سی ئێس لویس و خۆبەهەڵەخستنەوەی سروشتگەرایی

نووسینی: محەمەد لایڵ
پێشەکی 2024-05-15 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 532 جار بینراوە

یەکێک لەو فەیلەسووفانەی سەدەی بیست، ئارگومێنتی پێشکەش کردبێت لە دژی سروشتگەرایی، سێ ئێس لویس بووە کە فەیلەسووفێکی بێباوەڕ بووە و دواتر بووەتە مەسیحی. دەتوانین بە ئارگومێنتەکەی سی ئێس لویس بڵێین ئارگومێنت لە عەقڵەوە لە دژی سروشتگەرایی، کە ئەمڕۆیش هەندێ فەیلەسووف بەرگریی لێ دەکەن، وەکو ڤیکتۆر ڕیپێرت.1

سەرەتا با بزانین سروشتگەرایی چییە. بێگومان لەم نووسینەدا من باسی سروشتگەرایی میتۆدیی (Methodological naturalism) ناکەم، کە بە سادەیی بریتییە لەوەی دەبێت زانستە سروشتییەکان لە کاتی لێکدانەوەی دیاردەیەک، تەنها پشت بە هۆکاری ماددی ببەستن و هانا بۆ لای لێکدانەوە و هۆکاری ناماددی نەبەن. بەڵکو وشەی سروشتگەرایی بەکار دێنم بە مانای سروشتگەرایی فەلسەفی (Philosophical naturalism).

سروشتگەرایی (Naturalism) ئەو تێڕوانینە میتافیزیکەیە کە شتێک نییە لە ئەو دیو سروشتەوە، بە مانایەکی تر ئەوەی هەیە تەنها بریتییە لە سروشت. لێرەدا ڕەنگە کەسێک بپرسێت بۆچی وشەی ماددیگەرایی بەکار نەهێنین دلەبری سروشتگەرایی، لە وەڵامی ئەمەدا دەتوانم بڵێم گەرچی زۆربەی سروشتگەراکان ماددیگەران، ئەوا هێشتا ڕەنگە هەندێک فەیلەسووف جیاکاری بکەن لە نێوان سروشتگەرایی و ماددیگەراییدا، بۆیە وشەی سروشتگەرا بەکار دێنین، بەڵام گەر کەسێک ئاسوودە بێت بەوەی ماددیگەرایی و سروشتگەرایی یەک شتن ئەوا دەتوانێت وشەی سروشتگەرایی بگۆڕێت بۆ ماددیگەرایی. وەکو خۆم پێم وایە هەمان شتن و قورسە سروشتگەرایی لە ماددیگەرایی جیا بکەینەوە، چونکە بەپێی سروشتگەرایی، ئێمە دەبێت هانا ببەین بۆ لای زانستە سروشتییەکان و بەتایبەتیش فیزیا تاوەکو حەقیقەت بدۆزینەوە دەربارەی بوون، ئەوەی فیزیایش مامەڵەی لەگەڵ دەکات بریتییە لە ماددە و تەنۆلکە و تایبەتمەندییەکانیان وەکو بارستایی و بارگە و هتد. بێگومان ماددیگەراییش بریتییە هەر لەمە کە ئەوەی هەیە بریتییە لە ماددە و هەموو شتێک دەبێت بە ماددە لێکبدەینەوە، جا چ بە ماددیگەرایی وردکەرەوە (Reductive materialism) بێت یان بە ماددیگەرایی ناوردکەرەوە (Non-reductive materialism) بێت. لە جیهانبینیی سروشتگەراییدا شتانێکی وەکو ئامانج و ئاراستە و دیزاین لە سروشتدا بوونیان نییە، ڕیچارد دۆکینز وتەنی سروشت کاتژمێرێکی کوێرە.2

 

ئێستا با بێینە لای ئارگومێنتەکەی سی ئێس لویس. بۆ ئەوەی لە ئارگومێنتەکە تێبگەین، دەبێت تێبگەین جیاکارییەک  کە سی ئێس لویس دەیکات لە نێوان ئەو دۆخە عەقڵییانەی کە بەرهەمی هۆکار و کاریگەرین لەگەڵ ئەو دۆخە عەقڵییانەی بەرهەمی زەمینە و ئەنجامن. با بە نموونەیەک تێبگەین جیاوازییەکە چییە.

باپیرم ئەمڕۆ نەخۆشە، چونکە دوێنێ قرژاڵی خواردووە.

دەبێت باپیرم ئەمڕۆ نەخۆش بێت، چونکە هێشتا لە جێگەدا هەڵنەستاوە.

چونکەی نموونەی یەکەم نموونەیە بۆ هۆکار و کاریگەری، خواردنی قرژاڵەکە بووەتە هۆی نەخۆشخستنی باپیرم. چونکەی نموونەی دووەم نموونەیە بۆ زەمینە و ئەنجام. بەپێی لویس، نموونەی یەکەم پەیوەندییەکی داینامیکیە لە نێوان ڕووداو و دۆخەکان، بەڵام ئەوەی دووەم پەیوەندییەکی لۆجیکییە لە نێوان باوەڕەکان و دەربڕینەکان. جا بەپێی لویس، ئەو دۆخە عەقڵییەی ڕوو دەدات بە هۆکار و کاریگەری، بەرهەمی بیرکردنەوە نییە، بەڵکو کاریگەرییەکە بە هۆی هۆکارێکی ناعەقڵانییەوە دروست بووە. تەنها ئەو باوەڕانەی دروست دەبن بە هۆی هۆکار و دەرئەنجام پێویستن بۆ عەقڵانیبوون. جا کێشەکە ئەمەیە، بەپێی سروشتگەرایی هەموو ڕووداوێکی ئەم سروشتە، بە دۆخە عەقڵییەکانیشمانەوە (mental states) بەرهەمی هۆکاری پێشوەختەی فیزیکین، بیرکردنەوە و تێفکرینیش دۆخی عەقڵین، واتا بەرهەمی هۆکاری پێشووترن. جا ئێستا بەپێی سروشتگەرایی، ئەو باوەڕەی کە پێی دەڵێین بەرهەمی بیرکردنەوە ڕاستییەکەی تەنها بەرهەمی هۆکارێکی ناعەقڵی نێو زنجیرەی داخراوی هۆکار-و-کاریگەریی سروشتە. جا ئەگەر سروشتگەرایی ڕاست بێت، ئەوا هیچ زەمینەیەکی عەقڵانیمان نابێت بۆ باوەڕبوون بە سروشتگەرایی وەک باوەڕێکی ڕاست.

لویس پوختەکەی بەم شێوەیە دەڵێت: ئەگەر سروشتگەرایی ڕاست بێت، ئەوا هەموو باوەڕەکان، هەرچییەک بن بەتەواوی بەرهەمی هۆکاری ناعەقڵانی دەبن. لەبەرئەوە، هەموو بیرۆکەکان بەیەکسانی بێنرخ دەبن. کەوابوو سروشتگەرایی بێنرخە. ئەگەر ڕاست بێت، ناتوانین حەقیقەت بزانین. خۆی خۆی بەهەڵە دەخاتەوە.

ئارگومێنتەکە فەیلەسووف جۆن م. دیپۆی بەم شێوە ستانداردە دایناوە:

سروشتگەرایی، تێڕوانینێکی فەلسەفییە کە بە شێوەیەکی بنچینەیی ڕێ نادات بە ڕێتێچوونی باوەڕ کە ب ەهۆی پەیوەندیەکی زەمینی-و-دەرئەنجامی بێت.

مەرجێکی پێویستی بیرۆکەیەکی عەقڵانی ئەوەیە باوەڕەکان بە هۆی پەیوەندیی زەمینی-و-دەرئەنجامی بن.

کەواتە، سروشتگەرایی ڕێ نادات مەرجێکی پێویست بێتە جێ بۆ هەبوونی بیرۆکەیەکی عەقڵانی.

هەر تێڕوانینێکی فەلسەفی، ڕێ نەدات بە هەبوونی بیرۆکەی عەقڵانی ئەوا تێڕوانینێکی خۆبەهەڵەخەرەوەیە.

کەواتە، سروشتگەرایی خۆبەهەڵەخەرەوەیە.3

جا بەپێی لویس، فەلسەفەی سروشتگەرایی تەنها دان بە پەیوەندیی هۆکار-و-کاریگەری دەنێت و ڕێ نادات بە بوونی باوەڕێک کە بەرهەمی پەیوەندیی زەمینە-و-دەرئەنجام بێت. ئەمەیش واتای ئەوەیە سروشتگەرایی ئەو مەرجەی تێدا نییە کە دەبێت ئامادەیی هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی باوەڕی عەقڵانی، ئەمەیش واتای ئەوەیە سروشتگەرایی ئەگەر ڕاست بێت، لەو زەمینەیە دەدات کە خۆی لەسەر بنیات ناوە، بە مانایەکی تر، ئەو کەسەی باوەڕی بە سروشتگەراییە، لە دۆخێکدایە دەبێت باوەڕی وا بێت هیچ زەمینەیەک بۆ باوەڕەکەی نییە کە بۆچی ڕاستە.

 

---------------------------------------------------

سەرچاوەکان:

1. Reppert, V. (2003). C.S. Lewis’s dangerous idea: A philosophical defense of Lewis’s argument from reason. InterVarsity Press. 

2. Dawkins, R., & Pyle, L. (1986). The blind watchmaker /. Penguin. 

3. "The Self-Defeat of Naturalism: A Critical Comparison of Alvin Plantinga and C. S. Lewis," Christian Scholars Review 44, no. 1 (2014): 9-26.

تاگەکان    
کۆیلایەتی مێژوو نوێژ پارەی ئیلیکترۆنی کتێب بوونەوەری ئاسمانی سایکس-بیکۆ قەدەر جەنگی هۆشیاری شیعر عیرفان ژن فێمینیزم ئاوی زەمزەم حزبی ئیسلامی
پێشەکی
2024-05-15 کۆمێنت 4 خولەک بۆ خوێندنەوە 532 جار بینراوە
بابەتی زیاتر
سەرجەم مافەکانی پارێزراوە بۆ وارگەی هاوسانی . Copyright 2024 - hawsani.org © Developed by Kurdsoft
×
هاوسانی