ئەبوو خالیدی زاهید گوتی:
وەختێ حورمێی شێخمان، ئەبوو ڕەبیعەی فەقیهی سۆفی، فەوتی کرد، لەگەڵ جەمعێکدا ڕۆیینە ناشتنەکەی؛ کە نایان و کاری تەواو بوو، شێخ هەستایەوە و دواندی: ئای بە ڕەحمەت چی ژنێ (ناوی برد)! ئێستە تۆ شیفات هات و من دەردەدار، تۆ لە عافێتدای و من کۆڵەوار، دنیا بە تۆوە واتەی هەبوو و بێ تۆ هیچ؛ ژیانت نیوەی هێزم بوو، مەرگت... نیوەی کزۆڵی و زەعیفی هێنامەوە؛ خەمەکان بە دڵنەوایی تۆوە کزیان دەنواند، ئیدی وا لەمڕۆوە دووچەندان هورووژم دێنن! هاودەمیت پەردەی نێوان من و سەختییەکان بوو، وا تەنیا مامەوە لەهەمبەریاندا؛ لەگەڵ لوتف و سۆزتدا ڕۆژان فرە زووتر تێدەپەڕین، ئیدی دڵڕەقی و توندیگەلی خاڵی لە بەزەیی، دێنەوە بە ڕوومدا. لێ من - بە بیناییی چاوان قەسەم - گەردێکم لە تۆوە لێ نەنیشتووە، قەت لە باقیی ژنان نەدەچووی، تەنیا وە نەبێ تۆم لە کیس چوو، تۆیەک بە هاودەمیت هەستم دەکرد هەستی لەبەر تۆ ناسکیم لەگەڵ دەنوێنێ.
ئەبوو خالید گوتی: شێخ فرمێسکی ڕژا، دەستیم گرت و گەڕاینەوە ماڵەکەی. ئەو زیاتر لە هەمووان بەزمی دڵنەوایی و سەرەخۆشیی دەزانی، هەرچییش لەوبارەیەوە دەوترانەوە ئەزبەری بوو؛ لێ وەختایەک هەن قسان واتەی خۆیان لەدەست دەدەن یان بێ پەروا دەنوێنن؛ گا هەس دەروون نوقمی خەمی مانایەکە و قەتیسە تێیدا، ئیدی چ مۆتەکەی مەرگ، خۆشەویستییەک سێبەری مەرگ هاوڕێی بێ، یانژی حەزێک سایەی ئەڤینی بەسەرەوە بێت؛ کەلەڕەقییەک دەستی ئارەزوو پاڵی بنێ. دەمدواند و دڵم دەدایەوە و ئەویش تەریک و دوور لە قسە و دڵڕاگرتنی من، تا گەیشتینەوە خانە و خانەیش ساردوسڕ و بێ یار و دڵدار؛ چەپ و ڕاست ئەم جێ و ئەو جێ دەینواڕی و لەبەر خۆیەوە لاحەولەوەلا و ئیننالیللا، ئینجا وتی: "وا ئیتر ماڵەکەیش مردووە، ئەبوو خالید! وەک ئەوەی دار و دیواری ماڵێ بە ڕۆحی ئەو ژنە ژیابن؛ هەر ئەویشە بۆ پیاوی دەپارێزێ، لە چاوی پیاودا ئێژی کەوای ڕەنگاڵەی سەر کراسە. بڕوانە جیاوازیی ئەو کراسەی بە دەستی دەڵاڵێکەوە دەیبینی لە بازاڕدا و ئەوەی ئەو دەیپۆشێ! لێ ئەبوو خالید، تۆ چ لەم قسەیە نافامی، ئاخر تۆ پیاوێ بووی سوێندت دادا نە ژن نێزیکت کەفێ و نە تۆ توخنیان بکەوی؛ خۆت لێیان دزیەوە بۆ خوا، وەک ئەوەی ژنانی دنیا هەموو تۆیان بەوەلەد هێنابێ و دایکت بن. من جگە لە ڕووی وشەکان هیچی لێ حاڵی نیم، چەشنی ئەوەی ئێستە تۆ هیچی لێ حاڵی نیت؛ هەیهای لە کەسێ خۆبەخۆ دەدوێ و واوەیلا لەو گوێدێرەی بە شەق تێ دەگا."
پێموت: ئەبوو ڕەبیعە، ئێستە چی ڕێگرتە - باری خۆتت لە ژنان سووک کرد و تەمای خۆتت لێیان بڕی - سەرسووک بژێی و یەکلا ببیتەوە بۆ پەرستش؛ دڵت بکە ئاسمانێ هەورەکانی لێک هەڵبڕاون و خۆر پرشنگی تیا بداتەوە." ئەویش فەرمووی: "ئافرەت گەر بێ و بێوەی و نوێژگەر و ساڵحیش بێ، بۆ پیاوی زاهید دەرچەی شەیتانە. هەتا گەر ئەو عابیدە لە نێو چاکەکانیدا بژیێت نەک ماڵی خشت و بەرد، ژنەکەی دەبێتە شەقێ شەیتان دزەی لێوە دەکا. ئادەم لە بەهەشتدا بوو، نێوان ئەو و زەوی ئاسمانان و کەشکەڵان، هێشتە ئەمە ڕێگری پێکگەیشتنی ڕۆحی زەوی و شەیتان نەبوو، شەیتان خۆی گەیاندە حەوا و ئەویش بە ئادەم؛ شەیتان بە مەکری وا وێنای بۆ کردن کە پرسێکی زانستییان عەرز بکا، مەکری حەوایش بە جەزبی گۆشت و خوێنەوە. ئیدی باس باسی زانین و مەعریفە نەما و، پرس پرسی سرووشت و کەلەڕەقی. هەر دووک لەبەری درەختیان خوارد و شەرمی خۆیان بۆ دەرکەوت.
ئەرێ ئیدی دوای ئەم بەزمە، هیچ دوو ژن و مێرێ یەکیان گرتووە ژیان و نیگەرانییەکانی، ئارەزوو و تەماحەکانی، دەرد و عەیبەکانی بەش نەکەن.... بە واتای: (بَدَتْ لَهُمَا سَوْءآتُهُمَا: هەر دووک شەرمی خۆیان بۆ دەرکەوت)؟
ئەبا ڕەبیعە، ئێمە کە هەر دووک لەوانەین جگە لە ڕووکەش، مەیدانێکمان لە مانایشدا تەی کردووە، حەرەکەتی هزریش جگە لە بزووتنی جەستە؛ چ حەیابەرەیە هەر پەیوەستییەکمان بەم نامووسە هەبووە گۆشتینەوە ببێ کە پێی دەوترێ "ژن،" پەستی و نەنگییە بۆ ئێمە مانان.
دەشێ بێژی: "نەوە و وەچەی ئادەمی،" دەی ئەوە لەسەر ئینسانی ئەندام و ئەعزا نووسراوە، ئەمما ئینسانی دڵ... مانا و، حوکمی مانای خۆی هەس؛ ئەو بە باتینی دەژیێ و زاهیریشی هەر بە ڕێسای باتینەکەی، نەک بە زاهیری یاسای مەردم. هەرچی لە گرۆی ئەعزا و ئارەزوو نەقڵ و نوقڵانەی دەڵێی وەیل و دەردە، ئەوەی تەفرنجەی ئەوانی دزیوە و لێی جوان کردوون ئی تۆیشی دزی، مژووڵی خۆی کردووی؛ ئەمە لە کن ئێمە - ڕەحمەتت لێ بێ - یەکێ لە دەرگەکانی هەوەسبازییە، پیاو لە پیاوەتییەوە هەڵدەگێڕێتەوە سەر سرووشتی منداڵان.
هەر لە دڵتدا و لە جێی خۆی - برام - چەفیەی فەرامۆشی پێدادە. پرشەی نوور بەسەر سایەکەیدا بپرژێنە، نوور لە دڵی عابیددا تیشکی هەڵەوگێڕبوونەوەیە گەر گەرەکی بێ، نووری ڕوانینه ئەر بیەوێ؛ بە هەر مرادێ لە ماددە بڕوانێ وەها دەیبینێ، نەک لە زاتی خۆیدا چییە و چۆنە، تۆیش ژنێکت تیایە، بیگۆڕە بە نوێژ، بە نوورەکەت پێچەوانەی ئەوە بکە کە ئەهلی جەستە بە تاریکایییەکەیان دەیکەن؛ چەشنی ئەوەی دەشێ نوێژ لە دڵیاندا ببێتە ئافرەت...
ئەبوو ڕەبیعە وتی: ئەشەوبیللا ئەمە قسەیە؛ لەمە بە دوا تەنیایی، ئارامیی دڵ و یەکخەری خەممە. خوا دایماڵیم لەوەی تێیدا بووم، قەوریش ژنەکەی بردم و هەروا ئارەزووەکانیشم لە تەکیدا. ئیدی بۆ خۆم دەژیم. نەمانی چتێ لە نەوسدا، بوونی شتێکی ترە؛ گۆڕ، لە ژن و مەعنای و ڕۆژگاری بڕیم، ئیدی ئێستە ماوەتەوە شەوگاری گۆڕ و ماناکانی.
***
هەر دووک پەیمانیان بەست پێکەوە ڕێبواری ڕێی باتینی بوون بن! وەها بژیێن کە تەمەن وەختێکی چەند چرکەیییە؛ ژیانێک، فیکرەیێکی کێشراوی وێنەیی.
ئەبوو خالید گوتی: وام هاتە بیر، لەبەر وەفا و حەقی خزمەتی، شەو لە لای بمێنمەوە، تا وەحشەت بە خرتوکرد و غایەلەی نەیێتە سەری. ماندوویێتی ڕۆژ بڕستی بڕیین، ئەبوو ڕەبیعەیش ماندوو، هێزی بڕا.. دوای وەی نوێژی خەوتنانمان خوێند، وتم ئەبا ڕەبیعە، حەز دەکەم چاوێ لێکنێی و پشوویە بدەی تا ئەوەی هەتە لەسەرت بڕوا، پشووت دا و هاتیەوە سەر خۆ وەخەبەرت دێنم و باقیی شەوەکە بە خەبەر دەبین.
هەر کە ڕاکشا خەو بردیەوە. دانیشتبووم و لە حاڵی ڕادەمام؛ ئەو دەبێ چی بکا و من چ غایەلەیێکم بۆ پێشنیار کرد؟! وتم: دەشێ چتانێکم خستبێتە پێش تاقەتی نەبا، ئەوەم بۆ نیشان کرد کەڵکی وەکی ئەم نەخوا، کورە دەشێ فریواندبێتم! گومان لە حاڵی خۆیشم دایگرتم، بەراوردی کابرایەکی عابیدی خێزاندار و زاهیدێکی ڕەبەنم دەرکرد و لێکم هەڵدەبڕین، یەکیان لە ماڵ و منداڵی خۆیدا ڕیازەت دەکێشی و، ئەوی دییش بە تاقی تەنێ وا لە ڕیازەتتدا؛ لەم فیکر بۆ ئەو و لەو خەیاڵ بۆ ئەو خاتیرە بازبازێنم بوو، هەموو چتانی دەورووبەرم لە سکووتدا کڕ کەوتبوون، دەتوت ماڵەکەیش خەوتووە، خۆم دانەپۆشی تا چاوم لە دەستی خۆمدا نەما و خەو دایگرتم، وەک ئەوەی بە گورێسی خەو توند بکرێم و کەسیش بە تەنگمەوە نەیێ.
لە خەوما وەک ئەوەی ڕۆژی حەشر بێ و خەڵکی زیندوو بووبێتنەوە، مەحشەریان لێ هاتبێتەوە یەک و، منیش یەک لەوان؛ لەو حەشامەت و هەرایەدا چەشنی دانی پەڕاگەندەی لێو دەستاڕێ بووین. لەم حەلەدا خۆمان مەنجەڵ و، هەناو دەکوڵی. سەختیمان لەسەر توندتر و تینوێتی گرانتر، دەڵێی بێ هەناو ماوینەوە و لەولاوە ئێژی دۆزەخ فووی لە جگەرمان کردبێ، ئەمە تینوێتی نییە بڵێسەی ناخە، گڕی سەردەکا و لە ناوەوە دەجۆشێ.
ئێمە بووین و، منداڵەیلێ بەو ڕۆمەڵخەزایەدا دەڕۆیین. جامانەی نوورین، کۆزەی زیوین و کووپی زێڕین بە دەست، ئەم بەوی دی و هەیتا هەیتا پڕی دەکەن لە ئاوی سازگار، دیتنی تینوێتی لەسەر تینوێتی دێنایە سەر، تا ئەوەی سەیرکەران بە دیتنی لە داخاندا بتلێنەوە، بناڵێنن وەک دەرد گشت گیانی گرتبنەوە.
منداڵەکان، دەنک-دەنک ئاویان دان... خەڵکێکی زۆر بوون، دەیانپەڕاندن، بێژی بەدوای کەسانێکی دیاریدا بگەڕێن و، تێراویان بکەن بەوەی لە پیاڵەدایە لە شنە و شەماڵی بەهەشت، وەک چزەی جگەریانی پێ دابمرکێتەوە.
دانەیەکیان بە لامدا تێپەڕی، دەسم بۆ درێژ کرد: "ئاوم نادەیێ، لە تینوان خەریکە وشکمهەڵبێم و بسووتێم!"
وتی: "ئەتوو کێی؟"
وتم: "ئەبوو خالیدی ئەحوالی زاهید.."
وتی: "لەنێو منداڵی موسوڵماناندا کوڕێکت هەیە بە بچووکی لەدەستت دابێ و گومانی خێرت پێی بووبێ لە لای خوا؟"
وتم: "نەخێر"
وتی: "منداڵت هەیە لە گوێلەمستیی خوادا گەورە بووبێ؟"
وتم: "نەء..."
وتی: "منداڵت هەیە لەبەر هێنانە دنیای، دۆعای خێری بۆ کردبی؟"
وتم: "نەمبووە".
وتی: "جگە لە ئەمانە، هی ترت هەبووە پێوەی ماندوو بووبێتی و زەحمەتیت کێشابێ، ئەوەی هەقی خوا لەسەرتە بەرانبەری لە حەقی هاتبی؟"
وتم: "خوا عەفووت بکا، هەر جار دەڵێم «نا»، ئەو «نا»یـە ئێژی ئاسنێکی داخکراوە بە زمانمدا دێ."
وتی: "ئێمە جگە باوانمان کەسی دی پاراو ناکەین؛ لە دنیادا سەختییان کێشاین و وا ئێمەیش لە پەسڵاندا سەختییان دەکێشین. منداڵییان پێشکەش دەکەین بەڵکە زمانێکی پاکژیان لە پێش دێخن لە بەرگریی ئەم شوێنەیان وا دادگەی چاکە و خراپەی تیا بەرپایە. لێرەدا هیچ زوانێ دوای پێغەمبەران هێندەی منداڵان پاراو نییە، کام لە تاوانەیلی ئێوە زمانی منداڵ کۆت یان تورک دەکا".
ئەبوو خالید گوتی: شێتیم هاتە کوڵ و، هەرچی بۆ وشەی «منداڵ/نەوە» بە یادەوەریمدا شۆڕ بوومەوە، ڕێم لێ نەکەوت و نەمدۆزییەوە؛ دەتوت لە یادگەمدا سڕدراوەتەوە چۆن لە بوونمدا سڕابوویەوە. نوێژ و ڕۆژوو و پەرستشەکانمم بیر هاتنەوە، منداڵەکە وا دایە کەنین مەپرسە، تا لە نیشانەیدا گریان و پەشیمانی و بێئومێدیم دیت.
وتی: ئاگرت لێ بارێ! نەتبیستووە: «لە گوناهاندا تاوانگەلێک هەن نە نوێژ نە ڕۆژوو نایانسڕنەوە، خەمی ماڵ و منداڵ نەبێ». دەزانی من کێم ئەبوو خالید؟
وتم: خوا بە تۆ بمانبەخشێ - کێی؟
گوتی: منداڵی ئەو پیاوە هەژارە بێچارەیەم، کە بە شێخەکەت، ئیبراهیمی ئەدهەمی عابیدی زاهیدی وت: "خۆشی لە خۆت، ڕەبەنی و نوقمی پەرستش." ئیبراهیم پێی وت: "ئەو ترس و بیمەی بۆ ماڵومنداڵ هەتە و بەرۆکت دەگرێ، زیاتر لە هەموو ئەوەت دەداتێ کە منی تێدام." بابم بە دڵ و عەقڵ و جەستە لە ڕێی جیهاددا بوو، ئەوەی چەشتی چەشتی لە مەردایەتی و پیاوەتی لە ڕێی ماڵ و منداڵی، لە بیری غەیری خۆیدا بوو، خەمی غەیری خۆی خوارد، بۆ غەیری خۆیشی کاری کرد. بە ئیمان بوو و دارای ئارامی، پشتی بە خوا قایم بوو وەختێ ژنی هێنا و، دڵی بە گرەنتیی خوایی دامەزرابوو لە حەقی فەقیردا؛ لە چەند ڕێدا دەیکۆشی، نەک تاقە ڕێیەک وەک شەڕکەران، ئەوان فەقەت جارێک شەهید دەبن، لێ ئەو لە خەمی ئێمەدا ڕۆژی سەتجار؛ ئەمڕۆ خوا، بە شەفەقەتی ئەو بۆ ئێمە لە دنیادا، ڕەحمەتی لە جۆشە بۆ ئەو لەم ئاخیرەتەدا.
ئەو قسەیەی ئیبن موبارەکت تەک دۆستانی لە غەزادا نەژنەوتووە: «ئەرێ ئەو کردەوەیە پێ دەزانن چاکترە لەوەی ئێمەی تێداین؟ وتیان: نایزانین. وتی ئەمن دەیزانم. وتیان ئەی چییە؟ بابایەکی خێزاندار، سەرباری هەژارییەکەی پارێزکار، شەو ڕادەبێ منداڵەکانی بان نەدراون، بە پۆشاکەکەی خۆی دایاندەپۆشێ، کردەوەی ئەو لەوەی ئێمە ئێستە تێیداین خاسترێکە.»
بابەی فەقیر، جلەکانی دادەکەنێ و منداڵەکانی دەپۆشی تا گەرم ببنەوە، خۆیشی لە سەرمای شەودا هەڵدەلەرزێ، ئەو سەرمایە - بابی خالید - بەهەشتی بۆ مسۆگەر دەکا لە حاڵوباری ئەم گەرمایەدا، وەک برێی ئەوەی کردی ئەمینی کردبێ لە ئێستەی؛ ئەو گەرمییەی منداڵەکانی لەباوەش گرت، ئێستە لە شەڕی جهەنم و بەرگریی ئەم باوکە فەقیرەدایە.
ئەبوو خالید وتی: منداڵەکە خەریک بوو بڕوا و تەنیام بکا، خۆمم نەگرت و کۆزەکەم لە دەست ڕفاند، لە دەستمدا بووە ئێسکێکی گەورە و بە دەست و مەچەکمەوە نووسا و پەنجەکانم تێیدا ونبوون... نە لەپم ما و نە پەنجە، کۆزە نەیویست ئاوم بداتێ و لێم بووە عار، ترس و تۆقین دایگرتم! پیاڵەیەک بە هەوادا هات، کەوتە دەستی کوڕیژگە و ڕۆی.
بەخۆمم وت ئەی نەمێنی ئەبوو خالید! وا لەسەر چاکەکانت لێت دەپێچرێتەوە چۆن خراپەکاران لەبەر تاوانەکانیان دادگەیی دەکرێن، لاحەولەوەلا...
هاوارێکی ترسێنەرم هاتێ: کوا ئەبوو خالیدی عابیدی زاهید؟
وتم: هااا ئە ئە ئەوەتام...
وترا: تاوسێ لە تاوسانی بەهەشت، کلکی بڕا و، وا باشترین بەشی تیاچوو. کوا کلکی تۆ لە منداڵەکانت؟ کوا چاکەکانت لەوانەوە؟ ئافرەت بۆیە ئافرێنران تا تەریک کەوی لێیان؟ وەچەی باوانت هەبوون تا تەبەڕایان لێ بکەی؟!
بە چاکەگەلێک لە دنیاوە هاتی، ژیانیان تیا نیە. هیچت بۆ ژیان نەکرد جگە هەڵاتن لێی و شکست لە ملاقاتی. ئەلعان هیوای پاداشتی سەرکەوتن بەسەر شکستدا دەخوازی!
فەزیلەتت تێدا دەخرۆشا، نەزۆک کەوت و کاری نەکرد. هەزار هەزار ڕکات و بگرە هێندەیش کڕنووشت هەن لە نەوافیل، لەوە چاکتر ئەندامانێک بوون لە پشتت بەوەلد هاتبان و کڕنووشیان ببردایە.
پیاوەتیی خۆتت مراند و نەوەیەکت تێدا ناشت. بە توولی ژیانت منداڵێکی گەورەت پۆشی و نەگەیشتیتە پایەی باوکێتی. ئەگەر شەریعەتت پاراستووە، حەقیقەتت هەڵوەشاندووەتەوە و، ئەگەر...
ئەبوو خالید وتی: تۆقیبووم؛ مینگەی ناڵەی دووەم لە گوێمدا زرنگایەوە و لەوەی دوای دەترسام، فووی کەڕەنا بێ. لە خەو ڕاچڵەکیم و دڵم پەڕاگەندە، چەشنی چاوبازبوونی بووراوەیەک، خۆی لە کفنێکدا ببینێتەوە و گۆڕی لەسەر کڵۆم درابێ.
خەریک بوو هۆشم دەهاتەوە سەر، لە چواردەورمم ڕوانی، بەیانی خۆی بە ژوورێدا کردبوو، تا ئەبوو ڕەبیعەم دی ئەمدیوەودیوی بوو وەک دەستێ هەڵیگێڕێتەوە، ڕاپەڕی و قوت وێستا، وتی ماڵوێرانت کردم ئەبوو خالید، کوشتمت بەخوا!
***
وتم: چیتە خوا چاوی لێت بێ..
وتی: بەو نییەتەوە خەوتم کە دەیزانی، دڵم کۆبکەمەوە بۆ پەرستش و، لە ژن و منداڵ کلا بم، لە دەردیسەری و ناڕەحەتی مەعیشەت و ڕاوڕاوێنی نانپەیداکردن، لە ئازار و زیان و ناخۆشییان بێپەروا بم و، بۆ خوای تاکی خۆم یەکلا ببمەوە، داوام لە خوا کرد لە خەونمدا خێرەکەم بۆ دیاری بکا. دیم وەک بێژی دەرگەکانی ئاسمان واڵا بوون، پیاوانێ دادەبەزین و بە ئاسمانەوە لە دووی یەک دەفڕین، هەرکە یەکیان دادەبەزی چاوی لێ دەبڕیم؛ بە ئەوەی دوای خۆی دەوت: ئەمە بەدبەختە!
ئەوەی دواتری دەیوت: ئەرێ، چارەڕەشە. ئەویش لێی دەڕوانیم ڕووی دەکردە دوای خۆی و دەیوت: ئەمە ئاخرشەڕە! ئەویش هەمدیس دەیوت بەڵێ بێ چارەیە.
هەر دەیانوت: «بەدبەخت، بێ چارە؛ ئاخرشەڕ، چارەڕەش» تا هەموو ڕەت بوون... هەر ئەوەیان پاتەدەکردەوە و منیش گوێم لە هیچی تر نەدەبوو. لە هەیبەتی چارەڕەشیشدا نەدەوێرام هیچیان لێ بپرسم، ڕجاخوای ئەوەی چارەڕەشە یەکێ بێ لە دوامەوە، ئەوان بیبینن و نەیبینم ئەز. ئەخیر دنکیان تازەجوانێ بوو، ڕۆی و وتم: کابرا.. کێیە ئەو بێچارەی ئیشارەی دەکەنێ؟ وتی: ئەتووی. وتم: ئەرێ بۆ؟
وتی: کردەوەکانتمان لە پایەی تێکۆشەرێکی ڕێی خوادا بەرز کردەوە، ژنەکەت مرد و خەمینی کەمتەرخەمیی حەقی بووی، پلەیەکی دی کردەوەتمان بردە سەر. ئیدی ئەم شەو فرمانمان پێ کرا، کردەوەکانت بێنینە دەرەکەی جەبانە سەرشۆڕە ڕاکردووەکانەوە.
***
پیاو کە بەبێ ژن و منداڵ و هەر بە خۆی هەڵکشی، دەفڕێ، لێ فڕین بە باڵی شەیتانەکان. فڕین بە پیاوێک، بەرەو هەڵقوڵین و هەناسەی ئاگریی ئەو گڕکانەی لە سەری سەرێیە.