خودانی ڕازی پەنهانی
زهوور بوو ڕازی یەزدانی
مالیکی دینار (بە ڕەحمەت بێ) دەڵێ:
ڕۆژێ چوومە بەسرە و دیم خەڵکی لە مزگەوتی گەورەدا خڕۆ بوونە و هەر لە نوێژی نیمەڕۆ تا خەوتنان دەپاڕێنەوە و مزگەوتیش جێنایێڵن.
پرسیم، خێرتانە؟
گوتیان ئاسمان ئاوی گرتۆتەوە و ڕووبار و چاوگانیش وشک بوونەوە. چوومە حەرەم. دیم نوێژی نیوەڕیان خوێند و تا عەسر پاڕاناوە، عەسریان خوێند و تا مەغریو لاڵانەوە، دوای مەغریبیش تا عیشا هەروا. نوێژی خەوتنانیان خوێند و ڕۆیینەوە. نە ئاسمان تنۆکێکی باراند و نە وەرامێ درانەوە.
هەرکێ و چوونە ماڵی خۆ و منیش بێماڵ، هەر لە مزگەوت مامەوە. زەلامێکی ڕەشتاڵەی لووتچکۆلەی ورگن هاتە ژوورێ. لەبەر فەقیریی فرەی، تەنێ دوو پارچە خەرقەی پێوە بوو. دنکێ عەورەت و ئەوی دییش سەرشانی پێ پۆشیبوو. نوێژی دابەست، دوو ڕکاتی سووکەڵەی خوێند. ئەملاولایەکی لێ کرد و منی نەدی. ڕووەو ڕووگە دەستی هەڵبڕین و، گوتی: "خوای من، بوزرگەوارا، مەولام.. بارانت گرتۆتەوە تا ئەدەبی بەندەکانتی پێ دادەی؛ منیش وا لێت دەلاڵێمەوە، لەبەر خۆشەویستیت بۆم، هۆ ئەو حەلیمەی دارای خۆگریت، بۆیان ببارێنە، هەر ئەم ئانە، هەر ئێستە، هەر ئەم وەختە. هەر دەستی داگرت، ئاسمان تاریک داهات و لە گش لایێکەوە هەور یەکیان گرت، چون تاڤگە دایکرد.
سەیرم لە کابرا هات! لە مزگەوت دەرچوو و شوێنی کەوتم، کۆڵانە و کوڵان و پێچە و پێچ ڕۆیی تا خۆی بە ماڵێکدا کرد. نەمزانی چۆنی بناسمەوە. مشتێ قوڕم لە دەرگەکە سوی وەک نیشانه. کە خۆر دەرکەوت، ملی ڕێم گرت تا گەیشتمەوە نیشانەکەم. تومەز ماڵی کۆیلەفرۆشێکە.
گوتم: برا، گەرەکمە عەبدێکت لێ بسێنم!
لە باڵا عەرعەر تا چکۆڵە و، قیت و جوانکیلەیشی نیشاندام.
لە ماڵ دەرکەوتم و، هیوام نەما. کووخێ دارینم بە کن دەرگەکەوە دی و وتم: بشێ ئەمە کەسی تیا بێ؟
کۆیلەفرۆشەیش وتی: بێکەڵکێکی وا تیا. تۆ بەندەت گەرەکە و ئەمەی ناو کووخەیش کەڵکی نییه.
وتم نیشانم بدە.
هاتە دەرێ و هەرکە دیم ناسیمەوە.
نوێژخوێنەکەی دوێکەی مزگەفتە.
وتمە کابرا: پێم بفرۆشە.
وتی دوایی دەشێ بێژی کابرا خەڵەتاندمی، ئەمە کەڵکی هیچ ناخوا.
وتم من دەیسێنم. دەسی لە قازانج گرتەوە و بە چتێ ڕەمزی پێی دام.
کە لە ماڵی خۆمدا جێگیر بووم. سەری هەڵبڕی و وتی: قوربان بۆ منت کڕی؟
وتم کابرا، دوێنێ مەردمی بەسرە هەر نیوەڕۆ تا دوای خەوتنان لاڵانەوە و جوابیش نەدرانەوە. تۆیش هاتیە حەرەم، دەستت بڵند کرد، پاڕایتەوە تا وەڵام درایتەوە و ئەوەی ویستت وێت درا. وتی دەشێ یەکێ تر بووبێ چووزانی، کێ ئێژێ زەلامێ تر نەبووە!
وتم هەڵبەت تۆ بووی.
- ناسیتمەوە؟
+ بەڵێ.
- شوێنم کەوتی؟
+ ئەرێ.
چۆنت زانی خوا خۆشتیگەرەک؟
- من لە کوێ بووم کاتێک پێی ڕەوا بینیم لە ئەهلی تەوحید بم؟!
دوای ئەم قسانە، بە تیلەچاوێکیش ڕووی لێ نەکردمەوە. بە سوجدەدا کەوت و فرەی درێژە دایێ. چەمیمەوە و بیستم ئێژێ:
خــــــودانـی ڕازی پـەنــــــــهانی
زهـــوور بــوو ڕازی یـــــــەزدانی
بڕا تاقەی حەیات و ڕۆحم بسێنە
مودام ئاشکارە ڕازی نێـــــــوانی
ئیدی ڕۆحی فڕیەوە کن خودانی خۆی.
- پاشماوەی کۆیلایەتیی زاهیری لە شارستانەتیی ئیسلامیدا مابوو، هێشتە خەمی بنەبڕی یەکجارەکی نەخورابوو، دەشێ یەک لە هۆیەکانی هەمان ڕوانین بێ لە باڵابوون، باڵابوونێک کۆیلایەتی و مەولایەتی ڕێگری نییە. نەک وەی ئیسلام دژی نەبێ و بە ناوی بەندایەتیی هەقەوە گوێ لە بەندایەتیی دنیایی بخەوێنێ، بەڵام هێندە خەمی باڵابوون و قەبووڵبوون لە مەلەکووتدا هەبووە، لە مولکدا وەلییە ڕەشتاڵەکەمان (ڕازی مونەووەر و پیرۆز)، بیری چووەتەوە کۆیلەیە.
- لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، بوون پلەبەندییە و مرۆڤ ئەرکی سەرکەوتنە بە پلیکانەکانی کەماڵاتدا. ئیدی چ فەرق ناکا کۆیلە یا ئازاد بێ، گرنگ وەیە لە ناوەوەڕا بەندی دنیای لە قاچەکانی بڕیبێ و دەستی لە تریفە و ئیشراقی ڕازگەلی ئەم پلەبەندییە بوونەکییە گیر بووبێ. هەڵکشان لە مولەکەوە بۆ مەلەکووت، لە ماددەوە بۆ مانا. بڕوانە بەندیی سەرمایەدار و سەرمایەزەدی ئێستە و باڵایی کۆیلەکانی شارستانەتیی ڕۆح.
- بوون تەنێ لەبەر بەندایەتی و بەندایەتییش بۆ پێکانی یەقین هاتووە و بووە. هێندە دەنێو شارستانەتیی ئیسلامیدا ئەم ڕوانگەیە زاڵە، وەها وەک ماکێکی خۆزایی (فیتری) لە گیانیاندا ڕسکیوە و دەرکەوتووە، زوڵم و زۆرێکی زاهیری و دەردێکی پاشماوەی سەردەمانی کۆنینەیان ڕووانیوە، کەمتر لە خەمی بنبڕکردنیدا بوون؛ ئەوێک ئازادی ڕۆحی تەنی بێ، شەڕی یەکەمی ئەو نابێتە ئازادبوونی خۆی لە حاڵ و بارێکی ژینەکی، کەمتر بیری مژووڵی وەیە لەژێر چ ناوێکدا کار دەکا و فرمانی پێ دەکرێ.
بڕوانە کۆیلەیەک لەوێ بە چی دەگا و، ئازادە ڕەهاکانی ئێستەیش بە کوێیان گەیاندووین.
باسەکە باشی و خراپیی کۆیلایەتی و ڕووانینی ئیسلام نییە بۆی، باسەکە ڕەگی ئەو ڕووانینەیە پلەبەندیی بوون و کەماڵاتی لەسەر مەعریفەی هەق و هەرچی زیاتر ئینسانبوونیدا ڕۆناوە.
ئینسانێک، بوون هەموو لە کۆسووڕی خۆیدا لە خزمەتی ئەودایە و، هەرچی زیاتر هارمۆنی بوو لەگەڵیاندا و هەرچی فرەتر تاعەتی خاوەنەکەی کرد، لە ئەنواری زاتی کامڵی بەسەردا دێ و دەبێتە وێنەدانەوەی وی.
وەختێ تۆی مۆدێرنزەدە تەنێ وەک ماددە لە خۆت دەڕوانی، دەشێ بگەیتە وەی مادەم هەموومان هەر ئەم جەستە و بوونە بەرهەستەین، کەوایە یەکسانین و دەبێ هەمووان لە ماف و ئەرکدا چونیەک بین، جاڕی بنبڕکردنی کۆیلایتییش بدەی. بەڵام کاتێ وات ڕوانی و ماکی ئینسانەکە کە ڕۆحیەتی بیرتبردەوە و نەتدی، نەتفامی ئێمە لە عالەمی مانا و سەرووەوە دەجووڵێین و لەوێوە شێوەماگرتووە و بێ زانینی یاسا و ڕێسا و سیستەمی ئەوێندەر ئێرەیش نافامین و تێنەگەیشتین ئەم دوو بەشی ئێمە دووانەی دانەبڕاون؛ هەمان خودی ماددە دەبێتە هێزی باڵایی و هەرکێ زیاتر دەستی بە ملیدا شکا، دەبێتە خاوەن فرمان و خودانی ئەوانی دی، بەڵام فەرماندەر و بەرفەرمانیش هەردووک بە بۆینابخەوە. یەکەمیان بە دەروونێکی فیرعەونانە و باقییش بەندە و کرێکارانی هەرەمانی ئوعجوبە. دیتت گەر ڕوانین لە وجوود لە چاوگ و بەدیهێنەرەکەیە نەبێ، هەرچی ڕووکار بگۆڕدرێ و بە چەمکگەلی قەبە-قەبە ڕاڤە بکرێ، دەبێتەوە هەمان کۆیلایەتی، کۆیلایەتییەک مەولا و عەبد وەک یەک گیرۆدەی زوڵمەتی ماددەن و چ دەرچەیەکییش لە ڕوانینیان لە بوون بۆ نییە، تا ئۆخژنێ بگەیێتە گیانیان. کام گیان، مەگەر ئێمە هەر ئاژەڵە بەرهەستەکە نەبووین؟!