی ماددی و مەعنەوییشە؛ "من دەدوێم، کەواتە من هەم" لە ئاستی نەتەوەییدا دەبێتە مانیفێستۆی مانەوە. دوان لە گشت ئاستەکانی هزرین، ئاخافتن و نووسیندا.

لە ڕوانگەیێکی فیکرییەوە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان "زمان" و "عەقڵ"دا هەیە. زمان تەنیا بەرگی بیرۆکەکانمان نییە، بەڵکوو خۆی قاڵبی هزرینە. نەتەوەیەک خەرمانی  زمانی بە هات بێت لە زاراوەی فەلسەفی، زانستی و ئەدەبیدا، توانایییەکانی بە گەڕترن لە شیکردنەوەی دیاردە ئاڵۆزەکانی ژیاندا. زمان دەبێتە ئەو ئامرازە جەوهەرییەی کە "نەناسراو" دەکاتە "ناسراو" و "پەرتەوازەیی" بە "سیستەم" دەکات. لێرەوەیە کە دەڵێین گەشەی هەر ژیارێک بەندە بە گەشەی ئەو زمانەی کە پێی و تێیدا گوزارشت لە خۆی دەکات.

زمان بەر لەوەی تەنیا گواستنەوەی دەنگ بێت نەخشەیەکە، پاشاگەردانیی جیهانمان بۆ ڕێک دەخاتەوە و بە "سیستەم"ـی دەکا، واتە دەیخاتە سەر ڕێڕەوی کۆسووڕی بیر و بەیانی خۆی. هەر وشەیەک کە لە دایک دەبێت، ڕاستێکەی کۆدێکی چڕکراوەی ئەو ڕاڤە و تێگەیشتنەیە کە نەتەوەیەک بۆ دیاردە سرووشتی و مرۆیییەکان هەیبووە. ناونان، یەکەمین کردەی وەرگێڕانی "وێنایە"ە بۆ "دەق"؛ پڕۆسەیەکە کە تێیدا هەر کولتوورە و بە مەرەکەبی ئەزموونی خۆی، ڕەنگی مانا بەسەر جیهاندا دەپڕژێنێت. لێرەوەیە کە هەرگیز ناتوانین فەرهەنگێک بە دەقاودەق لەناو فەرهەنگێکی تردا وەک ئاوێنە وێنە پێ بدەینەوە، چونکە هەر زمانە و پەنجەرەیەکی تایبەت و ناوازەی بە ڕووی هەقیقەتدا بۆ واڵاکراوە.

زمان جڵەوی گەردوونە لە دەستی مرۆڤدا؛ ئەو سیستمە مەعریفییەیە کە پەرشوبڵاویی دیاردەکان دەهێنێتە ناو بازنەی هۆش و لە بێسەروبەرییەوە دەیانکا بە مانا. کاتێک مرۆڤ ناوێک بۆ شتەکان دادەتاشێت، تەنیا ئاماژەیەکی دەنگی دروست ناکات، بەڵکوو وێنایەکی ناوەکی دەکاتە دەقێکی مێژوویی کە هەڵگری تەواوی ڕازی نەتەوەیەکە بۆ تێگەیشتن لە بوون. هەر وشەیەک، وەک مۆرکێکی کولتووری، ئەو مەرەکەبی ئەزموونەی پێوە دیارە کە پێی نووسراوە؛ هەربۆیە زمانەکان نابنە ئاوێنەی یەکتر، چونکە وەرگێڕانی فەرهەنگێک بۆ ناو فەرهەنگێکی تر تەنیا گۆڕینی وشە نییە، بەڵکوو گواستنەوەی جیهانبینییەکە کە هەرگیز بە تەواوی لە قاڵبێکی تردا جێی نابێتەوە. زمان ئەو پەنجەرە تاقانەیەیە کە ڕێگە دەدات هەقیقەت بەو ڕەنگ و دەنگە تایبەتە دەربکەوێت کە تەنیا لەو گۆشەنیگایەوە بینراوە.

​لە ڕوانگەیەکی فیکرییەوە، ناکرێ خودی "زمان" و "وشە" بە پێوەری ڕاست و هەڵە هەڵبسەنگێنین. زمان لە جەوهەری خۆیدا بێلایەنە؛ ئەو دەفرێکی خاڵییە کە مرۆڤ مانای تێ دەڕێژێت. ئەوەی شایانی دادوەری و هەڵسەنگاندنی ئاکارەکییە، ئەو "بایەخ" و "بارە فیکرییەیە" کە مرۆڤ دەیکاتە کۆڵی وشەکان. ئەگەر ڕاڤەیەکی ڕەوشتی یان تێگەیشتنێکی فیکری بۆ دیاردەیەک چەوت بێت، نابێ ئەو چەوتییە بدەینە پاڵ جەستەی زمانەکە، چونکە زمان لەم بار و ڕەهەندەیدا، ئەرکی "گەیاندن"ـە وەک "ڕاوگە بیر"، نەک دیاریکردنی ڕەوایەتیی ڕەوشتییان.

​هەموو نەتەوەیەک لە گەشتە مێژووییەکەیدا، پێویستی بە جێپەنجەیەک هەیە تا بیسەلمێنێت کە هەبووە و هەیە؛ گەورەترین و ڕەسەنترین جێپەنجەش، زمانە. زمان تەنیا دەنگێک نییە لە گەرووەوە بێتە دەر، بەڵکوو ئەو ئاسۆ بەرینەیە نەتەوە لەوێوە بەیەک دەگەن و لە جیهان دەڕوانن. کاتێک مرۆڤ لە قووڵاییی مانا ورد دەبێتەوە، تێدەگات کە نەتەوە و زمان وەک تیشک و چرا وان؛ چراکە جەستەی زمان، ئەوەی مانا و ڕووناکی بەو جەستەیە دەبەخشێت، تیشکی زمانە. بەبێ ئەم تیشکە، نەتەوە تەنیا سێبەرێکی ونبووە لە ناو تەمی مێژوودا.

ژیانی نەتەوە، تەنێ لە بزووتنی دیوی ماددی و کارایی دیوی بەرهەستیدا نییە، بەڵکوو لەو هەناوەدایە کە وشەی پێ دەردەبڕێ و لەو دەنگەدایە کە مێژووی پێ دەهۆنێتەوە. زمان بۆ نەتەوە وەک گیانە بۆ جەستە؛ جەستەی بێ‌ گیان تەنیا تەرمێکی سارد و سڕە و هیچ مانا و مەبەستێک لە بوونیدا نامێنێ و نەماوەتەوە. ئەو نەتەوەیەی زمانی خۆی فەرامۆش دەکات، ئەو باڵندەیەیە شەقەی باڵی هەس بەڵام ئاسمانی لێ ون بووە. زمان ئەو ئاوێنە باڵانوێنەیە نەک هەر ڕوخساری ئەمڕۆمان، بەڵکوو هەموو جەزرەبە و ئازار و شادییەکانی ڕۆژی ئەزەلی نەتەوە و شەوگاری کەونارای تێدا دەدرەوشێتەوە؛ هەر بۆیە هیچ نەتەوەیەک، هەرچەندە لە ڕووکارەکانی ژیاندا پێشڤەچووبێ، ئەگەر زمانەکەی لێ بستێنرێتەوە، لە مێژوودا دەبێتە پەیکەرێکی بێ‌ناونیشان و لە دەفتەری نەمریدا دەچکێ و بەردەبێتەوە.

لێرەوە دەست پێ دەکەین؛ لەو بڕوا قووڵ و بێ‌ گومانەی کە دەڵێت زمان تەنیا سیستەمێکی دەنگسازی یان پەیژەیەک نییە بۆ گەیاندنی پەیامی ڕۆژانە، بەڵکوو زمان قووڵترین کایەی "بەدەنگهێنانی وجوود" و "کەشتیی شوناسە"، نەتەوە لە زەریای بێ بنی فەرامۆشی و هەڕەشەی نغرۆبوون دەپارێزێت. ئەگەر زمان وەک چەقی بازنەی بوون تەماشا بکەین، ئەوا دەبینین زنجیرە پێکەوەبەستراوەکانی نێوان "زمان، شوناس و مێژوو" ڕاستییەکی (بوونەکی) وەها بونیاد دەنێن کە هەرەسهێنانی هەر یەکێکیان، ڕێک وەک هەرەسی سەراپای قەوارەی نەتەوە وایە. مێژووی نەتەوەیەک کە زمانی لێ بستێنرێتەوە، وەک کتێبێکی پەڕە چەرموو و بێ وشە واسە؛ کتێبێک کە هیچ لاپەڕەیەکی لە یادەوەریی جیهاندا بۆ نامێنێتەوە و ناتوانێت دەنگی خۆی بە گوێی سەدەکانی دادێدا بدا.

​لەم سۆنگەیەوە، پاراستنی زمان بەر لەوەی ئەرکێکی ئەدەبی بێت، پرۆسەیەکی پیرۆزە بۆ پاراستنی "کەسایەتیی مێژوویی" بەو واتایەی زمان شەقڵ و تەشکی کەسێتیی نەتەوە شێوە پێ دەدا)؛ ئەمە هەوڵێکی وجوودییە بۆ ئەوەی نەتەوە نەک وەک پاشکۆیەکی بێدەنگ، بەڵکوو وەک دەستەواژەیەکی زیندوو، داهێنەر و کاریگەر لە ناو دیالۆگی شارستانییەتەکاندا ئامادەیی هەبێت و نەبێتە پەراوێزێکی خامۆش. زمان لێرەدا ئەو جەوهەرەیە کە مانا بە خاک و شکۆ بە مێژوو دەبەخشێت؛ چونکە بەبێ زمان، مێژوو تەنیا کۆمەڵە ڕێککەوتێکی ویشکە و نیشتمانیش تەنیا سەرزەمینێکی سارد. بەڵام کاتێک زمان دەبێتە بزوێنەری ڕۆح، نەتەوە دەبێتە ئەو داربەڕووە بەژنزرافە سەت ساڵەی ڕەگەکانی لە قووڵاییی "مانا"دا داکوتیوە و هیچ زریانێکی فەرهەنگی ناتوانێت لە بنکەوە ڕیشەی بکێشێ. لێرەوەیە کە ڕەوتی ئەم ڕووبارە بەنێڵەیە، مەرجی یەکەمینی مانەوەمانە لە کایەی نەمریدا.

ئەم ڕوانینە لە پرسی زمان، دەمانێکێشیتە کایەیەکەوە کە تێیدا شوناس لە خانەی نەریتی داماودەمەوە دەپەڕێتەوە خانەی بوون و خۆپێناسەکردن؛ کاتێک زمان وەک دیوی "ماناییی نیشتمان" وێنا دەکرێت، ئیدی تیشکمان داوەتە بەر ڕاستی: جوگرافیای خاک بەبێ جوگرافیای زمان، خاکێکی بێ‌ڕۆح و وێرانەیە. ئیدی لێرەوە زمان بە دەنگ هێنانەوەی یادگە و سکەگرتنی بیرە بۆ ئەو ئەنجامەی دکارین پێی بگەین، لێرەدا زمان چیتر تەنیا ئامرازێک نییە بۆ تێگەیشتنە سەرپێی و ڕۆژانەیییەکان، بەڵکوو بووەتە ئەو "کەوانە" مێژووییەی کە ڕابردوو بە داهاتووەوە گرێ دەدات؛ ئاخر گەر مێژوو بە دەنگی زمان نەهۆنرێتەوە و نەچڕدرێ - زمان لەم ڕوانگەیەوە -، کۆمەڵە داستانێکی بێ گیانە کە هیچ نەوەیەک خۆی تێدا نادۆزێتەوە و نەتەوەیش لە گەنگەشەی خۆپێناسەکردنەوە و جلیوەی شوناسدا پەکی دەکەوێ. ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵەی نێوان زمان و ژیان، هاوشێوەی پەیوەندیی تیشک و خۆرە؛ وەک چۆن  تیشک لە خۆر جیا ناکرێتەوە، نەتەوەیش لە دەرەوەی زوانی دایک، تەنیا سێبەرێکی پەرتە کە درکی شوناسی ڕاستینەی خۆی پێ ناکرێ.

​ئەو مەترسییەی کە لە فەرامۆشیی زماندا هەس، تەنیا مەترسییەکی ئەدەبی نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی بنەڕەتییە لە "بوون"ی نەتەوە؛ چونکە نەتەوەیەک کە ئاسمانی زمانی لێ ون بێت، وەک ئەو باڵندە باڵشکاوەیە کە توانای فڕینی لە دەست داوە و لە ناو قەفەسی شوناسە بێگانەکاندا دەستەمۆ دەبێت. هەر وشەیەک کە لەم زمانەدا دەپشکوێت، ڕاستێکەی گوزارشتە لە هەزاران ساڵ بەرگری و ژیان، هەر وشەیەکیش کە دەمرێت، پارچەیەک لە مێژوو و ئەزموونی ئەو گەلە لەگەڵ خۆیدا دەباتە ژێر خاک. پاراستنی زمان و دەسپێوەگرتنی، پاراستنی ئەو "ئاوێنە" نیشتمانییەیە ژیار و ژینواری هەزاران ساڵەی ئێمەی تیا عەکسە. لێرەوەیە کە تێدەگەین، ململانێی ڕاستەقینەی نەتەوەکان بۆ مانەوە، بەر لەوەی لە مەیدانی جەنگدا بێت، لە ناو زماندایە، یانی بێژین، لە بازووی مەچەکەوە بۆ بازووی وشە؛ چونکە پەیکەری بێ ناونیشانی مێژوو تەنیا بەو زمانە دەژیێتەوە کە بتوانێت بە نێڵە و بە خوڕ، ڕەسەنایەتیی خۆی لە بەرانبەر تۆفانی بێگانەدا بپارێزێت و نەهێڵێت ئەو ڕووبارە پیرۆزە ڕووبکاتە کەندەڵانی ویشکبوونەوە و چۆڕبڕی.

زمان، ڕووبارێکی بەنێڵە و پەیتایەیە کە لە قووڵاییی مێژووەوە هەڵدەقوڵێت. ڕووبارێک کە بە تەنیا ئاو نییە، بەڵکوو فرمێسک و لایلایەی دایکان، گۆرانیی شوانان، شریقەی شیری جەنگاوەران و کڕنۆشی عاریفانە، بەخوڕە ڕووەو دەشتایی شوناس. هەر ڕووبار نییە بەڵکوو لافاوێکی بێ ئامانە هەموو بەرهەمی مەعنەوی و فەرهەنگیی نەتەوە لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات و بەرەو ئاییندەیەکی نادیاری دەبات. ئەگەر سەیری هەر وشەیەکی کوردی بکەین، دەبینین وەک گابەردێکی هەزار ساڵەیە بە چیاکانی زاگرۆسەوە. ئەمە ئەو ڕووبارەیە کە ناهێڵێ مێژوومان ببێتە گۆمێکی مەنگ و گەنیو؛ هەمیشە لە بزووتندایە، هەمیشە نوێ دەبێتەوە و هەمیشە گەرد و غوباری بێگانە لەسەر جەستەی شوناسمان دەشواتەوە. ڕووبارێکە کە ئەگەر بوەستێ، نەک هەر نەتەوە تینوو دەبێت، بەڵکوو خاکیش دەبێتە بیابانێکی بەرەهووت کە گوڵاڵە سوورەی بیری کوردی تیا ناپشکوێ ئیدی.

ئەم وێنایە لە زمان، وەک هێزێکی بزوێنەر و زیندوو، کە تێیدا ڕووبار تەنیا کەمەندکێشێکی سرووشتی نییە، بەڵکوو بریتییە لەو ڕەوتە مێژووییەی کە هەموو بەرهەمە ماددی و مەعنەوییەکانی گەلێکی تێدا کۆبووەتەوە. یەک لە مەبەستەکانی خوازەی زمان ڕووبارە، ئەو "خوێنە فەرهەنگییە"یە کە لە دەمارەکانی مێژوودا دەگەڕێت و لە هەر شەپۆلێکیدا دەنگی سۆزی دایک و نەعرەتەی جەنگاوەر و حیكمەتی عاریفان تێکەڵ بەیەک دەبن؛ ئەمە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە زمان خەزێنەیەکی زیندووە و هەر وشەیەکی، یادەوەرییەکی قووڵی لە جەستەی خۆیدا حەشار داوە. ئەم لەبەر ڕۆین و نەسرەوتنەی ڕووباری زوان، ناهێڵێت بیر و ئەندێشەی نەتەوەیەک تووشی گەنیوی و مەنگی ببێت، ئاخر لە هیچ دۆڵ و چەمێکدا ناسرەوێ و، هەموو غەوارە، گەرد و تۆزی بێگانان دەشواتەوە کە دەیانەوێت ڕەنگی ڕەسەنایەتیی نەتەوە تەپوتۆزاوی بکەن.

​ئەو ڕووبارە خۆشڕەوە لە خۆڕا نەکەوتوە ڕێ و درووست نەبووە، بەڵکوو بەرهەمی بارانێکی بێ بڕانەوەیە کە "سەدان سەدە" دایکردووە. هەر بارانە و سەردەمێک بووە، هەر دڵۆپە و ئەزموونێک بووە. کاتێک لە کێو و دۆڵەکانی کوردستاندا بارانی هەڵبەست و گوزارشت باریوە، ئەم ڕووبارە پڕتر و بەخوڕتر بووە. زمان تەنیا هی ئەمڕۆ نییە، میراتی ئەو هەموو بارانەیە کە بەسەر بابە تایەر و نالی و مەحوی و مەولەوی و خانی و جزیریدا باریوە -میراتی زمانی کورد، بە تیشکی ڕۆح شێلراوە-، ئەم ڕووبارە شایەتی هەموو ئەو زریان و تۆفانانەیە کە ویستوویانە ڕێگەکەی لێ ببەستن و لە خۆیاندا بیتوێننەوە، بەڵام چون بزوێنەری ئەم ئاوە ئیرادەی نەتەوە بووە، هەرگیز نەوەستاوە. زمان، ئەو بارانە لێزمەیە بووە کە لە تەنگانەدا بووەتە هۆشیاری و لە  ئاشتیدا سێبەری حەسانەوە. هەر وشەیەک کە ئێمە دەیدەینە دەم یەکتر، دڵۆپەیەکی ئەو بارانە پیرۆزەیە کە نابێ بهێڵین لەسەر زەوی وشک ببێتەوە یان تێکەڵی ئاوی لێڵ و پیسی بێگانە بێت.

دەبێ ڕێگە نەدەین هیچ بەربەستێک ڕەوتی ڕوانینی زمانەکەمان بوەستێنێ. نەتەوەیەک کە زمانی پاراو بێت، هەمیشە هیوای بۆ ژیان و مانەوە هەیە. وەک چۆن دارستان بە بێ ئاو دەپووکێتەوە، نەتەوەیش بە بێ زمان زەرد دەبێت و هەڵدەوەرێت. با نەهێڵین ئەم ڕووبارە ببێتە هەڵم؛ با بە کەشفی خۆمان لە زمانەوە، ئاوی ئەم ڕوژگارە بدەین. زمانمان، ئەو کەشتییەیە کە بێ پچڕان بەناو دەریای مێژوودا دەڕوات و تاکە ماڵە دەمانگەیەنێتە کەناری نەمری. تا زمانی کوردی بە دەم و لێوی نەوەکانمانەوە بێت، کوردستان هەر دەمێنێ و ئەو ڕووبارە هەر بەنێڵە و بەخوڕ دەڕژێتە ناو دڵی مێژووەوە و هیچی لێ کەم نابێت.

لەم ڕووانینەوە، ئیدی زمان خاڵی یەکلاکەرەوەی ململانێی نێوان "بوون و نەبوون"ـە، پایەی زمان لە ئەرکێکی ئاسایییەوە دەگۆڕێت بۆ فەرزێکی مێژوویی و مانەوەیەکی وجوودی. لێرەدا، ئێمە تەنیا ئاخێوەری زمانەکە نین، بەڵکوو "پاسەوانی کەنارەکانین"؛ ئەو پاسەوانانەی کە ئەرکیان ڕێگریکردنە لە هەر بەربەستێک کە بیەوێت ڕەوتی ئەم ڕووبارە بەرەو مەنگبوون و وشکبوون ببات. ئەم شێوازە لە تێگەیشتن، زمان وەک باران و چەم و ڕووبار و نەتەوەیش وەک دارستانێک دەبینێ؛ لێرەدا "هەڵمبوون"ی زمان، وەک گەورەترین هەڕەشەی سەردەم وێنا دەکرێت، کە ڕەسەنایەتی لە چاوان ون دەبێت و تەنیا ناور بێ ناوک دەمێنێتەوە.

​بۆیە خوێندن، نووسین و داهێنانی ئەدەبی، تەنیا چالاکییەکی فەرهەنگی نین، بەڵکوو جۆرێکە لە "ئاوپڕژێنکردنی" ژیان و گەڕاندنەوەی بزووتنی خوێن بۆ جەستەی شوناس. کاتێک زمان دەبێتە ئەو کەشتییەی کە بەناو دەریای شێواوی مێژوودا دەمانپەڕێنێتەوە، ڕاستێکەی دەبێتە تاکە هیوای ئێمە بۆ گەیشتن بە کەناری نەمری و ڕزگاربوون لە خنکان لە ناو شەپۆلی فەرهەنگە داگیرکەرەکاندا. ئەمە ئەو مانیفێستۆ فیکرییەیە کە پێمان دەڵێت: مانەوەی کوردستان و مانەوەی زمان، دوو دیوی یەک دراون؛ تا ئەو کاتەی وشەی ڕەسەن لە یادگەی نەوەکانماندا بێت، نەتەوە وەک ڕووبارێکی بەنێڵە و بەخوڕ دەمێنێتەوە و هیچ کارەساتێکی مێژوویی ئەم ڕەوتەی پێ  خامۆش ناکرێ.

لێرەوە زمان دەبێتە "دڵ"ی مێژوو، دڵێک کە بە لێدانی هەر وشەیەک، نەتەوەیەک لە مەرگ ڕزگار دەکات و بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتر پەلکێشی دەکات.

​ئیدی ئەو باوەڕە چێ دەبێ کە زمان تەنیا وشە نییە، بەڵکو لە پیرۆزییەکانی  مرۆیە. ئەگەر زمان بپارێزین، شوناسمان دەپارێزین؛ ئەگەر شوناسمان پاراست، مێژوومان دەپارێزین و ئەگەر مێژوومان پاراست، ئەوا بۆ هەمیشە وەک نەتەوەیەکی زیندوو لە ناو لاپەڕەکانی جیهاندا دەمێنینەوە (تەنیا مێژووی بووری نا، ئەو مێژوویەیش کە درووستی دەکەین). ئێمە بارانی ئەم  ڕووبارەین، تا هیچ دەمێ ویشک نەبێت و هەمیشە بە لێزمە و بە تاف تاو بداتە گیانی تیکپرژێن و هەقدۆستمان.

زمان، کۆڵەکەی ڕاگری میچی مانەوەیە. لێرەدا، زمان تەنیا سیستەمێکی دەنگسازی و نیشانەیی نییە وەگ بردی زەین و وشە، بەڵکوو دەچێتە ناو بازنەی "پیرۆزی" و وەک "مەزار و نزرگەی یادەوەری"ـی نەتەوە دەدیترێت.

کاتێک زمان دەبێتە قەڵغان، واتە تەنیا بۆ ئاخاوتن نییە، بەڵکوو بۆ بەرگرییە؛ بەرگری لە بەرانبەر هەر هەوڵێک کە بیەوێت مۆرکی تایبەتمەندیی گەلێک لەناو ببات و لە  زەریای بێ‌ کەناری فەرامۆشیدا نوقمی بکات. ئەم سێگۆشەی زمان و شوناس و مێژووە، وەک ئەندازەیەکی بوونەکیییە، خوانەخواستە گەر لایەکی بکەفێ، تەواوی بینای نەتەوە هەرەس دەهێنێت، ئاخر نەتەوەی بێ زمان.. بۆ نەتەوەی بێ زمان هەس؟

​بەم پێیە، زمانپارێزی و هزرینی ئاگایانە بە زمان و ڕووانین لێی وەک مەکینەی هزرین، دەبێتە خەباتی پاراستنی "کەسێتیی گەل"؛ واتە نەتەوە دەبێتە دەقێکی زیندوو کە گشت گەل و ژیارێ ناچار دەکا بیخوێننەوە و حیسابی بۆ بکەن. ئەگەر زمان بپارێزرێت (پاراستن عەنبارکرنی زمان نییە لە فەرهەنگ و بنکە زانستییە مێژوویییەکاندا، بەڵکە کاراکردنی زمانە لە گشت ڕەهەندەکانی توانایی بەکاهێنانیدا)، نەتەوە نابێتە پەراوێزێکی خامۆش، بەڵکوو وەک دەستەواژەیەکی درەوشاوە لە کتێبی فەرهەنگی ئینسانییەتدا جێی خۆی خۆش دەکات و تا ئەو حەلەی رۆڵەکانی زمان وا لە دایکیان بڕوانن، میوانی نەمرییە.

ئەوی زمانی خۆی درک نەکا، یان داگیرکراوە یان لە سەرڕێی داگیرکردندایە.

تاگەکان    
یادەوەری فەرهەنگ بوونەوەری ئاسمانی گۆرانی ژن دیمانە کتێب عاشوورا فەلەستین وەلی ئەمر کۆرۆنا گفتوگۆ زایۆنیزم نامە تەنیایی
پێشەکی
2026-04-25 کۆمێنت 10 خولەک بۆ خوێندنەوە 5 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2026 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی