فەڵەستین لە ساڵی ١٩٢٠دا، لە چاویلکەی موحەممەد ئەسەدەوە

نووسینی: بنار جەبار
پێشەکی 2024-04-08 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 392 جار بینراوە

موحەممەد ئەسەد (لیۆپۆڵد ویس) بیرمەندێکی گەورەی سەدەی ڕابردوو بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٠٠ لە خانەوادەیەکی جوولەکە لەدایک بوو و لە ساڵی ١٩٢٦دا موسوڵمان بوو. ژیانی پڕ بوو لە چالاکی و گەڕانی جددی و سیاسی. لە کتێبەکەیدا بە ناوەی ڕێگەی مەککە، لە نزیکەوە باسی دروستکردنی میرنشینی سعودییە، جیهادی عومەر موختار، هەوڵەکانی عەللامە ئیقباڵی لاهووری بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ موسوڵمانانی هندستان، هەروەها زۆر بابەتی گرنگی دیکەی ژیانی موسوڵمانانی سەدەی بیست دەکات. لە هەموو ڕووداوەکانیشدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشدار بووە. جیا لەم میراتە کلتووری و سیاسی و شارستانییە، میراتێکی گەورەی دیکەیشی بۆ موسوڵمانانی ڕۆژاوا بەجێ هێشتووە، کە بریتییە لە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆ ئینگلیزی؛ بەڵکو جیا لەو میراتەیش، میراتێکی زیندووی بەجێ هێشتووە، ئەویش بریتییە لە تەڵاڵ ئەسەدی کوڕی، کە ئێستا یەکێکە لە گەورە لێکۆڵەرانی سەردەم و کتێبەکانی سەبارەت بە سێکیولاریزم و کۆمەڵناسی تا بڵێیت گرنگن.

موحەممەد ئەسەد، وەکو خۆی باسی دەکات، ئەوەڵین بەرکەوتنی جددیی لەگەڵ عەرەب و موسوڵماندا لە خاکی پیرۆزی قودسدا بووە، کاتێک لە ماڵی خاڵی ماوەتەوە. وەختێک لەوێ باسی ئەزموونی خۆی دەکات، دەڵێت شێوازی پەرستش و ژیانی موسوڵمانان سەرسامی کردووە، هەروەها کاتێک سەیری ڕوخساری خەڵکی قودسی کردووە، دەستبەجێ زانیویەتی عەرەب و مەسیحییەکان ئاوێتەی ئەو خاکە بوون و نیشتیمانەکە هیی ئەوانە، هەروەها ئەو جوولەکانەیشی کە لە دێرزەمانەوە لەوێ بوون، هەر ڕەنگوبۆی قودس و فەڵەستینیان گرتووە، بەڵام ئەو جوولەکانەی لە پۆڵەندا و ڕووسیاوە هاوردە کراون، لە بێگانەیەک زیاتر هیچی تر نەبوون.

ئەمەی خوارەوە دەقی گێڕانەوەکەی موحەممەد ئەسەدە لە لاپەڕە ١٠٠ی کتێبەکەیدا. جێی باسە، موحەممەد ئەسەد کتێبەکەی لە ساڵی ١٩٥٤دا بڵاو کردووەتەوە، واتە ئەوکات موسوڵمان بووە. ئەو ڕووداوەیشی باسی دەکات هیی ساڵی ١٩٢٠ە، واتە کاتێک خۆی بیست ساڵ بووە و هێشتا هەر جوولەکە، یاخود باشترە بڵێین بێباوەڕ بووە:

ئەورووپییەکی ئاسایی چیی سەبارەت بە عەرەبەکان دەزانی؟ هیچ. کاتێک دەهات بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، کۆمەڵێک بۆ بیرۆکەی ڕۆمانسی و هەڵەی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا؛ خۆ ئەگەر ڕاستگۆ بووایە، دەبوو دان بەوەدا بنێت هیچ شتێک سەبارەت بە عەرەبەکان نازانێت. منیش پێش ئەوەی بێم بۆ فەڵەستین، هەرگیز بە خاکێکی عەرەبیم نەدەزانی. بێگومان دەمزانی "هەندێک" عەرەب لەوێ ژیاون، بەڵام وام وێنا دەکرد کۆمەڵێک کۆچەرین لە بیاباندا خێمە هەڵدەدەن و لای مێرگەکاندا دەمێننەوە. زۆربەی ئەوەی کاتی خۆی لەسەر فەڵەستین خوێندبوومەوە لەلایەن زایۆنییەکانەوە نووسرابوو -کە تەنها بیر لە کێشەکانی خۆیان دەکەنەوە- بۆیە نەدەهات بە خەیاڵمدا فەڵەستین پڕ بێت لە عەرەب- نەمدەزانی لە ساڵی ١٩٢٢دا، بەرانبەر هەر جوولەکەیەک لە فەڵەستین، پێنج عەرەب هەبوو، ئەمەیش وای دەکرد وڵاتەکە زیاتر عەرەبی بێت تاکو جوولەکە.

کاتێک ئەمەم بە بەڕێز ئوسیشکین گوت، کە سەرۆکی کۆمیتەی چالاکیی زایۆنی بوو و لەو دەمەدا بینیم، هەستم کرد زایۆنییەکان گرنگی بە زۆرینەبوونی عەرەبەکان نادەن؛ بەڵکو هیچ گرنگییەک بە بەرهەڵستیی عەرەبەکان بۆ زایۆنیزم نادەن. وەڵامەکەی بەڕێز ئوسیشکین جگە لە ڕق بەرانبەر بە عەرەبەکان، هیچی تری تیادا نەبوو:

"هیچ جووڵانەوەیەکی ڕەسەنی عەرەبی لە دژی ئێمە بەرپا نییە؛ واتە، جووڵانەوەیەک ڕیشەی لە خەڵکدا بێت. هەموو ئەوەی تۆ وەکو دژایەتی و بەرهەڵستی دەیبینیت، هەراوهوریای کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕی ناڕەسەنە. لە چەند مانگێکدا، یان ئەوپەڕی چەند ساڵێک، بەسەر خۆیدا وێران دەبێت و نامێنێت."

قسەکانی قایلکەر نەبوون. هەر لە سەرەتاوە هەستم دەکرد بیرۆکەی نیشتەجێکردنی جوولەکە لە فەڵەستین دەستکردە، لەوەیش خراپتر گواستنەوەی هەموو کێشە و گرفتە چارەنەکراوەکانی ژیانی ئەورووپی بوو بۆ وڵاتێک کە بەبێ ئەو کێشانە شادتر دەژیا. جوولەکە هێنراوەکان هەستی گەڕانەوەیان نەبوو بۆ نیشتیمان، بەڵکو مەیلیان هەبوو بەپێی ژیان و ئامانجە ئەورووپییەکان وڵاتەکە بکەن بە نیشتیمان. بە کورتی، ئەوان بێگانە بوون لە وڵاتەکەدا. هیچ گرفتێکیشم لە بەرهەڵستیی پتەوی عەرەبەکان بەرانبەر بە خاکێکی جوولەکە لەوێ نەدەبینی؛ بە پێچەوانەوە، دەستبەجێ زانیم ئەوە عەرەبەکانن زۆریان لێ دەکرێت و ئێستا بەرهەڵەستی دەکەن.

ڕاگەیاندنی بەلفۆر لە ساڵی ١٩١٧دا، کە پەیمانی "نیشتیمانێکی نەتەوەیی" بە جوولەکەکان لە فەڵەستین دا، لای من پرۆژەیەکی دڕندە بوو بۆ بەرپاکردنی بنەمایەکی دێرین، کە لە نێوان هەموو هێزە ئیستیعمارییەکاندا هاوبەشە: "دروستکردنی دووبەرەکی و حوکمکردن." ئەم بنەمایە لە دۆسیەی فەڵەستیندا دزێوتر بوو، چونکە بەریتانیا لە ساڵی ١٩١٦دا پەیمانی بە شەریف حوسەین، حاکمی ئەوکاتی سعوودیە دابوو دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەبی دروست بکرێت، هەموو وڵاتانی نێوان دەریای سپی و کەنداوی فارس لەخۆ بگرێت. ساڵێکی نەخایاند لە ڕێکەوتنی نهێنیی سایکس بیکۆدا (کە حوکمی فەڕەنسای بەسەر سووریا و لوبناندا چەسپان) لەگەڵ فەڕەنسییەکاندا پەیمانەکەیان شکاند، بەڵام هەر بەوەوە نەوەستان، بەڵکو لە ئەنجامدا فەڵەستینیشیان لەو پەیمانانە دەرکردن کە بە عەرەبەکانیان دابوو.

من خۆم جوولەکە بووم، بەڵام دژی زایۆنیزم بووم. ڕاستە هاوسۆزیم بۆ عەرەبەکان هەبوو، بەڵام جیا لەوەیش بە نائەخلاقیم دەزانی کۆمەڵێک ئاوارە، بە یارمەتیی دەسەڵاتێکی گەورەی بێگانە، سنوورەکان ببڕن تاکو ببن بە زۆرینەی وڵاتێک و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکە ڕەسەنەکە ئاوارە بکەن، ئەو خەڵکەی لە دێرزەمانەوە لەو نیشتیمانەدا بوون و وەکو درەختەکان ڕیشەیان چووەتە خاکەکەوە. لە ئەنجامدا، هەرکاتێک گفتوگۆی جوولەکە و عەرەب بهاتایەتە پێش، من لایەنگیریی عەرەبەکانم دەکرد، ئەمەیش زووزوو ڕوویدەدا. لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا، هەموو ئەو جوولەکانەی ناسیمن سەیریان لەو ڕەفتارەم دەهات. ئەوان تێنەدەگەیشتن چیم لە عەرەبەکاندا دیوە، چونکە لای ئەوان عەرەبەکان خەڵکێکی دواکەوتوو بوون و بە هەمان ئەوە چاوەوە تەماشایان دەکردن کە داگیرکەرە ئەورووپییەکان لە ئەفریقییەکانیان پێ دەڕوانی. ئەوان گرنگییان بەوە نەدەدا عەرەبەکان چۆن بیر دەکەنەوە؛ کەسیان، بە دەگمەن نەبێت، هەوڵی فێربوونی عەرەبیی نەدەدا؛ هەروەها هەموویان، بەبێ بیرکردنەوە پرسیارکردن، ئەو بیرۆکەیەیان قبووڵ دەکرد کە گوایە فەڵەستین میراتیی ڕاستەقینەی جوولەکەکانە.

سەبارەت بەم باسە، تا ئێستایش گفتوگۆیەکی کورتی خۆمم لەگەڵ دکتۆر خایم ویزماندا[1]، سەرکردە و سەرۆکی جووڵانەوەی زایۆنی، بیرە. ئەو ماوە ماوە سەردانی فەڵەستینی دەکرد (وابزانم خۆی لە لەندەن دادەنیشت)، ئەو جارەیش هاتبوو بۆ فەڵەستین و لە ماڵی دۆستێکی جوولەکە بینیم. نەدەکرا سەرسام نەبیت بەو وزە زۆرەی لەم پیاوەدا هەیە -وزەیەک تەنانەت لە جووڵەی جەستە و هاتوچۆ خێراکانی بە ژوورەکەیشدا دەردەکەوتن- هەروەها بەهێزیی فکری ئەو، کە لە تەوێڵە پانەکەی و نیگا تیژەکانیدا خۆی دەنواند.

ئەو لەو سەختییە داراییانە دەدوا کە بەربەستیان لە بەردەم خەونی نیشتیمانێکی نەتەوەیی جوولەکەدا دانابوو، هەروەها قسەی لەسەر نەبوونی پاڵپشتیی پێویستی دەرەکی دەکرد؛ ئەو هەستە ناخۆشەم لا دروست بوو ئەویش، وەکو زۆرینەی زایۆنییەکانی تر، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی هەموو ئەوەی لە فەڵەستین ڕوودەدات لە ملی "جیهانی دەرەوە" دەئاڵێنێت. ئەمە هانی دام ئەو بێدەنگییە بشکێنم کە گوێگرانی تر دروستیان کردبوو و بڵێم:

"ئەی عەرەبەکان چی؟"

وا دەردەکەوت هەڵەیەکی شەرمەزارکەرانەم کردبێت، چونکە دکتۆر ویزمان بە هێواشی ڕووی کردە من، کووپەکەی دەستی دانا، ئەوجا پرسیارەکەی منی دووپات کردەوە:

"عەرەبەکان چی؟"

"دەی، چۆن خەون بەوەوە دەبینن فەڵەستین بکەن بە نیشتیمانی خۆتان، لە کاتێکدا عەرەبەکان بە توندترین شێوە بەرهەڵستتانن، هەروەها زۆرینەیشن؟"

سەرکردە زایۆنییەکە شانەکانی هەڵتەکاند و بە وشکی وەڵامی دایەوە: "وا چاوەڕێین پاش چەند ساڵێکی تر زۆرینە نەبن."

"ڕەنگە ئەوە ڕووبدات. تۆ ساڵانێکە دەستوپەنجەت لەگەڵ ئەم بابەتەدا نەرمە، بۆیە لە من باشتری لێ دەزانیت. بەڵام ئەگەر لەو بەربەستە سیاسییانەیش بگەڕێین کە عەرەبەکان دەیخەنە بەردەمتان، ئەی ڕەهەندە ئەخلاقییەکە بێتاقەتتان ناکات؟ پێتان وانییە دەرکردنی گەلێک کە هەمیشە و هەردەم لێرە بوون ستەمە؟"

دکتۆر ویزمان برۆکانی بەرز کردەوە و گوتی، "بەڵام وڵاتەکە هیی ئێمەیە. ئەوەی بە ستەم لێی بێبەش کراوین، وەردەگرینەوە."

بەڵام بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ لە فەڵەستین دوور بوون! پێش ئەوە بۆ ماوەی کەمتر لە پێنج سەد ساڵ حوکمی ئێرەتان کردووە، خۆ تەنانەت ئەوکاتیش حوکمی تەواوی وڵاتەکەتان نەکردووە. وا نازانیت عەرەبەکانیش بۆیان هەبێت داوای ئیسپانیا بکەنەوە بۆ خۆیان، چونکە زیاد لە حەوت سەد ساڵ حوکمی ئەوێیان کرد و تەنها پێنج سەد ساڵێکیشە لەدەستیان داوە؟"

دکتۆر ویزمان سەبڕی نەما: "قسەی بەلاش. عەرەبەکان ئیسپانیایان داگیر کردبوو؛ هەرگیز نیشتیمانی ڕاستەقینەی ئەوان نەبوو، بۆیە دەرکردنیان لە لایەن ئیسپانییەکانەوە حەق بوو."

"بمبوورە، بەڵام وا دەردەکەوێت گرفتێکی مێژووییمان هەبێت. هەرچۆن بێت، عیبرییەکانیش هەروەکو داگیرکەر هاتنە فەڵەستین. پێش ئەوان دەیان هۆزی سامی و ناسامی لێرە نیشتەجێ بوون-عەمورییەکان، ئیدۆمییەکان، فیڵیستینییەکان، موابییەکان، هەروەها هیتییەکان. ئەو هۆزانە تەنانەت لە سەردەمی شانشینی ئیسرائیل و یەهودایشدا لێرە بوون. کاتێکیش کە ڕۆمانییەکان پێشینانی ئێمەیان دەکرد، ئەوان هەر لێرە بوون. ئەمڕۆیش هەر لێرەن. ئەو عەرەبانەی پاش فراوانخوازییەکەی سەدەی حەوت لە سووریا و فەڵەستین نیشتەجێ بوون هەمیشە کەمینە بوون؛ زۆرینەی ئەوانەی ئێمە ئەمڕۆ وەکو فەڵەستینی یان "عەرەبی" سووری ناویان دەبەین ڕاستییەکەی بوون بە عەرەب و، لە بنەڕەتدا دانیشتووانی ڕەسەنی وڵاتەکەن. هەندێکیان لە ماوە درێژەدا بوون بە موسوڵمان، هەندێکیشیان وەکو مەسیحی ماونەتەوە؛ موسوڵمانەکان هاوسەرگرییان لەگەڵ موسوڵمانەکانی تری عەرەبستاندا کردووە. بەڵام دەتوانیت نکوڵی لەوە بکەیت ئەو خەڵکەی لە فەڵەستینن و بە عەرەبی دەدوێن، جا مەسیحی بن یان موسوڵمان، نەوەی ڕاستەوخۆی دانیشتووانە ڕەسەنەکەن: ڕەسەن بەو مانایەی پێش ئەوەی عیبرییەکان پێ بخەنە سەر ئەم نیشتیمانە، ئەوان لێرە بوون؟"

دکتۆر ویزمان زەردەخەنەیەکی بەڕێزانەی بە ڕووی تەقینەوەکەمدا کرد و گفتوگۆکەی گۆڕی.

بە دەرئەنجامی بەشدارییەکەم شاد نەبووم. بێگومان چاوەڕێ نەبوون ئەوانەی لەوێ بوون -لە دکتۆر ویزمان هەر بگەڕێ- لەوەدا هاوڕام بن بیرۆکەی زایۆنیزم بناغەیەکی فشەڵی ئەخلاقیی هەیە: بەڵام ئومێدەوار بووم بەرگرییەکەم لانی کەم تۆزێک سەرکردایەتیی زایۆنی نائاسوودە بکات-نائاسوودەییەک وایان لێ بکات وردتر بن و دان بە ڕەوایەتیی ئەخلاقیی بەرهەڵستیی عەرەبەکاندا بنێن... ئەوە ڕووینەدا. لەبری ئەوە، هەموو ئەو چاوانەی لە ژوورەکەدا بوون لەسەر من جێگیر بوون: ئەو چاوە تیژانە ڕەخنەیان لێ دەگرتم و سەرکۆنەی گوستاخییەکەیان دەکردم، چونکە پرسیارم لە مافی پرسیارلەسەرنەکراوی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان کردبوو لە خاکی پێشینانیاندا.

لە خۆمم دەپرسی، چۆن دەکرێت کەسانێکی زیرەکی وەکو جوولەکەکان لە ناکۆکیی عەرەب و زایۆنیدا تەنها جوولەکە لەبەرچاو بگرن؟ نەیاندەزانی لەسەر ئاستی دوورمەودا، کێشەی جوولەکە لە فەڵەستین تەنها بە هاوکاریی عەرەبەکان چارە دەکرێت؟ یانی بەو ڕادەیە بەرانبەر داهاتووی ئازاربەخش و وێرانکەری سیاسەتەکانیان نابینا بوون؟ واتە نەیاندەزانی تەنانەت ئەگەر دوڕگە جوولەکەکە بە شێوەیەکی کاتییش سەرکەوتوو بێت، لە ناوەندی دەریای تووڕەی عەرەبدا ڕووبەڕووی چ ڕق و تاڵی و بەرهەڵستییەک دەبێتەوە؟

بەڵام لەوەیش سەیرتر هەبوو. بیرم دەکردەوە چەندە سەیرە گەلێک، کە لە مێژووی خۆیدا دونیایەک ستەمی لێ کراوە، ئێستا ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی ستەمی کوشندە لە نەتەوەیەکی تر بکات -چ نەتەوەیەکیش؟ نەتەوەیەک کە لە ئازارەکانی مێژووی جوولەکەدا تۆزقاڵێک خەتای نەبووە. دەمزانی ئەوە لە مێژوودا نوێ نییە، بەڵام زۆر بێتاقەت بووم بەوەی بە چاوی خۆم دەمبینی.

 

[1] خایم ویزمان (١٨٧٣-١٩٥٢): سەرکردەیەکی دیاری زایۆنی بوو، هەروەها یەکەمین سەرۆکی ئیسرائیلیش بوو.

تاگەکان    
کوردستان ڕەزا بابایی حەوتەمین کۆڕبەندی هاوسانی قەدەر حەمەدۆک دەروونناسی خاڵبەندی باران ئایا سۆفیا پارەی ئیلیکترۆنی سۆفیگەری چیرۆک پۆدکاست فیلم زانکۆ
پێشەکی
2024-04-08 کۆمێنت 6 خولەک بۆ خوێندنەوە 392 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی